PUKmedia ماڵپەری وەرزشی

له‌ كۆنگره‌ی دوكانه‌وه‌ بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی به‌غدا


11/2/2019 13:46:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.





ساڵی 2003 و له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو ، وه‌رزشی عیراق به‌گشتی و لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق به‌تایبه‌تی به‌نوێبوونه‌وه‌و رزگاربوونی له‌ ده‌ستی ترس و تۆقاندنی ئه‌و رژێمه‌ به‌گشتی و عوده‌ی كوڕی دكتاتۆر به‌تایبه‌تی رزگاری بوو.
بۆ مێژوو پێویسته‌ ئه‌وه‌ بووترێت كه‌ سه‌رتاو ده‌ستپێكی ئه‌و نوێبوونه‌وه‌و رزگار بوونه‌ش له‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراقه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ هاوینه‌ هه‌واری دوكان له‌سلێمانی ئه‌نجامدراو به‌ ئاماده‌بوونی مامی ره‌حمه‌تی مام جه‌لال ئه‌و كۆنگره‌یه‌ به‌ستراو ئه‌و شه‌ره‌فی ده‌ستپێكی كۆنگره‌كه‌ی به‌ركه‌وت و له‌مه‌راسیمی ده‌ستپێكیشدا ووتارێكی پێشكه‌ش كردو یه‌كه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق له‌دوای روخانی رژێمی له‌ناوچووی به‌عس هه‌ڵبژێردرا.
كۆنگره‌ی داهاتوو
پێگه‌ی ره‌سمی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق له‌ فه‌یس بووك، رۆژی 15/1/2019 له‌زاری حه‌یده‌ر حسێن عه‌لی ئه‌مینداری گشتی رێكخراوه‌كه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، ‌ رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه‌ی ئاینده ‌15 و 16/2/2019 له‌ هۆتێل شیراتۆن له‌به‌غدا به‌ئاماده‌بوونی لێپرسراوانی باڵای حكومه‌تی عیراق و نوێنه‌رانی هه‌ردوو لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی جیهانی و ئاسیا، ده‌سته‌ی گشتی رێكخراوه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ده‌كات به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ته‌نفیزی نوێی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق.
وه‌ك له‌ڕاگه‌یاندنه‌كه‌دا هاتووه‌ كۆبۆنی خۆ پاڵاوتن به‌و كه‌سانه‌دراوه‌ كه‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی گشتین و داوای خۆ پاڵاوتنیان كردووه‌ بۆ پۆسته‌كانی سه‌رۆك و هه‌ردوو جێگری یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌رۆك و ئه‌مینداری گشتی و ئه‌مینداری دارایی و شه‌ش ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ته‌نفیزی و دوا رۆژیش بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی فۆرمی خۆ پاڵاوتن رۆژی 31/1/2019 بووه‌.
دوا هه‌ڵبژاردن رۆژی 15/3/2014 له‌به‌غدا كرا، ره‌عد حه‌مودی به‌سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ دیاری كرا، وه‌ك له‌ ناوه‌ندی وه‌رزشی عیراقیشه‌وه‌ باسی لێده‌كرێت هه‌ر حه‌مودی بۆ ئه‌مجاره‌ش پاڵێوراوی سه‌ره‌كییه‌و هه‌لی گرتنه‌وه‌ ده‌ستی ئه‌م ئه‌ركه‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌و كاندیدی به‌هێزی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه‌، وه‌ك ئاشكرا كراوه‌ تالیب فه‌یسه‌ڵ تاقه‌ ركابه‌ری حه‌مودییه‌ بۆ ئه‌م پۆسته‌، به‌ڵام پێناچێت بتوانێت جێگه‌ی بگرێته‌وه‌.
هه‌رچی پۆستی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی وه‌رزشی له‌وانه‌ فه‌لاح حه‌سه‌ن خۆی كاندید كردووه‌، چه‌ند وه‌رزشكارێكی دێرینی تری عیراقیش خۆیان بۆ پۆستی جێگری دووه‌م كاندید كردووه‌.
هه‌رچی كۆمیته‌ی ته‌نفیزی ئه‌و رێكخراوه‌شه‌ حه‌وت ئه‌ندامی ده‌بێت و تائێستا نزیكه‌ی 20 كه‌سایه‌تی وه‌رزشی خۆیان كاندید كردووه‌، وه‌ك له‌ ناوی كاندیده‌كانه‌وه‌ ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌ تائێستا هیچ وه‌رزشكارێكی كورد بۆ هیچ پۆستێكی باڵا ناوی نه‌هاتووه‌.
كورد پشكی شێری هه‌بوو
ئه‌م رێكخراوه‌ وه‌رزشییه‌ له‌دوای روخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسین و كوژرانی عوده‌ی سه‌رۆكی ئه‌وسای لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق له‌ساڵی 2003 دا، كورد پشكی شێری هه‌بووه‌ له‌و پله‌ باڵایانه‌و ته‌نانه‌ت یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌م رێكخراوه‌ وه‌رزشییه‌ عیراقیه‌ به‌چاودێری سه‌رۆك مام جه‌لالی ره‌حمه‌تی له‌دوكان كرا كه‌ تیایدا ئه‌حمه‌د عه‌بدولغه‌فور سامه‌ڕائی به‌سه‌رۆك دیارییكرا.
چاره‌نووسی سامه‌ڕائی
كاتێكیش كه‌ ناوی ئه‌حمه‌د عه‌بدولغه‌فور سامه‌ڕائی دێت، كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن وه‌بیر وه‌رزشی عیراق دێته‌وه‌ ئه‌ویش تیرۆركردنی ئه‌م كه‌سایتییه‌ وه‌رشییه‌یه‌ كه‌ تائێستاشی له‌گه‌ڵدابێت هۆكاری تیرۆره‌كه‌ی و بكوژه‌كانی ئاشكرا نه‌كراون.
له‌دوای روخانی رژێمی دیكاتۆری سه‌دام حسێن، خوالێخۆشبوو ئه‌حمه‌د عه‌بدولغه‌فور سامه‌ڕائی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كرا به‌ سه‌رۆكی رێكخراوه‌ك، تا دواتر ساڵی 2004 له‌ هاوینه‌ هه‌واری دوكان له‌سلێمانی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق به‌ستراو ئه‌حمه‌د عه‌بدولغه‌فور سامه‌ڕائی به‌سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام مانگی ته‌موزی 2006 له‌ كرده‌وه‌یه‌كی تریرۆریستیدا و له‌ناوجه‌رگه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ كاربه‌ده‌ستانی تری وه‌رزشی عیراق بێ سه‌رو شوێنكرانو پاش ماوه‌یه‌كی زۆر ته‌رمه‌كه‌ی به‌شێوێنراوی له‌ گه‌ڕه‌كێكی به‌غدا دۆزرایه‌وه‌و تائێستا نه‌هۆكار و نه‌ تیرۆریسته‌كانی ئاشكرا نه‌كراون.
دواتر بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ به‌وه‌كاله‌ت به‌شار مسته‌فا كه‌ وه‌رزشكارێكی دێرینی كورده‌و خه‌ڵكی دهۆك بوو، ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م رێكخراوه‌ی گرتته‌ ئه‌ستۆ تا كۆنگره‌ی ساڵی 2009 كه‌ ره‌عد حه‌مودی بووبه‌سه‌رۆك، ساڵی 2014 – ه‌‌ش له‌كۆنگره‌ی سێیه‌می دوای روخانی رژێمی سه‌دام، به‌سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ تا ئێستا و ئه‌م جاره‌ش خۆی بۆ كۆنگره‌ی رۆژی هه‌ینی ئاینده‌ كاندید كردۆته‌وه‌.
یه‌كه‌مین كۆنگره‌ وه‌ك خۆی
دیاره‌ ئه‌وكاته‌ی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق له‌هاوینه‌ هه‌واری دوكان له‌سلێمانی كرا، ره‌حمه‌تی مام جه‌لال كۆنگره‌كه‌ی كرده‌وه‌ و وتارێكی پێشكه‌ش كرد.
رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ئه‌وكاته‌ له‌ڕێگه‌ی دوو نێردراوی خۆیه‌وه‌ به‌ چه‌ند راپۆرتێك روماڵی ئه‌م رووداوه‌ گرنگه‌ی عیراقی كردووه‌.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش راپۆرتی سه‌رتای كۆنگره‌كه‌و ده‌قی ووتاره‌كه‌ی ره‌حمه‌تی مام جه‌لاله‌ كه‌ رۆژی 29/1/2004 له‌رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێدا بڵاو بۆته‌وه‌و ئێمه‌ش وه‌ك ستادیۆم جارێكی تر به‌بێ ده‌ستكاری وه‌كو خۆی بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌كۆنگره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عیراقدا له‌دوكان
مام جه‌لال: به‌هاتنتان بۆ كوردستان‌و ئاماده‌بوونتان له‌م كۆنگره‌یه‌دا یه‌كێتی‌ راسته‌قینه‌ی‌ عیراق به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن
*به‌ناوی‌ ی‌.ن.ك-و كاك مه‌سعود بارزانی‌-یه‌وه‌ به‌ڵێنتان پێده‌ده‌م كه‌ له‌پێشكه‌شكردنی‌ هه‌موو جۆره‌ پشتگیریی‌‌و پاڵپشتییه‌ك درێغی‌ نه‌كه‌ین

له‌ئیسماعیل مه‌حمود‌و نازم جه‌باره‌وه‌:
فۆتۆ: ئازاد ئیبراهیم
سه‌عات (9)ی‌ شه‌وی‌ رابردوو له‌هۆتێل ئاشوری‌ دوكان، هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال به‌ئاماده‌بوونی‌ هه‌ڤاڵان كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌ عه‌لی‌ لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕیی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و مه‌لا به‌ختیار سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ كوردستان‌و عه‌دنان موفتی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، كۆنگره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عیراقی‌ كرده‌وه‌.
له‌مه‌راسیمی‌ ده‌ستپێكردنی‌ كۆنگره‌كه‌دا كه‌به‌ڕێزان تۆنی‌ خوری‌ ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ته‌نفیزی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و نێردراوی‌ جاك رۆگی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و مونزر فت فت راوێژكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوانی‌ عیراق ئاماده‌ی‌ بوون.
سه‌ره‌تا به‌ڕێز د.تێرس عۆدیشۆ له‌لیژنه‌ی‌ كاتیی‌ ئۆڵۆمپی‌ عیراق به‌خێرهاتنی‌ گه‌رمی‌ هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال‌و ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و نوێنه‌ری‌ جاك رۆگ‌و مونزر فت فت-ی‌ كردو له‌وته‌یه‌كی‌ كورتدا باسی‌ له‌گرنگیی‌ كۆنگره‌كه‌ له‌سایه‌ی‌ عیراقی‌ ئازاددا كردو گوتی‌: مایه‌ی‌ شه‌ره‌فێكی‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ مام جه‌لال ئاماده‌ی‌ ده‌بێت.
هه‌روه‌ها هیوای‌ خواست كه‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتایی‌ بێت.
دواتر د.تێرس داوای‌ له‌ مام جه‌لال كرد كه‌وته‌یه‌ك به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش بكات.
پاشان هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال له‌وته‌یه‌كدا به‌خێرهاتنی‌ به‌ڕێزان تۆنی‌ خوری‌‌و سه‌رجه‌م میوانه‌كانی‌ تری‌ كردو پێخۆشحاڵی‌ خۆی‌‌و ی‌.ن.ك-ی‌ بۆ به‌ستنی‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ربڕی‌‌و سوپاسی‌ هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ كرد له‌هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان كه‌عیراقیان له‌دڕنده‌ترین دیكتاتۆری‌ له‌مێژوودا رزگاركرد كه‌دیكتاتۆری‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان‌و چه‌كی‌ كیمیاییه‌.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌وه‌رزش‌و وه‌رزشکاران به‌شێكی‌ زۆری‌ له‌نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ ده‌ستی‌ دیكتاتۆریی‌ به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ژێر سه‌رۆكایه‌تی‌ كوڕی‌ دیكتاتۆردا هه‌موو به‌هاكانی‌ وه‌رزش‌و هه‌موو ماناكانی‌ گیانی‌ وه‌رزشییان شێواندبوو ئاستی‌ وه‌رزشیان دابه‌زاندبوو.
مام جه‌لال دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ئه‌مڕۆ له‌عیراقی‌ ئازادی‌ دیموكراتدا خوشك‌و برا وه‌رزشه‌وانه‌كان ئه‌ركی‌ گرنگیان له‌ئه‌ستۆدایه‌ كه‌یه‌كه‌میان به‌ستنی‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌یانه‌ له‌كوردستان تا یه‌كپارچه‌یی‌ عیراق به‌رجه‌سته‌بكه‌ن كه‌ به‌تۆماركردنی‌ یه‌كه‌م شه‌ره‌فی‌ مێژووی نوێیان وه‌سفی‌ كرد مام جه‌لال گوتی‌: ئێوه‌ به‌هاتنتان بۆ كوردستان‌و ئاماده‌بوونتان له‌گه‌ڵ‌ برا كوردو توركمان‌و ئاشوورییه‌كان‌و ئه‌وانی‌ دیكه‌، یه‌كێتی‌ راسته‌قینه‌ی‌ عیراقی‌ دامه‌زراو له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئازادو ویستی‌ راستگۆیانه‌ی‌ هه‌مووان بۆ پێكه‌وه‌ژیان له‌عیراقێكی‌ دیموكراتی‌ فیدرالی‌ یه‌كگرتوو، به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن.
له‌به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیدا مام جه‌لال ئاماده‌بوونی‌ لێپرسراوانی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ڕووداوێكی‌ گرنگ له‌قه‌ڵه‌مدا كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ رووده‌دات‌و گرنگیپێدانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌وه‌رزش‌و گه‌لی‌ عیراق ده‌سه‌لمێنێت.
هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال هه‌موو پشتگیرییه‌كی‌ خۆی‌‌و ی‌.ن.ك-ی‌ بۆ ئاماده‌بووانی‌ كۆنگره‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌و گوتی‌: به‌ناوی‌ ی‌.ن.ك-ه‌وه‌و به‌ناوی‌ برام كاك مه‌سعود بارزانی‌-یه‌وه‌ به‌ڵێنتان پێده‌ده‌م كه‌ له‌پێشكه‌شكردنی‌ هه‌موو جۆره‌ پشتگیری‌‌و پاڵپشتییه‌ك له‌ڕووی‌ مه‌عنه‌وی‌‌و سیاسی‌‌و داراییشه‌وه‌ به‌پێی‌ توانا، درێغی‌ نه‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ئێمه‌ پێویستمان به‌گشتگیركردنی‌ گیانی‌ وه‌رزشی‌ هه‌یه‌ له‌وڵاتێكی‌ دیموكراتی‌ كه‌حزبی‌ جیاجیا ركابه‌ری‌ ده‌كه‌ن‌و بیروڕای‌ زۆری‌ تێدایه‌و له‌باخچه‌كه‌یدا چه‌ندین جۆری‌ گوڵ‌ ده‌گه‌شێنه‌وه‌و چه‌پكه‌گوڵی‌ عیراقی‌ پێكدێنن.
مام جه‌لال گوتی‌: سه‌رده‌می‌ دیكتاتۆری‌ به‌سه‌رچوو كه‌تاوانكاریی‌ ده‌رهه‌ق به‌ئێوه‌و هه‌موو عیراق كرد‌و ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌گرنگیدان به‌وه‌رزش مانای‌ گرنگیدانه‌ به‌و نه‌وه‌یه‌ی‌ كه‌ به‌م نزیكانه‌ به‌رپرسیارێتی‌ عیراق ده‌گرێته‌ده‌ست.
دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌كۆنگره‌كه‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ دیموكراتییه‌ نه‌ك حزبی‌‌و گوتی‌: ده‌سه‌ڵاتی‌ حزبتان به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت لێره‌ش گوێ‌ به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ی‌.ن.ك مه‌ده‌ن‌و پێویسته‌ به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتی‌ حزبی‌ له‌خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌.
له‌كۆتاییشدا هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ كۆنگره‌كه‌ خواست له‌دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كانی‌ ژیانێكی‌ سه‌ربه‌رزانه‌ بۆ كوڕان‌و كچانی‌ وه‌رزشه‌وانان له‌عیراق‌و به‌ڵێنی‌ دا هه‌رده‌م پشتیوانیان بێت له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ حوكم‌و ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌‌و له‌كوردستان‌و له‌ناو ی‌.ن.ك-یشدا.
پاشان به‌ڕێز تۆنی‌ خوری‌ وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكردو خۆشحاڵی‌ خۆی‌‌و پێزانین‌و سوپاسی‌ خۆی‌‌و رێكخراوه‌كه‌ی‌ بۆ ئاماده‌بوونی‌ هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال له‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی‌ كه‌ لێی‌ كرا، ده‌ربڕی‌، هیوای‌ خواست كه‌كۆنگره‌كه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتایی‌ به‌كاره‌كانی‌ بهێنێت‌و هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكوپێك‌و ئاسایی‌ به‌ڕێوه‌بچێت‌و ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ بگه‌یه‌نێته‌وه‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.
دواتر به‌ڕێز مونزر فت فت راوێژكار له‌وه‌زاره‌تی‌ لاوانی‌ عیراق به‌هه‌مان شێوه‌ له‌وته‌یه‌كدا باسی‌ له‌گرنگی‌ كۆنگره‌كه‌و ئاماده‌بوونی‌ هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال كرد‌و رۆڵی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڕێزانه‌شی‌ ستایشكرد كه‌كارئاسانییان بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ كرد.
پاشان هه‌ڤاڵ‌ مام جه‌لال كۆتایی‌ به‌دانیشتنی‌ یه‌كه‌م هێناو بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ (29/1/2004) له‌هه‌مان شوێن له‌دانیشتنی‌ دووه‌مدا هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عیراقی‌ نوێ‌ ئه‌نجام بدرێن‌و به‌وه‌ش كۆتایی‌ به‌كۆنگره‌كه‌ ده‌هێنرێت.
شایانی‌ باسه‌ سه‌عات (7)ی‌ ئێواره‌ی‌ (28/1/2004) وه‌فدێكی‌ باڵای‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ئه‌ندامێتی‌ (تۆنی‌ خوری‌) ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ته‌نفیزی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و دوو ئه‌ندامی‌ تری‌ رێكخراوه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ هاوینه‌هه‌واری‌ دوكان‌و له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵ‌ عه‌دنان موفتی‌ پێشوازییان لێكرا.
وه‌فده‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عیراقی‌ ئاماده‌بوون‌و پێش ئه‌مانیش دوو ئه‌ندامی‌ تری‌ هه‌مان رێكخراو به‌ناوه‌كانی‌ میشێل بڤوا‌و جیرۆم گه‌یشتبوونه‌ هاوینه‌هه‌واری‌ دوكان‌و له‌هۆتێلی‌ ئاشور سه‌رجه‌م پێداویستی‌‌و ئاماده‌كارییه‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان به‌هاوكاری‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ كوردستان، لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عیراق‌و وه‌زاره‌تی‌ لاوانی‌ عیراق جێبه‌جێكردووه‌.

14 ناوو 17 هه‌ڵبژاردن
تائێستا وه‌ك ناو 14 كه‌س پۆستی ئه‌م رێكخراوه‌ عیراقییه‌یان وه‌رگرتووه‌، وه‌ك ژماره‌ش 17 جار سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ دیارییكراوه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش لیستی سه‌رجه‌م سه‌رۆكه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ عیراقییه‌یه‌:
-1عوبێد عه‌بدوڵا ئه‌لمه‌زایفی(1948-1958).
-2ئه‌كره‌م فه‌همی(1958-1963).
-3ئیسماعیل ره‌زوقی(1963-4/12/1967).
-4ساڵح مه‌هدی عه‌ماش (2/7/1970-61/9/1973).
-5عه‌دنان ئه‌یوب سه‌بری ئه‌لعزی-وه‌زیری لاوان(6/9/1973-11/1974).
-6نه‌عیم حه‌داد- وه‌زیری لاوان(12/11/1974-1977).
-7بورهانه‌دین عه‌بدولره‌حمان- وه‌زیری لاوان (23/1/1977-5/4/1977).
-8كه‌ریم مه‌حمود ئه‌لمولا- وه‌زیری لاوان (14/4/1977-28/6/1982).
-9ئه‌حمه‌د حسێن ئه‌لسامه‌ڕائی-وه‌زیری لاوان (28/6/1982-29/12/1983).
-10نوری فه‌یسه‌ڵ شاهر-وه‌زیری لاوان (11/1/1984-27/2/1986).
-11عوده‌ی سه‌دام حسێن- (27/2/1986-6/11/1988).
-12كه‌ریم مه‌حمود ئه‌لمولا-(23/11/1988-1990).
-13عوده‌ی سه‌دام حسێن-(5/1990-9/4/2003).
-14ئه‌حمه‌د عه‌بدول غه‌فور ئه‌لسامه‌ڕائی (سه‌رۆكی كاتی)-(26/5/2003-29/1/2004).
-15ئه‌حمه‌د عه‌بدول غه‌فور ئه‌لسامه‌ڕائی-(29/1/2004-15/7/2006).
-16به‌شار مسته‌فا-سه‌رۆك به‌وه‌كاله‌ت (1/8/2006-2009).
-17ره‌عد حه‌مودی سه‌لمان-4/4/2009-15/3/2014).
-19ره‌عد حه‌مودی سه‌لمان-15/3/2014……).

راپۆرت: ئیسماعیل مەحمود

25252255.jpg

ڤیدیۆ