هاژه‌ كامه‌ران؛ ناوێكى گه‌وره‌ له‌ باسكه‌ى كوردستان و عیراق

کوردستان 12:54 PM - 2021-10-03


كۆلیژى ئه‌ندازیارى ته‌واوكردووه‌ ، به‌ڵام چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یاریزانه‌ دیاره‌كانى باسكه‌ى عیراق و كوردستان ، هه‌ر پاڵه‌وانێتییه‌كى له‌ كوردستان و عیراق كردبێت ئه‌و بێ نازناو نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، سه‌رماو گه‌رماو رێگرى شوێنى یاریكردن كارى له‌سه‌ر نه‌كردووه‌و به‌رده‌وامه‌ تاوه‌كو ئێستا ، ئه‌ویش كچه‌ یاریزانى باسكه‌ى یانه‌ى ئه‌كاد ، هاژه‌ كامه‌رانه‌ .

هاژه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى منداڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌په‌ ته‌پى تۆپى باسكه‌ گه‌وره‌ بووه‌ ، زوو به‌ زوو ئاسته‌ ته‌مه‌نیه‌كانى تێپه‌ڕاندوو بوو به‌ یه‌كێك له‌ ستاره‌كانى سه‌رده‌مى ئاڵتونى تیپى تۆپى باسكه‌ى كچانى سیروانى نوێ ، هه‌ر له‌وێوه‌ پاش چنینه‌وه‌ى چه‌ندین نازناوى ناوخۆى و عیراقى به‌شدارى چه‌ندین پاڵه‌وانێتى و كه‌مپى مه‌شق و راهێنانى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى شارى سلێمانى له‌ ده‌ره‌وه‌ كردووه‌ .

هاژه‌ به‌ هۆى ئاستبه‌رزى ساڵى ٢٠١٦ بانگهێشتى هه‌ڵبژارده‌ى نیشتیمانى باسكه‌ى كچانى عیراق كراوه‌و به‌شدارى پاڵه‌وانێتى 3×3 له‌ ئیمارات كردووه‌و سالێك دواتر به‌شدارى پاڵه‌وانێتى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ میسر كردووه‌و له‌ ترۆپكى یاریكردنیشى به‌شدارى پاڵه‌وانێتى 3×3ى له‌ وڵاتى لوبنان كردووه‌ .

هاژه‌ ماوه‌ى چه‌ند سالێكه‌ یاریزانى تیپى باسكه‌ى كچانى ئه‌كادى پاڵه‌وانى عیراقه‌و بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش و به‌دیاریكراوى له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ به‌شدارى خولى عیراقى كردووه‌ .

وه‌ك خۆى ده‌لێت به‌ نیاز نییه‌ وا به‌ ئاسانى واز له‌ یاریكردن بهێنێت و باسكه‌ش چۆته‌ خوێنى و ده‌یه‌وێت له‌ چنینه‌وه‌ى نازناوه‌كان به‌رده‌وام بێت.

هاژه‌ له‌ پاڵه‌وانێتى ساڵى ٢٠١٧ ى یانه‌كانى عیراق له‌ شارى به‌غداد به‌ باشترین یاریزانى پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌و ئه‌و نازناوه‌ش به‌ یادنه‌كراو له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات .

هاژه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ى یاریزانێكى ناسراوى باسكه‌یه‌ هاوكات راهێنه‌رێك و یاریزانێكى به‌تواناى فێتنس و كرۆس فیته‌و له‌و یارییه‌ش ئه‌نجامى به‌رچاوى تۆماركردووه‌ .

به‌شى وه‌رزش - تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زاخۆ هه‌ولێرى تێپه‌ڕاند
کوردستان04:25 PM - 2021-11-21

زۆرترین خوێنراو