riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 11:56 AM - 2026-06-08
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی بیست و سێیەم

حزبایەتی گواستنەوەیەکی جەوهەرییە لە کوردەواریدا

جا لێرەوە حزبایەتی وەک رێکخستن و چوارچێوەی رێکخراوەیی رۆڵی نۆتەی مۆسیقا ‏دەگێڕێت، کە دەنگە جوانەکانی دەشتەکان لە خوڕەی ئاو و کانیاو و جریوەی باڵندەکان ‏و.. هتد... رێک دەخات و پارچەیەک ئاوازی لێ هەڵدەچنێ، کە خۆی هی سروشتە، بەڵام بە ‏رێکخستن و نۆتەکردنی ئیمزای ئاوازدانەر و کۆششی تیمی مۆسیقایەکی هونەرپەروەر لێی ‏دەدات و دڵ گەش دەکاتەوە، لێرەوەیە حزبایەتی ئیشی باخەوان یاخود باخەوانگەلێکە کە سەوزایی دەشتودەر ‏رێکدەخات و لە چوارچێوەی باخچەیەک بە پەین و مەقەست و ئامێری باخچەوانی بە سەبر ‏و سەلیقە دەیانڕازێنێتەوە. بە مانایەکی تر خۆی سروشتی جوان هەیە، نە خاسمە سروشتی وڵاتی ئێمەش، بەڵام ‏باخەوان، بەتایبەتی باخەوانی مەرد و رەند ئاوی دەدا و چاودێری دەکا و گوڵپەروەرێکی ‏جوانناسە.

بە مانایەکی تر خۆی کوردایەتی هەیە و خۆڕسکە، بەڵام ئۆرگانی رێکخستن مشتوماڵی دەکا و ‏ئەرکی نەتەوایەتی پێ رایی دەکات، خۆی کوردایەتی لەوەتەی کورد هەیە گوڵاڵە سوورەی ‏دەشتودەر و خواستی کۆمەڵی کوردەوارییە بۆ ئاوەدانی و بوژانەوە، هەرچی حزبایەتییە وەک نرخی ‏مەعنەوی و بەهای فیکری بۆ دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی رێکی دەخات و ‏خاوەندارێتی لێ دەکات، ستوونی پتەوی هەرمان و هەمیشەیی بۆ دادەنێت.‏

بەو واتایە حزبایەتی کوردایەتییەکی رێکخراو و خاوەن ستراتیژە کە بۆ سەرکەوتن و ‏گەیشتنە ئامانج دڕک و داڵ و پووش و پەڵاشی زیادەی لێ لادەبات، ئەوی بێکەڵکە شوێنی ‏نابێتەوە و ئەوی بۆ ئەرک و فرمان گونجاوە پەروەردە و تۆکمەی دەکات.‏

لە رووی رێکخستنەوە هەڤاڵێتی و پێکەوەیی و گیانبازی باش و گونجاوە بۆ دەم و دەست و ‏بە زوویی کەوتنە سەرپێی بزووتنەوەی کوردایەتی و لە رووی بەها بەرز و مۆدێرنەکانی کاری ‏دەستەجەمعی و پلەبەندکردنی کۆششی رێکخراوەیی، زۆر پێویستە شێوازی مۆدێرنی ‏کارکردن بێتە کایەوە.‏

بێگومان هەرچی چاک و گونجاو و لەبارە لە جوولەی خۆڕسکی کوردایەتی هی ئەوەیە ‏کەڵکی لێوەربگیرێ و بهێنرێتە ناو دامەزراوەی حزبایەتییەوە، بەڵام ئەوی خراپە لە نەریتە ‏دواکەوتووەکانی وەک: تەوەلایی، منمنۆکێ و پێڕپێڕی و هۆزگەلی پێویستە تووڕ هەڵبدرێت و ‏لیژنەی پشکنین و کوالیتی کۆنترۆڵی مۆدێرن خەبەری لێ بدات و لە جەستەی بە نرخی حزب دووری ‏بخاتەوە، هەرچی سیفەت و خەسڵەتی دواکەوتووی کۆمەڵی ئێمەیە، کە هی جەهالەت و ‏داڕزاوی پێشینە و بێئاگا لەخۆمان هاتووە و دێتە ناو جەستەی ئۆرگانی حزبەوە،… دەبێ ‏زووبەزوویی پوچەڵبکرێت و بە دژەڤایرۆسی هەڤاڵێتی و خەباتگێڕی و حزبایەتی مۆدێرن لەناو ببرێت.‏

دەرفەتی نووسین و ستوونی رۆژنامەی کاغەزی رێ بە زۆربڵێیی نادات، بەڵام هەر بۆ ‏نموونە: خەسڵەتەکانی لوتبەرزی، ئیرەیی بردن، بەهیچ سەیرکردنی کۆششی هەڤاڵەکانی ‏خۆت، خۆ بەشتزان و کەڵەگایی، تەمبەڵی و بێ پەروایی، پاشقولگرتن و خنەخنکردن لە ‏ئەرکی خەبات و راپەراندنی فرمانی سەرشان، ئەمانە هەر هەمووی خەسڵەتی قۆناغی پێش ‏حزبی، قۆناغی جەهالەت و دواکەوتووییە کە لە غەفڵەتا دێتە ریزی رێکخستنی مۆدێرنەوە و هەوڵدەدات گەرای تێدا بکات.

ئەمما خەسڵەتە جوانەکانی هەر ئەم کوردەوارییەی خۆمان، لەکاری هەرەوەزی و هاوکاری و ‏هیممەت و بەتەنگەوەهاتنی یەکتری گشتیان هی ئەوەن باوەشیان بۆ بکرێتەوە و ببنە ‏بەشێک لە بەهاکانی رێکخستنی ئۆرگانی حزب، ببنە بەشێک لە نەریتی کوردایەتی رێکخراو ‏و بچنە ناو پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەوە و دەربڕین و وشەی هەڤاڵانای ناو فەزای حزبایەتی ‏بۆ دابتاشین.‏

ئەم پرسە دیسانەوە دەبێتە بەشێک لە پەروەردەی مۆڕاڵی و هۆشیاری رێکخراوەیی حزب، ‏بۆیە دێت و دەبێت تا گوشراوەی باشترینەکانی کوردەواری و کوردایەتی لەخۆیدا ‏کۆبکاتەوە، باشترینەکان بەم کەم و بەم (بەشە) و بەم (پارتە) لەناو زۆرینەی ‏کوردستاندا دەبێتە شانازی جێی ئومێد، دەبێتە پیرەمەگروون و قەندیلێکی سەربەرزی ‏پێگەیشتنی ئەندێشە و کردەوەی نەتەوە.‏

‏ دیقەت بفەرموون و لێرە قەت وشەی گوزارشتی ئەدەبی ریز ناکەم و (رستەی شۆڕشگێڕی) وەک ‏ئەدەبیاتی دێرینی چەپ، توانجی لێ دەدات، نانووسم، بەڵکو ئەمەوێ بیرۆکەکە باشتر و روونتر بگات. ‏مەعلومە(پارت) کەمینەیە لەناو کۆمەڵی کوردستان، بەڵام نەبەردی و ململانێیەتی تا بەها ‏رەسەنەکانی هەر ئەم کوردستانە ببێتە خۆراکی پێشکەوتن و رزگاریمان. ‏

بە واتایەکی تر: ‏
کوردایەتی رێکخراو لەوکاتەی بۆ رزگاری و دوا مەنزڵی مافی چارەنووس خەبات دەکات و ‏ئەمەش پرس و ناکۆکییە سەرەکیەکەیەتی، رێک هەر لەوکاتەش ململانێی شاراوەی ناکۆکی ‏لاوەکی هەیە لەگەڵ هەموو نەریتە خراپەکانی کە جاران وڵاتی ئێمەی دواخست و کەلەپچە ‏کرد و نەیهێشت زووتر هەراش بین و پێ بگرین و کەمتر قوربانی و خەسارەت و تەلەف بدەین. ‏

رێکخستن پەیامی گوڵاوپرژێن دەباتە ناو کوردەواری و ناهێڵێ دواکەوتوویی و هیچ ‏لەبارانەبوویی لە درزی لاوازی رێکخستن و حزبەوە بچێتە ژوور، ئالودەی بکات لە جیاتی ‏ئەوەی مژدەبەری سەرکەوتنی یەکجارەکی خەبات بێت.‏

درێژەی هەیە 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket