ئیتالیا پێشه‌نگ له‌ تۆپی پێ و لاواز له‌ پڕۆژه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی‌ یاریگاكانی

ئیتاڵیا 06:12 PM - 2021-10-09


ئارۆ سەنگەر

ئیتاڵیا له‌ ئێستا وه‌كو پاڵه‌وانی ئه‌وروپا به‌شداری له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ له‌ رووی ئه‌و یاریگایه‌ی یارییه‌كانی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت به‌راورد به‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كانی تری ئه‌وروپا زۆر هه‌ژاره‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا ئه‌و وڵاته‌ مافی میوانداری كردنی یارییه‌كانی قۆناغی كۆتایی نه‌یشنس لیگی پێبه‌خشراوه‌.

له‌ میلانۆوه‌ بۆ رۆما و فلۆره‌نسا یاریگاكانی ئیتاڵیا پێویستیان به‌ چاكسازی و نوێ كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌دوور نازانرێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ببنه‌ كێشه‌ بۆ ئه‌و یاریزانانه‌ یاری تێدا ده‌كه‌ن.

یاریگاكانی سان سیرۆ و ئۆڵۆمپی و ئه‌رتیمیۆ فرانكی دێرین پێویستی زۆریان به‌ كاری نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام یانه‌كانی ئینته‌ر و ئه‌ی سی میلان و رۆما و لازیۆ و فیۆره‌نتینا كه‌ له‌و یاریگایانه‌ یاری ده‌كه‌ن هێشتا زۆر دوورن له‌وه‌ی بیر له‌ نوێ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاریگایانه‌ بكه‌نه‌وه‌ یاخود بیر له‌ خاوه‌ندارێتی یاریگای تایبه‌ت به‌خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

له‌ ئیتاڵیا جیاواز له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی تری ئه‌وروپا زۆرینه‌ی‌ یانه‌كان خاوه‌نی یاریگای تایبه‌ت به‌خۆیان نین به‌ڵكو یاریگاكان موڵكی حكومه‌ت و شاره‌كانن و یانه‌كان به‌ كرێ یاری تێداده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌شێكی داهاتی بلیتی یارییه‌كان بۆ حكومه‌ت بێت.
یاریگای سان سیرۆ كه‌ ساڵی 1926 كراوه‌ته‌وه‌ دوێنی چوارشه‌ممه‌ میوانداری یه‌كه‌م یاری قۆناغی پێش كۆتایی نه‌یشنس لیگی كرد و دوای ئه‌وه‌ش رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش هه‌ر له‌و یاریگایه‌ ده‌كرێت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یاریگا به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌وروپا و به‌باشی ماوه‌ته‌وه‌.
پڕۆژه‌ی دروستكردنی یاریگایه‌كی نوێ له‌ نزیك ئه‌و یاریگایه‌ش كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ 2 یانه‌كه‌ی شاری میلانۆ هێشتا له‌ قۆناغی گفتوگۆدایه‌ و دیار نییه‌ كه‌ی ده‌ست به‌ دروستكردنی ده‌كرێت.

له‌ فلۆره‌نساش كۆتایی به‌ ویستی رۆكۆ كۆمیسۆی سه‌رۆكی فیۆره‌نتینا هێنراوه‌ كه‌ ده‌ویست یاریگای ئه‌رتیمیۆ فرانكی بڕوخێنێت و له‌ شوێنی ئه‌و یاریگایه‌كی نوێ دروست بكات، به‌ڵام شاره‌وانی ئه‌و شاره‌ ئه‌مه‌ی‌ ره‌تكردۆته‌وه‌و پێیان وایه‌ ئه‌م یاریگایه‌ سیمبولی ته‌لارسازی ساڵانی 1920 و 1930یه‌كانه‌.
له‌ رۆماش كۆتایی به‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی یاریگایه‌كی تایبه‌ت به‌ یانه‌ی‌ رۆما هێنراوه‌ كه‌ سه‌رۆكی پێشووی یانه‌كه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، به‌ڵام دان فریدكینی سه‌رۆكی نوێی یانه‌كه‌ له‌ هه‌وڵ دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شوێنێك بۆ دروستكردنی یاریگایه‌كی نوێ بدۆزێته‌وه‌.
له‌ كاتێكیشدا رێژه‌ی ته‌مه‌نی یاریگاكانی ئیتاڵیا زیاتره‌ له‌ 50 ساڵ دواین چاكسازی له‌ یاریگاكانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1990 كه‌ وه‌كو ئاماده‌كاری بۆ مۆندیالی ئه‌و ساڵه‌ یاریگاكان نوێ كرانه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێتی تۆپی پێی ئیتالیا راشكاوانه‌ باسی له‌ ترسی له‌ دواكه‌وتنی پڕۆژه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی‌ یاریگاكان كردوه‌.

یه‌كێتییه‌كه‌ له‌ راپۆرتێك كه‌ پێشكه‌شی كردوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ له‌ ده‌یه‌ی رابردوو له‌ ئه‌وروپا 153 یاریگا دروستكراون كه‌ تێچوه‌كه‌یان 19 ملیار و 800 ملیۆن یۆرۆ بوو، به‌ڵام له‌و وه‌ربه‌رهێنانه‌ پشكی له‌سه‌دا كه‌متر له‌ یه‌ك به‌ر ئیتاڵیا كه‌وتووه‌.
له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندیه‌كه‌ ئیتاڵیا دێت كه‌ 28 یاریگا دروستكراون یان نوێ كراونه‌ته‌وه‌و له‌دوای ئه‌ویش پۆڵه‌ندا دێت به‌ 23 یاریگاو روسیا به‌ 16 یاریگاو ئینگلته‌راش به‌ 12 یاریگا له‌پله‌ی سێیه‌م و چواره‌م هاتوون.
یه‌كێتییه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ خێرایی پڕۆژه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی‌ یاریگاو دروستكردنی یاریگای نوێ جێ به‌جێ بكرێت ئه‌مه‌ش وه‌كو پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ ن
ه‌وه‌ی‌ نوێ.
كۆنی و بچوكی یاریگاكانی ئیتاڵیا كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر داهاتی یانه‌كان هه‌بووه‌، به‌جۆرێك به‌پێی راپۆرتێك له‌ وه‌رزی 2018-2019 داهاتی یانه‌كانی خولی ئیتاڵیا به‌هۆی بلیتی یارییه‌كان 30 ملیۆن یۆرۆ بووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا له‌ پریمه‌رلیگ 760 ملیۆن یۆرۆ و بۆندس لیگا 540 ملیۆن یۆرۆ و له‌خولی ئیسپانیا 520 ملیۆن یۆرۆ بووه‌.

هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش وه‌كو له‌ راپۆرته‌كه‌ باس كراوه‌ دابه‌یزینی رێژه‌ی هانده‌ران له‌ یاریگاكان بووه‌ دووه‌م هۆكاریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ یانه‌كان خاوه‌نی ئه‌و یاریگایانه‌ نین كه‌ یاری تێدا ده‌كه‌ن.
له‌ ئیتاڵیا ته‌نها 4 یانه‌ هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی یاریگای تایبه‌ت به‌ خۆیانن كه‌ پێكهاتون له‌ یۆڤانتۆس و ئه‌ته‌لانتا و ئۆدینیزی و ساسۆلۆن، به‌ڵام له‌ ئینگلته‌را و ئه‌ڵمانیا زۆرینه‌ی‌ یانه‌كان یاریگای خۆیان هه‌یه‌.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی‌ دیلۆیت دیارترین ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ كه‌ له‌ ئیتاڵیا پشتی پێنابه‌سترێت تایبه‌ته‌ به‌ داهاتی بلیتی یارییه‌كان كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و یانه‌كان سه‌رجه‌میان یاریگای خۆیان هه‌بێت ئه‌وا ره‌نگه‌ به‌بڕی 25 ملیار یۆرۆ داهات بۆ لایه‌نه‌كانی تایبه‌ت به‌ تۆپی پێ و ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ی هه‌یه‌ وه‌ده‌ست بخات.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی رابردوو چه‌ندین وه‌به‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی رویان له‌ خولی ئیتاڵیا كردوه‌ كه‌ یانه‌كانی رۆما و میلان و فیۆره‌نتینا و ڤینیتسیا و پارما و سبیتسیا و جه‌نه‌وا پشتیان به‌ وه‌به‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی به‌ستووه‌.

چاوه‌ڕێش ده‌كرێت ویستی ئیتاڵیا بۆ میوانداریكردنی یۆرۆی 2028 و پێشكه‌ش كردنی فایلی میوانداری كردنی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێز بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی یاریگاكانی ئه‌و وڵاته‌ نوێ بكرێنه‌وه‌.

له‌ ستادیۆمه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زاخۆ هه‌ولێرى تێپه‌ڕاند
کوردستان04:25 PM - 2021-11-21

زۆرترین خوێنراو