riklam

قه‌ڵای هه‌ولێر له‌لیستی كلتووری جیهانیدا تۆمارده‌كرێت

kurdistani 05:53 PM - 2014-11-02
ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی كوردستان گرنگیان پێده‌درێت

ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی كوردستان گرنگیان پێده‌درێت

به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی حكومی و حزبی و رۆشنبیران و هاووڵاتیان و چه‌ندین كونسوڵی وڵاتان و نوێنه‌ری رێكخراوی یونسكۆ، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 2-11-2014 له‌ شاری هه‌ولێر رێوڕه‌سمی به‌جیهانی ناساندنی قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد.

له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، رێكخراوی یونسكۆی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ بواری په‌روه‌رده‌و رۆشنبیری و كلتووری، قه‌ڵای هه‌ولێری له‌ لیستی كلتووری جیهانیدا تۆمار كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گرنگه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی.

سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌ش به‌ وه‌ستانی ساتێك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستیپێكرد، دواتر نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر له‌ وتارێكیدا ئاماژه‌ی به‌ گرنگی قه‌ڵای هه‌ولێر له‌ مێژووی كوردو كوردستاندا كردو هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌شی به‌ گرنگ وه‌سفكرد بۆ كوردستان، وتیشی: له‌ شوێنه‌كانی تری عیراق شوێنه‌واره‌ دێرین و مێژووییه‌كان له‌ناوده‌چن، به‌ڵام به‌ هیممه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی كوردستان گرنگیان پێده‌درێت و ده‌خرێنه‌ لیستی كلتووری جیهانییه‌وه‌.

هه‌ر له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، ئێرنا پۆكۆڤا نوێنه‌ری رێكخراوی یونسكۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ وته‌یه‌كیدا باسی له‌ گرنگی مێژووی كلتووری كورد كردو هه‌روه‌ها باسی له‌ گرنگی قه‌ڵای هه‌ولێر كرد، كه‌ مێژوویه‌كی زۆر دێرینی هه‌یه‌و شوێنه‌وارێكی زۆر كۆنی مرۆڤایه‌تیه‌، ئه‌م مێژووه‌ش بۆ سه‌رده‌می مرۆڤایه‌تی له‌ میزۆپۆتامیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ره‌سه‌نی مێژووی كوردو شارستانیه‌تی كورد له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌دا پیشانده‌دات، بۆیه‌ تۆماركردنی له‌ لیستی كلتووری جیهانی له‌لایه‌ن رێكخراوی یونسكۆوه‌ گرنی تایبه‌تی بۆ مێژووی كلتووری كوردو رۆشنبیری كوردی هه‌یه‌.

نوێنه‌ری رێكخراوی یونسكۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان هاووڵاتیانی كوردی له‌وه‌ دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ شوێنه‌واره‌كانی تریش له‌ كوردستان هاوشێوه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر گرنگیان پێده‌درێت و كاری جددیان بۆ ده‌كرێت و ده‌پارێزرێن، تا بكرێنه‌ شوێنی مێژووی و گه‌شتیاری جیهانی، كه‌ ئه‌مه‌ش گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

وتیشی: جێی شانازییه‌ بۆ كورد كه‌ به‌ توانایه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ توانیویه‌تی ناوچه‌و شوێنه‌واره‌كانی بپارێزێت و گرنگیان پێبدات، له‌هه‌مانكاتدا له‌ عیراق ئه‌و ناوچه‌ شوێنه‌وارییانه‌ له‌ناوده‌چن و به‌ره‌و كۆتایی ده‌چن، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ بۆ جیهان ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كورد میللـه‌تێكی پێشكه‌وتووه‌و گرنگی به‌ كلتوورو مێژوو و پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی ده‌دات، چونكه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی ناساندنی هه‌موو میللـه‌تێك، مێژوو و كلتوورو شارستانیه‌ته‌كه‌یه‌تی، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ناو كورد دا زۆر ده‌بینرێت.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket