PUKmedia ماڵپەری وەرزشی

یه‌كه‌م جه‌وله‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناغی گروپه‌كانی چامپیۆنس لیگ


5/11/2019 11:15:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.





ئه‌مرۆ  سێشه‌ممه‌ و رۆژی دواتر چوار شه‌ممه‌، یه‌كه‌م جه‌وله‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناغی گروپه‌كانی چامپیۆنس لیگ ده‌كرێن، سبه‌ی سێشه‌ممه‌ 5/11/2019 یارییه‌كانی گروپه‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌م و حه‌وته‌م و هه‌شته‌م ده‌كرێن، دووسبه‌ی چوار شه‌ممه‌ 6/11/2019 یارییه‌كانی گروپی یه‌كه‌م تا چواره‌م ده‌كرێن، یارییه‌كان و ریزبه‌ندی هه‌ر گروپێك له‌ خشته‌كاندا دیارییكراون و به‌رامبه‌ری هه‌ر یارییه‌كیش ئه‌نجامی یاریی چوونی نێوانیان كه‌ جه‌وله‌ی پێشوو كراوه‌ نووسراوه‌.

سێشه‌ممه‌ 5/11/2019

گروپی پێنجه‌م

لیڤه‌ر له‌ ئه‌ركێكی ئاساندا
له‌م گروپه‌دا یه‌كه‌م یاریی لیڤه‌رپوڵ و گینگ ده‌یكه‌ن، یارییه‌كه‌ وه‌ك راهێنانێكی سوك وایه‌ بۆ لیڤه‌رپوڵ، چونكه‌: یه‌كه‌م: ئێستا ئه‌م یانه‌یه‌ له‌باشترین بارو دۆخه‌كانیدایه‌، یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی خولی ئینگلیزییه‌، به‌ هه‌ردوو خولی چامپیۆنس لیگ و ئینگلیزی ته‌نیا یه‌ك یاریی دۆڕاوه‌ ئه‌ویش 0-2 بووه‌ به‌ناپۆلی له‌ ئیتالیا، دووه‌م: له‌ یاریی چوونیشدا 4-0 له‌ گینكی بردۆته‌وه‌.

ناپۆلی بۆ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر كه‌وتنه‌كان
دووه‌م یاریی ئه‌م گروپه‌ له‌ ئیتالیا ناپۆلی و رێد بۆڵ سالزبۆرگ ده‌یكه‌ن، ناپۆلی له‌م گروپه‌دا تامی دۆڕاندنی نه‌كردووه‌، 7 خاڵی له‌ دوو بردنه‌وه‌و یه‌كسانبوونێك هه‌یه‌ و یه‌كه‌می گروپه‌كه‌یه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی و له‌ نه‌مسا یاریی جه‌وله‌ی پێشووی 3-2 له‌ رێد بۆڵ بردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م یارییه‌ بۆ ناپۆلییه‌كه‌ی ئه‌نچیلۆتی درێژه‌دانه‌ به‌ گرتنی لووتكه‌ی ریزبه‌ندی و بردنه‌وه‌كانی.

گروپی شه‌شه‌م

بارسا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی شكاوی
یه‌كه‌م یاریی گروپی شه‌شه‌م كه‌ سبه‌ی شه‌و ده‌كرێت، بارسا له‌ كامپ نو میوانداری سلاڤیا پراگی چیكی ده‌كات، بارسا له‌م یارییه‌دا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ شكۆی تێكشكاوی بگه‌ڕێنته‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی، چونكه‌ له‌ یاریی چووندا كه‌ جه‌وله‌ی پێشوو كرا له‌ پراگ خراپترین ئاستی هونه‌ری پێشكه‌ش كرد هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ زه‌حمه‌ت و به‌ هه‌ناسه‌ بڕكێ 2-1 بردیه‌وه‌.
دۆرتمۆند له‌چاوه‌ڕوانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دایه
‌دووه‌م یاریی ئه‌م گروپه‌ یارییه‌كی گرنگه‌ بۆ هه‌ردوو یانه‌كه‌و تیایدا بروسیا دۆرتمۆند له‌نێو یاریگاو هانده‌رانی خۆیدا میوانداری ئینته‌ر میلان ده‌كات.
یاریی چوونی نێوانیان ئینته‌ر 2-0 بردویه‌تییه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دۆرتمۆند بیه‌وێت له‌بازنه‌ی ململانێدا بمێنێته‌وه‌، ده‌بێت تۆڵه‌ی دۆڕانه‌كه‌ی جه‌وله‌ی پێشووی بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا دۆڕاندن و ته‌نانه‌ت یه‌كسانبوونیشی له‌ململانێ دووریده‌خاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش جه‌وله‌ی دواتریش ده‌چێته‌ كامپ نو ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌ركه‌كه‌ی قورس ده‌بێت.

گروپی حه‌وته‌م

زنیت له‌هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ لووتكه‌
له‌گروپی حه‌وته‌مدا هه‌رچوار یانه‌كه‌ ركابه‌ریی یه‌كتری ده‌كه‌ن و هه‌رچواریان هیوا بڕاو نین و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو له‌ئارادایه‌.
یه‌كه‌م یاریی زنیت سان پترسبۆرگی روسی له‌ یاریگای خۆیدا میوانداریی لایبزیگی ئه‌ڵمانی ده‌كات، یاریی چوون کە لە ئه‌ڵمانیا جه‌وله‌ی پێشووكرا، ئه‌ڵمانییه‌كان 2-1 براوه‌بوون، جیاوازی خاڵی نێوانیشیان دوو خاڵه‌، ئه‌گه‌ر زنیت سوود له‌ یاریگا و هانده‌رانی خۆی وه‌ربگرێت و یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، ئه‌وا لایبزیگ له‌ لووتكه‌ دێنێته‌ خواره‌وه‌و ره‌نگه‌ خۆی تیا بگیرسێته‌وه‌.

لیۆنیش هه‌مان بارودۆخی زنیتی هه‌یه‌
لیۆنیش هه‌مان بارودۆخی زنیتی هه‌یه‌، یاریی چوونی پێشووی 1-2 به‌ به‌نفیكا دۆڕاندووه‌، یه‌ك خاڵیش له‌پێش به‌نفیكاوه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لیۆن سود له‌ یاریگا و هانده‌رانی خۆی وه‌ربگرێت، ئه‌وا ئه‌میش كۆی خاڵه‌كانی ده‌بنه‌ 7 خاڵ و هه‌نگاوێكی باش ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌.
گروپی هه‌شته‌م

ڤالانسیا بۆ قه‌ره‌بوی یاریی پێشوو
له‌م گروپی هه‌شته‌مه‌دا یه‌كه‌م یاریی ڤالانسیا و لیلی فه‌ره‌نسی ده‌یكه‌ن، ڤالانسیا له‌یاریی جه‌وله‌ی پێشوودا 1-1 له‌گه‌ڵ لیل یه‌كسان بووه‌، لیل یه‌ك خاڵی هه‌یه‌و دوا تیپی ریزبه‌ندییه‌، بۆیه‌ لیل له‌كاتی بردنه‌وه‌یدا كه‌ ده‌بێت هه‌ربیشیباته‌وه‌، ئه‌وا ده‌چێته‌وه‌ بازنه‌ی ململانێیه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڤالانسیا یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌یاكس و چێڵسی ده‌بێتە ركابه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناغی داهاتوو، لیل-یش بێ هیوا ده‌بێت.

چێڵسی بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی بردنه‌وه‌ له‌ ئه‌یاكس
دووه‌م یارییش یارییه‌كی زۆر گرنگه‌و چێڵسی و ئه‌یاكس ده‌یكه‌ن، هه‌ردووكیان خاوه‌نی 6 خاڵن و یه‌كه‌م و دووه‌می گروپه‌كه‌ن، چێڵسی ده‌ستی خۆی وه‌شاندووه‌و له‌ هۆڵه‌ندا یاریی جه‌وله‌ی پێشووی 1-0 له‌ ئه‌یاكس بردۆته‌وه‌و ئه‌م یارییه‌ش له‌یاریگای خۆیدا ده‌كات، بۆیه‌ چێڵسی به‌ ووره‌یه‌كی باشتر و بۆ بردنه‌وه‌یه‌كی تر له‌ ئه‌یاكس یاریی ده‌كات تا باشتر و به‌هێزی زیاتره‌وه‌ لووتكه‌ی ریزبه‌ند له‌ یانه‌كانی تری گروپه‌كه‌ بگرێت.

چوار شه‌ممه‌ 6/11/2019
دووسبه‌ی چوار شه‌ممه‌ش یارییه‌كانی گروپه‌كانی یه‌كه‌م تا چواره‌م ده‌كرێن.

گروپی یه‌كه‌م

ریاڵ بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی بردنه‌وه‌ به‌نرخه‌كه‌ی
له‌گروپی یه‌كه‌مدا، ریاڵ مه‌درید ئه‌گه‌ر چی به‌خراپی ده‌ستیپێكردو ئه‌نجامه‌كانی له‌ئاستی خواستی هانده‌رانیدا نه‌بوون، به‌ڵام تادێت ئاستی باشتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ جه‌وله‌ی پێشووبه‌ سێ خاڵ و بردنه‌وه‌یه‌كی باشه‌وه‌ 1-0 له‌توركیاوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌درید و چووه‌وه‌ بازنه‌ی ململانێیه‌كان و بۆ پله‌ی دووه‌می سه‌ركه‌وتووه‌و ئه‌مجاره‌ش له‌یاریگای خۆیدا رووبه‌ڕوی گه‌ڵاته‌سه‌رای ده‌بێته‌وه‌.

یارییه‌كی زۆر ئاسان بۆ پی ئێس جه‌ی
هه‌رچی پاریس سانجێرمانه‌ زۆر به‌ ئارامی له‌لووتكه‌ی ریزبه‌ندیدایه‌و له‌سێ بردنه‌وه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك به‌ 9 خاڵ یه‌كه‌م و ئه‌م یارییه‌شی یارییه‌كی زۆر ئاسانه‌ كه‌به‌رامبه‌ر كلوپ بروجی به‌لجیكی ده‌یكات و یاریی پێشوشی 5-0 له‌ كلوپ بروج بردۆته‌وه‌.

گروپی دووه‌م

بایرن راهێنانی هه‌یه‌
یه‌كه‌م یاریی گروپی دووه‌م له‌ ئه‌لیانز ئه‌رینای تایبه‌ت به‌ یانه‌ی بایرن مونشن ده‌كرێت و تیایدا بایرنی یه‌كه‌م میوانداریی ئۆڵۆمپیاكۆسی یۆنانی دوا تیپی ریزبه‌ندیی ده‌كات، یاریی پێشوویان كه‌له‌ یۆنان كرا بایرن 3-2 بردبوویه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا یه‌كه‌می گروپه‌كه‌یه‌تی به‌ 9 خاڵ و یارییه‌كه‌ش زۆر ئاسانه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌ك راهێنانێكی ئاسایی وایه‌ بۆی.
تۆتنهام ركابه‌ریی ده‌كات
یانه‌ی تۆتنهامی ئینگلیزیش كه‌ دووه‌می گروپه‌كه‌یه‌ نایه‌وێت هیچ خاڵێك له‌ گه‌ڵ دوویانه‌كه‌ی خوار خۆی زڤیزداو ئۆڵۆمپیاكۆس له‌ده‌ست بدات، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بازنه‌ی ململانێدا بێت له‌گه‌ڵ بایرن، بۆیه‌ یاریی ئه‌م جه‌وله‌یه‌ی هه‌رچه‌نده‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدایه‌ له‌گه‌ڵ زڤیزدا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ بردنه‌وه‌یه‌كی تره‌ له‌ زڤیزدا ئیتر به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بووه‌ به‌ تایه‌به‌تیش یاریی جه‌وله‌ی پێشووی 5-0 له‌ زڤیزدا بردۆته‌وه‌.

گروپی سێیه‌م

مان سیتی بۆ درێژه‌دان به‌بردنه‌وه‌كان
له‌گروپی سێیه‌میشدا مان سیتی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی ده‌چێته‌ ئیتالیا و رووبه‌ڕوی یانه‌ی ئه‌تڵه‌نتا ده‌بێته‌وه‌، له‌ مانچسته‌ر مان سیتی بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وه‌ره‌ی تۆمار كردو 5-1 له‌ ئه‌تڵه‌نتای بردۆته‌وه‌، به‌وه‌ش خاوه‌نی 9 خاڵه‌ له‌سێ سه‌ركه‌وتنی یه‌ك له‌سەر یه‌ك، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر زوو سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگه‌ر بكات، ده‌بێت بردنه‌وه‌ی جه‌وله‌ی پێشوو دووباره‌بكاته‌وه‌ ئیتر به‌ هه‌ر نرخێك بووه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌تڵه‌نتا تاڕاده‌یه‌كی زۆر بێ هیوایه‌و خاوه‌نی هیچ خاڵێك نییه‌ و چواره‌می ریزبه‌ندییه‌.

شه‌ڕ بۆ گرتنی پله‌ی دووه‌م
یارییه‌كه‌ی تری ئه‌م گروپه‌ گرنگی زۆری بۆ هه‌ردوو یانه‌ (دینامۆ زه‌گریب × شاختار) هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ردوو یانه‌ دینامۆ زه‌گریب و شاختار دووه‌م و سێیه‌من، هه‌ردووكیان خاوه‌نی 4 خاڵن، یاریی چوونیش كه‌له‌ ئۆکرانیا كرا 2-2 یه‌كسانبوون، بۆیه‌ دینامۆ زه‌گریبی كرواتی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت باشتر پله‌ی دووه‌می بگرێت ده‌بێت سوود له‌یاریگاو هانده‌رانی خۆی وه‌ربگرێت و له‌یانه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ بباته‌وه‌، ئه‌گه‌ر شاختاری ئۆكرانی یه‌كسان بێت یان یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌ ئه‌م هیوای زۆری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌بازنه‌ی ململانێدا ده‌مێنێته‌وه‌.

گروپی چواره‌م

یۆڤانتۆس له‌ئه‌ركێكی قورسدا
یه‌كه‌م یاریی گروپی چواره‌م له‌ مۆسكۆ لۆكۆمۆتیڤ و یۆڤانتۆس ده‌یكه‌ن، یۆڤی یاریی چوونی له‌یاریگای خۆیدا 2-1 له‌ لۆكۆ بردۆته‌وه‌ و به‌جیاوازی گۆڵ له‌گه‌ڵ ئه‌.مه‌درید یه‌كه‌می گروپه‌كه‌یه‌، لۆكۆمۆتیڤیش سێیه‌مه‌و 3 خاڵی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر لۆكۆمۆتیڤ بیه‌وێت له‌بازنه‌ی ركابه‌ریدا بمێنێته‌وه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌نجام له‌م یارییه‌ بكات، به‌تایبه‌تیش له‌یاریگای خۆی و له‌نێو هانده‌رانیدا یاریی ده‌كات، ئه‌گه‌ر یوڤیش بیه‌وێت سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگه‌ر بكات نابێت له‌ مۆسكۆ بدۆڕێت بۆیه‌ یارییه‌كه‌ بۆ هه‌ردوو لا گرنگی زۆری هه‌یه‌.

ئه‌تله‌تیكۆ بۆ ركابه‌ری یۆڤانتۆس
له‌م گروپه‌دا به‌ بۆچوونی شاره‌زایان یۆڤی و ئه‌.مه‌درید ركابه‌ری گرتنی پله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌كه‌ن، هه‌ردووكیان خاوه‌نی 7 خاڵن، له‌م جه‌وله‌یه‌شدا ئه‌.مه‌درید وه‌ك یوڤانتۆس ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی و له‌گه‌ڵ بایه‌ر لیڤه‌ر كوزن یاریی ده‌كات، یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌ له‌یاریگای خۆیدا 1-0 له‌یانه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیای بردۆته‌وه‌، ئه‌میش وه‌ك یوڤی ده‌یه‌وێت پله‌باشه‌كانی گروپه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌دات، بۆیه‌ به‌هه‌موو توانایه‌كییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت هه‌رنه‌بێت نه‌دۆڕێت ئه‌وسا له‌بازنه‌ی ململانێدا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌نجامی هه‌ردوو یارییه‌كه‌ زۆر شت له‌روی هیواو بێ هیوایی هه‌رچوار یانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌خات.

ستادیۆم

ڤیدیۆ