riklam

دادگای باڵای فیدراڵی، لەنێوان دەستور و سیاسەتدا

بیروڕا 02:31 PM - 2024-01-21
 تەلار لەتیف

تەلار لەتیف

لەم چەند ساڵەی دوایدا دادگای باڵای فیدراڵی لە عیراق لەسەر ئاستی دەسەڵاتەکانی حوكمرانی فیدراڵی پێگەیەكی دیارو بەرچاوی پەیدا كردووە، تا ئەو ئەندازەیەی هیچ رۆژێك لە ژیانی عیراقییەكان و پێكهاتەكانیدا تێناپەڕێت هەواڵی بڕیارێكی ئەو دادگایە لە پێگەكانی هەواڵ و كەناڵ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس و شرۆڤەو راڤەی جیاوازی بۆ نەكرێت.

جێی خۆیەتی ئاماژەیەك بەوە بكەین، ئاخۆ ئەم رۆڵە گرنگ و كاریگەرەی دادگاكە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو دادگایە بڕیار لە دەستوریبوون یان نادەستوریبوونی یاساكان دەدات، یان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرسە یاسایی و سیاسییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی یەكلایی دەكاتەوە؟ یان لەبەر دابەشبوونی نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزا لە زۆرینەی جومگەكانی حوكمڕانی عیراقدا، هەر بڕیارێكی ئەو دادگایە راڤەی بەجۆرێك بۆ دەكرێت كە دژی پێكهاتەیەك بێت لەو پێكهاتانە؟.

وەڵامی ئەو پرسیارانە هەرچییەك بێت و هەر هۆكارێك لەپشت ئەو رۆڵەی دادگاكەوەبێت، راستییەك ناكرێت نادیدە بگیرێت، ئەم دادگایە بووتە پەناگەیەك بۆ نەك بەتەنها هاووڵاتیان بەڵكو بەشی زۆری دەستە فەرمانڕەواكانی ئاستی فیدراڵی و هەرێمیش هەروەها بۆ پێكهاتە سیاسییەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسی لە عیراقدا بەرامبەر هەر جۆرە لادانێك لە دەق و بنەما دەستورییەكان، بەجۆرێك هاووڵاتی ئاسایی، پارێزەران، ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، پارێزگارەكان، وەزیرەكان، تا دەگاتە بەرزترین ئاستی (فەرمانڕەوایی سەرۆككۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی)، دەبنە لایەنی داوا دەستورییەكان، ئەم وێنەیە گەواهیدەری حاشاهەڵنەگری ئەم رۆڵە گرنگەی دادگای باڵای فیدراڵییە لەژیانی دەستوریی و سیاسی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

بەتێڕوانین و لێوردبوونەوە لە بڕیارەكانی دادگای ناوبراو بەتایبەت لەدوای هەموواركردنی یاساكەی و دووبارە پێكهێنانەوەی و دەستنیشانكردنی ستافی دادگاكە، بەچاوی ئاسایی دەبینرێت رۆڵێكی كاراتری هەیە و بێسڵەمینەوە لە دەرەنجامەكانی بڕیاری هەستیارو گرنگ دەردەكات پەیوەنددار بە دەسەڵات و دەسەڵاتدارانەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پرسیارێك بەردەوام دەكرێت و وەك تۆمەتیش روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە، ئایا دادگاكە بە سیاسی كراوە، بەجۆرێك بڕیارەكانی لە بەرژەوەندی پێكهاتەیەكی دیاریكراو دەردەكات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە لایەن ئەوانەی كە بڕیارەكانی دادگا لە دژیان دەردەچێت چاوەڕوان كراوە، دادگاو بڕیارەكانی بە سیاسی و لایەنگیری لایەنێكی سیاسی وەسف دەكەن.

هەرچی لایەنەكانی دیكەیە كە بڕیارەكە سنووری بەرژەوەندیانی نەبەزاندبێت، ئەوا وەڵامەكە بە جۆرێكی دیكە دەبێت و زوو بەزوو دەكەونە دەركردنی بەیاننامەی پشتگیری بۆ بڕیاری دادگاكە و بڕبارەكانیشی بە بنبڕو كۆتایی وەسف دەكەن.

لەنێوان ئەم دوو سەنگەرەدا كە بەردەوام رۆڵەكان تێیدا ئاڵوگۆڕ دەكرێن، دەگونجێت سەنگەری سێیەمیش هەبێت پێی وابێت بەشێك لەو رەخنانەی لە دادگای باڵای فیدراڵی دەگیرێت بەوەی كە بەسیاسی كراوە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خودی دادگاكە بەشێك لە بڕیارەكان لە پرسە سیاسییەكاندا دەردەكات، وەك پرسی حكومەتی فیدراڵی و هەرێم تایبەت بە نەوت و گاز، یان پرسی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، یان تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی خولی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەڕێگەی نادەستوریی ناساندنی ماددەیەكی یاساییەوە یان تایبەت بە كۆتایی پێهێنانی ئەندامێتی پەرلەمانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هتد... ئەوەش وادەكات دادگا وەك ناوەندێكی دادوەریی باڵا ببینرێت كە دەستێوەردان دەكات لە پرسی سیاسیدا، ئەو بابەتەی بۆ ئەزموونی عیراق بابەتێكی نامۆو ناباوە.

لە كۆتایشدا دەبێت دانبەوەشدا بنێین ئەم دادگایە بەپێی رێكخستنە دەستورییەكەی پێكنەهاتووە، تەنها توێژێكی لەخۆگرتووە كە دادوەرانن، نە مامۆستایانی زانكۆی لە بواری یاسادا نەزانایانی ئاینی تێدایە، ئەمەش بۆخۆی دەرگای نادەستوریی بوونی یاسای دادگاكەی واڵاكردووەو بەشێكی زۆری رەخنەكانیش لەو گۆشەیەوە دێن.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket