riklam

خواستی خەڵک و هەنگاوی چاکسازی

بیروڕا 01:24 PM - 2016-02-11
.

.

هیوا محه‌مه‌د
وتمان کە ئەم شەمەندەفەرە ئاوا ناڕوات، زۆرمان وت نابێت وابێت، زۆر نارەزایی هاتە دەربڕین، زیادەرۆیی لەبەکارهێنانی موڵکی گشتی کرا، ئێستاش لەژێر نەشتەرگەری چاکسازیدایە.
قەیرانی سیاسی شانبەشانی ئابووری باڵی بەسەر هەرێمدا کێشاوە، سیاسیەکەش دەرئەنجامی هاتنە پێشی باسی دەستوورو سەرۆکایەتی هەرێم و تەواو بوونی ماوەکەی بوو، کەواتە لەئێستادا زۆرێک لەخەڵک بەنابەدڵییەوە تەسلیمی ئەو دۆخە بوون و لایان پەسەند نیە، زۆرجار دەگاتە حاڵەتی هەڵچوون و چاکوخراپ رەتدەکرێتەوە، ئەمە لەئەنجامی بێزاربوون بەسەر خەڵکی رۆشنبیریشدا دێت.
 بەڵام مەنتیق دەڵێت خواستی گۆڕینی بنەڕەتی سیستم لەم کاتەدا لەبەرژەوەندی ئەم هەرێمە بەتایبەت و کورد بەگشتی نیە، لەبەرئەوە با هەموو داواکان بۆ چاکسازی بێت نە روخاندنی ئەوەی کەهەیە، چونکە لەم حاڵەتەدا دەستی نەیاران و دوژمنانی کوردو زۆڵە کوردیش زاڵتردەبێت بەسەر خواستی راستەقینەی گەلداو دەکرێت ئەو هەلانە بقۆزرێتەوە بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆیان و بەدیهێنانی ئەو پلانانەی کەبەهەموو جۆرێک هەوڵی بۆ دەدەن، با سزاکان لەڕێگەی هەڵبژاردنی داهاتوەوە دەرببڕدرێن واتا ئەوەی کەمتەرخەم و تاوانبارە لەڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە رێگری دەرچونی لێبکرێت.
بەداخەوە ئەگەرچی لەمێژە گیرۆدەی دەستی سازانین بەڵام لەراگرتنی بارودۆخەکە وەک خۆی زیاتر نەمانتوانیوە بەسازان هیچ  بچینە پێش و ئەم سەردەمانە بکەینە رابردوویەکی تاڵ و تەنها لەمێژوودا باسیان بمێنێتەوەو چیدی کارتێکەرییان نەبێت، بەڵام دیاردەکان پێمان دەڵێن لەهەر لەیەک ترازانێکدا ئەگەری بەبا کردنی ناکۆکیە کۆنەکان و چوونەوە سەر خاڵی دەسپێکی ناکۆکییەکان زۆرە.
هێندە توڕەین لەبەرامبەر یەکتر تاڕادەی ئەوەی کە هۆکاری هەڵەکان بەسەریەکدا دەدەین، وادەزانین بەمە دەگەینە ئەنجام، بەڵام لەراستیدا زیاتر رووی خۆمانی پێ ناشرین دەکەین وەکو حکومەتی خۆبەڕێوەبردن و سیاسەتی حزبەکانیش، چونکە ئەوە ئەو مێژووە کورتەیە کە پێمان دەڵێت چەپڵە بەدەستێک لێنەدراوەو شەڕیش گەرچی کەمترو زۆرتر تاوانبار تیایدا دیاربوە بەڵام بەلایەنێک نەکراوە.
تازە بەخواستی بەرژەوەندی گشتی کار نەکرا، گوێبیست نەبوون بەڵام ئەمەش بەومانایە نیە کە گەیشتوینەتە بن بەست و ناتوانین هیچ بکەین. هەرێم لە قەیرانی ئابووری و سیاسی و سەربازیدایە ئەوەی لەدەست میللەتدایە خۆڕاگرییەتی لەبەردەم ئەم حاڵەتەی کەتیایدایە بەڵام لەبیرمان نەچێت جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێت بەتایبەت لەئەنجامی بێ هیواییدا، ئەوەش کە لەسەر دەسەڵاتی ئیداری و سیاسییە دەبێت هەرچی زووتر کۆتایی بە کۆبوونەوەی موجامەلەو عینادی بهێنن و هەنگاوی جدی بنێن.
کام موتەفائیل و کام هەنگاوی باش بڕداروە؟ دەبوا ئەگەر ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوونایە ئێستا کێشەکان بەرەو نەمان یان کەم بوونەوە بچونایە نەک تابێت خراپتر بێت.
باشترە لەم کاتەدا دەستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکەم دەستەڵات پێک بێت بە ئەندامێتی کەسی یەکەمی حزبەکان و حاڵەتێکی شێوە نائاسایی رابگەیەندرێت و ئەودەستەیە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن و هەرچی مەلەفی پەیوەندیدار بەهەرێم و بابەتی ستراتیژی هەیە لەوێدا بڕیاری لەسەر بدرێت.
خەڵک بەم دڵە شکاوەوە ناتوانێت خۆڕاگر بێت و چیدی قوربانی بدات، ئەمە ڕاستییە با خەڵک لەژێر چەتری قیادەی گشتیدا کۆبکرێتەوە بەمەش هەموو ئەندام و هەوادارانی حزبەکان کەزۆرینەی پێکاهاتەی خەڵک پێک دێنن لەگەڵ بارودۆخەکە خۆیان دەگونجێنن بەڵام وەک ئێستا بمێنێتەوە ئەوە خەڵک قینە سیاسییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو بریارەکانی حکومەت چونکە هیچ شتێک هەموو حزبەکان کۆناکاتەوە بەم شێوە حوکمڕانییەی ئێستا،هیچ حزبێک نایەوێت بەهەوادارانی خۆی بڵیت خەتامان هەیەو هیچیشیان نایانەوێت باجی هەڵەی ئەوەی تر بدەن.
بۆ رزگاربوون یان خۆگونجاندن و راگرتنی ورەی خەڵک پێویستمان بەڕازی کردنی خەڵکە خەڵکیش بەوە رازی نابێت کەبەلای ئەوەوە لایەنێک تائێستا بەشدار بووبێت لەخوڵقاندنی ئەو دۆخەو هێشتاش دانی پیادا نەنێت و پێی وابێت ئەوەی تەحەمولی ئەم دۆخە ناکات ئەوە نە دڵسۆزی نیشتیمانەو نە کەسی تەنگانەیە.
دروستبوونی ئەو دەستەیە زیاتر خەڵک کۆدەکاتەوەو ئەگەری رووداوی نەخوازراو کەئاسایشمان تێکبدات کەمتر دەبێتەوەو ماوە نامێنێت بۆ تێکدانی بارودۆخەکە، بەپێچەوانەشەوە زیاتر بەرەو لەبارچوونی چارەسەر دەچین.
لەدونیاشدا وا بوە هەیئەتی کاتی دروستکراوە یان حکومەتی نوێ پێک هێنراوە بۆ ڕزگار بوون لەقەیران، ئەو بارودۆخەی هەرێمی تیادایە هی ئەوە نیە بەڕۆتینی هەنگاو بندرێت و ئەم هەفتە بۆ ئەو هەفتە کۆبوونەوەکان دوا بخرێن و بڕیاری بنبڕی تیادا نەدرێت. ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە کارو هەنگاوی نوێی دەوێت.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket