PUKmedia یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

نوێترین کتێب


کێشەکانی مرۆڤایەتی

کێشەکانی مرۆڤایەتی لە دیدی فەیلەسوفی ئیسرائیلی یووڤاڵ نوح هەراری – یەوە

لە وتاری پێشوومدا لەبارەی فەیلەسوفی ئیسرائیلی یووڤال نوح هەراری،باسم لە کتێبی «هۆشمەندەکان» کرد، لەم وتارەشدا باس لە کتێبێکی گرنگی تری ئەم فەیلەسووفە دەکەم کە ئەویش» 21 وانە بۆ سەدەی 21». ئەم کتێبەشی بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی دەژمێرێت و وەکو کتێبەکانی تری، لێوانلێوە لە زانیاریی و شیکاری جوان، لەهەمانکاتیشدا هەوڵیداوە تیشك بخاتە سەر ئەو کێشە گەورانەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. هەروەها رەخنەکانی خۆی لە سیستمە سیاسییەکانی جیهان دەگرێت، لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەمەش بۆ من مایەی سەرنج و گرنگی پێدان بوو، چونکە ئەم فەیلەسووفە بە عەقڵیەتێکی ناسیۆنالیستی و تەسکەوە سەیری وڵاتەکەیی و جیهان ناکات، هەر ئەمەش وایکردووە کە خاوەنی دونیابینییەکی فراوان بێت و لەناو جیهانیشدا کاروبەرهەمەکانی مایەی گرنگی پێدان بن.

وەڵامدانەوەی پرسیارەکان

هەراری لەم کتێبەیدا هەوڵیداوە باس لە کۆمەڵێک کێشەی گەورە بکات لەوانە» پیسبوونی ژینگە، زاڵبوونی تەکنۆلۆژیا بەسەر مرۆڤدا، تیرۆر، جەنگ و پشێویی، بەهێزبوونی بزووتنەوەی توندڕەوی ئایینی و نەتەوەیی، حکومەتی گەندەڵی.» لەهەمانکاتیشدا وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک پرسیار کە لە کتێبەکانی پێشوویدا لەلایەن خەڵکییەوە لێیکراوە.

سێ هەڕەشەی گەورە

بە بڕوای هەراری ئەمڕۆ مرۆڤایەتی رووبەڕوی سێ کێشەی گەورە دەبێتەوە کە ئەوانیش بریتین لە « جەنگی ناوکی،تێکچوونی ژینگە و دابڕانی تەکنۆلۆژی.» هەراری دەڵێت: ئەم سییانە هەڕەشەن بۆ سەر داهاتووی شارستانی مرۆیی، بەڵام هەرسێکیشیان پێکەوە قەیرانێکی بێوێنەی و وجودی دروست دەکەن، بەتایبەتی لەو سۆنگەیەوە کە دەتوانن یەکتر بەهێزتر بکەن و ئاوێتەی یەکتر ببن. ل212

چیرۆکی سەدەیەکی نوێ

هەراری پێی وایە هەر قۆناغە و خاوەنی چیرۆکێکی خۆیەتی لە داهێنان و گەشەکردن، لەوانە چیرۆکی شۆڕشی کشتوکاڵی، شۆڕشی پیشەشازی. هەراری دەڵێت: ئێمە لەبەردەم ئەرکی داهێنانی چیرۆكێکی نوێداین بۆ جیهان،رێک بەهەمان شێوە کە شۆڕشی پیشەشازی بووە هۆکاری دەرکەوتنی ئایدۆلۆژیاکانی سەدەی بیستەم، شۆڕشی داهاتووش لە زیندە – تەکنۆلۆژیا و تەکنۆلۆژیای زانیاریدا پێویستی بە جیهانبینینی نوێتر هەیە.ل43

پێکهێنانی مۆدێلێکی سیاسی نوێ

هەراری پێی وایە هەر قۆناغە بیچمێکی فکری تایبەت بە خۆی هەڵدەگرێت، بۆ قۆناغی داهاتووش، داوای مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ دەکات. لەمبارەیەوە دەڵێت: پێویستە یەکەمین کاری دەیەکانی داهاتوو بریتی بێت لە گەڕانێکی ورد بە دەرووندا و پێکهێنانی مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ، بەجۆرێک ئەو دەیەیە بەوە بناسرێتەوە. ل 43

هەراری پێی وایە لە ئێستادا مۆدێلی لیبڕاڵی کە لە بەشێکی زۆری جیهاندا بڵاوبۆتەوە، کێشەی گەورەی هەیە.

لیبڕالیزم

نووسەر پانتایی باش بۆ قسەکردن لەبارەی لیبڕاڵیزم و کێشەکانی ئێستای داناوە. هەراری دەڵێت: چیرۆکی لیبڕاڵ، ئازادی مرۆڤ وەکو بەهای ژمارەیەک دەناسێنێت، باوەڕی وایە لە کۆتاییدا هەموو دەسەڵاتەکان لە ئیرادەی ئازادی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرن و ئەو « ئازادییە» لە هەست و حەز و هەڵبژاردنەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە. لیبڕاڵیزم بڕوای وایە دەنگدەران لە هەموو کەسێک زیاتر تێدەگەن و هەرلەبەرئەمەشە کە هەڵبژاردنی ئازاد بەرز دەنرخێنێت.ل91

خاڵی نوێ بەلای منەوە، بۆچوونی هەرارییە لەبارەی هەڵبژاردنەوە ئەو پێی وایە: هەڵبژاردن و گشتپرسییەکان پێوەندییان بەوەوە نییە کە ئێمە چۆن بیردەکەینەوە، بەڵکو پێوەندیییان بەوەوە هەیە کە ئێمە چۆن هەست دەکەین و هەستمان چۆنە؟ل93

کێشەکانی لیبرالیزم

نووسەر پێی وایە سیستمی لیبڕاڵیزم لە کێشەی قووڵدایە و لەمبارەیەوە دەڵێت: مێژوو وەکو هەمیشە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وەرگەڕا و ئێستا لیبڕالیزم پاش دارووخانی فاشیزم و کۆمۆنیزم، لەبارودۆخێکی دژوار دایە ل13

دواتریش دەڵێت: لیبڕالیزم رەوایی خۆی لە دەست دەدات و شۆڕشە دوانییەکانی « تەکنۆلۆژیای زانیاریی و بایۆتەکنۆلۆژی» دەستوپەنچە لەگەڵ گەورەترین ئاڵنگارییدا کە جۆرەکەمان تا ئێستا بەخۆیەوە بینێبێت،نەرم دەکەن.ل14

کێشە گەورەکانی کە رووبەروی لیبرالیزم و مرۆڤایەتی دەبێتەوە

دواتر نووسەر باس لەو کێشە گەورانە دەکات کە سیستمی لیبڕاڵی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەمڕۆماندا رووبەروی دەبنەوەو دەڵێت:

تێکەڵبوون و یەکگرتنی ئەم دوو تەکنۆلۆژیایە بە زوویی دەتوانێت ملیۆنان مرۆڤ لە بازاڕی کاردا بکاتە دەرەوەو شوێن بە بونیادی ئازادی و یەکسانی لێژ بکات. داتا ئۆلگۆریتمە گەورەکان دەتوانن دیکتاتۆریەتی ژمارەکان دروست بکەن و هەموو دەسەڵات و هێزەکان لە دەستی ژمارەیەکی کەمی بژاردەدا کۆببنەوە، لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی نەک تەنها ئازار لەبەکارهێنان دەبینن، بەڵکو ئازار لە شتێکی خراپتر لەبەکارهێنانیان دەبینن، ئەویش ئازارە لە نا پێویستی.ل 14

دواتریش دەڵێت: سیستمی لیبڕاڵیزم لەسەردەمی پیشەشازیدا شکلی گرت بۆ ئەوەی جیهانێک لە مەکینە هەڵمینەکان و پاڵاوگە نەوتییەکان و تەلەڤزیۆنەکان ببات بەرێوە، بۆیە زۆر گرانە بتوانێت رووبەروی شۆڕشەکانی تەکنۆلۆژیا زانیاریی و زیندە تەکنۆلۆژیا ببێتەوە، چونکە راستییەکەی لیبڕاڵیزم بۆ وەها دونیاییەک دروست نەبووە، ل26

دواتریش بە درێژی باسی ئەو کێشانە دەکات کە رووبەروی سیستمی لیبڕالیزم دەبنەوە لە پێش هەموویانەوە بێکاریی و نایەکسانی.

کار

بابەتێکی گرنگی تر کە پانتایی باشی لەم کتێبەدا داگیرکردووە، مەسەلەی لەدەستدانی « کار»ە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە. نووسەر پێی وایە ئەگەری زۆری هەیە گەر رەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، مرۆڤایەتی رووربەروی قەیرانی گەورە بێتەوە. پێشی وایە، مرۆڤی نوێ بەشێوەیەکی ترسناک پشت بە تەکنۆلۆژیا دەبەستێت لە هەموو بوارەکانی ژیان» کارکردن، تەندروستی، هاتوچۆ، خواردن، هەڵبژاردن، شتکڕین،» هەر ئەمەش وادەکات کە هەراری « مرۆڤی نوێ، بە « مرۆڤێکی هاندیکەپ، کەم ئەندام» ناوبەرێت، چونکە لە ئێستادا مرۆڤ بەشێوەیەکی زۆر پشت بە تەکنۆلۆژیا دەبەستێت و کەمتر پشت بەخۆی دەبەستێت»

لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەگەری هەیە شۆڕشی تەکنۆلۆژیا بە زوویی ملیاران کەس لە بازاڕەکانی کاردا بکاتە دەرەوە، چینێکی گەورەی بێ بەرهەم بهێنێتە ئاراوە و ببێتە هۆی سەرچاوەی وەها هەڵچوونکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ، کە هیچ ئایدۆلۆژیاییەک نەتوانێت رایبگرێت. ل 45

هەراری دەڵێت: رەنگە داهاتووی زۆرێک لە خەڵكی هاوشێوەی داهاتووی شۆفێرانی گالیسکەکانی سەدەی نۆزدەیەم نەبێت، کە دواتر بوون بە شۆفێری تەکسی، بەڵکو هاوشێوەی ئەسپەکانی سەدەی نۆزدەیەم بێت، کە بە شێوەیەکی هەڵکشاو هەرهەموویان لە بازاڕی کار کرانە دەرەوە. ل67

ترس لە تەکنۆلۆژیا

بابەتێکی تر کە پانتایی گەورە لەم کتێبەدا داگیر دەکات ترسە لە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا، دیارە ئەم ترسەش پێشتر مایەی سەرنج و شرۆڤەی زۆر بیرمەندی تر بووە، بەڵام هەراری خاوەنی تێروانینی خۆیەتی. لە هەمووی گرنگتر نووسەر باس لەو پشتبەستنە زۆرە دەکات، کە مرۆڤی ئەمڕۆ بە تەکەنۆلۆژیا دەیبەستێت. ئەو ئەمەی ناوناوە « ژیری دەستکرد» . لەمبارەیەوە دەڵێت:

کاتێک ژیری دەستکرد بتوانێت لە بارەی پیشە، یان تەنانەت پەیوەندییەکانەوە لە ئێمە باشتر بڕیار بدات، ئەوا پێویستە تێگەیشتمان لەبارەی مرۆڤ و ژیانەوە بگۆڕێت.ل109

دواتریش زیاتر دەڕوات و دەڵێت:

کاتێک دەسەڵات لە مرۆڤەکانەوە بۆ ئۆلگۆریتمەکان دەگوازرێتەوە، ئەوا چیدی ناتوانین دونیا وەکو شوێنێک بۆ بڕیاردانی دروست لەلایەن مرۆڤە سەربەخۆکانەوە تەماشا بکەین، لەبری ئەوە پێویستە وەکو شەپۆلێک لە داتا و زانیاری تەماشای کۆی گەردوون بکەین. ل111

ئەم پشت بەستنە بەتەکنۆلۆژیا بەرەو ترسێکی ترمان دەبات، کە ئەویش سەپاندنی سیستمی دیکتاتۆریەتە.

دیکتاتۆری و تەکنۆلۆژیا

هیچ کاتێک نەمدەزانی هێندە پەیوەندی نێوان سیستمی دیکتاتۆریی و تەکنۆلۆژیا بەهێزە، نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەهێزبوونی تەکنۆلۆژیا، تەمەنی سیستمە دیکتاتۆرییەکان زیاتر و زیاتر دەکات.

نووسەر دەڵێت: کاتێک ئۆلگۆریتمەکان زۆر بە باشی هەموو شتێکمان لەبارەوە بزانن، ئەوا دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان دەتوانن کۆنتڕۆڵی ڕەهایان بەسەر هاوڵاتییەکانی خۆیاندا هەبێت، تەنانەت زیاتر لە ئەڵمانیای نازی و بەرگریکردن لە بەرانبەر وەها سیستمێکدا کارکی نەکردەیە. ڕژێمی دەسەڵاتدار نەک تەنها بە وردی دەزانێت چ هەستێکت هەیە، بەڵكو وا دەکات بەو شێوەیە هەست بکەیت کە ئەو دەیەوێت.ل 129

جگە لە سیستمە دیکتاتۆرەکان، نووسەر باسی هەژموونی بەهێزی کۆمپانیا گەورەکانیش دەکات و پێی وایە هەژموونی ئەوانیش بەهۆی پشت بەستنی زۆرمان بە تەکنۆلۆژیاوە دەمێنێتەوە، بگرە بەهێزتریش دەبێت.

هەتا زانیاری زیاتر و زیاتر لە جەستە و مێشکتانەوە لە لایەن وەرگرەکانی بایۆمەترییەوە بۆ ئامێرە ژیرەکان بگوازرێتەوە، ئەوا کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییەکان ئاسانتر دەتوانن بتانناسن و بەکارتان بهێنن و لەبری خۆتان بڕیارتان بۆ بددەن. ل 148

ترس لە گۆگڵ و ئینتەرنێت

لە ئێستادا کەم کەس هەیە رۆژانە یان هەفتانە ئینتەرنێت یان سایتی گۆگڵ نەکاتەوەو بە دوای زانیارییەک یان بابەتێک نەگەڕێت. لە هیچ سەردەمێکیشدا شتی وا نەبووو، کە مرۆڤایەتی بۆ دەستگەیشتن بە زانیاریی، پشت بە ئامێرێکی تەکنۆلۆژی ببەستێت. ئەم مەسەلەیە دەبێتە ترسێکی گەورە لای نووسەر و قسەی زۆری لەبارەوە دەکات و دەڵێت:

گۆگڵ دەیەوێت بگاتە خاڵێک کە بتوانین هەموو پرسیارێکی لێبکەین و ئەویش باشترین وەڵامی دونیامان دەست بخات. ل146

دواتریش دەڵێت: رەنگە مرۆڤ و ئامێرەکان بەشێوەیەک تێهەڵکێشی یەکتر بن، کە ئەگەر مرۆڤەکان پەیوەندییان لەگەڵ تۆڕی ئینتەرنێتدا بچرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک نەتوانن بمێننەوە،ل148

جەنگی زانیاریی

دواتر نووسەر باس لە یەکێک لە جەنگە شاراوەو گەرمەکانی نێوان کۆمپانیا و زلهێزە جیهانییەکان دەکات، کە ئەویش جەنگی کۆکردنەوەی زانیارییە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

پێشبرکێ بۆ خاوەندارێتی زانیاری هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووەو لەلایەن ناوەندە زەبەلاحە زانیارییەکانی وەکو « گۆگڵ، فەیسبووک، بایدو « بەڕێوە دەبرێت. ئەوان بە دابینکردنی زانیاری خۆڕایی، خزمەتگوزاری و بابەتگەلی سەرگەرمی، سەرنجمان رادەکێشن و پاشان بە ناوەندەکانی پەخش و ڕیکلام دەیفرۆشنەوە. ل 145

هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی تر کە ئەویش نایەکسانییە.

نایەکسانی

بابەتی « نایەکسانی» مایەی گرنگی پێدانەی تەواوی فەیلەسووفان و بیرمەندانی جیهان بووە، هەراریش پانتایی باش بەم بابەتەی داوە، قسەو باسی زۆرەوە لە بارەوە کردووە، لەهەمانکاتیشدا نووسەر گەڕاوەتەوە بۆ مێژووی نایەکسانی و دواتریش باسی رەوشی ئێستای نایەکسانی دەکات.

هەراری دەڵێت: نایەکسانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین، سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا گرووپی راوچی « خۆراکخۆرەکان» هەندێک لە ئەندامەکانیان لە گۆڕی رازاوەو گرانبەها دفن دەکرد و پڕیان دەکرد لە مووری عاج، بازن.، خشڵ و بابەتی هونەری، لەکاتێکدا ئەندامانی دیکە دەبوو لە چاڵێکی رووتی زەویدا دفن بکرێن.

دواتریش دەڵێت: سامان پێشمەرجی نایەکسانی درێژماوەیە. لەپاش شۆڕشی کشتوکاڵی، سامان چەند هێندە زیادیکرد، ئەوەندەش هاوڕێ بوو لەگەڵ نایەکسانیدا. کاتێک مرۆڤەکان خاوەندارێتی زەوی و ئاژەڵ و درەخت و ئامڕازەکانیان بەدەستهێنا، هیرارکیەتێکی کۆمەڵایەتی بەهێز دروستبوو، کە تێیدا بژاردەیەکی بچووک نەوە لە دوای نەوە، زۆرینەی سامان و دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد. ل139

دواتریش دەڵیت:

بەدڵنیاییەوە جیهانگیری سوودی بە بەشێکی گەورەی مرۆڤایەتی گەیاندووە، بەڵام نیشانەکانی گەورەبوونی نایەکسانی لە نێوان کۆمەڵگە و کۆمەڵگەکانیشدا دەبینرێت. لە ئێستادا لە سەدا یەکی دەوڵەمەندترینەکان، خاوەنی نیوەی سامانی جیهانن. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە سامانی سەد کەس لە دەوڵەمەندترین کەسەکان، لەسامانی زیاتر لە چوار ملیارد هەژارترین کەسەکان زیاترە. ل140

دواتر پێشبینی خراپبوونی رەوشەکە دەکات و دەڵێت:

رەنگە لە سەدا یەکی دەوڵەمەنترینەکان لە ساڵی 2100 دا ، نەک تەنها خاوەنی زۆرینەی سامانی جیهان بن، بەڵکو زۆرینەی جوانییەکانی جیهان و داهێنان و تەندروستیش بن. ل141

ناسیۆنالیزم

هەراری لەم کتێبەیدا زۆر دژی بیری تەسکی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوە دەوەستێتەوەو پێی وایە، کە ئەمانە نەک ناتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵکە خۆشیان لە ئاکامدا دەبنە کێشەی گەورە بۆ مرۆڤایەتی.

دژی ناسیۆنالیستەکان دەوەستێتەوەو دەڵێت:

شەپۆلی ناسیۆنالیستی لە سەرەتاسەری دونیادا ناتوانێت کات بۆ ساڵی 1939یان 1914 بگەرێنێتەوە.تەکنۆلۆژیا بە دروستکردنی کۆمەڵە هەڕەشەیەکی جددی جیهانی، هەموو شتێکی گۆڕیوە، بەشێوەیەک کە هیچ نەتەوەیەک بە تەنیایی ناتوانێت رووبەرویان بێتەوە، ل214

دواتر دەڵێت: هیچ یەکێک لەو هەزاران چیرۆکەی کە کولتوورە جیاوازەکان و ئایین و خێڵەکان بە درێژایی مێژوو دایانهێناوە، ڕاستەقینە نین و هەموویان تەنها کۆمەڵە داهێنراوێکی مرۆییین. ل442

دەشڵێت:

گەڕانی زۆرینەی مرۆڤەکان بە دوای شوناسدا هاوشێوەی گەڕانی منداڵەکانە بە دوای گەنجینەدا، ئەوان تەنها ئەو شتە دەدۆزنەوە کە دایکوباوکیان پێشتر لەبەرچاویاندا شاردوویانەتەوە. ل443

تێڕوانینی گەردوونیانە

هەراری دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، کە هیچ کاتێک ناتوانین لەناو بۆتەی نەتەوەیەکدا، چارەسەری کێشە گەردوونیەکان بکەین. «

ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردنێکی عاقڵانە لەبارەی داهاتووی ژیانەوە بکەین، ئەوا پێویستە ڕوانگەی ناسیۆنالیستی تێپەڕێنین و لە دیدگایەکی جیهانی و تەنانەت گەردوونییەوە سەیری شتەکان بکەین.ل212

رۆڵی ئایین

دواتر نووسەر دێتە سەر باسی رۆڵی ئایین لەمڕۆماندا و، پێی وایە کە زەحمەتە ئایینەکان بتوانن وەڵامی تەواوی کێشەکانی مرۆڤایەتی بددەنەوە. لەسەرەتادا  نووسەر دەڵێت:  بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ئایینە نەریتییەکان لە دونیای سەدەی بیستویەکدا پێویستە سێ جۆری گرفت لەیەک جیا بکەینەوە: 1/ گرفتە تەکنیکییەکان. بۆ نموونە چۆن ئایینەکان مامەڵە لەگەڵ وشکەساڵیدا دەکەن، کە بەهۆی گەرمبوونی زەویییەوە رووبەروی جیهان بۆتەوە. 2/ گرفتە  سیاسیییەکان. بۆ نموونە کێشەی ژینگە چۆن دەبێت چارەسەر بکرێت. 3/ گرفتە شوناسییەکان. چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کۆچبەر و هاوڵاتی بوون دەکەن. ل219

ئەمانە ئەو پرسیارە گرنگانەن کە نووسەر لەبارەی رۆڵی ئایینەوە دەیکات و هەوڵیش دەدات وەڵامێکیان بۆ بدۆزێتەوە.  

هەراری پێی وایە  سەرکەوتنە زانستییەکان هێندە تێروتەسەل بوون، کە تێڕوانیمانی بۆ ئایین گۆڕیوە، چیدی ئایین بە کشتوکاڵ و پزیشکییەوە نابەستینەوە. ئایینە نەریتییەکان ڕەوایەتییەکی زۆریان لە دەستداوە، چونکە لە بواری کشتوکاڵ و تەندروستیدا  بەرهەمێکی ئەوتۆیان نەبووە.ل221

رۆڵی خراپی ئایین و ناسیۆنالیزم

هەراری پێی وایە لە ئێستادا هێزە ناسیۆنالیزم و ئایینەکان نەک ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکە بوونەتە کێشەش بۆ مرۆڤایەتی. لەمبارەیەوە دەڵێت: ناسیۆنالیزم و ئایین هێشتاش شارستانیەتی مرۆڤایەتی بۆ ئوردوگای جیاواز و زۆرجاریش دژ بەیەک دابەش دەکەن، ئەم بەرکەوتنەی نێوان کێشە جیهانییەکان و شوناسە ناوچەییەکان خۆی لە کۆمەڵە قەیرانێکدا دەردەخات کە لە ئێستادا یەخەی گەورەترین کۆمەڵەی فرە کولتووری یەکێتی ئەوروپای گرتووە. ل 235

یەکێتیی ئەوروپا و کێشەکانی

یەکێتی ئەوروپا وەکو مۆدێلێکی سیاسی و ئیداری و کەلتووری، مایەی گرنگی پێدان و زۆرجاریش هەست دەکەم کە مایەی سەرسامیی نووسەرە. لەپەنائەوەشدا نووسەر نایشارێتەوە کە ئەم ئەزموونە سیاسییەش کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە. 

لەمبارەیەوە دەڵێت: یەکێتی ئەوروپا لەسەر بەڵێنی تێپەڕاندنی جیاوازییە کەلتوورییەکانی نێوان فەڕەنسایی، ئەڵمانی، ئیسپانی، یۆنانی دروست بوو، بەڵام ئەگەری هەیە نەتوانێت جیاوازیییە  کەلتورییەکانی نێوان ئەوروپاییەکان و کۆچبەرە ئەفریقایی و ڕۆژهەڵاتییەکان لە خۆ بگرێت و هەرەس بهێنێت. ل 236

دواتر باس لە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەوروپا دەکات کە ئەویش «کۆچ» ە کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی رەوتە فاشیست و ناسیۆنالیستەکان.

مەسەلەی کۆچ

پرسێکی گرنگی تر کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەر مەسەلەی « کۆچ» ە کە لە ئێستادا ئەوروپا پێوەی دەناڵینێت. نووسەر هەوڵیداوە لە گۆشەنیگای جیاوە سەیری ئەم کێشە گەورەیە بکات. 

ئەگەر ئەوروپا کۆچبەرانێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوین وەربگرێت، لە ئاکامدا هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لێ دێت.ل242

دیارە لە ئێستادا دوو بۆچوونی دژ بەیەک لە ئەوروپادا لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە هەیە ، هەندێک لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکان و هەندێکێش دژی ئەوەن دەرگا بەرووی کۆچبەراندا بکرێتەوە.  وەکو نووسەریش دەڵێت: ئەمە باسێکە لە نێوان دوو تێڕوانینی سیاسی مەشروعدا  کە پێویستە  لە رێگەی روانگە ستانداردە دیموکراسییەکانەوە بە ئەنجام بگات. ل 259

دواتریش نووسەر بەگرنگییەکی زۆرەوە سەیری چۆنێتی پرسی کۆچ لە ئەوروپادا دەکات و بە پێوەرێکی گرنگی دادەنێت بۆ سەرکەوتنی مۆدێلی لیبڕاڵی و دیوکراسی لە جیهاندا. 

نووسەر دەڵێت: لە ئێستادا دیار نییە ئەوروپا بتوانێت ڕیگەیەکی نێوانبڕ بدۆزێتەوە کە بتوانێت سنوورەکانی بە کراوەیی بە ڕووی بێگانەکاندا بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی لەلایەن  ئەو کەسانەوەی کە لە بەهاکاندا هاوبەش نین، رووبەروی ناسەقامگیری نابێتەوە، ئەگەر ئەوروپا لە دۆزینەوەی وەها رێگەیەکدا سەرکەوتوو بێت، ڕەنگە بکرێت لە ئاستێکی جیهانیشدا سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام ئەگەر ئەم پرۆژەیە شكست بهێنێت، دەکرێت نیشاندەری ئەو راستییە بێت کە باوەڕبوون بە بەها لیبڕاڵییەکانی ئازادی و لێبوردەیی بۆ چارەسەرکردنی ململانێ کەلتوورییەکانی جیهان و یەکخستنی مرۆڤایەتی بۆ رووبەروبوونەوەی کێشەکانی جەنگی ناوکی و تێکچوونی ژینگەیی و دابڕانی تەکنەلۆژی، ئەوا شانسی مرۆڤەکان لە زاڵبوونی بەسەر ململانێ زۆر قووڵترەکانی دیکەدا کە شارستانیەتە جیهانییەکانی گرتووەتەوە، دەبێت چەندە بێت؟!. ل260

مەسەلەی جەنگ و  دژایەتیی تیرۆر

ئەم نووسەرە خاوەنی بۆچوونی تایبەت بەخۆیەتی لە بارەی تیرۆرەوە، کە تەواو جیاوازە لەگەڵ بۆچوونی زۆربەی بیرمەندانی تری جیهان، ئەو بە شێوەیەکی زانستیی و بە پشت بەستن بە زانستی دەروونشیکاریی و ئاماری کوژارو بریندارەکان لە جیهاندا، شرۆڤەی خۆی لەمبارەیەوە دەخاتە ڕوو. کە تاڕادەیەک جیاوازە لە هی بیرمەندانی تر.

نووسەر بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری گرنگ، پێی وایە کە لە ئەمڕۆماندا، توندوتیژی هێندە مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی نییە، هێندەی مرۆڤەکان بە نەخۆشی دەمرن، کەمتر بە جەنگ و توندتیژی دەمرن. لەمبارەیەوە دەڵێت: 

ئەم چەند دەیەی دوایی ئاشتیانەترین قۆناغی مێژووی مرۆڤایەتی بووە. لە کۆمەڵگە کشتوکاڵییە سەرەتاییەکاندا توندوتیژی مرۆیی لە 15% ی خەڵکی کوشتووە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە سەدەی بیستدا 5% بووە، ئەمڕۆ تەنها لە1%  خەلكی بەهۆی توندوتیژی مرۆییەوە  گیان لە دەستدەدەن. ل 282

دەشڵێت:

1.25 ملیۆن کەس بەهۆی رووداوی هاتۆچوو مردوون، 3.5 ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشی شەکرە. بەهۆی پیسبوونی ژینگە 7 ملیۆن کەس مردوون . 364

دواتریش قسەی زیاتر لەبارەی تیرۆرەوە دەکات و دەڵێت: 

تیرۆر چەکی پەراوێزخراو بەشە لاوازەکەی مرۆڤایەتییە، ل260

ئەگەرچی تەحەداکان بێپێشینەن و ئەگەرچی ناکۆکییەکان بەهێزن، بەڵام ئەگەر بەسەر ترسەکانماندا زاڵ بین و کەمێک لەبارەی بیروڕاکانمانەوە خاکەڕا بین، ئەوا مرۆڤ دەتوانێت بەسەر ئەواندا زاڵ بێت و بارودۆخی خۆی باشتر بکات. ل261

8.jpg

لەهەمووشی گرنگتر بۆمن، بۆچوونیەتی لەبارەی تیرۆریستانەوە: 

تیرۆریستەکان  مامۆستای کۆنتڕۆڵکردنی مێشکن، ژمارەیەکی کەم دەکوژن، بەڵام ترس دەخەنە دڵی ملیۆنان کەسەوەو بونیادەیڵێکی هاوشێوەی پەیمانی ئەوروپا بەزاڵە دێنن. ل 263

تیرۆریستەکان وەکو جەنەڕاڵی سووپاکان نا، بەڵکو هاوشێوەی شانۆنووسەکان بیردەکەنەوە. ئەوانەشی رووبەروی تیرۆریزم دەبنەوە، پێویستە زیاتر وەکو شانۆنووسەکان بیربکەنەوە، نەک جەنەڕاڵێکی سووپا. 

مانای دەقیقی وشەی تیرۆریزم، بریتییە لە ستراتیژییەکی سەربازی کە هیواخوازە لە بری ژیانی ماددی لە رێگەی دروتسکردنی ترسەوە بارودۆخی سیاسی بگۆڕێت. ل 364

بۆچی زلهێزەکان جەنگ ناکەن؟

نووسەر شارەزایییەکی زۆرباشی لە مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، ئەمەش سوودێکی ڤرە خاسی بە نووسەر بەخشیوە، تاوەکو باشتر لە دونیای ئەمڕۆمان بگات. نووسەر پێی وایە لە ئەمڕۆاندا جەنگ لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکان کارێکی ئەستەمە ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، گرنگترینیان ئابوورییە.  لە ئێستادا ژێرخانی ئابووری جیهان بەو شێوەیەی جاران نییە، کە هێزێکی داگیرکەر بێتو دەست بەسەر خیروبێری وڵاتان بگرێت. هەراری دەڵێت: 

ئەمریکییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا بەداگیرکردنی کانە زێڕەکانی کالیفۆرنیا و کێڵگە کشتووکالییەکانی تەکساس، برەویان بە خۆیان دا. بەڵام ئەو رێگەیە لەسەدەی بیستویەکدا تەنها دەستکەوتێکی زۆر کەمی هەیە، ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرەکی ئابووری، زانستی و تەکنۆلۆژی و دامەزراوەییەیە نەک گەنم و تەنانەت کێڵگەی نەوتیش، تۆ ناتوانیت لەرێگەی جەنگەوە  زانست بەدەستبهێنێت. ل294 

دوو هۆکاری تریش  ئەگەری جەنگ لە نێوان زلهێزەکان کەم دەکەنەوە ئەوانیش پەیوەندییان بە بوونی چەکی ئەتۆمی و بوونی جەنگی سایبیرییەوە هەیە.

پرسیار لەبارەی ژیان و مەرگەوە

مەسەلەی ژیان ، بابەتێکی گرنگی تری ئەم کتێبە پێکدەهێنێت و قسەی زۆر جوان لەبارەی ژیان و مەرگەوە دەکات.

کاتێک خەڵكی پرسیار لەمانای ژیان دەکەن، چاوەڕێی  ئەوەن کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، مرۆڤی ژیر ئاژەڵێکی  چیرۆکخوانە، کە لە چوارچێوەی چیرۆکدا بیردەکاتەوە، نەک لە ژمارە و هێڵکاریدا و بڕوای وایە کە بوون، هاوشێوەی چیرۆکێک دەجووڵێتەوە کە لێوانلێوە لە پاڵەوان و خراپەکار و ململانێێی چکاسازی، خاڵی لووتکە و کۆتاییەکی خۆش. ل 424

ئەگەر دەتانەوێت لەمردن تێبگەن، پێویستە لە ژیان تێبگەن ل486 

سیستمی پەروەردەو فێربوون

نووسەر پانتایی باش بۆ سیستمی فێربوون دادەنێت و بە یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی دادەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان و دەڵێت:

زۆرێک لە شارەزایانی پەروەردەو فێرکردن بڕوایان وایە پێویستە قووتابخانەکان چوار مەرجیان تێدابێت کە بریتین لە: بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، پێوەندی، هاوکاری و داهێنان. پێویستە قووتابخانەکان ئاستی هونەرە تەکنیکییەکان کەم بکەنەوەو جەختێکی زیاتر  لەسەر ئامانجە گشتییەکانی هونەرەکانی ژیان  بکەنەوە، ل 412 

سەردەمی مێتا حەقیقەت

چەمێکی نوێی تر کە هەراری دایهێناوە» مێتا حەقیقەت»ە. لەمەشدا تەکنەلۆژیا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت، بۆ سەرلێشواندنی مرۆڤ و زاڵبوونی درۆ بەسەر راستیدا

 ئەم سەردەمە نوێیەی تێیدا دەژین، سەردەمێکی ترسناکی « مێتا حەقیقەت»ە، کە تێیدا چواردەورمان بە تەواوەتی بە درۆ و ئەفسانە گیراوە. ل370

ئەگەر کوشتن لەبەر خاتری  دادپەروەری کارێکی دروست بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە درۆکردنیش کارێکی دروستە، ل370

ئەگەر هەزاران کەس بۆ ماوەی مانگێک  بڕوا بە چیرۆکێکی دروستکراو بکەن، ئەوا ئەو چیرۆکە دەبێت بە هەواڵێکی درۆینە، کاتێک ملیاردێک کەس بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بروا بەو هەواڵە بکەن، ئەوا ئەو چیرۆکەکە دەبێت بە ئایین، دواتریش ئامۆژگاری دەکرێین کە بە « هەواڵی درۆینە « ناوی ئایین نەبەین، بۆ ئەوەی هەستی ئیماندارەکان بریندار نەبێت یان تووڕە نەبن ل 375

دواتر باس لە قسەیەکی جۆزێف گۆبڵزی وەزیری پروپاگەندەی نازییەکان دەکات و دەڵێت:

ئەگەر درۆیەک  یەکجار بگووترێت، وەکو درۆیەک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر درۆیەک هەزارجار بگوترێتەوە، دەبێتە حەقیقەت. 379 

ئامانجی هێز گۆڕینی واقیعە ، نەک بینینی حەقیقەت بەو شێوەیەی کە هەیە، کاتێك چەکوشتان بە دەستەوەیە، هەموو شتێکتان وەکو بزمار دێتە  بەرچاو، کاتێک خاوەنی هێزیکی زۆرن، هەموو شتێکتان وەکو بانگهێشتکردن بۆ دەستێوەردان دەبینن. ل 355

هێزێکی مەزن وەکو چاڵێک رەش کار دەکات، کە فەزای دەوروبەری خوار دەکات. ل355

سیاسەتمەدار

زۆر بیرمەند قسەی لەبارەی کەسایەتی سیاسەتمەدارەوە کردووە، لێ هەراری لەمەشدا خاوەنی بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی و دەڵێت:

هەرکاتێک سیاسەتمەدارەکان لەناو کۆمەڵێک دەستەواژەی نهێنیئامێزدا قسەیان کرد، ئاگاداربن، ڕەنگە لە هەوڵی ئەوەدابن ئازاری راستەقینە بە لەفافی دەستەواژەی ناڕوون بشارنەوە. ئاگاداری وشەکانی خوارەوە بن: قووربانی، نەمری، پاکی،ڕزگاری،، بیستنی هەریەک لە مانە حوکمی زەنگی  مەترسی هەیە. ل 483

پێشبینیکردن بۆ داهاتوو زەحمەتە

خاڵێکی سەرنجراکێشی تر مەسەلەی پێشبینیکردنە بۆ ژیانی داهاتوو یان ژیانی پەنچا ساڵی تر. لەمەدا نووسەر  خاوەنی  بۆچوونێکی تایبەتە. هەراری دەڵێت: ئەگەر کەسێک لە ساڵی 1018 دا لە چین بژیبایە دەیزانی رێی تێدەچێت ئیمپراتۆریەتی سۆنگ لە ساڵی 1050 دا برووخێت و ئەگەری هەیە کە تاعون ملیۆنان کەس بکوژێت، لەهەمانکاتیشدا چینییەکان لە ساڵی 1050 هەر خەریکی کاری کشتوکاڵ و چینین بن، بەڵام لە بەرانبەردا ئەمڕۆ هیچ نازانین کە چین و سەرباقی دونیا ساڵی 2050 دا بە چ شێوەیەک دەبێت؟ نازانین خەڵکی چۆن دەژین؟ سوپا و دیوەخانەکان چۆن  دەجووڵێنەوە.ل 410 

هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگڕێنێتەوە: ئێمە لە سەدەی بیستویەکدا رووبەروی حەجمێکی زەبەلاحی زانیاری دەبینەوەو تەنانەت سانسۆرکارانیش هەوڵ نادەن رێگەیان لێ بگرن، بەڵکو لە بری ئەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵەن، یان بە بابەتی بێ پێوەندییەوە سەرقاڵمان دەکەن. ل411

یۆگا وەکو رزگارکەر

لە هەمووی سەیرتر بەلامەوە دەرئەنجامی بیرکردنەوەی هەرارییە، کە پێی وایە مرۆڤ لە رێگای « یۆگاوە» دەتوانێت بەسەر کێشەکانی ناخیدا زاڵ بێت. جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی «میدیتەیشن» ماوەیەکی زۆرە لەناو جیهاندا برەویی هەیە، جاران تەنها لە هیندوستان خەڵکی گرنگی پێدەدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە تەواوی جیهاندا گرنگی بەم وەزرشە عیرفانییە دەدرێت. 

هەراری دەڵێت: وێڕای هەموو ئەو کتێبانەی خوێندبوومەوەو ئەو هەموو بەشدارییەی وانەکانی زانکۆ، بە نزیکەیی هیچ شتێكم لەبارەی هزری خۆمەوە نەدەزانی و کۆنتڕۆڵێکی زۆر کەمم بەسەریدا هەبوو. ل487

دواتریش دەڵێت:

میدیتەیشن بۆ من، هەرگیز  دژی لێکۆڵینەوەی زانستی نەبووە، بەڵکو هاوشێوەی ئامڕازێکی بایەخداری دیکە لە کۆمەڵەی ئامڕازە زانستییەکاندا کاریکردووە، بەتایبەتی کاتێک هەوڵ دەدەین لە هزری مرۆیی تێبگەین.  زانست لە ڕاڤەکردنی نهێنییەکانی مێشكدا کێشەی گەورەی لە پێشدایە،چونکە  ئامڕازی پێویستمان لە بەردەستدا  نییە. ل 490

میدیتەیشن لە بنەڕەتدا  میتۆدێکە بۆ تێبینیکردنی ڕاستەوخۆی هزری خۆت.ل493

دوا قسە

دامنابوو قسەی زیاتر لەبارەی ئەم کتێبەوە بکەم، بەڵام پێمباش نییە باسی بەشێکی زۆری ئەم کتێبە بۆ خوێنەران بکەم، باشترە خۆیان بچن کتێبکە  بخوێننەوە، زانیاریی و جێژی زیاتری لێوەردەگرن.

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم، هەراری لە ئێستادا خاوەنی تێڕوانینێکی زۆر جوانە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی، هیوادارم  لە جیهاندا برەوی زیاتر بە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی بدرێت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا. 

لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک ئاری رەشید بکەین، بەراستی کارێکی باشیکردووە ئەم کتێبە جوانەی پێشكەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، چاوەڕوانی  کاری جوانتری لێدەکەین.

سەرچاوە:

یووڤاڵ نووح هەراری. 21 وانە بۆ سەدەی 21 . وەرگێڕانی: ئاری رەشید. دەزگای جەمال عیرفان. سلێمانی. 2020

PUKmedia ئەردەڵان عەبدوڵڵا


وێنە هەواڵ
  • image04
  • سێ شەمە یەكەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزانە

  • image04
  • خانه‌قین.. په‌رده‌ له‌سه‌ر تابلۆی شه‌ھیدانی ھه‌ڵۆی سور لادرا

  • image04
  • كۆڕێ، ئه‌و داستانه‌ی به‌رگریی یه‌كێتی به‌ده‌ستیهێنا

  • image04
  • رۆژی كه‌وتنی بته‌كه‌

  • image04
  • بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنەكان بەڕێوەدەچێت

  • image04
  • 21 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی برایم ئه‌حمه‌د تێده‌په‌ڕێت

  • image04
  • سه‌رۆك کۆمار نامه‌یه‌كی له‌ قه‌داسه‌تی پاپا فرانسیس پێگه‌یشت

  • image04
  • 16 ساڵ پێش ئێستا بۆ یەكەمینجار پێشمەرگەیەك بوو بەسەرۆك كۆمار


                                           

ناوه‌ندی فینلاند سه‌ردانی باڵیۆزخانه‌ی عیراق ده‌كات


رۆژی پێنجشه‌ممه رێكه‌وتی 8-4-2021 له‌ شاری هیلسنكی وه‌فدێكی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ فینلاند سه‌ردانی...


  ژنە كوردێك لە فەڕەنسا كوژرا
  دكتۆریكی كورد لە كەنەدا گیانی لەدەستدا
                                           

چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د زه‌هاوی


هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د زه‌هاوی: زۆربه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی من ،له‌ فلكلۆر و  كلتوری كوردی سه‌رچاوه‌ ده‌گرن

هونه&...


  د.یاد نەقشبەندی:29 حاڵەتی توشبوی كۆرۆنا تەندروستیان زۆر ناجێگیرە
  چێشتخانه‌یه‌ك له‌هه‌ورامان خواردنێكی جیاواز پێشكه‌ش ده‌كات
                                           

ڕه‌هه‌نده‌ یاساییه‌كانی تاوانی ئه‌نفال

 تاوانی ئه‌نفال یه‌كێكه‌ له‌ تاوانه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كان كه‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد ئه‌نجام درا له‌ ساڵی ١٩٨٨ ، كه‌ب...


  ئەنفال تاوانی سەدە
  وێنه‌.. مه‌راسیمی ئه‌نفال له‌ چه‌مچه‌ماڵ


کاریکاتێر