مێسی بووە بە كانی ئاڵتوون بۆ پاریس سان جێرمان

فەڕەنسا 03:06 PM - 2021-09-21



زیادبوونی هاندەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و سپۆنسەری نوێ و زۆربوونی فرۆشی درێسی یانەكە، ئەمانە هەمووی لەدوای پەیوەندی كردنی لیۆنێل مێسی بە یانەی پاریس سان جێرمان بوونەتە مایەی قازانجی زۆر بۆ یانە پاریسیەكە كە ئەو ئەستێرەیە هەرچەندە هێشتا 2 یاری تەواوەتی بەدرێسی یانەكەوە نەكردوە، بەڵام لە ئێستاوە بە كانی ئاڵتون بۆ یانەكە ناو دەبرێت.

دوای مانگێك لە پەیوەندی كردنی بە یانەی پاریس سان جێرمان ئەو پارەیەی یانەكە لە ئیمزاكردنی بۆند لەگەڵ مێسی خەرجی دەكات كە بڕەكەی 80 ملیۆنە و پێكهاتوە لە مووچە و پاداشت و باج زۆر نزیكە لەوەی دەستی بكەوێتەوە، ئەمەش بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لەسەر بۆندی ئەو یاریزانە كراوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی فەرەنسی بۆندی مێسی لە 3 رووەوە سودی یانە پاریسیەكە هەیە، یەكەمیان تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، دووەم ریكلام و بازاركردن بۆ ماركەی پاریس سان جێرمان و سێیەمیش بۆندی سپۆنسەری، لە پاڵ ئەوەشدا یانەكە قازانجێكی زۆر لە چامپیۆنس لیگ دەكات كە دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ ئەگەر بگاتە قۆناغەكانی كۆتایی.

بەپێی لێدوانی ڤێرجیل كایە كە یەكێك لە بەناوبانگترین بەڕێوەبەرەكانی بە بازاركردن لە فەرەنسا و بەشداری لێكۆڵینەوەكەبووە، ئەو پارەیەی پاریس لە هێنانی مێسی خەرجی كردوە بە زیادەوە دەستی دەكەوێتەوە.

ژمارەی ئەو كەسانەشی كە لایك و فۆلۆی یانە پاریسیەكەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كردوە لەدوای پەیوەندی كردنی مێسی بەو یانەیە بەڕێژەیەكی سەرنجڕاكێش زیادی كردوە كە ئەمە داهاتی زیاتری بە یانەكە بەخشیوە.

لەماوەی مانگێكدا ژمارەی هاندەرانی پاریس لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە ریژەی لەسەدا 20 زیادی كردوە كە گەیشتۆتە 135 ملیۆن كەس، بەهۆی ئەمەش یانەكە پێش یانەیەكی مەزنی وەكو یۆڤانتۆس كەوتووەو ئێستا لە جیهاندا دوای بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد لە پلەی چوارەم دێت.

فرۆشتنی درێس یەكێكە لەو سەرچاوانەی پاریس لە رێگەیەوە داهاتی دەست دەكەوێت، ئەو یانەیە كاتێك ساڵی 2017 نێیمار دا سیلڤای گواستەوە ریزەكانی ژمارەی فرۆشتنی رێسی لە ساڵێكدا گەیشتە ملیۆنێك درێس و ئێستاش بە هێنانی مێسی ئەو ژمارەیە بە رێژەی لەسەدا 30 بۆ 40 زیاد دەكات.

یانەكە لە فرۆشتنی درێسەكان رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای نایكی ئەمریكی هەیە كە ئەو درێسەی یانەكە لە ماركێتی رەسمی خۆی دەیفرۆشێت بەراورد بەوەی خودی كۆمپانیاكە دەیفرۆشێت جیاوازی هەیە، بەڵام بەشێوەی گشتی یانەكە لەسەدا 20ی پارەی فرۆشتنی درێسەكانی پێدەدرێت و بەهۆی ئەوەی درێسی یانەكەش نرخی 140 یۆرۆیە ئەوا بۆ هەر درێسێك بڕی 30 یۆرۆ وەردەگرن، بۆیە ئەگەر فرۆشی درێسی یانەكە بگاتە ملیۆن و نیوێك درێس ئەوا یانەكە 45 ملیۆن یۆرۆی دەست دەكەوێت.

پاریس پێش مێسی دوو بۆندی گەورەی سپۆنسەری هەبوو كە یەكێكیان نایكە كە ساڵانە 70 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ دەدات بە یانەكەو ئەوی تریش زنجیرە هۆتێلەكانی ئاكورە كە 50 ملیۆن یۆرۆ دەدات بە یانەكە.

بەڵام دوای چوونی مێسی بۆ ئەو یانەیە، ئیدارەی یانەكە دوو بۆندی نوێی سپۆنسەری راگەیاند كە یەكێكیان كریپتۆ دۆت كەمەو بۆندەكەی بۆ ماوەی 3 وەرزە و بڕی 25 بۆ 30 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە دەدات بە پاریس، ئەوی تریش كۆمپانیای دیۆری بەناوبانگە كە یاریزانانی یانەكە لە دەرەوەی یاریگا دەبێت جل و بەرگی ئەو كۆمپانیایە بپۆشن.


ئارۆ سەنگەر- له‌ ستادیۆمه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

سلێمانى به‌ شكست ده‌ستیپێكرد
کوردستان12:02 PM - 2021-10-24

زۆرترین خوێنراو