جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن و رۆڵی كورد تێیدا
ساڵی ١٩١٥، به ترۆپكی كوشتار و قڕكردنی گه‌لی ئه‌رمه‌ن داده‌نرێت له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی‌دا و به یه‌كه‌م جینۆساید له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت له مێژووی نوێی مرۆڤایه‌تیدا. ئه‌گه‌رچی كوشتاره‌كه به‌شێوه‌ی پچڕپچڕ و له ژێر په‌رده و به‌هانه‌ی جۆراوجۆردا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می هاتنه سه‌رته‌ختی سوڵتانی عوسمانی عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م له ساڵی ١٨٧٦دا و به‌تایبه‌تیش له پاش جه‌نگی رووسیا و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له ساڵانی ١٨٧٧ – ١٨٧٨دا و شكستی عوسمانییه‌كان له‌و جه‌نگه‌دا و تۆمه‌تبار كردنی ئه‌رمه‌ن به پشتیوانی كردنی رووسیا. لێره به‌دواوه ده‌وڵه‌ت كه‌وته شه‌ڕفرۆشتن به ئه‌رمه‌نه‌كان و له ژێر به‌هانه و پاساوی جۆراوجۆر و درووستكراودا كه‌وته داڕشتنی پلانی سیاسه‌تێكی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ قڕكردن و له‌ناوبردنیان. له‌م قۆناخه‌دا و تا ساڵی ١٩١٥ سێ ویستگه‌ی گرنگ هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌ن له ساڵانی ١٨٩٤ و ١٨٩٦ و ١٩٠٩دا و ئه‌مه‌ی دواییان كه‌وته سه‌رده‌می "توركه لاوه‌كانه‌وه" كه له ساڵی ١٩٠٨دا ده‌سه‌ڵاتی كردارییان گرته‌ده‌ست، هه‌رچه‌نده هێشتا حوكمی سوڵتانی عوسمانی وه‌ك ناو هه‌ر مابوو. دواتر له ساڵی ١٩١٥دا و له‌ژێر په‌رده‌ی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا (١٩١٤ – ١٩١٨) و به پاساوی چۆڵكردنی به‌ره‌كانی جه‌نگ له خه‌ڵكی متمانه پێنه‌كراو به فه‌رمی و بێ شاردنه‌وه كه‌وتنه راگواستنی ئه‌رمه‌ن (كه له قۆناخی دووه‌مدا كوردیشی گرته‌وه) و له گه‌رماوگه‌رمی راگواستنهكهدا، بۆ بیابانه‌كانی سووریا، كه هه‌ر به‌شێك بوو له خاك و قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی، كه‌وتنه قڕكردنیان و ژماره‌یه‌كی كه‌میان به هه‌ژاری و داماوی گه‌یشتنه شوێنی مه‌به‌ست و له‌وێش دیسان زۆربه‌یان كوشتن یان له‌به‌ر ماندوێتی و نه‌خۆشی و هه‌ژاری له‌ناوچوون یان له‌برسا مردن. ئه‌مه ئه‌و به‌سه‌رهاته سامناكه‌ی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه كه‌وا به‌شێك له كوردیشی تێدا تۆمه‌تبار ده‌كرێت به ئه‌نجامدانی ئه‌و كوشتاره به‌كۆمه‌ڵه، هه‌رچه‌نده به‌شه هه‌ره زۆره‌كه‌ی كورد وه‌ك فریادڕه‌س و به‌هاناوه‌چووی ئه‌رمه‌ن رۆڵی بینیوه به‌ڵام ئامرازه‌كانی پرۆپاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و مژده‌ده‌ره كریستیانه‌كان، كه له‌و ده‌مه‌دا رۆڵێكی گه‌وره‌یان گێڕاوه له وڵاتی عوسمانی‌دا و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته زلهێزه بهرژهوهندخوازهكانی رۆژئاوا و بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیی ئه‌رمه‌ن خۆیشی رۆڵی به‌رچاویان بینیوه له تۆمه‌تباركردنی كورد به‌گشتی له‌م جینۆسایده‌دا و به‌دناوكردنی له مێژوودا.
ده‌وڵه‌تی عوسمانی، به سه‌ده‌یه‌ك زیاتر پێش جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و دواتر هه‌ڵوه‌شانه‌وه و له‌ناوچوونی له‌ئه‌نجامی ئه‌و جه‌نگه‌دا، تووشی لاوازی و داڕووخان بووبوو. گه‌له ژێرده‌سته‌كانی، كه چه‌ندین سه‌ده بوو به‌ده‌ست زوڵم و سته‌می بێئامانی كاربهدهستانیهوه ده‌یانناڵاند، كهوتبوونهخۆ بۆ رزگاربوون له رژێمێكی ئیمپراتۆریی گه‌نده‌ڵی وا كه سه‌رده‌م و زه‌مانی به‌سه‌رچووبوو و چیتر نه‌ده‌گونجا له‌گه‌ڵ بیری ناسیۆنالیستیی تازه چهكهرهكردووی ئه‌و میلله‌تانه‌دا و به‌تایبه‌تی گه‌لانی بنده‌ستی عوسمانی له ئه‌وروپادا و ئه‌وانه پاش زنجیره‌یه‌ك راپه‌ڕین و شۆڕش له ناوچه‌ی بهڵكاندا، به هاوكاری و ده‌ستێوه‌ردانی وڵاته زلهێزه‌كانی وه‌ك رووسیا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا، هه‌موویان له‌ژێرده‌ستی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی ده‌رچوون و سه‌ربه‌خۆییان راگه‌یاند. ئه‌م بارودۆخه نوێیه، كاری كرده سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تری ناو ئیمپراتۆرێتهكه؛ چه‌شنی ئه‌رمه‌ن و كورد و عه‌ره‌ب و .. تاد، بۆ خۆڕێكخستن و جۆشدانی خه‌بات و تێكۆشان له‌پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه نهتهوهییهكانیاندا، به‌ڵام حكومه‌تی عوسمانی، به زه‌بری ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سوپایه‌ی كه هێشتا مابووی، سڵی نه‌ده‌كرده‌وه له سه‌ركوتكردنی ئه‌و راپه‌ڕین و شۆڕشانه و ئه‌وپه‌ڕی تاوانی ئه‌نجامده‌دا و بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی خۆی شێلگیرانه و دڕندانه‌ش ده‌ستی له هه‌ر سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخودانێكی گه‌لانی بنده‌ستی نه‌ده‌پاراست. سوپای عوسمانی هه‌رچه‌نده له دوو جه‌نگی سه‌ره‌كیی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له‌گه‌ڵ رووسیای قه‌یسه‌ریدا شكستی هێنابوو؛ له جه‌نگه‌كانی ساڵانی 1828 – 1829 و 1877 – ١٨٧٨دا و له‌م قۆڵه‌شه‌وه رووبه‌ری به‌رفراوان خاك و قه‌ڵه‌مڕه‌وی لێزه‌وتكرا، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر سیاسه‌تی زه‌بروزه‌نگ و سه‌ركوتكردنی گه‌لانی بنده‌ستی.
سه‌باره‌ت به كورد؛ رژێمی عوسمانی، دركی به‌وه كردبوو كه چاوپۆشیكردن له میرنشینه‌كانی، به‌ره‌و ئاقارێكی باش ناڕوات و به سوودوه‌رگرتن له ئاینی ئیسلام و ئه‌قڵییه‌تی په‌یوه‌ستبوون به ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت له لایه‌ك و كه‌ڵكوه‌رگرتن له ناكۆكیی نێوان میرنشینه كورده‌كان خۆیان و یه‌كتر قبووڵ نه‌كردنیان و شه‌ڕوشۆڕیان به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ی بوونیان، بوو به هۆی لاوازییان، بێگومان به هۆكاری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان و تۆڕێكی به‌رفراوانی مسیۆنێره مه‌سیحییه‌كان، كه له‌ژێر په‌رده‌ی ئایندا هه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی جۆراوجۆری ئه‌و زلهێزانه كاریان ده‌كرد و سه‌ره‌نجامیش له‌ناوبردنی یه‌ك له‌دوای یه‌كی ئه‌و میرنشینه فیوداڵانه تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده له‌سه‌رده‌ستی سوپای عوسمانی. هه‌رچه‌نده دواتر، بووژانه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی، ورده ورده كاری خۆی ده‌كرد و لێره و له‌وێی كوردستانی ژێرده‌ستی عوسمانی‌دا راپه‌ڕین به‌رپا ده‌كرا، كه زۆربه‌یان به سه‌ركردایه‌تیی رابه‌ره ئاینی و سه‌رۆك خێڵه فیوداڵه‌كان بوو. ئه‌م ناڕه‌زایی و راپه‌ڕینانه‌ش به هۆكاری جیاجیا، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌ركوت ده‌كران و شكستیان ده‌هێنا.
سه‌باره‌ت به گه‌لی ئه‌رمه‌نیش، كه له‌م باسه‌دا جێی مه‌به‌ستمانه؛ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده، دراوسێ و تێكه‌ڵی كورد بوون له كوردستانی باكووردا و گه‌لێ هۆكار وایكرد كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستدا، كۆمه‌ڵكوژییان ده‌رهه‌ق ئه‌نجامبدات و نزیكه‌ی ملیۆن و نیوێك خه‌ڵكی بێ‌تاوانیان لێ قڕ بكات و له زێد و شوێنی خۆیان رایانبگوێزێت، به چه‌شنێكی سه‌رسه‌ختانه و دڵڕه‌قانه‌ی وا كه تا ئه‌و ده‌مه نموونه‌ی نه‌بووه له مێژووی نوێی مرۆڤایه‌تیدا و تائێستاش په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه به نێوچه‌وانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و حكومه‌ته نه‌ژادپه‌رسته‌كانی میراتگریهوه.
راسته له‌میانه‌ی پرۆسه‌ی جینۆسایدی گه‌لی ئه‌رمه‌ندا، ئاڵۆزی و ته‌مومژ و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان و نێرده مژده‌ده‌ره مه‌سیحییه‌كان و توندڕه‌ویی ئاینی و مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌ی خاك؛ كه‌وا هه‌رلایه‌ك كورد و ئه‌رمه‌ن، باكووری ئێستای كوردستانی به هی خۆی ده‌زانی، كه بریتیبوون له شه‌ش ویلایه‌تی: وان، دیاربه‌كر، ئه‌رزڕووم، خه‌رپووت، سیواس، به‌دلیس، كه زۆرینه‌ی دانیشتوانیان كوردبوون و لای كورد به كوردستان له‌قه‌ڵه‌مده‌درا و لای ئه‌رمه‌نیش به ئه‌رمه‌نستانی رۆژئاوا داده‌نرا و هه‌وڵێكی زۆری ده‌دا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م خاكه رابگه‌یه‌نێت بێ ره‌چاوكردنی زۆرینه‌ی دانیشتوانه كورده‌كه‌ی. له‌م رووه‌وه، مه‌سه‌له‌ی ئه‌رمه‌ن سه‌رباری رهواییهكهی، به‌ڵام له‌لایه‌ن رابه‌ران و پارته نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی ئه‌رمه‌نه‌وه بهرژهوهندخوازییهكی ته‌سكبین و كورتبینییهكی زۆری تێداكرا و سه‌ره‌نجام به‌وه شكایه‌وه كه داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بیانكه‌ن به ناحه‌ز و دوژمنی یه‌كتر و له‌و رێگه‌یه‌وه پلانه‌كه‌ی سه‌ربخات و تاڕاده‌یه‌ك كوردیش به‌هه‌مان ده‌رد ببات.
بێگومان ده‌بێت پێ له‌و راستییه بنێین، كه له‌و كوشتاره‌دا، كورد یان به‌شێك له كورد، به‌ئاگایی بێت، یان بێئاگایی و له‌خشته‌بردنی بێت له‌لایه‌ن داموده‌زگاكانی حكومه‌تی عوسمانی و پاشتریش ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی، یان توركه لاوه‌كانه‌وه، رۆڵێكی خراپی بینیوه له‌و كوشتاره‌دا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م كاره، ته‌نها به‌شێك له سه‌رۆك خێڵ، یان كارتێكردووی نه‌زانی و توندڕه‌ویی ئاینییه‌وه بووه، كه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا یهكیگرتووهتهوه. له‌ولاشه‌وه، سه‌ركێشیی حیزب و گرووپه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی ئه‌رمه‌نیش، به‌هۆی تۆڵه‌كردنه‌وه و پێشقه‌ره‌وڵی كردنی سوپای رووس، كه‌میان به رهشهخهڵكی كورد نه‌كردووه و زه‌مینه‌یه‌ك ره‌خساوه كه‌وا هه‌ردوولا ببنه دارده‌ستی تورك و وڵاته زلهێزه بهرژهوهندخوازهكان و ئه‌نجام هه‌ردوو به گورگانخواردوو بچن.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بۆچوونانه به هیچ شێوه‌یه‌ك پاساو نیه بۆ ئه‌و دڵڕه‌قی و دڕنده‌ییه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌نجامدراوه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی كه پێویسته په‌ندێكی مێژوو بێت بۆ هه‌ردوو گه‌لی دراوسێ، تا بتوانن زاڵ‌بن به‌سه‌ر ئه‌و "رقئهستوورییهی" تائێستاش دڵ و ده‌روونی نه‌وه و وه‌چه‌كانی دواتری به‌تایبه‌ت به‌شێك له ئه‌رمه‌نی لێپاكنهبووهتهوه و بتوانرێت زه‌مینه‌یه‌كی گونجاوی وا سازبكرێت، كه هه‌ردوو گه‌ل شانبه‌شانی یه‌كتر ئایندهی خۆیان بنیاتبنێن و په‌ندی ته‌واویش له خوێنی به‌ناهه‌ق رژاوی قوربانییان وه‌ربگرن و به لێكتێگه‌یشتن بتوانن خه‌م و دووكه‌ڵی ئه‌و مێژووه ره‌شه بڕه‌وێننه‌وه و لایه‌نه پرشنگداره‌كانی هاوكاری و مرۆڤدۆستانه‌ی سه‌دان و هه‌زاران كه‌سی كورد بخه‌نه‌ڕوو، كه رۆڵێكی جوامێرانه‌یان بینیوه له رزگاركردنی ئه‌و ئه‌رمه‌نانه‌ی باوباپیری نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی گه‌لی ئه‌رمه‌نن.
محه‌مه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق
PUKmedia