riklam

ریفراندۆم لە ئامانجی نەتەوەییەوە سەری كێشا بۆ ناكۆكی

کوردستان 09:51 AM - 2023-09-25
ئاڵا و نەخشەی كوردستان و عیراق PUKMEDIA

ئاڵا و نەخشەی كوردستان و عیراق

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لەڕوی پرەنسیبەوە  ریفراندۆم ئامڕازێكی دیموكراتی و خەباتێكی مەدەنییە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی سیاسی و پرسی گشتی كۆمەڵگە لە وڵاتە دیموكراتییەكان بەكار دێت.

مافی چارەنووس بەتایبەتی بە ناونیشانی یەكێتیانە (مافی چارەی خۆ نووسین) پرەنسیبێكی سەرەكی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، یەكێتی یەكەمین ھێزی سیاسی كوردستانە كە ئەم ستراتیجەی ھێنایە ئاراوە.

مافی چارەنووس بە گوێرەی ھەلومەرجی سیاسی گەشەی خەبات و مەسەلەی كورد كاری لەسەر دەكرێت ٠ 

بۆیە لەم چوارچێوەیەدا یەكێتی پرەنسیبی فیدراڵی بۆ قۆناغی دوای راپەڕین 1991 ھەڵگرت، ساڵی 1992 پەرلەمان كردیە بەرنامەی خۆی و لە ساڵی 2005 لە دەستوری ھەمیشەیی عیراق جێگیر كرا .

ریفراندۆمی ساڵی 2017 خۆی لە خۆیدا پیادەكردنی مافێكی دیموكراتی گەلەكەمان بوو، زۆربەی ھێزەكانی كوردستان و لەوانەش یەكێتیی دەنگیان بۆ دا، چونكە مافێكی رەوایە بەڵام ھێشتاش ئەو ماف و ئەو پڕۆسەیە گەڵاڵەی ئیجماعی نیشتیمانیی زیاتری پێویست بوو، ھێشتا دەرفەتی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق مابوو، سەرەڕای ئەوەی بەغدا گوشاری ناڕەوای سیاسی و ئابوری دەخستە سەر ھەرێمی كوردستان و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ كێشەكانی كوردستان نەكرد .

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستانی كورد لە رۆژئاوا و وڵاتانی تریش ویستیان ناوبژیوانی ئیجابی بن و دانوستانی كوردستان و بەغدا ببەن بەڕێوە، گوشاریان خستە سەر بەغدا بۆ ئەوەی كێشەكانی كورد چارەسەر بكات و داواشیان لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكرد زیاتر لە رێی دانوستانەوە چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا بكات.

لەو ھەلومەرجەدا ریفراندۆم كرا و بێگومان خەڵك وەك ھەمیشە دەنگی بە ویستی نەتەوەیی خۆیدا كە سەربەخۆیی و بڕیاری چارەنووسە، چونكە ھیچ كەسێكی كورد و نیشتیمانپەروەر نییە دەنگی بەڵێ بۆ ویستی نەتەوەیی نەدات.

بەداخەوە  لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی باش ئیدارەی ھەلومەرجی دوای ریفراندۆمیش نەدرا، چونكە لە دوای ریفراندۆم گوشارەكانی سەر كوردستان لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە زیاتر كراو ئەمانەش پێویستی بە یەكڕیزی زیاتر و تەعبیری ھاوبەش و گرتنەبەری رێگەی سیاسەت و ساڕێژكردنی برینەكانی دوای سەرنەكەوتنی ریفراندۆم ھەبوو.

بەداخەوە لە جێی دەستگرتن بە ئەڵقەی یەكڕیزی و دووركەوتنەوە لە ناكۆكی و ناخۆشی و ویستی نەتەوەیی، ریفراندۆم ، كە بۆ ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، سەری كێشا بۆ ھەلومەرجی ناكۆكی و درزتێكەوتنی ریزەكانی نەتەوەوە.

دەكرێت بڵێین ریفراندۆم ئەزموونێك بوو لەپیادەكردنی ویستێكی رەوا و دیموكراتییەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەڵام ئاكامەكەی پاشەكشێ و گەمارۆدانی سیاسی كوردستان بوو .

ھێشتاش گەلەكەمان و بزوتنەوە سیاسییەكەی و ئەزموونی حوكمڕانییەكەی بەشی زۆری وزەی سەربەرزكردنەوەی پێماوەو دەتوانێت بە ورەیەكی تازەوە روو لە ھەڵسانەوەو دوركەوتنەوە لە ناكۆكی و پاشەكشێ و پەرتبوون بكات . 

ویستی یەكێتی ریزەكانی گەل و سەرخستنی ئەزموونەكەمان  شایەنی قوربانیدانی زیاترو خۆڕێكخستنەوە و گورجوگۆڵكرنەوەی نەتەوەیی و سیاسی كوردستان ھەیە و گەلەكەشمان دوای ئەو ھەموو ویست و قوربانیدانە بە وێستگەی ریفراندۆمیشەوە شایەنی ژیانێكی باشترو ئابڕومەندانە ترە. 

ھێشتا زووە دوا ھەڵسەنگاندن بۆ ئەزموونی ریفراندۆم بكرێت،  ھێشتا زووە مێژوو دوا قسەی خۆی لە بارەوە بكات، ھەڵسەنگاندنی ئێستامان دەبێت بە قازانجی یەكڕیزی و پێكەوەیی و ڕووكردنە ئاسۆی دواڕۆژ بێت.

بەشی شرۆڤە و بەدواداچوون PUKMEDIA


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket