PUKmedia ماڵپەری وەرزشی

بەسەر کردنەوەی په‌یمانگای‌ شه‌تره‌نجی‌ هزر له‌پێناوی‌ یاری شه‌ترنجدا


8/10/2019 12:53:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.




ئاكۆ عارف

شه‌تره‌نج له‌ چوارچێوه‌ی‌ یارییه‌ وه‌رزشیه‌كاندا هه‌ژمار كراوه‌،سود و كه‌ڵكی بۆ مێشك زۆر زۆره‌، شاره‌زایان به‌ پێویستی‌ ده‌زانن هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ فێری‌ ئه‌م یارییه‌ ببن.

ماوه‌یه‌كه‌ له‌ سلێمانی‌ په‌یمانگایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌یاری شه‌تره‌نج به‌ناوی‌ (په‌یمانگای‌ شه‌تره‌نجی‌ هزر) دامه‌زراوه‌، ستادیۆمی كوردستانی‌ نوێ‌ به‌پێویستی‌ زانی‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زرێنه‌ری‌ په‌یمانگاكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م یارییه‌ و په‌یمانگای‌ ناوبراو چاوپێكه‌وتنێك بكات.
په‌یمانگای‌ شه‌تره‌نجی‌ هزر، په‌یمانگایه‌كی‌ تایبه‌ته‌ به‌ یاری‌ شه‌تره‌نج، ئه‌ركی فێركردن و به‌هێزكردنی یاریزانانی شه‌تره‌نجه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌كادیمی‌ و زانستی‌ بۆ هه‌موو ئاست و ته‌مه‌نه‌كان، له‌سه‌رده‌ستی‌ هه‌ردوو مامۆستا سه‌ركه‌وت حه‌مه‌د و به‌همه‌ن عومه‌ر مانگی‌ ته‌موزی 2019 له‌ سلێمانی‌ دامه‌زراوه‌، له‌ هه‌ولێر سه‌نته‌ری‌ له‌مجۆره‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م په‌یمانگای‌ له‌م شێوه‌یه‌ له‌ سلێمانی دا ده‌مه‌زرێت.

سه‌ركه‌وت حه‌مه‌د دامه‌زرێنه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ په‌یمانگاكه‌ بۆ ستادیۆم ووتی‌: چوار ساڵ پێش ئێستا ئه‌م بیرۆكه‌یه‌مان هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر كێشه‌ی دارایی نه‌مانتوانی‌ دایبمه‌زرێنین، كه‌سانێك ئه‌وكات له‌به‌رامبه‌ر قازانجی‌ مادیدا بریاری‌ هاوكاری‌ كردنیان پێدام، به‌ڵام ڕه‌تمكرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها ووتی‌: له‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا سه‌نته‌ر و په‌یمانگا و ناوه‌ندی‌ له‌م شێوه‌یه‌ هه‌یه‌، له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی‌ ئه‌فریقاش هه‌یه‌.
په‌یمانگاكه‌ كۆرسی‌ فێربوونی‌ یارییه‌كه‌ی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی‌ ته‌مه‌ن ده‌كاته‌وه‌، له‌رێگای‌ ریكلامه‌وه‌ هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كۆرسه‌كان و تائێستا سێ‌ كۆرسمان كردۆته‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ستادیۆم ووتی: له‌ هه‌موو وه‌رزه‌كانی ساڵیشدا به‌به‌رده‌وامی‌ و له‌ كاتی‌ ده‌وامی‌ خوێندنه‌گاكان و پشووی‌ هاوینیشدا ده‌رگای‌ په‌یمانگا ئاوه‌ڵایه‌ به‌رووی‌ ئه‌وانه‌ی‌ بۆفێربوون رومان تێده‌كه‌ن، ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ یاریزانی‌ كورد پێبه‌گه‌یه‌نین تا له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانیش كێبڕكێ بكه‌ن.

ئه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌ خاڵێكی‌ گرنگ دا ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ خوێندنی‌ ساڵی‌ 2019-2020 بریاری‌ خوێندنی‌ ئه‌م یارییه‌ی‌ له‌ خوێندنگاكاندا داوه‌و ساڵی‌ پاریش له‌به‌شێك له‌ كۆلیژ و په‌یمانگا وه‌رزشییه‌كاندا وەک وانه‌ی‌ وه‌رزش خوێندرا.
له‌سه‌ر دروستكردنی‌ په‌یمانگاكه‌و كرێی بینای‌ په‌یمانگاش ووتی‌ : خۆیان بینایان به‌كرێ‌ گرتووه‌و له‌ گیرفانی‌ خۆیان كرێ‌ ده‌ده‌ن، ئامانجی‌ دامه‌زراندنیشیان ته‌نیا زیادكردنی‌ یاریزانی‌ شه‌تره‌نج و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ یارییه‌كه‌یه‌ له‌كوردستاندا.

ئه‌وان پێیان وایه‌ منداڵانی‌ كوردیش نابێت له‌و سودانه‌ی‌ كه‌ یاریی شه‌تره‌نج هه‌یه‌تی‌ بێبه‌ش ببن، چونكه‌ چه‌ندان لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ باوه‌ڕپێكراو سه‌لماندویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر یاری‌ شه‌تره‌نج له‌ قۆتاغی‌ منداڵییه‌وه‌ به‌رێك و پێكی‌ بكرێت، ئه‌وا مروڤ له‌ نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان و بیركۆڵی‌ و سستی مێشك دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ و بیرتیژی‌ و باوه‌ڕبه‌خۆبوونی زیاد ده‌كات.

له‌ كۆتاییدا پرسیم» ئایا ئێوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ فێرخوازان فێرده‌كه‌ن و سه‌رچاوه‌كانتان بۆ فێركردنی‌ فێرخواز چیه‌و چۆنه‌؟ له‌وه‌ڵامدا مامۆستا سه‌ركه‌وت حه‌مه‌د ووتی‌: سه‌رچاوه‌كانی‌ فێركردنی‌ فێرخواز به‌كوردی‌ كه‌من، به‌ناچاری‌ پشت به‌كتێبی‌ ئینگلیزی‌ ده‌به‌ستین، ئه‌و پڕۆگرامانه‌ی‌ ئێستاش پشتی‌ پێده‌به‌ستین روسین و له‌لایه‌ن گاری‌ كاسبارۆڤی ئه‌فسانه‌ی‌ شه‌تره‌نجەوە دانی‌ پێدا نراوه‌، چه‌ند كتێبێكی‌ كوردیش هه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن ئارام عەبدوڵای‌ یاریزانی‌ دێرینی‌ شه‌تره‌نجی‌ سلێمانی‌ كراونه‌ته‌ كوردی‌ و یه‌كه‌م كه‌سیشه‌ كتێبی‌ تایبه‌ت به‌ یاری‌ شه‌تره‌تجی‌ وه‌رگێرابێته‌ سه‌رزمانی‌ كوردی‌ و ئه‌وكتێبانه‌ش سه‌رچاوه‌ی‌ باشن.

له‌كۆتایدا دامه‌زرێنه‌ری‌ په‌یمانگای‌ شه‌تره‌تجی‌ هزر مامۆستا سه‌ركه‌وت حه‌مه‌د بۆ ئه‌م ئه‌رك و خزمه‌ته‌یان سوپاسی‌ پشتگیری‌ یاریزانان و یه‌كێتی‌ شه‌تره‌نجی‌ سلێمانی‌ و كوردستان و مامۆستا ئه‌سعه‌د ئیسماعیلی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ شه‌تره‌نجی‌ عێراقی‌ كرد كه‌ ئه‌وانیش پشتگیرو هاوكاریان بوون.

ڤیدیۆ