PUKmedia ماڵپەری وەرزشی

حسێن محەمەدی:لە هەرێمی کوردستان توانا و ئیرادەی بەهێزی شاخەوانیی دەبینم


10/9/2019 11:46:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.



ئا/ ئەڤرێست عەلی

وەرزشی شاخەوانی، یەکێکە لەو وەرزشانەی سەرەڕای چێژ و سوودەکانی، هاوکات وەرزشێکی پڕ مەترسی و سامناکیشە ئەگەر شاخەوان خاوەنی زانیاری و کەلوپەلی شاخەوانی تایبەت بە وەرزشی ناوبراو نەبێت.

هەڵبەت بە حوکمی هەڵکەوتەی جوگرافیی، کوردستان وەک وڵاتێکی شاخاوی، شاخەوانی بە شێوازێکی سەرەتایی لە لای کورد وەک هەڵگەڕان و داگەڕان بە شاخ و کێوەکاندا خاوەنی مێژوویەکی لەمێژینەیە، بەڵام شاخەوانیی بە شێوازی ستاندار و هونەریی لە کوردستان، خاوەنی مێژوویەکی تازەترە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ئێستادا وەرزشکار و شاخەوان (حسێن محەمەدی) یەکێکە لەو ناوە دیار و دەرکەوتووانەی کە خاوەنی ئەزموون و ناوبانگێکی زۆرە لەسەر ئاستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوبراو بە هەوڵ و لەخۆبووردوویی زۆری خۆی توانیویەتی ببێتە خاوەنی چەندین بڕوانامەی ناوخۆیی و جیهانیی کە گرنگترینان بڕوانامەی (پڵنگی بەفریی) وڵاتی ڕوسیایە.

لەم دیدارەدا «ستادیۆم» ئەم وەرزشکارە کوردە بەسەر دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر کار و چالاکییە جۆراوجۆرە وەرزشییەکانی.

* سەرەتا بەخێربێن بۆ شاری سلێمانی و کوردستانی نوێ.
-ڕێز و سڵاوی منیش بۆ جەنابتان و شاری سلێمانی و کارمەندانی کوردستانی نوێ و هەموو وەرزشكارنی کوردستان بەگشتی و شاخەوانانی خۆشەویست بەتایبەتی.
* حسێنی محەمەدی کێیە؟

-من حسێن محەمەدیم، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری بانەم، بکالۆریۆسی ئەدەبیم له ساڵی 1996 بەدەستهێناوە، نزیکەی 30 ساڵه وەرزش دەکەم، له بوارەکانی کاراتی و بۆکسێن و لەشجوانی و پایسکل سواری کوێستان، له ساڵی 2001 ـە وە خەریکی شاخەوانیی و بەردەوانیم و توانیومه تا ئێستاش به شێوەیەکی هونەریی و نوێ بەردەوامبم، تا ئێستا چەندین بڕوانامەی ڕاهێنەری پایسکل سواری و لەشجوانی و بەردەوانی و شاخەوانیم بەدەستهێناوە.

* کورتەیەک سەبارەت بە مێژووی شاخەوانی لە ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی؟

-له ساڵانی 1950 و دوای دووەم جەنگی جیهانی و شکستی وڵاتی ئەڵمانیا، گەشەکردنی شاخەوانی و دروستبوونی کەلووپەلی شاخەوانیی لە بواری سەربازیدا دەستی پێکرد، له وڵاتی ئێرانیش به شێوەیەکی سەرەتایی له ساڵانی 1900 ەوە چالاکی شاخەوانیی لەسەر شاخی دەماوەند کراوه، هەڵبەت له کوردستانیش به هۆی نەمران مامۆستایان (محەمەدی هەوراز و موقبیل هونەرپەژوو) چالاکی شاخەوانی بەجێی خوی گەیشت، لە ئێستادا لە ئێران و بەتایبەت کوردستان له بواری شاخەوانی و بەتایبەتتر بەردەوانی ناوداری زۆره و پلەی بەرزه.

* پێناسەی جەنابتان بۆ وەرزشی شاخەوانی چییە؟
-شاخەوانی شێوازێکی ژیانی نوێیه، واتا مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت له دۆخێکی سەختدا، چوونه ناو سروشت وەکو میوانێک، هەست پێکردنی ژیانیکی سەختتر له ژیانی ناو شار و تەنانەت دێهاتیش.

* شاخەوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە کەلتور ؟
-گەرچی قوناغی سەرەتایی تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا ماویەتی ببێتە کەلتور، هاوکات بەهۆی چالاکی پیاوه گەورەکان (مامۆستایان هەوراز و هونەرپەژوو) هەروەها کەسانی زیاتر که ئێستا له چالاکیدان، زۆر پێشکەوتووه، بەڵام له بەرەوپێشچوونی زیاتردا، لە ڕاستیدا مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و بوونی فیدراسیۆنی شاخەوانی کاریگەریی زۆری بووە، که پێشتر بەڕێز شوعاعی لەسەر شاخەوانی تیمی میللی کاری دەکرد و ئێستاش بەڕێز زارعی له سەر بەردەوانی تیمی میللی کار دەکات.

* شاخەوان بە هەنگاوێک دەست پێدەکات؛ دوا هەنگاو دەیەوێت بە کوێ بگات؟
-دەیەوێت به دەستکەوتە زەحمەته کانی بگات، گەر خراپی نەکەم، وەکو منداڵێک که چاوەڕوانی دەستی باوکیەتی عانەیەکی بداتێ.
* بە کێ دەڵێن شاخەوان؟
-له ڕاستیدا هەر کەسێک کۆڵەپشتیکی پێبێت و بچیته شاخی گۆیژه به مەرجێک چۆن چووه هەر وا بێتەوه؛ دەڵێن شاخەوان، واتا هیچ شتێک له ژینگه به جێ نەهێڵێت و هیچ شتێکیش لەو ژینگەیە هەڵنەگرێت.

* وەک شاخەوانێکی کورد چەند لووتکە و چەند وڵات چوویت؟
-تا ئێستا پازدە جار چوومه لووتکەی دەماوەند بە بەرزیی (5610) مەتر، چوومە چیای ئاگریی بە بەرزیی (5137) مەتر، چوومە شاخی لینین بە بەرزی (7134) و کورژن ویسکایا (7105)و کۆمۆنیزم (7495) و خانتانگری (7010) و پوبێدا (7439) مەتری له وڵاتی ڕوسیا چووم.

*بەرزترین لووتکەی شاخ تا ئێستا چووبن، کوێ بووە و لەگەڵ کێ و چەند بەرز بووە؟
-شاخی پوبێدا بوو له سنووری وڵاتانی قرقیزستان و چین، لەگەڵ هاوڕێی شاخەوان کاک بایز نیک بەخت، خەڵکی شاری پیرانشار له یانەی شاخەوانیی هەڵگورد، که بەرزیی (7439) مەترە، بەڵام بەداخەوه بەهۆی کێشەی جەستەیی هاوڕێیەکی فارس و ناخوشیی کەشوهەوا و سەهۆڵبەندانی ڕێگا، له 39 مەتری پێش لووتکه گەڕاینەوه، که هیوادارم له داهاتوودا لەگەڵ کاک بایزدا بتوانین بۆ جاری دووەم و کوتایی بچینەوه.

* تا چەند ئاگاتان لە بارودۆخی وەرزشی شاخەوانییە لە هەرێمی کوردستان؟
-دەتوانم بڵێم بەنرخترین دەستکەوتی ژیانی مرۆڤ له شاخ و کتێب به دەستدێت، چونکە هەردووکیان باشترین مرۆڤەکانت پێدەناسێنن و باشترین ڕێگات پێنیشان دەدەن، من ساڵی 2015 له ڕێگای فەسبووکەوە به پیاوێکی مەزن و شاعیرێکی بە توانا به ناوی مامۆستا (ساڵح بێچار) ئاشنا بووم، که خۆشبەختانه شاخەوانیش بوو، بەهۆی ئەم پیاوه بەڕێزەوە توانیم بێمه ناو کۆڕی شاخەوانیی هەرێمی کوردستان و له نزیکەوه چالاکییەکانیان ببینم، بەڕاستی خۆشحاڵم که زۆربەی شاخەوانانی هەرێمی کوردستان هەست به کاریگەریی ئیجابی مامۆستا ساڵح دەکەن له سەقامگیربوونی شاخەوانی و پێکهێنانی گرووپه وەرزشییەکان و زیادبوونی شاخەوانان، ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان، شاخەوانی هێشتا له شێوەی سونەتیدا چالاکه، بەڵام بەڕاستی توانا و ئیرادەی بەهێزیش دەبینم و له نزیکەوه له خزمەتیشیاندا هەم، که دەتوانن به چاودێری سەرپەرشتیارێکی دڵسوز له سەر ئاستی جیهانی ناو دەربکەن، وەکو خاتوو هاوژین محەمەد له سلێمانی و کاک ئاری عوسمان له هەولێر که هەنگاوێکی نوێ و باشیان نا، له سەرکەوتن بۆ شاخی لینین له وڵاتی قرقیزستان.

ڤیدیۆ