riklam

مام جەلال

بیروڕا 11:20 AM - 2022-09-30
ھاورێ رواندزی

ھاورێ رواندزی

نوسینی - ھاورێ رواندزی

مام جەلال دیاردەیەکی دەگمەن بوو، زیاتر لەشەست ساڵ خەباتی کرد بۆ بەدیھێنانی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، مام جەلال مێژویەکی پرشنگداری ھەیە، ئەگەر مێژوو بەخاوێنی بنوسرێتەوە ئەوا مێژووش قەرزاری مام جەلال دەبێت.
مام جەلال یەکێتی دامەزراند بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەدیھێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و لەناوبردنی دیکتاتۆریەت، نەوەک بۆ خزمەتکردنی خۆی، مام ورە و خۆراگری بوو بۆ ھەموان .
مام لەکاتێکدا یەکێتی دروستکرد ھیچ ئومێدێک نەمابوو ، ئاخر وەرن بیر بکەنەوە ئەگەر مام جەلال نەبوایە کێ دەیتوانی لەو سەردەمەدا بتوانێ یەکێتییەک دروستبکات خەباتی چەکداری و دیبلۆماسی بەیەکەوە بکات؟
ئەگەر مام جەلال نەبوایە زۆر ئەستەم بوو یەکێتیەک دروستببێت، بەو ناو ناوبانگە بەھێز بێت .
مام جەلال زەمان بوو بۆ ھەموان، ئەوەی جارێک لەگەڵ مام دانشتبێت پێی خۆش بووە ھەموو رۆژ بیبینێت، دووربین بوو، بێ ئومێدی نەدەکردی، ھەمیشە ئومێد بەخش بوو، ھەستت بەورە دەکرد، ھەرگیز بێ ھێز نەبوو، بەئێستاشەوە کە ناوی مام دەھێندرێت ھێز و ئومێدت لا دروست دەبێت.
من لەزۆر کۆبونەوەکانی بەشداربومە، کە قسەی دەکرد تێدەگەیشتی لەحزبێک کار دەکەی کە ئەمان و زەمانی تێدا بەرجەستەیە، رێبازەکەی بەسەربەرزی دەتھێڵێتەوە.
بەداخەوە چەند ساڵێک تەوەجوھێک پەیدا بوو بەناو و رێبازی مام بەشێکی زۆر لە کادیران و یەکێتییەکەشیان سەرگەردان کرد بوو، وایان لێکردبوو کەدەیان ووت یەکتیەکەی مام تەنیا لەیەکێتیەکەی مام جەلال نەدەچوو، قسەکانی مام جەلال یان دەکرد بەڵام کاریان پێنەدەکرد، ئەوەی منی ناسیبێ لەنزیکەوە کە چەندە بێزار بوم لەوشێوازەی حزبایەتی، خەریک بوو خۆشمان یەکێتیەکی خۆمان نەناسینەوە.
ئەو شێوازەی حزبایەتیە لای زۆرینە پەسند نەبوو جگە لەوەی ھەندێک کە بەدوای پارە و کورسی کەوتبون و پارویان کەوتبوە روون .
ھەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە یەکێتی پێشتر لەکێ و خەباتگیران و سەرکردەکانی لەکێی و یەکێتی سەردەمی ئەوان لەکێ !
بریاردرا یەکێتی بێتەوە سەر رێچکە و رێبازە راستەقینەکەی مام جەلال لەو رێبازەی ئەوان ھەڵایان بۆ دەکرد دوربکەوێتەوە .
ئاخر کەی رێبازی مام جەلال جاسوسی و کرینی کادیر و تۆمارکردنی ڤیدیۆ ساختە و تەخشان و پەخشانی پارەی یەکێتی بوە؟ ئاخر کەی رێبازی مام جەلال تۆمەت بەخشینەوەی بێبنەما و جنێودان بوە بەرەمزەکانی یەکێتی؟
رێبازی مام جەلال خزمەتکردنی خەڵک، گەشەکردنی فکر، تەسقیفی کادیر، خزمەتکردنی کەس و کاری شەھیدان، رێزلێگرتن لەخەباتی تێکۆشەرانی دێرین و گەشەکردنی ئازادی بووە.
یەکێتی ئەو قوناغەی تێپەراند بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئێستا قوناغێکی جیاواز و ئیدارەیەکی جیاوازە، کە یەکێتی بەھێز بوو ھەموان بەھێزن، یەکێتی مەدرەسەی مام جەلالە ئەو مەدرەسەیە دەبێ لەسەر ھەمان نەھج و فکر و رێبازە رەسەنەکە بێت، بیرمان نەچیت مام جەلال تەنیا ھی یەکێتیش نەبوو ھی ھەموو خەڵکی کوردستان و عیراقیش بوو، مام خۆی بەھی ھەموان دەزانی، گەورەیی مام جەلال لەوەدابوو دەرگای بۆ ھەموان کراوەبوە، بۆ عەرەب و تورکمان و مەسیحی ھەموو کەمەنەتەوایەتیەکان، خۆی بەپارێزەری ھەموان دەزانی.
زۆر کەس باس لە رێبازی مام جەلال دەکات بەڵام تا ئێستا تێنەگەیشتوە رێبازی مام چیە؟ وتارەکانی و کردەوەکانی رێبازی راستەقینەی مامە.
لەچلەی ماتەمینی خوالێخۆشبوو شەمسەدین موفتی کە لەشاری ھەولێر بەرێوەچوو، مام جەلال وتارێکی پێشکەش بەئامادەبوان کرد کە کۆتا وتاری بوو چونکە دواتر نەخۆش کەوت، لە وتارەکەیدا دەڵێ شیعرەکەی حاجی قادریش بنوسنەوە کە دەڵی مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە ئەوەی باقی بمێنێت ھەرناوە، مام جەلال دەیزانی چیدەڵێت لەوێدا، بۆیە لەمێژوودا ناوی مام جەلال ھەمیشە بەگەورەی دەمێنێتەوە، مام جەلال کەمی نەکرد بۆیە کوردایەتی قەرزای مام جەلالە .
کوردایەتی مامی زۆر ھیلاک کرد، کورد پێویستی زۆر بەمام جەلال مابوو بەڵام بەداخەوە مەرگ رێگەی پێنەدا دواجار ماڵئاوایی کرد، ماڵئاوایەکی بەسەربەرزی تا ھەتایە ناوی بەپیرۆزی و گەورەیی دەمێنێتەوە .
بۆیە ئەگەر دەمانەوێت یەکێتی، یەکێتی سەردەمی مام جەلال بێت تەنیا قسەکانی و کردارەکانی رێبازەکەی جێبەجێبکەین دور لەبەرژەوەندی تەسکی شەخسی، رێبازەکەی شێبکرێتەوە بۆ نەوەی ئێستا، ئەوا دڵنیابن وەک سەردەمی دامەزراندنی یەکێتی خەڵک ھەمیشە روی لەیەکێتی دەبێت، چونکە یەکێتی خاوەنی مام جەلالە، مام جەلالیش دیاردەیەک تایبەت و دەگمەن  بوو بۆ ھەموو کوردستان.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket