riklam

پێنجوێن لەسەر پارێزگای سلێمانی دەمێنێتەوە یان هەڵەبجە؟

kurdistani 12:00 PM - 2014-12-19
چاوه‌رِوانی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ێاره‌نوسی قه‌زاكه‌یانن

چاوه‌رِوانی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ێاره‌نوسی قه‌زاكه‌یانن

دوا بەدوای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید‌و لێكەوتنەوەی كاردانەوەكان بەتایبەتی لەماوەی رابردوودا، بەتایبەتی لەلایەن دانیشتوانی ناوچەكانی (شارەزوور‌و سەیدسادق‌و پێنجوێن) لەئێستادا جارێكی تر سات بەدوای سات لەگەڵ زیاتر جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی بە پارێزگابوونی‌و هەڵەبجە.

دانیشتوانی سنووری قەزای پێنجوێن‌و دەوروبەری لەڕێگەی PUKmedia وە، داواكارن لەئایندەیەكی نزیكدا بۆیان یەكلایی بكرێتەوە كە ئاخۆ لەسەر پارێزگای سلێمانی دەمێننەوە یاخود دەچنە سەر پارێزگا نوێیەكەی هەرێمی كوردستان.
لای خۆشیەوە قائیمقامی پێنجوێن، ئاشكرایدەكات، لەگەڵ  خواست‌و داواكاری دانیشتوانی ناوچەكەن ‌و پشتیوانی هەر شتێكیش دەكەن كە لەلایەن خەڵكەوە داوا بكرێت.

بەهۆی ئەوەی كە قەزای پێنجوێن لەرووی سنووری ئیدارییەوە سەر بەپارێزگای سلێمانیە، بەپێی ئامارێكی تایبەتی فەرمانگەی ئاماری پێنجوێن كەوێنەیەكی تایبەت دەست PUKmedia كەوتووە، ژمارەی خێزانی سەنتەری قەزاكە بریتیە لە(6677)‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی دەكاتە (27374) كەس‌و لەناحیەكانی ناڵپارێز‌و گەرمك پێكدێت‌و ژمارەی خێزانی ناحیەی ناڵپارێز بریتیە لە(1154)‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە (4969) كەس‌و ناحیەی گەرمكیش (2210) خێزانی تیا نیشتەجێیە بە گوندەكانیەوە‌و ژمارەی دانیشتوانەكەشی بریتیە لە (9385)كەس، هەروەها كۆی گشتی گوندەكانی (203) گوندە‌و (132) گوندی ئاوەدانە‌و (71) گوندیشی چۆڵكراوە واتە كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە  زیاتر لە (10) خێزانە‌و دانیشتوانی ناوچەكەش دەیانەوێت لەگەڵ یەكلابوونەوەی پۆستەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبحە، بۆ ئەوەی ناوچەكەیان باشتر دەستی ئاوەدانی‌و خزمەتگوزاری پێبگات‌و لەزووترین كاتیشدا یەكلاببنەوە كە  ئایا لەسەر چی  پارێزگایەك دەمێنننەوە.

لەوبارەیەوە، عەلی رەئوف، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، بە PUKmediaی راگەیاند: بۆ بڕیاری پەیوەستكردنی سنووری ئیداری پێنجوێن بەپارێزگای سلێمانی یان پارێزگای هەڵەبجە، ئەوە بڕیارێكە پەیوەندی هەیە بەدانیشتوانی قەزای پێنجوێن ‌و ناحیەكانی دەوروبەری، چونكە ئەوان چییان پێ خۆش بێت‌و بەپێی بەرژەوەندیان دەبێت بڕیار بدەن‌و رێز لەبڕیارەكەیان دەگرین.
وتیشی:  لەدوای  بەڕەسمی ناساندن‌و بەپارێزگابوونی هەڵەبجە،  هێشتا بەڕەسمی هیچمان پێنەگیشتووە‌و پێمان نەوتراوە كە ئاخۆ چارەنووسی پێنجوێن چیی لێدێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو پرسیارە یان ئەو كەیسەمان رووبەڕوو كرایەوە، ئەوا ئێمەش لەو كاتەدا خەڵكی قەزاكە چییان پێباش بێت، بەهەموو شێوەیەك پشتگیرییان دەكەین.

هاوكات، لەماوەی رابردوودا‌و لەمیانی سەردانیكردنی سەرۆك‌و ژمارەیەك لەئەندامانی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ قەزای پێنجوێن‌و هەردوو ناحیەكەی بۆ ئاگاداربوون لەكێشە‌و داواكاریی ناوچەكە، د.ئاسۆ فەرەیدون، پارێزگاری ئێستای سلێمانی ‌و سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی، لەكاتی كۆبونەوەی لەگەڵ قائیمقام ‌و بەڕێوەبەر‌و لێپسراوی فەرمانگە‌و یەكە ئیدارییەكانی سنوورەكە، سەبارەت بەو بابەتە، رایگەیاند: هەر بڕیارێك كە دەدرێت پێویستە بگەڕێینەوە بۆ رای دانیشتوانەكەی‌و بۆ ئەوەش ئەگەر پێویست بكات، ئەوا دەتوانرێت لەرێگەی ئەنجامدانی راپرسیەوە ئەو كەیسە یەكلابكرێتەوە.
ناوبراو، بەڵێنیشدا ئەگەر لەپارێزگای سلێمانی، هەر كاتێك داوای یەكلابونەوەی پێنجوێن كرا بەوەی سەر بەچی پارێزگایەك بێت، ئەوان بەهەموو شێوەیەك پشتگیری رای خەڵك دەكەن‌و بڕیارێك نادەن، كە دژی خواستی خەڵكی ئەو سنوورە بێت.

لەلایەكی ترەوە، ئاوات رەسوڵ، لێپسراوی فەرمانگەی ئاماری پێنجوێن، بۆ  PUKmedia رایگەیاند: ساڵانە چەند روپێوییەك لەبوارە جیاوازەكان لەسنووری پێنجوێن‌و ناحیە‌و گوندەكاندا ئەنجام دەدەین‌و وەك لایەنێكی  پەیوەندیداریش بە وەرگرتنی داتا‌و ئامار، هەر كاتێك ئەگەر بڕیاردرا بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی قەزاكە، ئەوا ئێمە ئامادەین ئەو كارە لەئەستۆ بگرین.

سەبارەت بەوەی چی شێوازێك باش‌و گونجاوە، تا لەزووترین دەرفەتدا راپرسی تیا ئەنجام بدرێت،  ناوبراو ئاماژەی بەوەدا "ئێمە بۆ ئەو پرسە بەدوو شێوە دەتوانین ئامادەكاری بكەین، شێوازی یەكەم ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی بێت، ئەوا كات‌و ئامادەكاری زۆری دەوێت، بەڵام بۆ شێوازی دووەم دەتوانین بەوەرگرتنی نموونەی سامپڵ راپرسیەكە ئەنجام بدەین‌و  ئەوەیان باشتر‌و ئاسانترە.

لای خۆشیەوە فاتیح رەحیم، دانیشتوویەكی قەزای پێنجوێنە، ئەو لەبارەی مانەوەی قەزاكەی لەسەر پارێزگای سلێمانی یان چوونە سەر پارێزگای هەڵەبجە، جەختی لەسەر ئەوەكردوە، كە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان‌و خەڵكی پێنجوێن دەیانەوێت وەك ئێستا لەسەر پارێزگای سلێمانی بمێننەوە لەبەر ئەوەی كە زۆربەی كەسوكارەكەیان لەسلێمانیە.

ئەو هاووڵاتیەی پێنجوێن، وتیشی: ئەمە ئەو ناگەیەنێت كە ئەوان دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بن، بەڵكو ساڵی پاریش پیرۆزباییان لەدانیشتوانی شاری شەهیدان كردووە، بەڵام ئێمە كلتوورێكی دوورودرێژ‌و هاوبەشمان لەگەڵ سلێمانی هەیە‌و لەگەڵ ئەوەشدا لەرووی رێگاوبانەوە، رۆژانە دەچینەوە بۆ سلێمانی بۆ ئەنجامدانی كاروباری حكومی‌و كاری تایبەتی واتە لەسلێمانیەوە نزیكترین.

PUKmedia رێبین حەسەن - پێنجوێن

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket