riklam

ساڵی وەرچەرخانی دیپلۆماسییەتی یەكێتی

بیروڕا 04:06 PM - 2024-03-30
لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

-دەكرێ‌ ئەمساڵ بە ساڵی بەهێزبوونی جوڵە و وەرچەرخانی دیپلۆماسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناوی بنێین.

 

چونكە لەم ساڵەدا لەسەر ئاستی عیراقی، ئیقلیمی، نێودەوڵەتی، یەكێتی جوڵەیەكی فراوان و كاریگەری دیپلۆماسی بەخۆیەوە بینیوە و بازنەی دیپلۆماسییەتەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پانتاییەكی فراوانتر و كاریگەرتری بەخۆیەوە بینیووە. بەرلەوەی هۆكار و نهێنییەكانی ئەو جوڵە دیپلۆماسییە بخەینەڕوو، ئاماژە بە هەندێ لەو جوڵە دیپلۆماسیانە دەكەین.

 

-لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وەكو تاكە سەرۆكی حزبێكی كوردستانی و عیراقی، بە رەسمی بانگهێشت كرا بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی میونشن لە بەریتانیا.

 

لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا زنجیرەیەك دیداری سیاسی لەگەڵ چەندین سەركردە و لێپرسراوی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریكا ئەنجامدران و تیایدا پرسە هەنووكەیی و چارەنووسسازەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران و سیاسەت و ستراتیژیەتی یەكێتی لەسەر ئەو ئاڵەنگاریانە خراونەتە روو كە خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و دورخستنەوەی هەرێمی كوردستان و عیراق لە گرژییەكانی ناوچەكە و چەسپاندنی ئاشتی  و پاراستنی سەروەری هەرێمی كوردستان و عیراق دەبینێتەوە.

 

-لە رۆژانی رابردوودا بە هەمان شێوە وەكو تاكە سەرۆكی حزبێكی كوردستانی لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە و لە مەراسیمێكی رەسمی دا پێشوازی لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا و لە كۆبوونەوەیەكی رەسمی دا چەند پرسێكی گرنگی (سیاسی، ئابوری، ئەمنی و هەنووكەیی) تاوتوێكران، هەردوولا لەسەر سەقامگیری و ئاشتییەكی درێژخایەن و پاراستنی سەروەری عیراق و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عیراق و روسیا هاوڕابوون.

 

 -لە كۆبوونەوەكانی مۆسكۆدا هاوشێوەی دیدارەكانی میونشن سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیام و سیاسەت و ستراتیژیەتی یەكێتی بە بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە گەیاند و مەراسیمی پێشوازی و ئەجێندای كۆبوونەوەكە و بڵاوكردنەوەی  ئەنجامی كۆبوونەوەكە لەو كۆبوونەوانە دەچێت كە كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسە باڵاكانی دوو وڵات ئەنجام دەدرێت نەك لەنێوان بەرپرسی حزبێكی سیاسی و وەزیری دەرەوەی وڵاتێكی زلهێزی جیهانی.

 

سەركەوتنی كۆبوونەوەكەش خۆی لەوەدا بەرجەستە دەكات كە لە ناوەرۆكی پەیامی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی یەكێتی و وەزیری دەرەوەی روسیادا چەندین خاڵی هاوبەش هەن، بەتایبەتی هەردوولا هاوڕان لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاشتییەكی درێژخایەن و پاراستنی سەروەری هەرێمی كوردستان و عیراق و ڕێگانەدان كە ناوچەكە ببێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی ململانێكان.

 

خاڵێكی دیكەی بەهێزبوونی جوڵەیی دیپلۆماسییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ئەمساڵ هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی  كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، لە هەولێری پایتەخت یان لە سلێمانی سەردانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان كردووە و لەلایەن سەرۆك بافڵ تاڵەبانی یان لەلایەن هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم پێشوازی لێكراوە. هەروەك ئەمساڵ لە بەغدای پایتەختی عیراقیش جوڵەی دیپلۆماسییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرنجی میدیا و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیران و شەقامی كوردستانی و عیراقی رایكێشاوە.
 
هۆكارەكانی بەهێزبوونی جوڵەی دیپلۆماسییەتی یەكێتی

- یەكێتی هەڵگری پەیامێكی رۆشن و ستراتیژیەتێكی نەگۆڕە كە لە روسیا بێت، یان لە ئەمریكا، لە ئێران بێت یان لە توركیا، لە وڵاتێكی عەرەبی بێت یان وڵاتێكی ئەوروپی هەمان سیاسەت و پەیامی هەیە كە بریتییە لەوەی یەكێتی هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و سەقامگیریی و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە لەڕێی دانوستان و پشت بەستن بە دەستوری عیراقی و رێككەوتننامەكان و تەوافوقی سیاسی.

 

-لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە جیاوازی جەمسەرەكان یەكێتی وەكو هێزێكی سەنگین وێنا دەكرێت و پێشوازی لە سیاسەت و ئەجێندای یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت.

 

-لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە یەكێتی بە دەستی هێناوە، وا چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش دا، متمانەی جەماوەری كوردستان بەدەست بێنێت و سەركەوتنێكی دیكە تۆمار بكات، یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی وەزیران یان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئیدی یەكێتی دەست كراوەتر دەبێت لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمی لەڕێی دانوستان و هێنانە كایەی دۆخێكی ئارام و سەقامگیرییەكی (سیاسی، ئیداری، ئابوری، ئەمنی) لە ناوچەكە و باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتیان.


-وڵاتە زلهێزەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە بەهۆی سنوورداربوونی دەسەڵاتی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیووە و ئەمەش لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا نییە و یەكێتییەكی بەهێز دەتوانێت كۆتایی بەو ئاڵەنگاری و كێشانە بهێنێت. 

 

-لە دوای كۆنگرەی پێنجەمەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پلان و بەرنامە و ستراتیژ و  رێكارێكی نوێی لە هەموو بوارێكدا داڕشتووە، یەكێك لەو بوارانە بەهێزكردن و فراوانكردنی خەباتی دیپلۆماسییە، بۆیە دیپلۆماتكارانی جیهانی پێشوازی لە سیاسەت و خەباتی دیپلۆماسییەتی یەكێتی دەكەن.

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket