PUKmedia یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

نوێترین کتێب


خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (هەژموونی کلتووری) شوێنەوارناس جوتیار ئەحمەد

شەرحێکی تەواوی مێژوو و کلتووری قۆناغەکانی چاخی بەردینی میسۆپۆتامیایە، لەم کتێبەدا مێژوو و کلتوور بە میتۆدی زانستی لە ڕێگەی بەڵگەی ئاڕکۆلۆژیەوە، پاشان به میتۆدێكی فه‌لسه‌فیانه‌ شڕۆڤە کراوە.

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی قۆناغەکانی پێش مێژوو و بەڵگە ئاڕکۆلۆژیەکان، له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ ئه‌فه‌ریقاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕێ بۆ به‌ كۆڵۆنیكردنی ناوچه‌كانی ڕۆژه‌هه‌ڵاتی ناوین، ئه‌م بابه‌ته‌كانی ناو ئه‌م كتێبه‌، به‌پێی میتۆدی فەسەلەفی پاراوكراون و زۆربه‌ی پرسیاره‌ سه‌ركی و ئاڵۆزه‌كان وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه‌، دابەشکردنی قۆناغەکانی پێش مێژوو بەپێی فەلسەفەی جان جاک ڕۆسۆ، پاشان دەرخستنی ڕۆڵی ژن لە پێشخستنی کلتوور و ترادیسیۆندا لە ڕێگەی ئایدیای کلود لیڤی شتراوس، فیلکس گیتاری و جیل دۆڵۆزەوە. پێناسەی چاخی نیولیسیک بەپێی ئایدیای زیگمۆند باومان.

دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە شڕۆڤە کردنی کلتووری پێش مێژووی میسۆپۆتامیایە بە ڕێگەیەکی نوێ، لە هەمان کاتیشدا زانستی.

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئەم کتێبەکە خوێندنەوەو لێکدانەوەیەکی دیکەیە بۆ شوێنەوار لەڕەهەندێکی فەلسەفیەوە، هەوڵدانە بۆ تاوتۆیکردن و پەنجە نەرمکردن لەڕێگای دۆسێیەکی وەها گرنگ لەڕووی تێوری و کەلتورگەراییەوە، نەک تەنها خۆبەستنەوە بەزانستی وشک و کرنۆلۆجیاوە، بەدیووەکەی تردا زەمەن و کرنۆلۆجیا وەلا نەنراوە، بەڵکو کراوەتە بارتەقای تێڕوانین لەپاشماوەی شوێنەوار وەک شارستانییەت و کەلتورگەرای و داهێنان، واتە لەم سۆنگەیەوە نوسەر دێت لەبەرەبەیانی دەرکەوتنی شارستانێتی مرۆڤەوە تا سەردەمی شارستانێتی عوبەید بەیاندەکات (شارستانیه‌تی عوبه‌یدیش ده‌گرێته‌ خۆ)، ئەفراندنی هەر زەمەنێکی مێژووی بەکەلچەری خۆی دادەنێت و مامەڵەی لەگەڵ دەکات لەپانتاییە جوگرافیەکەدا، کە مەبەست میسۆپۆتامیایە، دواتر هەژموونگەرایی ئەم کەلتورە ناوچەیە لەناوچەکە و نشینگە جیهانییەکان ڕەنگیداوەتەوە سوودی بۆ کۆی مرۆڤایەتی هەبووە.

دەستپێکی ئەم کتێبە فراهه‌م كردنی وێنه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌رچوونی مرۆڤ له‌ كیشوه‌ری ئه‌فه‌ریقا، پاشان گه‌ڕان به‌ شوێن زه‌وی نوێدا بۆ به‌ دیهێنانی خه‌نی گه‌وره‌تری مرۆڤایه‌تی له‌ جیۆگرافیایه‌كی گونجاوتردا. دواتر ناساندن و چۆنێتی ئیشكردنی زانستی شوێنه‌وار ده‌خرێته‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ر.

كاتێك دێته‌ سه‌ر بابه‌تت سه‌ره‌كیه‌كه‌ كه‌ شارستانیه‌تی بناره‌كانی زاگرۆس و میسۆپۆتامیایه‌، داخڵبوونێک سەخت بە جوگرافیادا فه‌راهه‌م ده‌كرێت، لێرەوە نوسه‌ر بەدەیان نۆرمی جوگرافی دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوە کەش و ئاوهەوا، خاک و ژینگەیە كه‌ جوڵێنەری کەلتوری ئەشکەوت و ڕاوشکاری و نیشتەجێوون بووە لەم زۆنەی جیهان یان پانتاییەی دونیادا. نوسه‌ر بەوەیشەوە کۆڵنادات زیاتر دۆخەکە ووردتر دەکاتەوە تا کتێبی یەکەمیش کە کارێکی وەرگێران و شڕۆڤه‌كردنه‌، وەک گەواهیدەر دەیهێنێتەوە ناو باسەکەوە، کتێبی یەکەم کە کتێبی شوێنەوارناسی بەریتانی ڕۆجەر ماتیوسە کە یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌زاترینه‌كانی بواری چاخی بەردین و ئەزموونێکی زۆر لەم بوارە هەیە، هەروەها خاوەنی چەندان ساڵ کاری مەیدانیە لەکورستان/سلێمانی/شارەزوور لە هەمان بواردا هەروەها لەگردی بێستانسور چەندان وەرز کاری کنەکردنی کردوەو شوێنەکەیشی وەک کۆنترین نشینگەی کشتوکاڵی ناساند کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (9000پ.ژ) واتە دووهەزار پێش گوندی چەرمۆ کەوتووە.

_ هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە جێۆپۆلتیک کاریگەری ڕاستەوانەو ڕاستەوخۆی بەشوێنەوارەوە هەیە، ئەمە ئەو پوختەی کەلامەیه نوسەر خۆی لەزاری ماتیووسەوە پێمانی دەڵێت، بەمانایەکی دیکە دەڵێت میسۆپۆتامیا ئەو جوگرافیایە کە سنوره‌كه‌ی بەسێ ڕەگەزی گرنگی جوگرافیا ده‌وردراوه‌ ئەوانیش (چیا، دەریا، بیابان)ن، بەمەیش جوگرافیا پاڵنەر پشت سروشتی شارستانێتەکەی بووە. هەر ئەمەیش وایکردووە لەپەڕەی 36 کتێبەکەدا نوسەر دەڵێت ئاو و هەوای لەباری میسۆپۆتامیا بۆ ڕاوشکارو دوواتریش کشتوکاڵ وایکردووە لەتێکستە کۆنەکان بە ”بەهەشتی عەدەن” ناوی بهێنن.

لەم سۆنگە جیۆگرافی، زانستی و فیکرییەوە نوسه‌ر ڕۆدەچێتە ناو شوێنەوار، ئه‌مه‌ش وایکردووە کتێبەکە باسی چاخی پالەیۆلیسیکی و نیولیسیک و هەروەها چاخی پاشتریش بکات، باسی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان و دەرکەوتنیان بکات و پاشان پەیوەندی و پەیوەستبوونیان بە نشینگه‌کانی دیکەوە لەچ ڕێگایەکەوە بووە باس دەکا، دیارە لێرەوە دیسانەوە تا دەگات ڕێگای ئاوریشم و بەستنەوەی و خوارووی میسۆپۆتامیا تا هەمەدان و ئێرانی کۆن باس کراوە کە جوگرافیا ڕۆڵی بینیوه‌و تەحەکومی بەو دۆخەوە کردووە، ڕێگای ئاوی، چیاو، دەربەندەکان، دەشت و دۆڵەکانی بۆ مەیسەر کردوون، کۆی ئەم ڕێگایانە تا لاپەڕە 42ی کتێبەکە شەن و کەو کراون

- لەمەودایەکی تردا کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ ژینگە ویستگەیەکی دیکە کراوەتەوە بۆ ژینگە، لێرەوە شان بە شانی جیۆوگرافیا بە دوو هێڵی تەریب و فیکری ڕۆشتووە، ئەم بەشەی کتێبەکە دەتگرێت و پێتدەڵێن بوەستە و بیربکەرەوە لەوەی فاکتەری پشت داخانکردنی ژینگە بە ڕووەک و گیانلەبەرییەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا لە کەیەوە و لەچ سەرەتایەکەیەوە ئێمە لە میسۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتدا سروشت و ژینگەمان وێرانکردووە؟ تا هەنوکەیش بەردەوامین بەجۆرێک دەستمان سورە بەخوێنی ملێۆنان ئاژەڵ، کۆتایی هێنان بەدەیان نه‌وع و جۆری ئاژەڵ و کۆتایی پێهێنانی توخم و تەراجیان لەم ناوچەیەدا، یا دەستمان چووەتە بڕینەوەی ملێۆنان دارو درەخت و ژینگەمان تێکداوە، دیارە کتێبەكه‌ قۆناغ بەندی بۆ شارستانێتەکان کردووە، تاکە قۆناغ كه‌ ژینگە و سروشت لە پشودابوون ئەوا قۆناغ و چاخی پلایستۆسین بووە، دووای ئەوە تۆوی گیانلەبەر کۆشتن و دارو درەخت بڕین چەکەرە دەکات و تا هەنوکەیش لەکۆنتڕۆڵمان دەرچووە نەهاتووەتە سەر ڕیتمی خۆی.

_ یەکێکی تر لەتەوەرە بەپێزەکان باسکردنه‌ لەمرۆڤی مۆدێرن(هۆمۆساپیانیس) بەو شێوەو فۆرمەی كه‌ هەنوکە هەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چل هەزار ساڵێک، لێرەیش سێ جۆر مرۆڤ ژیاوە و باوانی ئێمە بوون، ئه‌مه‌ لێکۆلێنەوە ئەناتۆمییەکان دەریانخستووە.

_ چاخی پالەیۆلیسکی و ئامێری بەردینی ئاشولیان

دواتر بەتەنیشت ئەمەوە نوسەر چەمکێک دێنێ شیدەکاتەوە کەزیاتر شوێنەوارناسان پەیان پێبردووە ئەویش چەمکی ئامێری بەردینی (ئاشولییان)ە، کە چییە و لەچییەوە هاتووە باسکراوە. هەروەها بەستنەوەی ئەم بابەتە بە باسی چاخی پالەیۆلیسۆکی خواروو (500000_100000پ.ز) کەتێیدا بەڵگە بۆ چالاکی مرۆڤ لێرە پێویستی بەلێکۆڵینەوەیە لەماددە کلتورییەکانی دەووروبەری میسۆپۆتامیا هەیە، ئەوەی لەخوارووی عێراق لە(مەسنا)ی حەدیسە دۆزراوەتەوە لەلایەن (تیمێکی زانکۆی وارشۆی پۆلەند)ییەوە لەسەنتەری زانستی شوێنەوار، کنەوپشنیان تێیداکردووە، مێژووەکەی بۆ چاخی پالەیۆلیسکی خواروو گەڕاندووەتەوە بەهۆی ئامێری بەردینی تەوری دەستی، ئامێری بەردین کە لە (چەوی ناو ئاو) دروستکراون، هەروەها سایتی (بەردە بەلکە) لەسلێمانی ئامێری بەردینی ئەم چاخە واتە ئاشولیان تێدا دۆزراوەتەوە. دەیان سایتی دیکەی ناو هێناوەو باسکراوە لەم چاخە گرنگە خوێنەر بۆی بگەڕێتەوە، نوسەر بەمەیشەوە نەوەستاوە شیکاری خۆی خزاندووەتە کۆی کون کەلەبەرییەکانی ئەم باسەو کتێبەکەوە.

_ دووای هاتووەتە سەر چاخی ناوەند لەپالەیۆلیسکی(100000_ 40000پ.ز) لێرەیش ئامێری بەردین لە(ئاشولیانەوە گۆڕاوە بۆ مۆوستیریان) لێرە ئامێرەکان بەدیقەت ترو جوانترو باشتر پەی پێبراوە و دروستکراوەتەوە، چ لەڕووی نوک تیژی و سەری تیر و ڕم و ئامێری تیژ، نمونه‌ بۆ ئه‌م چاخە لە کوردستان ئەشکەوتی شانەدەرو هەزرامێردن.

مرۆنێژران(ناشتنی مردوو) بەگروپ لە ئەشکەوتی شانەدەر، ئەمە یەکێکە لەو گریمانانەی نوسەر دەیهۆنێتەوە بە سەرچاوەی زانستی، بەجۆرێک تا کۆتا کنەکردنی ساڵی 2105ی لەلایەن زانکۆی کامبریج کراوەو کۆتا ئێسکەپەیکەر دۆزراوەتەوە تەمەنی لەنێوان شەست بۆ حەفتا هەزارساڵە، ئەوەی گرنگە مرۆڤەکان بەمەراسیمی ئاین و بەڕێزەوە نێژراون، بۆ کۆی گریمانەکان باشترە خوێنەر بۆ ئەم بەشە بگەڕێتەوە، چونکە باس و خواستی مرۆی نیاندەرتاڵ هەموو باس و خواستەکانی پەیوەست بەم بابەتەی ڕوونکردووەتەوە. هەر لەم چاخە باسی مرۆڤی مۆدێردن یان هۆمێندی کراوە لەچاخی ناوەندی پالەیۆلیسکدا.

_ کۆتا چاخ لێرەوە، چاخی کۆتایی پالەیۆلیسکی سەرووە (40000_100000)پ.ز. ئاوهەوای ئەم چاخە کاری کردووەتە سەر کەمبوونەوەو نشینەکان، لەم کتێبە بۆ زانیاری لەسەر ئەم چاخە باسی ئامێری پۆلێن کۆر(Pollen core)  کراوە کە وەک (لێدانی بیری قوڵ بۆرییەک لەزەوی دەچەقێنرێت تاوەکو لەناخی زەوی نموونە خۆڵ بچێتە ناو بورییەکەوە وەک سەمپڵ قوڕەکە وەردەگرن، کەشێوەی قاڵبی قوڕی وه‌رده‌گرێت، پاشان له‌ ڕێگه‌ی زانستی جیۆڵۆجیه‌وه‌ له‌ ستراتیگرافی و چینه‌كانی زەوییەکە ده‌کۆڵدرێتەوە چینەکان شیکار ده‌کرێن).

__ قۆناغی (ژیاری زەرزی) یان پالەیۆلیسکی سەروو، دیارە زەرزی دەکەوێتە سنووری سلێمانی و نزیک ئەم شارەیە، کۆتایی ئەم چاخە لێرەدایەو ئامێری بەردین چەند پاشماوەیەکی دیکە دۆزرانەوە، دووای (زەرزی) (پاڵەگەورە)مان هەیە، هەر لەکۆتایی ئەم چاخەیە، دیسانەوە بۆ دەیان زانیاری دیکە لەمەڕ ئەم دۆخە لەسەر جۆری چاخەکان، مرۆڤەکان، سایتە شوێنەوارییەکان، ئاوهەواو ژینگە بەگشتی و جوگرافیا بەتایبەت پێویستە خوێنەری ئاگاداری پەڕەی یەکەم تا پەڕەی 77 ئەم کتێبە بن، بەڵام دوای ئەم قوناغە نوسەر بێ هەدادان دێتەوە سەر چاخی هۆلۆلیسین، کەڕاستەوخۆ دوای پالەیۆلیسک دێت، چونکە ئیتر ئێمە قۆناغی ڕاوشکارمان جێهێشت و دێنەوە سەر کشتوکاڵ و سەردەمی چەوساندنەوەی سروشت لەلایەن مرۆڤەوە لە(10000_7250پ.ز)

مرۆڤ کاتێک پەی بەکشتوکاڵ دەبا، ئیتر پەی بەنیشتەجێوون وەستان لەپۆینتێکدا دەبات، واتە بیردەکاتەوە چۆن تۆ و بچێنێت، چۆن شەتڵ بکات، چۆن کشتوکاڵ بكات، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌  یشته‌جێبوون هه‌بووه‌.

شتێک ڕوودەدات، ئەویش شۆڕشی کشتوکاڵکردنە، ئایا بەمانای ئەمڕۆکە شۆڕش بوە، یان بەرمەبنای تەکنەلۆجیابووە واتە ئەو پارچە زەوییەی مرۆڤێک هەیبووە لەخەم نەڕەخساوە بۆ دەستخستنی بڕێک بەرووبووم گرنگە ئامێرو لق و پۆپەکانی دیکەی کشتوکاڵ پێویستیەتی بەرەو پێشەوە ببات، ئەمەیش دەرئەنجامی سیستەماتیکی ئابوری_خۆبژێوی بووە.

واتە مرۆڤ لەدارستانەکانەوە دارو درەخت و میوەی ناسیوەو لێرەوە کێڵان و جۆگەو ئاودێری پەی پێبردوە. ئیتر مرۆڤ دەبێتە کائینێک ژیری خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ماتریاڵە کەلتورییەکانی بیگەیەنێت بەشوێنێک بۆ مانەوەو داکوتین، یان نیشتەجێبوونی، یان لە کوخەوە بۆ گوندێک تێدا نیشتەجێ بێت.

ئەم کتێبە شیکاری نوسەرو دەست و پەنجەی پێووە دیارە بەتایبەت لەباسکردن گوبەکلی تەپە یان خەرابە ڕەش (11000پ.ز) کەدەکەوێتە ئۆرفاوە لەکوردستانی تورکیا، کۆتا قۆناغی چاخی پالەیۆلیسیکە (10000_7250پ.ز)، پێش دروستبوونی گوندە، لێکولینەوەکان دەڵێن پێش هەشت هەزارساڵ مرۆڤ وەک دوژمن سەیری یەکیانکردووە و مەودایەکی دوور لەنێووانیان هەبووە، لێرە چ دۆزرایەوە کە لێکۆلینەوەکانی پێشتری بەنج کرد؟

دیارە پەرستگای شێوە بازنەی دۆزرایەوە لەستوون و پایەی گەورەو پێکهاتووە، گرنگە شوێنەوارناسی کورد خوێنەری ئەم بابەت گرنگە بن چونکە چەند هێندە شوێنەواری و دەیان هێندەیش فیکرییە، چەندان نهێنی ئەرزش کردووە.

ئیشکردنی ئەم کتێبەم وێنەیەکی کێشراوەو لەچەند بازنەو وێنەی گەورە، وێنەی یەکەم هێندە ئیشکردنە لەسەر جوگرافیاو فەلسەفەی پەیدابوونی مرۆڤ لە لانکەی میسۆپۆتامیا و جیهاندا و قۆناغەکانی مرۆڤ بڕیویەتی واتە ڕوانینە لە مرۆڤناسی_ ئەنثروپۆلۆژیا، بەدیدێکی فەلسەفی و فیکری و بە بەڵگەی شوێنەواری ئەم وێنە گەورە لە 500 هەزار ساڵەوە تاوەکو نیشتەجێبوونی مرۆڤ و نزیک نۆ بۆ هەشت هەزارساڵ دەخایەنێت، کۆی ئەو پەڕانەی لە کتێبەکە بۆی تەرخانکراوە زیاد لە 120پەڕەیە.

لێره‌دا شوێنەواری چەرمۆ باسکراوە، مەهامی پشت لێکۆلینەوەکانی (برێدود) لەچەرمۆ کردوویەتی کە مەبەستی بووە بە دووای ڕەگ و ڕیشەی شۆڕشی نیولیسیکدا بگەڕێ (سه‌رده‌می په‌یدابوونی كشتوكاڵ و نیشته‌جێبوون)، لەو شانزە چینەی چەرمۆدا، كه‌ لە ڕادێۆ کاربۆن دەرچووە، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 6500پ.ز، پیشەسازی فلێنت و ئۆبزید لەهەموو چینەکاندا هەیە، هەروەها ژماره‌یه‌كی زۆر فیگەری قۆڕین دۆزرایەوە، نوسەر زۆر لێکۆلینەوەکەی لەسه‌ر چەرمۆ چڕکردووەتەوە، چونکە ئەزموونی نوسەر لەگەڵ تیمی یابانی لەم ساڵانەی دوای لەچەرمۆ و دواتریش خودی نوسەر خۆی خاوەنی وەرزێک کاری هەڵکۆڵێنە بۆ هەمان تی.

ئەوەی بەندە هەستی پێکردووە هۆکارو ناونانی ئەم کتێبە و لە ناواخنی ئەم باسانەوە هاتووەو دوواتر لەبەشەکانی دیکە ڕەنگیداوەتەوە واتە لەکۆی 278 پەڕەی کۆی کتێبەکە، دیارە کەلتور یان ترادیسۆنی زاڵ و دەستپێکی لەم چاخانەوە دێ، کە لەسەرەتایی کتێبەکە تا ناوەندی کتێبەکە باسکراوە، دواتر پەل و پۆی هاویشتووە، خودی ئەم پەیوەندی گرتن و کۆمینکەیشنە نوسەر بەشێوازێکی زانستی باسی کردووە، جوگرافیا، سروشت و ژینگە، کەش، ئاووهەوا، ئەنثرۆپۆلۆژیا، پاشماوەی شوێنەواری بۆ هەژموونگەرایی ئەم کلتورە وەک بەڵگە هێناوەتەوە.

_ پڕۆسەی ماڵیکردن ڕووەک و ئاژەڵ

دیارە لەم کتێبەدا واهاتووە کە پڕۆسیسی ماڵیکرد ڕووەک پێش ئاژەڵداری هاتووە جگەلە سەگ نەبێت لە پاڵەگەورە لەدەوروبەری 11000پ.ز وەک گریمانە هەمانبووە، دەکرێ بڵێن پڕوسیسی پەیبردن بۆ چاندن و تۆ و کێڵان یان ڕووەکناسی لەڕۆژگاری دێرین پێش ماڵێکردنی ئاژەڵ کەوتووە، بەتایبەتی جۆ و جۆرەکانی گەنم، کە دووانەی بەدیل ڕاوشکارو بڕبڕەی پشتی کشتوکاڵ بوون. بەتەنیشت ئەمەیشەوە لەقۆناغی نیولیسکدا بەزالیا، نیسک، نۆک، کەتان، پاقڵەو پۆڵەکە پەیان پێبڕاوەو وەک نوسەر دەڵێت ماڵی کراون.
لەزاوی چەمیدا، مەڕ دووای سەگ ماڵی کراوە لە 9000پ.ز، بۆ گۆشت و پاشان تەماحی خورییەکەی ماڵیکراوە، بەراز لەچاینۆ لە7000پ.ز، ماڵێکراوە.
 
کتێبی دووەم: کلتوور، مرۆڤ وەک بەرهەمهێنەری کەلتور

ئەم بەشەی کتێبەکە ئیتر دابڕانە لەگەڵ کتێبی یەکەم لەڕووی تەکنیک و پیشەو پیشەسازییەوە، مەبەست ئەو گڵێنانەیه بەرهەمیان هێناوە، دیارە مرۆ کاتێک لەڕاوشکارەوە بۆ کشتوکاڵ و دواتر پێویستی بە بەرهەمێنان ئەفراندنی شتگەلی دیکەبووە، وه‌ك پێداویستی ژیانی ڕۆژانه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ ژیان، تا مەغزاو مەبەستی کشتوکاڵی تێدا ڕەنگبداتەوە و جێ بکاتەوە، ئەمیش دێتە قۆناغێکه‌وه‌ کە بەرهەم هێنان و داهێنانی گڵێنەو گڵێنەکارییە لەشێوەی پیشەسازیی و شۆڕشێکی نوێ.

دیارە لەکتێبی دووەم هەژموونی نوسەر بەسەر کۆی کتێبەکەوە دیارە، چونکە بۆ شیکارو لێکدانەوەی سەرەتاکانی دەرکەوتنی گڵێنە و هۆکارەکانی دۆزینەوەو سەرهەڵدانی چەندان سەرچاوەی پەیکردووە، تاوەکو پێمان بڵێت لەکوێ و چۆن گڵێنەکاری سەریهەڵداوە.

سەرەتا لەچیک 25000 پ.ز، دوای ئەو لەچین 18000پ.ز، لەڕوسیا لە 14000پ.ز، لەژاپۆن و کلتوری جۆمۆن 10509پ.ز، لەخۆرهەڵاتی ئاسیا کۆتایی چاخی پلایستۆسین بەچڕی دەرکەوتووە، بۆچوونی دیکە بۆ ئەفریقای دەگەڕێنەوە، یان دوواتر تەشەنەی کردووه جیهانی گرتووەتەوە لەفۆڕمە دێرینەکەی و لەچاخی نیولیسیک.

_ تەکنیکی دورستکردن و پەیبردن بەگڵێنەکاری لەبری بەردو چەرم و بەرچنە، بۆ پێداویستی قاپ و قاچاخی چێشتلێنان.

بۆ چونێکی تر هەیە تەکنیکی دروستبوونی گڵێنەکاری بۆ شوڵی دار دەگەڕێته‌وە، چونکە شوێنەواری ئەم شوڵانە بەگۆزەو دیزەوە دۆزراوەتەوە، یان لەسوتاندنی بەرکەوتنی ئەو بەرچنانەوە ڕوویداوە کەبەقوڕ سواغ دراون و دووای سوتاندیان ئیتر قوڕەکە ڕەق بووەو وەک گڵێنە ماوەتەوە، دەیان بۆ چوونی دی لەسەر ئەم بابەتە لای (مۆرتێنس، گۆردن چێڵد، ویل دۆرانت) زانایانی دیکە گەڵاڵە بووەو باسکراوە بەڵام بابەتی پلاستەرو سواغدان بەقوڕ ڕاسترینیانە.

ئەوەی نوسەر زیاتر مەبەستیەتی دۆزینەوەی کورە(Oven)  سورکردنەوەی گڵێنەی بردووەتە قۆناعێکی نوێ و پێشکەوتووی پیشەسازی گڵێنەوە. ئەم بابەتانەی لەمەڕ گڵێنە لێرەدا پێویستە بۆ پسپۆڕانی شوێنەوارو خۆێنەواران تاوەکو بزانن چۆن و لەکۆێ و بە شێوەک سەریهەڵداوە، باکگراوندی پشتەوەی چی بووە.

ئەم کتێبەی دووەم ئەگەر ناوی شۆڕشی گڵێنە، یان پیشەسازی گڵێنەیش بووایه جوانتر دەبوو چونکە نوسەر لێرەدا زۆر بەڕوونی باسی سەرهەڵدانی گڵێنەی کردووە، باسی ئەو تەکنیکەی کردوو گڵێنەی لێووه دروستبووە وەک بیرۆكه‌، باسی سورکردنەوەو داهێنانی کورەو شۆڕشی گڵێنەی بردووەتە قۆناغێکی نوێ تاو توێ کردووە، هەروەها جۆری خۆڵ و چ گڵێک كه‌ بۆ گڵێنەسازی ببێ باسکردووە، پاشان دوو داهێنانی یەکەمی مرۆڤی لەڕووی فیکرە هونەرییەکەوە لەسەر گڵ شیتەڵکردووە ئەوانیش یەکەم ئەرشیفی نوسین و داهێنانی نوسین کە لەسەر گڵێنەکراوە هه‌ڵكه‌ندراوه‌، کەواتە هەموو ئەمانە شۆڕش و نەهزەیەک بوون تا هەنوکەیش مرۆڤ قەردارێتی. دووەم ئەو هونەرە باڵایای فیگەرو بوکەڵەکانی دۆزرانەوە کە هەر لەگڵ دروستکراون.

هەر نوسەر دێتەوە سەر پێگە یەکەمەکانی گڵێنەکاری لەمیسۆپۆتامیا بەتایبەتی کەڵچەرو داهێنانی گڵێنە له‌ دووای نیشتەجێبوونی و کشتوکاڵەوە مرۆڤ پەیوەندی بەژیانە سەرەتاییەکەوە نەماوەو ئیتر پەیوەندی لەگەڵ خاک و خۆڵ دەبەستێت و ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات.

__ یەکەمین دەرکەوتنی ئەم پیشەیە لەئوم دەباغییە (5750_6000پ.ر) پێش حەسونەیە، دەکەوێتە ناوچەی موسڵ، هەر نزیک ئەم جێگایە حەوت بۆ هەشت سایتی دیکە هەن هەمان سەردەمن وەک (سۆتۆ، کول تەپە، تلول ئەلتلاتان، کەشکەشۆکی دوو، خەزنەی دوو، خەرابە شەیتانی، گردی عەلی ئاغا)، کلتووری زاڵ یان حەسونە شەش هەزارساڵە پێش زاین، یان کلتوری سامەڕا لە (5500_5000پ.)، شمشارەی و مەتارە، باغۆزو سەنگۆری، چۆغەمامی تا دێتە حەلەف پێویستە خوێنەر بەئاگایه‌وە بیخوێنێتەوە بزانێت چۆن و بە چ شێوازێک به‌ گڵێنەکاری پێیگەیشتووین.

کلتووری حەلەف دیارە خودی نوسەر ماستەرەکەشی هەمان بواردا هێناوەو لەم بابەتەیش ئەزموونی خۆی خزاندووەتە ناو باتەکەوە بەجوانی ئەسپی خۆی تاوداوە، چونکە حەلەف ئەڵقەی بەستنەوەی چاخی نیولیسیک و سەرەتایی کالکۆلیسیکە واتە چاخی مسین، ئەم قۆناغە ئیتر کشتوکاڵ دەبێتە بڕبڕەی ئابوری خۆبژێنی دانیشتوان، مرۆڤ ده‌بێته‌ خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ و بیركردنه‌وه‌ی خۆی بۆ ژیان.

نوسەر پێیوایە ڕەگی ئەم چاخە پێشتر لەحەسونەو سامەڕاوه‌ هاتووەو لێرەدا تەقیوەتەوە گەشتووەتە ترۆپک، لێرەوە خودی نوسەر بابەتەکە گەورەتر دەکات دێتەوە سەر بیناکاری و دیزاینی بیناکان لەم چاخه‌دا، هەروەها ڕەنگ و ڕەنگکاری سەر گڵێنەکان ئەوەی دەمێنێتەوە لەم زەمەنە نوسەر هەموو شتێکی وەک کاکڵەیەکی پاکراو پێداوین.

دواتر دێتە سەر کلتووری عوبەید، کە یەکێکە لەو کلتوورە تێکەڵاوانەی هەندێکجار لێکۆڵەران بۆ جوگرافیای عوبەید توشی سەختی هاتوون هەرچەندە کۆکن لەسەر هەبوونی گڵێنەی عوبەید پێش مێژوو یان بەرێ نوسین، لێرەوە دێتە سه‌ر شڕۆڤه‌كردنی تایبەتمەندییەکانی ئەم زەمەنە مێژوویە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەشداری ژن و دەرکەوتنی (چیڤدۆم) کە سیستەمێکی ئابووری و سیاسیە، کەسێک لەڕێگای پەیوەندی خوێن و خزمایەتیەوە دیاریدەکرێت کۆی کایەکان کۆنتڕۆڵ دەکات.

3لەکۆتایدا

یەکه‌م: ئەوەی ئەم کتێەی بەپێزو بەبڕشت کردووە چەند شتێکە ئەویش نوسەر کاتێک دەگاتە سەر کرنۆلۆجیاو زەمەنی مێژووی هەر کلتورو چاخێک چەندان ئاڵنگاری هەبێ لەسەری بەیانی کردووە، چەندان (Site) یان موقع و ناوچەی هاو زەمەنی هەبێ شەن و کەوی کردووە. بێهەدادان چی پێکراوە تراجاندوویەتی ناوییەوە، به‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و به‌زانستی كردنی باسه‌كه‌.

دووه‌م: نوسەر ویستویەتی کۆی مێژووی مرۆڤایەتی بگێڕێتەوە یان بنوسێتەوە لەڕێگای وەرگێڕانی کتێبەکانەوە، شیکاری و لێکۆلینەوەو زانیاری خۆیەوە، كۆلاج كردن و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی وێنه‌ سه‌ره‌كیه‌كانه‌وه‌. واتە ئەم کتێبە کتێبێکی نوسراو نیه‌ بە تەنها، له‌ هه‌مان كاتیشدا کتێبێکی وه‌رگێڕاو نیه‌، وە شیکاری و بنکۆڵکارییش نییە بەتەنها، بەڵکو کتێبێکە کۆکراوەی (وەرگێران، شێکاری، بنکۆڵکاری، زانیارییە) كانی كۆی كتێبه‌ نوسراوه‌كانی ئه‌م بواره‌یه‌ كه‌ پێشتر نوسراون، لێره‌دا به‌ ڕێگه‌یه‌كی جیاوازتر وه‌ك سه‌رگوزه‌شته‌یه‌ك بۆ مرۆڤایه‌تی دارێژراوه‌و خوێندراوه‌.

سێیه‌م: نوسەر هاتووە بەو سێ چەمکەی سەرەوە کارێکی شوێنەواری نەکردووە و تەواو، بەڵکو کارێکی ئەدەبی و فەلسەفی و فیکری کردووە، واتە خۆی نەبەستووەتەوە بەو کتێبانەی تا هەنوکە هەن، کە کاریان لەسەر ئەم ناوچەیە کردووە، به‌ شێوەیەک كه‌ تەنها شوێنەوار، مێژوو و سەردەممان بۆ دیاری دەکەن! به‌ڵكو زیاتر ئەم لەڕوانگه‌ی فیکرەوە بەکەڵچەری هەموو کرنۆلۆجیایەکانی مێژووی بناره‌كانی زاگرۆس و میسۆپۆتامیادا گوزه‌وری كردووه‌و، هەژموونی هەر یەکەیان كه‌ بەسەر ناوچەکەو زەمەنی پاشتردا جێیهێشتوە باسکراوه‌.

چواره‌م: نوسەر وا مامەڵەی لەگەڵ ئەم کتێبە کردووە وەک دووا کتێب و ئیتر ناگەڕێتەوە سەر زەمەنی مێژووی 500هەزار ساڵ تا سەردەمی عوبەید لە 5000پ.ز، چونکە ئەوەی گرنگ بێت و ویستویەتی بە پەنهانی جێینەهێشتووە بەڵکو شەن و کەو یان دەستی بۆ بردووەو بەڕوون و ڕەوانی ئاماژەی پێکردووە.

پێنجه‌م: ئەم کتێبە بەهۆی ئەوەی فیکری و فەلسەفیانە لەشوێنەواری ڕوانیووەو بەشێوازی ئەدەبی داڕێژراوەتەوە وەک ئەوە وایە ژانرێکی ئەدەبی بخوێنیتەوە، دەبو لایەنی دووەم لەچاپکردنیدا وریاتربوونایە فاسیلەو پشودانیان بە مەغزاو مێشکی خوێنەوار بدایە، نەک هەموو نوسینەکە کەڵه‌کەی سەریەکتری بکەن کە هەندێکجار خوێنەر بە هیلاک دەبا!!!

لێرەوە دەستخۆشی لێدەکەم، گرنگ ئەوەیە ئیتر شوێنەوار وەک زانستێکی ڕەق و جەبر تەماشا نەکرێت بەڵکو بەزمانی ئەدەبی و فیکری بگێڕێتەوە بنکۆڵکاری بکرێت.

پڕۆفایلی نوسەر

نوسەری کتێبەکە کە جوتیار ئەحمەدە، پسپوڕی بواری شوێنەوارەو هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەهەمان بوارداو لەووڵاتی ئەڵمانیا ماستەرەکەی بەدەستهێناوە، چەندان کاری مەیدانی کردووە لەکوردستان چ وەک پشکنین و چ وەکو کاری ڕووپێوی شوێنەواری، چەند ڕاپۆرت و بابەتی شوێنەواری بەزمانی ئینگلیزی لەسەر شوێنەوارەکانی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، بەگشتی قەبارەی کتێبەکە مامناوەندە، ژ.پەڕە 278، درێژی: 21سم، پانی: 15سم.

هیوادارم هەمووان خوێنەری بن، به‌ تایبه‌تی فێرخوازانی بواری شوێنەوارو مێژوو، هەروەها شوێنەوارناسانیش بەجدی و بیخۆێننەوە لێیبڕوان. له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌م كتێبه‌ هه‌م بۆ خوێنه‌ری گشتی نوسراوه‌و هه‌م بۆ خوێنه‌ری ئه‌كادیمی.

PUKmedia نەوشیروان عزیز محمد
ماستەر لە شوێنەواری کۆن


وێنە هەواڵ
  • image04
  • ئەمڕۆ سلێمانی... دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان

  • image04
  • كۆنگره‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان له‌سلێمانی

  • image04
  • هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئێران

  • image04
  • پاشماوەی خۆراك بۆ سەگەكانی پێنجوێن كۆدەكرێتەوە

  • image04
  • ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خوێن بەخشینە

  • image04
  • 12-6 رۆژی له‌دایك بوونی هێرۆخان

  • image04
  • ماسییەك لەبەنداوی باوەشاسوار لەكفری كە نزیكەی 20 كیلۆ دەبێت دوای برینداركردنی سەرئاو دەكەوێت

  • image04
  • كۆبوونه‌وه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی و سه‌رۆك كۆماری عیراق


                                           

ژماره‌یه‌ك كاندیدی كورد له‌هه‌ڵبژاردنی فنله‌ند سه‌ركه‌وتن


له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌كانی وڵاتی فنله‌ند كه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو له‌كۆی نزیكه‌ی 30 ...


  كورد بەچەندین كاندید بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی فنلەندا دەكات
  دانیمارك.. چلەی ماتەمینی پێشمەرگەی دێرین حاجی رزگار بەڕێوەچوو
                                           

د.سۆران جه‌مال تاهیر: ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه‌ بۆ یه‌كێتی و گۆڕان


ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی گرنگه‌وه‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی راده‌گه‌یه‌...


  چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د زه‌هاوی
  د.یاد نەقشبەندی:29 حاڵەتی توشبوی كۆرۆنا تەندروستیان زۆر ناجێگیرە
                                           

پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ئێران درێژده‌كرێته‌وه‌

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئێران به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ سه‌عات 12 ی شه‌و...


  هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم و ناوچه‌كان له‌فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
  ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خوێن بەخشینە


کاریکاتێر