riklam

وەزیری دەرەوەی ئێران: مام جەلال لە هەر پۆست و پلەیەكدا بووبێت گەورەیی و بەهای پێدەبەخشین

کوردستان 02:35 PM - 2022-10-04
وێنەی د.حسێن ئەمیرعبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران

وێنەی د.حسێن ئەمیرعبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران

د.حسێن ئەمیرعبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت: " كەسایەتی مام جەلال ئەوەندە پڕبەها بوو كە لە هەر پۆست و پلە و پێگەیەكدا دادەنیشت گەورەیی و بەهای پێدەبەخشین".
لە پێنجەمین ساڵیادی شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال مەراسیمێكی شایستە لە هۆڵی مامۆستا سەعد لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان رێكخرا و تێیدا چەندین سەرۆك و سەركردەی سیاسی ناوخۆیی و عیراقی و بیانی و هەروەها باڵیۆز و كونسۆڵی وڵاتان ئامادەیبوون، لە زۆربەی وتار و پەیامەكانیاندا رایانگەیاند: " كە غیابی سەرۆک مام جەلال بە پرۆسەی سیاسیی و دەوڵەتدارییەوە دیارە، حیكمەت و لێهاتوویی سەرۆک مام جەلال تاكە چارەسەری كێشە و لێكترازانەكانی ئێستاش دەكات".
وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەڵێت: "سەرۆك مام جەلال كەسایەتیەكی تێكۆشەر بوو كە نزیكەی شەش دەیە بۆ ئازادی گەلی عیراق لە عەرەب، كورد، توركمان، شیعە، سونی، مەسیحی و ئێزدی خەباتی كرد".
ئەمەش دەقی پەیامەكەی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە:

پەیامی ماتەمینی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبۆنەی پێنجەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی

بە ناوی خوای گەورە
لە پێنجەمین رێوڕەسمی ساڵوەگەڕ و یادەوەری كۆچی دوایی مەرحومی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عیراق، یادی ئەو كەسایەتیە بەرز و باڵایە بەرز رادەگرین.
كەسایەتیەكی تێكۆشەر كە نزیكەی شەش دەیە بۆ ئازادی گەلی عیراق لە عەرەب، كورد، توركمان، شیعە، سونی، مەسیحی و یەزیدی خەباتی كرد، پیاوێك كە بە راستی ناونیشانی "مام" شایستەی بەڕێزیان بوو. كەسایەتیەك كە چەندین جار خۆی خستە سەنگەری بەرگری لە گەلی عیراق.
بەڕێزیان یەكێك بوون لە كەسایەتیە كاریگەر و دیار و خێرخواكانی خەڵكی عیراق و ناوچەكە كە تەمەنی خۆی لە پێناو ئازادی، رەسەنایەتی و سەربەخۆیی گەل و وڵات و هەروەها پاراستنی یەكێتی خاك و تەبایی نەتەوەیی عیراق بەخت كرد.
كەسایەتی مام جەلال ئەوەندە پڕبەها بوو كە لە هەر پۆست و پلە و پێگەیەكدا دادەنیشت گەورەیی و بەهای پێدەبەخشین. كەسایەتیەك كە چەندین جار بووە هۆی رزگاركردنی عیراق لە زۆنگاو و لێكترازان و ركابەرایەتیەكان.
بەڕێز تاڵەبانی لە ستراتیژی خۆی دا كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە قوڵایی ستراتیژی عیراق دەزانی.
لەسەر ئەم بنەمایە، لە ماوەی عیراقی نوی دا، مام جەلال یەكێك بوو لە هۆكارە گەورەكانی بەرەوپێش بردنی پەیوەندی ستراتیژی عیراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دا و بە لێهاتوویی و ژیری تایبەت بە خۆی، بەردەوام ئێرانی كرد بە پشتیوان و پشتگیریكاری گەلی عیراق و خوازیاری ئەم تەبایی و پەیوەندییە بوو بۆ هەمیشە. لەبەر ئەمە كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە وڵاتی دووەمی خۆی دەزانی.
بە دڵنیاییەوە سیاسەتی جێگیر و بنەڕەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بریتیە لە پاراستنی یەكپارچەیی و یەكێی خاك و پشتیوانی لە سەقامگیری عیراق و دراوسێیەتی باش و دۆستایەتی هەمیشەیی لەگەڵ حكومەت و گەلی عیراق دا.
بێ گومان عیراقیش بەردەوامی بە هەمان رەوتی سیاسەتی دراوسێیەتی باش و دۆستایەتیە دەدات كە مام جەلال بە رێكی لە هەمبەر كۆماری ئیسلامی ئێران دا وێنای كردبوو.
تاڵەبانی تەمەنی خۆی وەقفی گەلی عیراق كرد و لە راستیدا دەبێت بەڕێزیان بە شەهیدی رێگای عیراق بزاندرێت.
سۆز و میهرەبانی خوداوەند بڕژێ بەسەر ئەو گەورە پیاوەی گەلی عیراق دا و بەهەشتی ئیلاهی شوێن و مەئەوای هەمیشەیی ئەو زاتە بێت.
ئامین

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket