riklam

خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا

کوردستان 04:30 PM - 2024-04-23
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە PUKMEDIA

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە

خەڵاتی زێڕینی بلە لە سلێمانی بە ئامادەبوونی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق و خاتوو گەلاوێژ خێزانی رووناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و ژمارەیەکی زۆر لە میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا.

 

لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی زێڕینی بلە دەبەخشرێتە 10 کەسایەتی دیار لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە بوونەتە سیمبول لە بوارە جیاجیاکاندا.

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بە مارشی ئەی رەقیب دەستیپێکرد، پاشان ژیاننامەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە ڤیدیۆیەکی بەڵگەنامەییدا پێشکەشکرا.

 

دواتر لە کورتە ڤیدیۆیەکدا پلاتفۆڕمی بلە بۆ وەرگێڕانی دەق ناسێندرا و تیشک خرایە سەر کارەکانی.

 

دواتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و سەرۆکی دامەزراوەی ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: "ئەم خەڵاتە دوای دەستپێکردن و دابەشکردنی گۆڕانکاری بەسەرداهات، لە چوارچێوەی کەسە خەمخۆر و دڵسۆزەکان، داوای لێبوردن لەو ئازیزانە دەکەم کە شایستەی خەڵاتکردنن و لەبەر زۆری ژمارەیان ناتوانین هەموویان بەسەر بکەینەوە".

 

"گەلی کورد چەوساوە و خاوەن دۆستێکی کەمە، خۆشمان لەناو خۆماندا یەک نین و دەرسمان لە مێژوو وەرنەگرتووە، ئێستا کە لە سەردەمی هەستیاری مێژووییدا تێدەپەڕین کە هەست بە مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان دەکەین، بەداخەوە هەنگاوی جدی نابینین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وادەڵیت.

 

دابەشکردنی خەڵاتەکان

- مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار خەڵاتی زێڕینی بلەی لە بواری پەروەردە و دانانی ئەلف و بێی کوردی پێبەخشراو لەلایەن ئەحمەد ئازاد باڵدار کوڕەزای مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار خەڵاتەکە وەرگیرا.  

- مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی خەڵاتی زێڕینی بلەی لەپای خزمەتکردن بە میوزیکی کوردی پێبەخشرا.

-د. ئەختەر نەجمەدین خەڵاتی زێڕینی بلەی لەپای خزمەتکردنی بە توشبووانی شێرپەنجە پێبەخشرا.

-ناسری رەزازی خەڵاتی زێڕینی بلەی لەپای خزمەتکردنی بە هونەری رەسەنی کوردی پێبەخشرا.

-خالید جاف کە بەڵگەنامەکانی کوردستانیبوونی کەرکوک دەسەلمێنێت خەڵاتی زێڕینی بلەی پێبەخشرا.

- د. شێرکۆ عەبدوڵڵا خەڵاتی زێڕینی بلەی لەپای خزمەتکردنی بە بواری نووسینی تەنز پێبەخشرا.

-هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی خەڵاتی زێڕینی بلەی لەپای خزمەتکردنی بە بواری هونەری کوردی پێبەخشرا و لەلایەن راشید بابە شەهابی کوڕەزای هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی خەڵاتەکە وەرگیرا.

-د. جوان حەمی خەڵاتی زێڕینی بلەی لەپای ئەو خزمەتەی بە بریندارانی شەڕی داعشی کردووە لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێبەخشرا و خەڵاتەکەش لەلایەن د. جاویدان کەمال وەرگیرا.

 

سەرۆک بافڵ پێشنیارێک بۆ ئیبراهیم فاوندەیشن دەکات

لەپاش پێشکەشکردنی خەڵاتەکەش بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتەیەکدا پێشنیاری بۆ فاوندەیشن ئیبراهیم ئەحمەد کرد کە "بۆ ساڵی داهاتوو یەکێک لە خەڵاتەکانی زێڕینی بلە بە شەهید هەڤاڵ عەبدۆ ببەخشرێت، چونکە شەهید هەڤاڵ عەبدۆ، شەهیدی هەموو کوردستانە و مافی خۆیەتی ئەو خەڵاتەی پێ ببەخشرێت، هاوکات پشتیوانییەکیشە بۆ هەموو خوشک و براکانمان لە سوریا و هەموو کوردێک کە خەبات دەکات بۆ کوردستانێکی سەربەرز، لەگەڵ ئەوەشدا پەیامێکە بۆ نەیارانمان و ئەو خائینانەی لەگەڵ نەیارانمان کاردەکەن، کە پێیان دەڵێین (هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین)".

 

-حاجی فەییم خەڵاتی زێڕینی بلەی وەک تاقانەی ئەنفال پێبەخشرا و خەڵاتەکەش لەلایەن خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق پێشکەشکرا.

-د. عەلی بەدرخان خەڵاتی زێڕینی بلەی وەک سینەماکاری گەورەی کورد لە میسر پێبەخشرا و خەڵاتەکەش لەلایەن د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق-ەوە پێشکەشکرا.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket