كۆبه‌ندى رووداوه‌ وه‌رزشیه‌كانى ساڵى 2020

جامی یەکێتی ئەوروپا 12:32 PM - 2020-12-29

 

ساڵى 2020  كه‌ به‌ساڵى كۆرۆنا له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان ناوزه‌ند ده‌كرێت ، یه‌كێكه‌ له‌و ساڵه‌ مێژوویانه‌ى كه‌ گه‌وره‌ترین زیانى له‌ جوڵه‌و چالاكیه‌كانى سه‌ر گۆى زه‌وى دا ، له‌ زیندوترین ئه‌و چالاكیانه‌ مرۆڤایه‌تیش وه‌رزش بوو ، كه‌ بووه‌ هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و وه‌ستاندن و گۆرانكارى له‌ ته‌واوى ئه‌و سێكته‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ى ژیان .

 

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانى دروستبوون و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ڤایرۆسى كۆرۆنا ، یه‌كێتیی تۆپى پێى كوردستان بریاریدا به‌ راگرتنى خوله‌كانى كوردستان له‌ مانگى ئازارى ساڵى 2020 پاش داواكارى زۆرى یانه‌كان و دواى 5 مانگ چاوه‌ڕوانى بریاریدا به‌ ته‌واوكردنى خوله‌كه‌ به‌و ریزبه‌ندییه‌ى خوله‌كه‌ى تێدا وه‌ستێنرابوو به‌ ده‌ستنیشانكردنى یانه‌ى نه‌ورۆز له‌ لوتكه‌ى خوله‌كه‌ .

 

هه‌ر له‌ ساڵى 2020 یانه‌ى چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ڵۆ توانیان پله‌ى یه‌كه‌م و دووه‌مى خولى نایابى كوردستان وه‌ربگرن و بچنه‌ ریزى خولى نایابى كوردستان .

 

له‌ عێراقیش به‌شى زۆرى پاڵه‌وانێتییه‌كان به‌هۆى ڤایرۆسى كۆرۆنا هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ له‌ گرنگترینیان پاڵه‌وانێتى خولى نایابى عێراق بوو ، شورته‌ش وه‌ك پاڵه‌وان هه‌ژمار كرا .

 

له‌سه‌ر ئاستى یارییه‌ تاكیه‌كانیش ، تیپى گۆره‌پان و مه‌یدانى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى له‌سه‌ر ئاستى كچان قه‌ڵغانى بوونه‌ پاڵه‌وانیان به‌رزكرده‌وه‌و تیپى باله‌ى كوڕانى هه‌مان یانه‌ش به‌ هۆى ده‌ستپێنه‌كردنه‌وه‌ى خوله‌كه‌ به‌ پاڵه‌وانى وه‌رزه‌كه‌ ده‌ستنیشانكرا.

 

له‌ كۆتا مانگه‌كانى ساڵى 2020یش له‌ شارى حه‌بانیه‌ كچانى یانه‌ى نه‌ورۆز بۆ سیانزه‌یه‌م جار له‌ مێژوودا توانیان ببنه‌ پاڵه‌وانى عێراق .

 

له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش به‌شى زۆرى خوله‌كان به‌ هۆى ڤایرۆسى كۆرۆناوه‌ راگیران به‌شى زۆریشان له‌ كۆتاییه‌كان نزیك بوون ، به‌ڵام به‌كرانه‌وه‌یان به‌ بێ هانده‌ره‌و له‌ دونیایه‌كى پڕ له‌ ژاوه‌ ژاو ته‌واوكران و دۆخه‌كه‌ش تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه‌ .

 

له‌ ئینگلته‌را لیڤه‌رپوول بووه‌ پاڵه‌وانى پرێمه‌رلیگ و ریال مه‌درید له‌ ئیسپانیاو بایرن له‌ ئه‌ڵمانیاو یۆڤانتۆس له‌ ئیتاڵیا توانیان نازناوه‌كان ببه‌نه‌وه‌و بایرن میونشنیش توانى نازناوى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان و سێڤیاى ئیسپانیش بووه‌ پاڵه‌وانى یۆرۆلیگ و له‌ جامى سوپه‌رى ئه‌وروپیش یانه‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ جامه‌كه‌ى برده‌وه‌ .

 

له‌ كۆتا مانگى ساڵیش یانه‌ى هیونداى كۆریاى باشوور بووه‌ پاڵه‌وانى یانه‌كانى ئاسیاو ئه‌هلى میسریش بووه‌ پاڵه‌وانى ئه‌فریقیا .

 

گه‌رچى بریاربوو چه‌ندین پاڵه‌وانێتى گه‌وره‌ له‌ 2020 به‌رێوه‌بچێت به‌ڵام ڤایرۆسى كۆرۆنا هه‌موویانى كانسڵ كرده‌وه‌و بریاردرا بخرێنه‌ دواى نه‌مانى ڤایرۆسه‌كه‌ یاخود چه‌ند ساڵى داهاتوو كه‌ له‌ گه‌وره‌ترینیان ده‌بوو هاوینى ساڵى 2020 یارییه‌كانى ئۆلۆمپیادى هاوینه‌ له‌ تۆكیۆ به‌رێوه‌بچێت به‌ڵام به‌رپرسانى لیژنه‌ى ئۆلۆمپیی جیهان و رێكخه‌رانى ئه‌و بۆنه‌یه‌ بریاریاندا كه‌رنه‌ڤاله‌كه‌ بۆ ساڵى 2021 دوابخه‌ن .

 

 

2020 ساڵى كۆچى ئه‌ستێره‌كان بوو 

 

له‌ ساڵى 2020 چه‌ندین ئه‌ستێره‌ى وه‌رزشى له‌ كوردستان و عێراق و جیهان كۆچى دواییان كرد له‌وانه‌  نەشوان شێروانی راهێنەری دیاری تایكواندۆ لە كوردستان لە رووداوێكی دڵتەزێندا گیانی لەدەست دا.

له‌ ناوه‌راستى ئه‌و ساڵه‌ش  توانا حەمە نوری وەرزشكاری شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد. 

 

عەلی هادی راھێنەری پێشووی یانەی زاخۆ له‌ هاوینى ساڵى 2020 بووه‌ یه‌كه‌م وه‌رزشكارى عێراق بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداو هه‌فته‌یه‌ك دواى ئه‌ویش  ئەحمەد رازی ئەستێرەی بەناوبانگی تۆپی پَی عیراق بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆچی دوایی كرد به‌دوایدا نازم شاكرى هاورێیان به‌ هه‌مان ڤایرۆس كۆچى دوایكرد 

 

محەمەد یاسین پاڵەوانی عیراق و ئاسیا لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی  لە وڵاتی سوید له‌ مانگى شه‌شى هه‌مان ساڵ كۆچی دوایی كرد

 

 له‌ قه‌زاى كفریش وەرزشكاری  دیاری پێشووی كوردستان و گەرمیان  عەبدول وەهاب عەباس جێگری سەرۆكی یانەی كفری پاش مانەوەی دوو سەعات لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و عه‌تا حه‌مه‌ ساڵحى راهێنه‌رى گۆڵپارێزه‌كانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى به‌ دوو مانگ پێش كۆتایى ساڵ به‌ هۆى نه‌خۆشى جگه‌ره‌وه‌ له‌ سلێمانى كۆچى دوایكرد .

 

له‌ كۆتا مانگى ساڵى 2020یش له‌ وه‌رزشكاره‌ عێراقیه‌كان كه‌ریم سه‌لمانى راهێنه‌رى یانه‌ى كه‌رخ به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا كۆچى دوایكرد .

 

له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش كۆچى دوایى  دیگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێ ئەرجەنتین و جیهان لەتەمەنی 60 ساڵیدا هه‌ژێنه‌رترین رووداوى ماڵئاواى بوو بۆ هه‌وادارانى ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌و وه‌رزش له‌سه‌ر تاسه‌رى گۆى زه‌وى .

 

دواتریش پاوڵۆ روسی، ئەستێرەی یەكەمی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە جامی جیهانی ساڵی 1982 لە تەمەنی 64 ساڵی كۆچی دوایكرد.

 

له‌ هه‌فته‌كانى كۆتایى ساڵى 2020یش له‌ شارى هه‌ولێر دلێر رەسوڵ وەرزشكار پێشووی دیاری باسكەی كوردستان و هەڵبژاردەی عیراق، پاش ململانێییەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشی، كۆچی دوایی كرد.

 

به‌شى وه‌رزش 

 

 

ئەمانەش ببینە

زاخۆ هه‌ولێرى تێپه‌ڕاند
کوردستان04:25 PM - 2021-11-21

زۆرترین خوێنراو