riklam

ساڵیادی شه‌هیدبوونی مامه‌ ریشه‌ هه‌ڵۆكه‌ی گه‌رمیان

کوردستان 10:24 AM - 2016-01-24
شه‌هید نه‌جمه‌دین شوكر ره‌ئوف ناسراو به‌مامه‌ ریشه‌

شه‌هید نه‌جمه‌دین شوكر ره‌ئوف ناسراو به‌مامه‌ ریشه‌

ئه‌مڕۆ 24-1-2016 ساڵرۆژی شه‌هیدبوونی هه‌ڵۆكه‌ی گه‌رمیان، مامه‌ریشه‌یه‌.

شه‌هید نه‌جمه‌دین شوكر ره‌ئوف ناسراو به‌مامه‌ ریشه‌، ساڵی‌ 1953 له‌گوندی‌ (تاڵه‌بان)ی‌ سنووری‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌دایكبووه‌.

مامه‌ ریشه‌ له‌به‌ر لێهاتوویی‌ و ئازایی‌ و جوامێری‌ خۆی‌ چ وه‌ك كادیرێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌نه‌به‌ردییه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر دوژمن، چ وه‌ك كادیرێكی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ناو جه‌ماوه‌رو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ساڵی‌ 1982 ده‌كرێت به‌فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 4ی‌ جه‌باری‌.

هه‌ر ئه‌م ئازایه‌تی‌ و خۆڕاگریه‌ی‌ مامه‌ ڕیشه‌ وایكرد دوژمن بكه‌وێته‌ راوه‌دونانی‌ خێزانه‌كه‌یان و ئازاریان بدات، بۆیه‌ له‌ساڵی‌ 1981 مام شوكری‌ باوكی‌ ده‌ستگركرا و دوای ماوه‌یه‌كیش له‌بزربوونی، ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌.

مامه‌ ریشه‌ یه‌كێكه‌ له‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ی‌ كه‌ده‌ورێكی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌زۆر داستان و نه‌به‌ردی و چالاكی پێشمه‌رگانه‌دا، به‌شداری و فه‌رمانده‌یی زۆر شه‌ڕی گه‌وره‌ی كردووه‌، وه‌ك: داستانه‌كانی‌ حه‌مك و ژاڵه‌ی‌ ده‌ربه‌ندو ژاڵه‌ی‌ خوێڵێن و بێتواته‌و ناوچه‌ی‌ قه‌ره‌حه‌سه‌ن و جه‌باری‌ و شێخ بزێنی‌ و بۆسه‌كانی‌ ده‌شتی‌ كاكی‌ به‌كاكی‌ و كۆڵنجه‌ڕێڕێی‌ گه‌رمیان و بۆسه‌كانی‌ سه‌ر جاده‌ گشتییه‌كانی‌ كه‌ركوك و سلێمانی‌ و هه‌ولێرو سه‌نگاوو چه‌مچه‌ماڵ و دوز و ...هتد.

مامه‌ ریشه‌ی‌ جه‌باری‌ نه‌ده‌رچووی‌ هیچ كۆلێژێكی‌ سه‌ربازی‌ و نه‌هیچ تاج و نه‌جمه‌و ئه‌ستێره‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر شان بوو، ئه‌و ته‌نیا قاڵبووی‌ بۆته‌ی‌ خه‌باتی‌ ره‌وای‌ گه‌لێكی‌ سته‌م لێكراوبوو، ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی‌ ره‌وای‌ گه‌له‌كه‌ی‌ و باوه‌ڕبوون به‌ئازادی‌ و سه‌رفرازی‌ وای‌ لێكردبوو ده‌رس و وانه‌ی‌ هه‌زاران ئه‌فسه‌رو ده‌ره‌جه‌ داری‌ رژێمی‌ روخاوی‌ به‌عسی‌ بدات.

رۆژی 17/3/1983، مامه‌ ریشه‌ له‌گه‌ڵ (كچان حوسێن)ی خه‌ڵكی‌ گوندی‌ (قه‌ره‌تامور) چۆته‌ ژیانی هاوسه‌رێتییه‌وه‌، دواتر خۆی ناوی كچانی گۆڕیوه‌ به‌(نیشتمان)، به‌رده‌وام له‌جه‌وله‌كانیدا هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا بووه‌.

نیشتمان خان-ی‌ هاوسه‌ری مامه‌ ریشه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌: جارێكیان چووین بۆ دێیه‌ك له‌نزیك بێتواته‌ ، جێیان نه‌ده‌كردینه‌وه‌، پاشان ریشه‌ وتی‌: ئه‌گه‌ر مامه‌ ریشه‌ بێت جێگای‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كابرا وتی‌: ده‌یخه‌ینه‌ ناوچاومان، ریشه‌ وتی‌: ده‌كه‌واته‌ من مامه‌ ریشه‌م، ئیتر كه‌زانیان وایه‌، جێگه‌یان كردینه‌وه‌و رێزی‌ زۆریان لێناین.

له‌كاتی‌ گفتوگۆی‌ یه‌كێتی‌ و به‌عس، رژێم به‌ده‌رفه‌تی‌ زانی‌ له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا پیلانه‌كه‌ی‌ جێ‌به‌جێ بكات، بۆیه‌ ته‌حسین شاوه‌یسی‌ راسپارد، به‌فێڵی‌ ئه‌وه‌ی‌ گوایه‌ ده‌یه‌وێت بێته‌ ناو سه‌نگه‌ری‌ شۆڕشه‌وه‌و وازله‌سه‌نگه‌ری‌ دوژمن بهێنێت، له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و پیلانه‌ نامه‌ردانه‌یه‌ رۆژی‌ 24/1/1985 له‌گوندی‌ (حه‌سه‌ن ئاوا)ی‌ سنووری‌ كه‌ركوك مامه‌ ریشه‌و هه‌ردوو هاوڕێكه‌ی‌ (سه‌ردارو موحسین بیكه‌یسی)، له‌ڕێگه‌دا درانه‌ به‌ر ده‌ست ڕێژی گولله‌‌ی جاشه‌كان و شه‌هیدكران.

هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی مامه‌ ریشه‌ و هاوڕێكانی و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان.

     PUKmedia     ئاماده‌كردنی/ جه‌واد حه‌یده‌ری
    

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket