ئه‌مشه‌و ئه‌وروپا یارییه‌ به‌هێزه‌كان له‌ ئامێز ده‌گرێت

یۆرۆ 12:49 PM - 2021-06-15

 

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ یارییه‌كانی جه‌وله‌ی یه‌كه‌می قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی یۆرۆی 2020 كۆتایی دێت و دوو یاری له‌ كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ی مه‌رگ ناسراوه‌.

 

له‌وه‌ته‌ی‌ تیروپشكی یۆرۆ راكێشراوه‌ هه‌مووان چاوه‌ڕێی یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و پرتوگال و هه‌نگاریا له‌ خۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی 3 هه‌ڵبژارده‌ی‌ به‌هێز و گه‌وره‌ كه‌ خاوه‌نی دواین 3 پاڵه‌وانێتی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا و جیهان.

 

یه‌كه‌م هه‌نگاوی كۆمه‌ڵه‌ی مه‌رگ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ نێوان پرتوگالی هه‌ڵگری نازناو و هه‌نگاریا ده‌بێت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌كو تاكه‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ لاوازی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ سه‌یر ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و گه‌شه‌ و پێشچونه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ واده‌كات ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ش پارێزگاری له‌ هیواكانی بكات.

 

هه‌نگاریا له‌ ساڵی 1964 پله‌ی سێیه‌م و ساڵی 1972 پله‌ی چواره‌می یۆرۆیان به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ تا یۆرۆی 2016 به‌شداریان نه‌كردوه‌و له‌و پاڵه‌وانێتییه‌ش دوای یه‌كسانبوون له‌گه‌ڵ پرتوگال له‌ ریزبه‌ندی له‌ پێش ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناغی 16.

 

هه‌نگاریا له‌دوا 11 یاری خۆی له‌سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان دووچاری شكست نه‌بووه‌و له‌ رێگه‌ی‌ پاشكۆی پاڵاوتن سه‌ركه‌وتنی بۆ یۆرۆ ده‌ستبه‌ركردوه‌، ئه‌مه‌ش دوای سه‌ركه‌وتن به‌رامبه‌ر به‌ بولگاریا و ئایسله‌ندا.

 

ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ له‌ یۆرۆ له‌ تواناكانی دۆمینیك سزۆبۆسزلای بێ به‌ش ده‌بێت كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی دیاری هه‌ڵبژارده‌كه‌یه‌، به‌ڵام به‌بێ بوونی هیچ گوشارێك به‌شداری له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ده‌كات چونكه‌ هیچ لایه‌نێك پێشبینی سه‌ركه‌وتنی بۆ قۆناغی داهاتوو ناكات، به‌ڵام به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامێكی باش به‌رامبه‌ر به‌ پرتوگال وه‌ده‌كان ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ هیوایه‌كی سه‌ركه‌وتنی بۆ دروست بێت.

 

له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی‌ پرتوگال به‌ گوشاری زۆره‌وه‌ به‌شداری پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ نه‌كات، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵگری نازناوی یۆرۆیه‌ و هانده‌رانی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كه‌ن به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارێزگاری له‌ نازناوه‌كه‌ی بكات، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزه‌.

 

پرتوگال هه‌رچه‌نده‌ له‌ پاڵه‌وانێتی پێشوو له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان هیچ یارییه‌كی نه‌برده‌وه‌، به‌ڵام دواتر بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ مێژووی دا نازناوه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی‌ به‌ گۆڵێكی ئیدێر له‌ دوو گێمی زیادكراو له‌ فه‌ره‌نسای رێكخه‌ری پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌.

 

پرتوگال له‌ ئێستادا خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزتره‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2016 و له‌ ریزه‌كانیدا چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی نوێی هاوشێوه‌ی برونو فرناندێز و دیگۆ جۆتا و جواو فیلیكس و دیاز له‌ ریزه‌كانی ده‌ركه‌وتون كه‌ له‌ پاڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ و پیپی و برناردۆ سیلڤا پێكهاته‌یه‌كی به‌هێز پێكده‌هێنن و له‌لایه‌ن راهێنه‌رێكی به‌ ئه‌زمون سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.

 

پرتوگال خاوه‌نی راهێنه‌رێكی به‌ ئه‌زمون و شاره‌زایه‌ ئه‌ویش فرناندۆ سانتۆسه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ گرتۆته‌ ده‌ست و به‌هۆی ئه‌زمون و لێهاتووییه‌كه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی پرتوگال.

 

پرتوگال له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی یۆرۆ لێدانێكی به‌هێزی به‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ش كاتێك جواو كانسێلۆی ئه‌ستێره‌ی مان سیتی پشكنینی كۆرۆنای به‌ پۆزه‌تیڤ هاته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌ش دوورخرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ شوێنی ئه‌و نیلسۆن سیمیدۆ یاری ده‌كات، بۆیه‌ كێشه‌یه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌ نابێت بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌.

 

هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ پێشتر 9 جار رووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ پرتوگال 7 یاری براوه‌ بووه‌و 2 یاریش یه‌كسانبوون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت پرتوگال هه‌رگیز به‌ هه‌نگاریا نه‌دۆڕاوه‌و پێویسته‌ له‌م یارییه‌ش سه‌ركه‌وتن تۆماربكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ باشی خۆی بۆ دوو یارییه‌ قورسه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا ئاماده‌ بكات.

 

دوو پاڵه‌وانه‌كه‌ی‌ مۆندیال

دووه‌م یاری كه‌ سه‌عات 10ی شه‌و ده‌ست پێده‌كات ده‌كرێت وه‌كو یاری كۆتایی پێشوه‌خته‌ له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان ناوی بهێنرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ به‌یه‌كه‌وه‌ خاوه‌نی 5 نازناوی یۆرۆ و 6 نازناوی مۆندیالن، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا براوه‌ی دوواین دوو مۆندیالن كه‌ فه‌ره‌نسا 2018 و ئه‌ڵمانیا 2014 بۆته‌ پاڵه‌وان.

 

گومان له‌وه‌دا نییه‌ فه‌ره‌نسای پاڵه‌وانی جیهان پاڵێوراوی یه‌كه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نازناوی یۆرۆ بباته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی پێكهاته‌یه‌كی زۆر به‌هێز كه‌ ئامانجیانه‌ قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی‌ یۆرۆی پێشوو بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ خاكی خۆیان له‌ یاری كۆتایی به‌ پرتوگال دۆڕان.

 

ئه‌م یارییه‌ بۆ فه‌ره‌نسا زۆر گرنگ ده‌بێت، چونكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌كانی جیهان توانای خۆی تاقیده‌كاته‌وه‌ و ئه‌م یارییه‌ ده‌كرێت پێوه‌ربێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ تا چه‌ند فه‌ره‌نسا ده‌توانێت هه‌مان ده‌ستكه‌وتی یۆرۆی 2020 دووباره‌ بكاته‌وه‌ كه‌ دوای مۆندیالی 1998 راسته‌وخۆ نازناوی یۆرۆشی برده‌وه‌.

 

فه‌ره‌نسا له‌ یه‌كه‌م یۆرۆوه‌ كه‌ ساڵی 1960 به‌ڕێوه‌چووه‌ هه‌رگیز له‌ یه‌كه‌م یاری دووچاری شكست نه‌بووه‌و ده‌یه‌وێت به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ڵمانیاش درێژه‌ به‌ ژماره‌كه‌ی‌ بدات، ئه‌مه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ پێكهاته‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ به‌تایبه‌ت به‌رگری كه‌ له‌دوا 4 یاری هیچ گۆڵێكی لێ نه‌كراوه‌.

 

ئه‌ركی فه‌ره‌نسا به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ڵمانیا چاوه‌ڕان ناكرێت ئاسان بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا له‌ دواین پاڵه‌وانێتی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی یواكیم لۆف ركابه‌ری ده‌كات و دوای یۆرۆ ئه‌و راهێنه‌ره‌ كه‌ زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌یه‌ ماڵئاوایی ده‌كات.

 

لۆف له‌گه‌ڵ بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی مۆندیالی 2014 و ده‌یه‌وێت به‌ باشترین شێوه‌ش ماڵئاوایی له‌ مانشافت بكات، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنانی نازناوه‌كه‌ یاخود گه‌یشتن به‌ قۆناغه‌كانی كۆتایی.

 

لۆف له‌ماوه‌ی‌ رابردوو ره‌خنه‌ی‌ زۆری لێگیراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خراپ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ كه‌ سه‌ره‌تا به‌شێوه‌یه‌كی دوور له‌ چاوه‌ڕوانی و بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژوودا له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیال ماڵئاواییان كرد و له‌ماوه‌ی‌ رابردووش هه‌ڵبژارده‌كه‌ ئاستی وه‌كو پێویست نه‌بووه‌.

 

ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر كاغه‌ز خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزه‌ به‌تایبه‌ت له‌ هێڵی ناوه‌ند، ئه‌ویش به‌بوونی گۆندۆگان و تۆنی كروس و كیمیچ و گۆریتسكا كه‌ ده‌كرێت ئه‌و هێڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ فه‌ره‌نسا ببێته‌ خاڵی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌ڵمانیا نه‌بوونی هێرشبه‌رێكی گۆڵكه‌ره‌ كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ دروست كردوه‌.

 

پێش ئه‌م یارییه‌ش هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ له‌ 31 یاری رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ فه‌ره‌نسا 14 یاری براوه‌بووه‌و ئه‌ڵمانیاش 10 یاری بردۆته‌وه‌و له‌ 7 یاریش یه‌كسانبوون، به‌ڵام له‌دوای سه‌ركه‌وتن له‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایی مۆندیالی 2014 ئه‌ڵمانیا نه‌یتوانیوه‌ له‌ فه‌ره‌نسا بباته‌وه‌، له‌و كاته‌شه‌وه‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ 5 یارییان كردوه‌ فه‌ره‌نسا 3 یاری براوه‌بووه‌و 2 یاریش یه‌كسانبوون.

 

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی مه‌رگ دۆخه‌كه‌ زۆر قورسه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ یه‌كێك له‌و 3 هه‌ڵبژارده‌ گه‌وره‌یه‌ ماڵئاوایی بكه‌ن، بۆ خۆ به‌دوورگرتن له‌م دۆخه‌ش پێویسته‌ سه‌ركه‌وتن به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتری تۆماربكه‌ن و هیوای ئه‌وه‌یان هه‌بێت یه‌كێكیان وه‌كو باشترین سێیه‌م سه‌ربكه‌وبێت بۆ قۆناغی 16، چونكه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ر كامێكیان زیان به‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

 

له‌ ستادیۆمه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زاخۆ هه‌ولێرى تێپه‌ڕاند
کوردستان04:25 PM - 2021-11-21

زۆرترین خوێنراو