PUKmedia ماڵپەری وەرزشی

كێشه‌ی ڤاره‌كه‌ هه‌رای ناوه‌ته‌وه‌


9/7/2019 14:50:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.




یاریی نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتین له‌ كوپا ئه‌مریكادا له‌ قۆناغی نیوه‌ی كۆتاییدا، باس و خواسێكی زۆری هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌و مه‌سه‌له‌ی په‌ك كه‌وتن و لەکار کەوتنی ته‌كنۆلۆجیای ڤار له‌و یارییه‌دا بۆ‌ته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌و به‌رۆكی رێكخه‌رانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌مریكای باشووری گرتووه‌.


ئه‌و پرسیاره‌ هه‌ستیاره‌ی رووبه‌ڕوی به‌رازیلییه‌كان وه‌ك رێكخه‌رانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بۆته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی له‌و یارییه‌دا ڤار لەکار کەوتووە؟، پرسیارێكی تریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڤار له‌كار كردن وه‌ستاوه‌، بۆچی ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ رۆدی زامبرانۆی ئۆكوادۆری یارییه‌كه‌ی رانه‌گرت تا ڤار چاك ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌وه‌سا ده‌ست بە یارییەکە بکرێتەوە‌؟.

یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتین له‌لای خۆیه‌وه‌ سكاڵایه‌كی ره‌سمی ئاڕاسته‌ی كۆمپانیای دروسته‌كه‌ری ڤاره‌كه‌ كردووه‌ كه‌ له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا بەکار هاتووە کە ئایا هۆكاری وه‌ستان و كار نه‌كردنی ڤار تیمی ئه‌منی پارێزگاری سه‌رۆكی به‌رازیل گایر پۆلسۆنارۆ بووه‌ یان نا، ئایا ئه‌وان ته‌ده‌خولیان كردووه‌و ده‌ستیان له‌وه‌ستانیدا هه‌بووه‌؟.

هه‌مان یه‌كێتیی سكاڵایه‌كی ره‌سمی تریشی ئاڕاسته‌ی یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌مریكای باشوور (كۆنمیبۆڵ) كردووه‌، ئه‌و سكاڵایه‌ له‌شه‌ش لاپه‌ڕه‌ پێكدێت و كلاویدۆ تابیای سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ ئیمزای كردووه‌و چه‌ندین خاڵی گرنگی تیادا وروژێنراوه‌ له‌وانه‌:

*ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌ی زه‌ق و به‌رچاوی كردووه‌ كه‌ ناكرێت به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێن و له‌تۆماری یارییه‌كه‌دا به‌ئاشكرا هه‌ن و له‌به‌ر چاون، له‌وانه‌ دوو حاڵه‌تی په‌نالتی كه‌ ده‌بوو لانی كه‌م فیكه‌ی بۆ یه‌كێكیان لێبدایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بكردایه‌ ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ش به‌جۆرێكی تر ده‌بوو نه‌ك 2-0 بۆ به‌رازیل.

*ئه‌و پیاسه‌یه‌ی سه‌رۆكی به‌رازیل پۆلسۆنارۆی باسكراوە‌، دەڵێن هۆكاره‌كه‌ی چی بووه‌و بۆچی له‌كاتی پیاسه‌كه‌ی ئه‌ودا به‌ درێژایی تراكی یاریگاكه‌دا سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی له‌كار كه‌وتوون به‌ ڤاری یارییه‌كه‌شه‌وه‌.

*نمایشی سیاسی سه‌رۆكی به‌رازیل له‌پرۆتۆكۆل و به‌رنامه‌ی یارییه‌كه‌دا نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ نمایشه‌ هۆكاره‌كه‌ی چی بووه‌.

یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتین ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ته‌نیا به‌م سكاڵایه‌وه‌ ناوه‌ستێت و په‌نا بۆ لایه‌نی باڵاتر ده‌بات و ده‌ڵێت: ئێمه‌ ئه‌م یارییه‌ و رووداوه‌كانی یارییه‌كه‌ و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی به‌رازیلی وڵاتی رێكخه‌ر ئێمەی توشی دوودڵی كردووە، چونكه‌ هه‌موویان باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كێشه‌ له‌یارییه‌كه‌دا هه‌بووه‌، ده‌ست وه‌ردان له‌ سیستمی ڤاری یارییه‌كه‌دا هه‌بووه،‌ كێشه‌ی په‌یوه‌ندیش له‌نێوان ژووری ڤارو لێپرسراوانی مه‌یدانی یاریگاو یارییه‌كه‌شدا هه‌بووه‌و هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌یان لێبكرێت.

ڤیدیۆ