riklam

شوێن و كۆلێژو نمرەكانی ئەبوبەكر بەغدادی ببینە

عیراق 08:57 PM - 2015-03-03
لە ٢٠٠٧دا بڕوانامەی باڵای بەپلەی زۆرباش به‌ده‌ستهێناوه‌

لە ٢٠٠٧دا بڕوانامەی باڵای بەپلەی زۆرباش به‌ده‌ستهێناوه‌

ئەبوبەكری بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی ناسراو بە(داعش) مەترسیدارترین كەسە لەجیهاندا، ئەگەرچی زانیاری پێویست سەبارەت بەم تیرۆریستە لەبەردەستدا نیە، بەڵام سەرچاوەكان هەموو كۆكن لەسەر ئەو راستیەو لەهەوڵدان بۆ بەدواداچونی زیاتر.

لەمبارەیەوەو لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا تیمیكی كەناڵەكانی ARDو رۆژنامەی زودۆیتشەتسایتونگ لەبەدواداچونێكی لێكۆڵینەوەی رۆژنامەنوسیدا كە ماوەی مانگێكی خایاندووە ڕیپۆرتاژێكی تێرورتەسەلیان لەسەر كەسایەتی ئەبوبەكری بەغدادی وەك مەترسیدارترین تیرۆریستی ئەم سەردەمە ئامادەكردووەو بارگاوی بەفیلم و دیكۆمێنت و كەناڵی tagesschauی ئەڵمانیش بڵاویكردەوە.

ریپۆرتاژەكە باس لەمنداڵی و ژیان و سەرهەڵدانی كەسایەتی ئەبوبەكری بەغدادی دەكات و بەدواداچونیان بۆ وێستگەكانی ژیانی كردووە تا ئەوكاتەی لەمزگەوتێكی موسڵدا لەحوزەیرانی ٢٠١٤دا وەك خەلیفەی ئیسلامی دەوڵەتی تیرۆرستی دەردەكەوێ و دەنگی دەبیسترێ.

لەمیانەی بەدواداچونەكەیاندا ئەم تیمە چەندین دیكۆمێنتی ژیان و قۆناغەكانی ژیانی ئەو تیرۆریستەیان دەستكەوتووەو لەگەڵ شەش وێنە كە پێشتر نەبینراوە، هەروەها تیمەكە سۆراخی ژیان و گوزەرانی ئەم تیرۆرستەیانكردوەو لەگەڵ دراوسێ و هاوڕێكانی قوتابخانەیدا قسەیانكردووە، لەم ڕیپۆرتاژەدا زانیاریەكانی ئەوتیمە زیاتر بخوێنەوە:

 ئەم تیمەی رۆژنامەنوسان لەبەدواداچونەكەیاندا ئاشكرایانكردووە ئەبوبەكری بەغدادی ناوی تەواوی(ئبراهیم عوچ ئبراهیم ئەلبەدری)ەو ساڵی ١٩٧١ لەشاری سامەڕا لەخێزانێكی جوتیار لەدایكبووە، بەقسەی دراوسێكانی یەكەمین ناسنامەشی بەژمارەی ٢٣٤٢٥٠ لەحوزەیرانی ساڵی ١٩٨٠ بۆ دەرهێنراوەو چوار برابوون و ئەم سێهەمینیانە.

ئەبوبەكری بەغدادی ساڵی ١٩٩١ لەتاقیكردنەوەكانیدا لەكۆی ٦٠٠ پلە ٤٨١ پلەی بەدەستهێناوە، ئەم نمرەیەش كەمبووە بۆ ئەوەی بتوانێ بەپێی ویستی خۆی بخوێنێ، برایەكیشی لەسەردەمی سەدام حسێندا كوژراوەو بەشەهیدی قادسیە ئەژماركراوەو خزمەتی سەربازی نەیگرتۆتەوە.

لەڕاپۆرتەكەدا چەندین لایەن خراوەتەڕوو، بەپێی بەڵگەكان كە لەلایەن زانكۆوە ئاشكراكراوە، خوازیاری ئەوەدەبێت خوێندنی یاسا بخوێنێ و داواكاری زۆری هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نمرەكانی ئامادەیی باشنەبووە ئەوە بەس نەبووە بۆ ئەوەی خواستەكانی بێتەدی، هەر بۆیە پەیوەندیكردووە بەزانكۆی شەریعەتی ئیسلامی لەبەغداو بۆ یەكەمینجاریش لەبەشی قانون و دواجار گواستراوەتەوە بۆ دراساتی قورئانی، ساڵی ١٩٩٩ ئوتروحەكەی لەئایەتی قورئانیدا تەواوكردووە.

ساڵی ٢٠١٣ ژنی یەكەمی لەشاری ئەنبار هێناوە، دوای پرۆسەی ئازادكردنی عیراق و داگیركردنی لەلایەن ئەمریكاوە بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی دیاربێ ساڵی ٢٠٠٤  ئەبوبەكری بەغدادی فەرمانی گرتنی لەلایەن ئەمریكیەكانەوە بۆ دەردەچێت و بۆ ماوەی ١٠ مانگ لەزیندانی (بوكا)ی ئەمریكی دەمێنێتەوە.

تیمی لێكۆڵەرەوەی رۆژنامەنوسی ARD و "SZ" لەمبارەیەوە بەڵگەنامەیەكیان لەلایەن دەستەی مامۆستاكانیەوە بە بەرواری ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٠٤ ئاشكراكردووە.

دوای ئازادكردنیشی لە دیسەمبەری ٢٠٠٤دا گەڕاوەتەوە زانكۆ و لادواجار لە ٢٠٠٧دا بڕوانامەی باڵای وەرگرتووەو 82%ی هێناوە بەپلەی زۆرباش.

بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەست تیمەكە كەوتووە، ئەبوبەكری بەغدادی بەشەخسی سەرۆكی رێكخراوی قاعیدەی لەعیراق ناسیوە.

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی عیراقیش راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە ئەبوبەكری بەغدادی سەرەتا لەناوچەو شوێنی لەدایكبوونی یاخی بووەو بەخێرایی چوەتە ناو رێكخراوی تیرۆرستی كە ئەوسا قاعیدەیان پێوتووە لەعیراق.

لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە ساڵی ٢٠١٠ جیهادییەكان بەئەمیرو سەرۆكی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكە هەڵیان بژاردوەو لەئەپریلی ٢٠١٣دا ناوی دەوڵەتی ئیسلامی راگەیاندووە، یەكەمجار لەعیراق و دووەمجاریش لەسوریا، بەمشێوەیە بۆ یەكەمینجار كوڕە جوتێارێك هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر دنیادا بسەپێنێ،  تیمەكە بەڵگەی ئەوەشیان دەستكەوتووە كە بەغدادی خۆی بەنزیكبونەوەی پێغەمبەری ئیسلام دەزانێ.
 لەریپۆرتاژەكەدا ئەو ژوورە پشاندەدات كە لەناوچەی سامەڕا بۆماوەیەك تیایدا ژیاوەو لەدیمەنێكی تریشدا ئەو پۆلەو مێزی خوێندنەكەی لەزانكۆی دراساتی ئیسلامی پیشان دەدات.
 
راپۆرتەكە ئەوەشی نوسیوە كە تیمەكە هیچ زانیاریەكیان دەستنەكەوتووە سەبارەت بەڕاست و دروستی ئەو لافلێدانەی بەغدادی كە گوایە نەوەی پێغەمبەری ئیسلامە.

PUKmedia شەهاب عوسمان - ئەڵمانیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket