riklam

بودجەی هه‌رێمی كوردستان لە 13% ەوە بۆ 20%

kurdistani 12:34 PM - 2014-08-21
بودجە‎؛ قوتی خەڵكە یان بەرژەوەندیی لایەن‌و پێكهاتەكان؟ ‌

بودجە‎؛ قوتی خەڵكە یان بەرژەوەندیی لایەن‌و پێكهاتەكان؟ ‌

بودجە‎؛ قوتی خەڵكە یان بەرژەوەندیی لایەن‌و پێكهاتەكان؟ ‌

تەنها چوار مانگی ساڵی 2014 ماوە، بەڵام تاكو ئێستا لەعیراق ‏بودجەی ئەو ساڵە پەسەند نەكراوە، هۆكاری سەرەكی ئەم حاڵەتەش ‏ناكۆكیی نێوان لایەن‌و پێكهاتەكانە بەتایبەتی كورد كە نیگەرانییەكی ‏قوڵ‌و جددیی هەیە لەسەر هەندێ بڕگەی ناو پڕۆژە یاسای بودجەی ‏گشتی 2014ی عیراق بەدیاریكراویش ئەو بڕگانەی پەیوەندییان ‏بەنەوت‌و داهاتی نەوتەوە هەیە.‏
ئەم راپۆرتە خوێندنەوەیەكی خێرایە بۆ بودجەو گرفتە ئابووری‌و ‏سیاسییەكان‌و ئاسۆی پەسەندكردنی بودجە لەماوەیەكی پێوانەییدا.‏

ناوەڕۆكی بودجەكە
بەپێی ئەو پڕۆژەیەی لەسەرەتای ئەمساڵدا لەرۆژنامەی سەباحی نزیك ‏لەحكومەتی فیدراڵی بڵاوكراوەتەوە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ‏‏2014ی عیراق، بە گەورەترین‌و زەبەلاحترین بودجەی مێژووی ئەو ‏‌وڵاتە دادەنرێ. ‏
بڕەكەی 171 تریلیۆن دینارە بە كورتهێنانی 31 تریلیۆن دیناری ‏عیراقی، لەگەڵ 29 تریلیۆن دینار كە بەهۆی كەمیی هەناردەی ‏نەوتەوە دەچێتە سەر كورتهێنانەكە. بەرەچاوكردنی هەناردەكردنی ‏سێ ملیۆن‌و 400 هەزار بەرمیل نەوت بە 400 هەزار بەرمیلی ‏هەناردەكراوی كوردستانیشەوە بە نرخی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.‏

تێكەڵكردنی بودجەی دوو ساڵ
لەسەرەتای ئەم خولە تازەیەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، پێش ‏هەڵبژاردنی حكومەتی نوێ لیژنەیەكی كاتیی دارایی بەسەرۆكایەتی ‏حەیدەر عەبادی (ئەوكات جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان‌و ‏ئێستاش راسپێردراوە بۆ حكومەتی نوێ) پێكهات.‏
یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی ئەو لیژنەیە دەستوبرد كردن بوو ‏لەپڕۆژە یاسای بودجەی 2014‌و تاوتوێكردنی بیرۆكە‌و پێشنیارێك بۆ ‏تێكەڵكردنی هەردوو بودجەی ساڵی 2014‌و 2015ی عیراق بەڵام ‏لیژنەكەو پاشان ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەو بیرۆكەیەی رەتكردەوە.‏

ئاسایش‌و بەرگری
وەك ساڵانی تری عیراقی دوای 2003، ئەمساڵیش بودجەیەكی گەورە ‏تەرخانكراوە بۆ دەزگا‌و وەزارەتە ئەمنییەكانی (بەرگری)‌و (ناوخۆ)‌و ‏بەپێی پڕۆژە یاساكە زیاتر لە 23 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە كە ‏‏13 تریلیۆنی زیاترە لەو بودجەیەی بۆ كەرتی پەروەردە‌و خوێندنی ‏باڵا تەرخان كراوە.‏
یەكەم گەورەترین بودجەی كەرت‌و وەزارەتەكانی ساڵی 2014، بۆ ‏كەرتی وزەیە كە بڕەكەی زیاترە لە 32 تریلیۆن دینار. ‏

كەرتەكانی تر
زیاتر لەشەش تریلیۆن دینار بۆ كەرتی ژینگەو تەندروستی. 25 ‏تریلیۆن دینار بۆ خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان. نزیكەی چوار ‏تریلیۆن دینار بۆ ئاو‌و ئاوەڕۆو خزمەتگوزاری. زیاتر لەسێ تریلیۆن ‏دینار بۆ كەرتی گواستنەوەو گەیاندن. زیاتر لەسێ تریلیۆن دینار بۆ ‏كەرتی كشتوكاڵ. نزیكەی یەك تریلیۆن‌و نیو بۆ كەرتی پیشەسازی. ‏نزیكەی دوو تریلیۆن دینار بۆ كەرتی ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردن. ‏زیاتر لەسێ تریلیۆن دینار بۆ كەرتی رۆشنبیری‌و وەرزش‌و لاوان‌و یانە‌و ‏یەكێتییە وەرزشییەكان. لەگەڵ زیاتر لە 19 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی ‏كوردستان‌و هەروا چەند بودجەیەكی جیاواز بۆ پارێزگاو كەرتە ‏لاوەكییەكانی تر. ئەگەری ئەوەش هەیە بەهۆی ئەو هەموو مشتومڕەی ‏لەسەر بودجە هەیە‌و هەبووە، بڕی هەندێك لەبودجە ‏تەرخانكراوەكانیش بۆ كەرتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت.‏

عیراقی دوای 10/6/2014‏
بەهۆی رووداوەكانی دوای 10/6/2014‌و داگیركردنی موسڵ‌و ‏ئازادبوونی بەشێكی گەورەی خاكی كوردستان كە پێشتر لەژێر جەبری ‏ماددەی 140ی دەستووردا بوو لەگەڵ هەنگاوە مێژووییەكە ‏بەهەناردەكردنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ‌و لەدەرەوەی ‏چوارچێوەی كۆمپانیای سۆمۆی عیراق، پێدەچێ گۆڕانكاری گەورە ‏لەهەڵوێستی كورد‌و فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ‏عیراقدا هەبێ، كە رەنگە جارێكی تر‌و سەرەڕای هەڵبژاردنی تازەی ‏ئەنجومەنی نوێنەران‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ناكۆكیی زیاتر ‏دروست بكات.‏
گرفتە سیاسییەكان
ئەمە یەكەمین جار نییە بودجەی گشتیی وڵات لەمەنگەنەی ‏ئەنجومەنی نوێنەراندا گیر دەخوات. لەوەتەی عیراق لەژێر چەپۆكی ‏رژێمی بەعس رزگاری بووە، ساڵانی یەكەم‌و دووەمی (عیراقی نوێ) ‏نەبێ، ئەوا هەموو ساڵەكانی دواتر گرفتی گەورە لەبەردەم بودجەدا ‏دروست بووە یان دەتوانین بڵێین دروست كراوە هەر لەبەزمی 13%‌و ‏‏17% تا دەگاتە خواستی تازەی كورد كە بودجەی هەرێم بگاتە 20%ی ‏بودجەی عیراق. زۆربەی گرفتەكانیش، گرفتی سیاسی بوون نەك ‏پەیوەندییان بەباری ئابووری یان ئەمنی یان كۆمەڵایەتییەوە هەبووبێ، ‏بە گرفتی سەرژمێریشەوە كە ئاڵێنراوە لە بیانوو پاساوی سیاسییەوە ‏كە سەردەكێشێ بۆ وروژاندنی دەمارە ئەتنی‌و تایفییەكان.‏

عیراقی دوای مالكی
وەك ئاماژە بەدەربازبوون لەتونێلێكی تاریك بەهۆی نوری مالكی، ‏بەشێكی زۆری خەڵك ئومێدەوارن بەهەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌و ‏چاوەڕوانیی گەورەیان لە مەعسوم‌و جبوری‌و عەبادی هەیە، چونكە ‏ئەوان داری جادووییان پێ نییە ئاسان نییە وا بەزوویی لەو تونێلە ‏تاریكە دەربچن. بەڵام پێدەچێ هەنگاوی سەرەتایی بنرێ بۆ ئەوەی ‏كەمێك لەباری شانی هاووڵاتیان كەم بێتەوە‌و گرفتی سەرەكیی ‏هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە بەزۆر بەیەكەوە لكێنراوە چارەسەر بكرێن ‏لەپێش هەمووشیانەوە گەڕاندنەوەی بودجەی بڕدراوی هەرێم‌و ‏بەتەنگەوەهاتنی لێقەوماوانی هێرشەكانی داعش بەتایبەتی لەشەنگال‌و ‏ناوچەكانی تر.‏

بڕینی بودجە
بەهۆی تاكڕەویی‌و سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتەكەی (مالكی)یەوە، بۆ ‏یەكەمین جار لە (عیراقی نوێ) دا بودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرا.‏
پاساوەكان هەرچییەك بن، هەناردەكردنی نەوت بێ یان هەر پاساوێكی ‏تر، هیچیان بارتەقای ئەوە نین كە گەمە سیاسییەكە بگاتە ئاستی ‏یاریكردن بەقوتی خەڵك.‏ هەرچەندە هێشتا كاریگەریی گەورەی بڕینی بودجە لەسەر هەرێمی ‏كوردستان ماوە، بەڵام ئەو بودجە بڕینە بە رووداوێكی ئاسایی دانانرێ، ‏دەشێ لەسەر ئەو بنەماو بیركردنەوەیەی ئەو رووداوەی بەرهەمهێنا، ‏خوێندنەوەی تر بكرێ. ئاخۆ شتی لەو جۆرە تاچەند قابیلی درێژە ‏كێشانە؟ تاچەن قابیلی دووبارەبوونەوەیە؟ سزاو دەركەوتەو ‏لێكەوتەكانی چین؟ كە رەنگە رۆژگاری نزیك وەڵامی هەموو ئەم ‏پرسیارانەی لە هەگبەیدا هەڵگرتبێ.‏

زیادكردنی بودجەی هەرێم
ئێستا ئەگەری بەهێز لەدۆخی تازەی عیراقدا، نەك تەنها گەڕاندنەوەی ‏بودجەی بڕدراوی هەرێم‌و تەسفیەكردنی قەرزە كەڵەكەبووەكانە، ‏بەڵكو بە هەموو پێوەرەكان‌و بەهۆی ئەو بارودۆخە تازەیەی لەدوای ‏‏10/6 (داگیركردنی موسڵ‌و ناوچەیەكی فراوانی باكوور‌و ناوەڕاستی ‏عیراق) بودجەی هەرێمی شایستەی زیادكردنە. هەم بە رەچاوكردنی ‏ژمارەی دانیشتووان هەمیش بەرەچاوكردنی فراوانبوونی پانتاییە ‏جوگرافییەكە.‏

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket