riklam

سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک دەکات

کوردستان 11:55 AM - 2024-02-24
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتی

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەرکوک

هەوڵی لایەنە براوەکانی کەرکوک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق چڕتر کراوەتەوە و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت: "تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە براوەکانی کەرکوک دا بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیداریەکانی شارەکە نییە، بەڵام لێکنزیکبوونەوەی باش لەنێوان لایەنەکاندا هەیە".

یەکێتی وەرگرتنی پارێزگاری کەرکوک بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت

رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "وەک لە رابردوو رامانگەیاندبوو، یەکێتی ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکانی شارەکە کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکات و بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستەکانی پارێزگاکە بەسەر لایەن و پێكهاتەکاندا دابەش بکرێت".

"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە زۆرترین دەنگی هێناوە لە پاریزگاکە مافی خۆیەتی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت و لایەنەکانی دیکەش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، پشکی خۆیان لە پارێزگاکە وەربگرن و بە هەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکی کەرکوک بکەین"، رەوەند مەلا مەحمود وای وت.

هیچ پۆستێک لەنێوان لایەنەکان یەکلا نەبووەتەوە

دەنگۆی دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکوک بەسەر لایەن و پێكهاتەکاندا دوورە لە راستییەوە و چاوەڕوانی رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەن و پێکهاتەکان لە ئاستێکی باڵادا دەکرێت.

ئەحمەد فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "دەنگۆی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک وەک ئەوەی لە بەشێک لە راگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراقین لەگەڵ لایەنە براوەکانی پارێزگای کەرکوک".

"بڕیارە هاوپەیمانێتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لەنێوان لایەنە براوەکانی کەرکوک بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی عیراق هەتا پێکهێنانی ئیدارەی شارەکە پێکبهێندرێت و پاشان هەوڵی ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بدرێت، لەکاتێکدا لێکنزیکبوونەوەی باش لەنێوان لایەنەکاندا هەیە"، ئەحمەد فاتیح وای وت.

سەرۆکوەزیران و لایەنە براوەکان کۆدەبنەوە

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 21-2-2024، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لایەنە سیاسییە براوەکانی کەرکوک لە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و دیاریکردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA بڕیارە رۆژی 3-3-2024، جارێکی دیکە لایەنە براوەکانی کەرکوک لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆببنەوە.

لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو مانگ زیاترە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا لە پارێزگای کەرکوک لایەنەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئیدارەی شارەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەکۆی 15 پارێزگای عیراق کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێیدا ئەنجامدرا، لە 13 پارێزگای عیراق ئەنجومەنی پارێزگاکان یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و پارێزگاری شارەکانیان دەستنیشان کردووە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق کە لە ١٥ پارێزگا لە رۆژانی ١٦ و ١٨ی ١٢ی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، لە پارێزگای کەرکوک، هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە کە لەنێوان یەکێتی و شیوعی بوو، زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەدەستهێنا و هێزی یەکەمی هەموو پێکهاتەکانە و خاوەنی ١٥٧ هەزار و ٦٣٩ دەنگە، کە دەکاتە ٤٣٪ دەنگەکانی ئەو پارێزگایەو ٥ کورسی بەدەستهێناوە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket