riklam

ته‌لار له‌تیف: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ حكومه‌ت پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ لاببات

ئابوری 06:06 PM - 2018-05-19
.

.

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێشتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاساییش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، تائێستا كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان پێنه‌گه‌یشتووه‌.

ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ 20-5-2018 لیژنه‌ی یاسایی و دارایی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی یاسای چاكسازی له‌مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران كۆده‌بێته‌وه‌.
 سه‌باره‌ت به‌ بانگهێشتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانتارانیش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ وتی: تائێستا به‌ ره‌سمی هیچ كارنامه‌یه‌كی دیاریكراو نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مانتاران.

ته‌لار له‌تیف وتیشی: بڕیاره‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی لیژنه‌ی یاسای و دارایی په‌رله‌ماندا گفتوگۆی زیاتر له‌سه‌ر یاسای چاكسازی له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت و به‌بڕوای ئێمه‌ یاساكه‌ به‌ گشتی باشه‌، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه‌ی باس له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان ده‌كات، لای ئێمه‌ په‌سه‌ند نیه‌، چونكه‌ پێمان وایه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران، جارێكی دیكه‌ ده‌ستخستنه‌ قوتی فه‌رمانبه‌رانه‌، به‌ڵام به‌شێوازێكی یاسایی و له‌ژێر ناوێكی دیكه‌دا، بۆیه‌ لیژنه‌ی یاسایی له‌ئێستادا چاوه‌ڕوانی روونكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌.

راشیگه‌یاند: كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ كه‌ من شه‌خسی خۆم له‌گه‌ڵی نیم و پێویسته‌ په‌رله‌مانتاره‌كان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌، هه‌موو ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌رماڵه‌یان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و خوێندنی باڵاو په‌روه‌رده‌ و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و داواكاری گشتی.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نڕخی نه‌وت و هاتنی بڕێك پاره‌ مانگانه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌ ته‌واوی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵبگرێت و هه‌موو مانگێك مووچه‌ی ته‌واو به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شبكات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، به‌پێی حوكمی بڕگه‌ (2) له‌ مادده‌ی (17) و بڕگه‌ (1) له‌ مادده‌ی (18) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانی عیراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاریداوه‌ دانیشتنی ژماره‌ (1) ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق،  له‌سه‌عات (11)ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 21/5/ 2018، ببه‌ستێت.


PUKmedia دیار ستار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket