riklam

دادپەروەریی مێژوویی: دەوڵەتی كوردی هەر ئێستا

kurdistani 01:36 PM - 2014-11-05
.

.

كورد هەموو مافێكی هەیە بۆ ڕاگەیاندنی دەڵەتی سەربەخۆ. كە خاوەنی دەوڵەت نییە واتە چەوسانەوەی زۆری لەسەرە و كارەساتێكی مێژوویی و بێدادیی بەسەردا سەپێنراوە.
سنوری زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەشێكە لە ئەنجامەكانی جەنگی جیهانی یەكەم، و لەسەر میرات و وێرانەكانی ئیمپراتۆریای عوسمانی ئەو سنوورانە بۆ ئەم دەوڵەتانە دروستكراون و بەپێی بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا و فەرەنسا و هەندێك لە هاوپەیمانەكانیان سنوورەكان دیاریكران.
سایكسی ئینگلیز و پیكۆی فرەنسی سەربەخۆیی و دەوڵەتیان بۆ دوو كۆمەڵی دیكەی نائیسلامیش دروستكرد: دەوڵەتێكیان بۆ جولەكە دروستكرد، كە دیاریی بەریتانیا بوو بە پێی پەیمانی بەلفۆر، كە دروستكردنی قەوارەیەكی نیشتمانی بوو بۆ جولەكە. دەوڵەتی لوبنان یشیان بۆ مەسیحیەكان لە باكوری ئیسرائیل دروست كرد و لەلایەن فەرەنساوە پشتیوانی دەكران و لە سوریایان جیا كردەوە.
 ئەو سەردەمە بزوتنەوەی زایۆنی چالاك و كارا بوو، و نەخشی كاریگەریشی هەبوو لە جیهانی ژێردەستی بەریتانیا و فەرەنساش هاوسۆز بوو لەگەڵ مەسیحیەكان و ترسی هەبوو وەكو كەمایەتیەك لە ناو زۆرینەی ئیسلامەكاندا بن، و بۆیە هەردوكیان مافەكانیان پێدرا و دەوڵەتیان بۆ دروستكردن.
ئەم دەوڵەتانە هەموویان لەدوای داڕمانی ئیمپراتۆریای عوسمانی دروستكران، بەڵام كۆمەڵێكی دیكەی نەتەوەیی، كە كوردەكان بوون بەبێ دەوڵەت مانەوە و لەجیاتی دەوڵەتیش لەنێوان چوار دەوڵەتی توركیا، سوریا، عیراق و ئێران دا دابەشیان كردن.
هۆكاری سەرەكی بێبەش كردنی كورد لە دەوڵەت نەبوونی رێكخراوێكی سیاسی كوردی بەهێز بوو، كە نوێنەرایەتیان بكات و لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش لەناو ئوروپادا پشتیوانیان بۆ پەیدا بكات، ئەمانەش سەرباری ئەوەی كە هیچ دەوڵەتێك یان هێزێكی جیهانی یارمەتی نەدان بۆ هێنانەدی مافەكانیان.بەڕاستی كوردیان كردە قوربانی و مەڕی سەربڕاوی رێكەوتنی سایكس و پیكۆ لە ساڵی 1916. سەرەئەنجام كوردیان لەنێوان چوار دەوڵەتدا دابەش و داگیر و فەرامۆش و پەراوێز كرد لەنێوان سنورەكانی دەوڵەتان، و تەنانەت سەدان و هەزارانیان لەخەباتی سەختیان بەرامبەر ئەم دەوڵەتانە لەناوبران.
خراپی و ئاڵۆزی ئەم هەلومەرجە سەپێنراوە كوردیان كردە نەتەوەیەكی ئازا و نەترس و بڕوایان پتەوتر و هۆشیارییان باڵاتر بوو بۆ پرسی نەتەوەكەیان. زۆرجار ئەوان زاڵدەبوون بەسەر پایەندیی و دابەشبوونی خێڵایەتی و سیاسی، و هەستی بەردەوامی ئەوان وەكو نەتەوەیەكی گەمارۆدراو، نیاز و پێویستیان بۆ خەبات و جەنگ لەپێناوی مانەوە و بەدەستهێنانی مافەكانیان والێكردن پەنا بۆ هەموو كەسێك ببەن كە توانای چەك هەڵگرتنی هەبێت، و بۆیەش ئێستا دەبینین ژنانی كورد شان بەشانی پیاوان چەكدارن و دەجەنگن. ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی هەموو گەل و هۆزەكانی دیكەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەلای ئەوان ئەركی ژنان تەنها بەخێوكردن و چاودێری ماڵ و مناڵەكانە.
لەدوای دەركەوتنی داعش لەسەر شانۆی سوریا و عیراق، ڕەوشی كورد بەرەو ئاڵۆزی و خراپی زیاتر چوو. داعش پەلاماری هەموو لایەك دەدات و هەموو ئەوانەش لەناودەبات كە سوننەی ئیسلام نین و هەمووشمان شاهیدی ئەوەین چییان بەسەر ئێزیدی و مەسیحیەكان هێنا و چۆن كارەسات و كۆكۆژی و برسیكردنیان هەتا مەرگ بەسەرداهێنان، و چۆن ئەو دڕندانە بەوپەڕی توندوتیژی و دڵڕەقی پەلاماری ژنانیان دەدا و لە بازاڕەكانی كوێلایەتی ئیسلامیدا دەیانفرۆشتن، یان چۆن بە زۆر و بە زەبری شمشێر ناچاریان دەكردن ببنە ئیسلام.
كۆمەڵگاكانی ئیسلامی و عەرەبە سوننەكان بەرەنگاری داعشیان نەكرد و هیچ كارێكیان نەكرد جگە لەوەی بەیعەتیان بدەنێ و ببنە بەشێك لە هێزەكەیان و سەرئەنجام بوونە چەكدار و هێزی رێكخراو و دەوڵەتە تیرۆریستیەكەی داعش و بەشدارن لە كوشتن و تاوانەكانیان.
هەرچەند زۆرینەی كورد موسڵمانی سوننین، بەڵام بەیعەتیان بە داعش نەدا و ملیان بۆ كەچ نەكردن و رێگای داكۆكی و جەنگیان لەدژی داعش هەڵبژارد و ئەمجارەش كورد بەردەوامبوون لە بەرگری لە خۆیان. لەم خەبات و جەنگە كوردییەدا شاری كۆبانێ بۆتە ناوەند و كۆبەندی بەرخودانی كوردان و زیاتر لە مانگێكە و هەموو لایەنە بەشدار و پەیوەندارەكان نەخشی خۆیان بینی و چونە ناو گەمەیەكی دزێو لەسەر حسابی رۆح و گیانی كوردانی بەرخۆدان و جەنگاوەری ئەو شارە. بەشار ئەسەد خۆشی دەبینێ كە كوردەكان بەرەو توركیا ئاوارە دەبن، و توركەكان ڕقیان لێیانە و درەنگانێك نەبێت هیچ هاوكارییان نەكردن، و رۆژئاوا ماندووە بە دژایەتی نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا و پاراستنی بەغداد لە داڕمانی بەدەستی داعش. تەنها براكانی خۆیان لە كوردی عیراق و توركیا دەیانەوێت لەگەڵیان بجەنگن و كۆبانی گەمارۆدراو بپارێزن.
هەموو جیهان بەگشتی و دەوڵەتانی چواردەوری كورد بەتایبەتی جارێكی دیكە ئەوەیان سەلماندەوە كە كورد جگە لە كورد كەسی دیكەی نیە و تەنها كورد دەتوانێ پشتیوانی كورد بكات، و تەنها هێزی سەربازی كورد و دەوڵەتی نەتەوەیی كورد دەتوانێ ژیانی سروشتی و ئازاد بۆ ئەوان بەرهەم بهێنێ و ئەم دەوڵەتەش تاكە زەمانەتە بۆمانەوە و ئازادیی كوردان و پاراستنی نەژاد و سەربەخۆیی نەتەوەییان.
هەموو نەتەوە و تایەفەكانی دیكە جگە لە كورد كرانە خاوەنی سەربەخۆیی و دەوڵەت و تەنها كورد مافی دروستكردنی دەوڵەتیان نیە. كوردیش دەبێ مافی دروستكردنی دەوڵەتی هەبێت و دەبێت ئازاد بژین لەو نیشتمانەی كە هەزاران ساڵە لەوێن و نە داگیریان كردووە و نە لە وڵاتانی دیكەوە كۆچیان بۆ كردووە. سەرئەنجام كورد لە خاك و نیشتمانی خۆیان دەمێننەوە و ناچن بۆ هیچ جێگایەكی دیكە و كەسیش ناتوانێ دەریان بكات.
كۆمەڵگا كوردییەكان باس و كۆبونەوەكانیان بەم درەنگانە گەیشتۆتە ئەوەی كە دەبێت مافی دەسەڵات و خۆبەرێوەبردنیان هەبێت و ئێستاش جاروبار پرسی دروستكردنی دەوڵەتیش لە ئاسۆدا دێت و دەچێت، بەڵام هەمو جارێك لەگەڵ هەڕەشە و ڕقی توركیادا بەریەك دەكەون، چونكە تورك دژی هەموو قەوارەیەكی كوردین و بەتایبەتیش ئێستا لەدژی دەسەڵاتی كوردی رۆژئاوان كە بەشێك بوون لە سوریا. كوردانی سوریا ئاواتی دەسكەوتەكانی براكانیان لە كوردی عیراق دەخوازن، كە دەسەڵاتی فیدراڵی و نیوە سەربەخۆیان هەیە و خاوەنی پارلەمان و حكومەت و سوپا و دارایی و هاتوچۆ و فرۆكەخانەی خۆیانن و زیاتر لە بیست ساڵ دەبێت بەڕێوەی دەبەن.
كوردی سوریا دەزانن بەهای ئەو دەسكەوتانە چەند بەنرخە و بۆیەش لەكاتی ناچاریدا و بۆ باشتركردنی ژیان و بەهرەمەندی لە ئاسایش پەنا بۆ باشوری كوردستان دەبەن و ئێستا ئەوان بۆ یارمەتی كورد هانی هەموو جیهان دەدەن.
دەبێت جیهان لە خەبات و قوربانی كورد تێبگات و ئەندازەی ئەو زوڵم و ستەمەی كە لێیان دەكرێت بناسێ و بزانێ كە ئیدی سەردەمی چنینەوەی بەرهەمی قوربانی و خەباتی ئەوان هاتووە. كاتی ئەوەش هاتووە دەوڵەتە دەستكردەكانی وەكو سوریا و عیراق نەمێنن كە بەپێی رێكەوتنی سایكس-پیكۆ بەسەر كوردا سەپێنران.
كاتی سەرلەنوێ گۆڕینی نەخشەی سیاسی ئەم وڵاتانە هاتووە و دەبێت بەرژەوەندی نەتەوە و گەلەكان پێوەری بوونی دەوڵەتان بن، نەك بەپێی پێوەر و بەرژەوەندییەكانی سایكس-پیكۆ. پێش حەفتا ساڵ ئیمپریالیزم لەناوچوو، بۆیە دەبێت میراتەكەشیان لەناو بچێت كە سنوورەكانی سوریا و عیراقە.
ئەوەی كە لە یوگوسلافیا و یەكێتی سۆڤیەت و چیكۆسلۆفاكیا ڕوویدا نموونەیەكی رۆشنە بۆ گۆڕینی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لە خۆرهەڵاتی ئوروپا ئەو دەوڵەتانە نەمان و ئێستا نەژاد و نەتەوەكان هەریەكەیان خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن و بەهرەمەندن لە دەسەڵاتی هاوچەرخ و دیموكراسی و یاسا و ئاشتی و دادپەروەری. ئۆكرانیاش لەم پرۆسەیەدایە و ئەوانیش دەیانەوێت لە بەرژەوەندی نەژاد و نەتەوەی خۆیان ببنە خاوەنی دەسەڵات و سەربەخۆیی كە بتوانن پارێزەری زمان و فەرهەنگ و تایبەتمەندییەكانی خۆیان بن.
لەم پرسەدا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی گشتی ئەوروپا جیاواز نیە، بەڵام پابەندیی بۆ دابونەریت و خێڵ و نەژاد و تایەفە و ئایین زیاترە لە پایەندییان بۆ دەوڵەتی مەدەنی، هەر بۆیەش نەتەوە و گەلەكانی دوای جەنگی جیهانی یەكەم لە عیراق و سوریا شكستیان خوارد لە بەدەست هێنانی ئامانجە سەرەكیەكانی دەوڵەت، واتە دەوڵەتی یەكسانی و هاوڵاتی، سەرئەنجام دەوڵەتەكانیش نەیانتوانی ناسنامە و پابەندیی خەڵك بەدەست بهێنن. لەم رەوشەدا كوردیش رۆژێك لە رۆژان نەیتوانیوە ناسنامە و پابەندیی رۆحی خۆی لە دەوڵەتی عیراق و سوریا و ئێران و توركیا بەدەست بهێنێ، بۆیە هەر دڵی لەلای نەتەوەكەی خۆی بووە، چونكە ئەم دەوڵەتانە نەیانتوانیوە و نەیانویستووە كە مامەڵەی یەكسانی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی خۆیان بكەن و سەرئەنجام كورد هەر بە كوردی دەناسرێ لەلایەن سورییەكان و عیراقی و ئێرانی و توركەكان و تەنانەت لەلای خۆشیان كورد هەر كوردە و نە عیراقی و نەئێرانی و نە توركی و نەسوری نین و هەر كە پرسیارت لێیان كرد كە ئێوە چین: هەموویان دەڵێن كوردین!
پێویستە لەسەر خۆرئاوا و بەشێوەی تایبەتیش ئیسرائیل كە هەڵوێستی كردەیی و ئەخلاقیان هەبێت بەرامبەر بە پرسی كورد، نەك تەنها بە وتار و قسە، كە ئەم هەڵوێستە هەتا پشتیوانی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ بچێت. وەكو هەموو نەتەوە و گەلانی ناوچەكە و جیهان ئەوانیش خودان بن لە دەوڵەتی خۆیان، و ئەمەش تەنها ڕێگایە بۆ رزگاری و ئازادكردنیان لەسەردەمانی دوور و درێژی سەپاندنی زوڵم و چەوسانەوەی بەرژەوەندییەكانی ئیمپریالیزمی لەناوچوو.
پشتیوانی و دان پێدانانی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی نەتەوەی كورد، بێگومان بەدڵی توركیا نابێت. تورك بەوپەڕی توندوتیژی و دڵڕەقی كوشتاری گەورەیان لە كورد داوە و لە 30 ساڵی رابرودووشدا هەزارانیان لێكوشتون و لە عیراق و ئێران و سوریاش هەروایان بەسەر هێناون. پێویستە لەسەر جیهان كە دیدی ئەخلاقی و مرۆیی بەكاربهێنێ و بە توركیا بڵێ ئیدی بەسە، و دەبێت دان بنێت بە مافە نەتەوەییەكانی كوردا و بەشێك لە بەرپرسیاری ئەخلاقی خۆی بەرامبەر بە كورد جێبەجێ بكات.
حكومەتی عەرەبی عیراقیش بێگومان كۆسپ دەخاتە سەر ڕێگای دەوڵەتی كوردی و خراپە و ئاژاوەیان لەدژ بەكاردەهێنێ و هەموو هەوڵێك دەدا كە ڕێگر بێت لەوەی كورد پترۆلی وڵاتی خۆیان بەرهەم بهێنن. بەڵام لەكاتی راگەیاندن و سەرهەڵدانی ئەم دەوڵەتە كوردیەدا زۆرێك لە عەرەبە عیراقیە شەریفەكان هەناسەیەكی خۆشی هەڵدەمژن و هەست بە ئاسودەیی دەكەن، و دڵی بەشار ئەسەدیش خۆشدەبێ كە جیهان كوردیان لە كۆڵ كردەوە، و ئێرانیەكاتیش خەفەت دەخۆن كە كوردی ئەوێش داوای جیابوونەو دەكەن و سەرئەنجامیش هیچیان لەدەست نایەت جگە لەوەی بڵێن حوكمی ئەوان بەسەر كوردا خەتا و هەڵەی بەریتانیەكان بوو.
ئەگەر كوردی ئێرانیش داوای ماف و جیابوونەوە بكەن، ئەمەش دەبێتە هاندەری نەتەوەكانی دیكەی ئێران بۆ داواكاری مافەكانیان، و ئەم سیناریۆش دەتوانرێت لە توركیا و سوریاش جێبەجێ بكرێن. داواكاری كورد لە ئێران بۆ ماف و ئازادی لەوانەیە ببێتە زەمینە و هۆكاری جەنگی ناوخۆ و سەرئەنجام داڕمانی ئێران و ئەمەش كاریگەری باشی دەبێت بۆ سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی، واتە ئێران بەرەو ڕەوشی ئێستای سوریا دەچێت.
كورد سەلماندیان ئەوان تاكە هێزن كە لە دژی داعش دەجەنگن. ئێران و توركیا نەبوونە بەشێك لە هاوپەیمانی جیهانی لەدژی داعش، و بێگومان لەسەر زەویش بەرەنگاری داعش نابنەوە، رۆژئاوا و هەندێك دەوڵەتی عەرەبی بەشداریی خۆیان تەنها لە هێرشی ئاسمانیدا سنوردار كردووە و ئەمەش دەوڵەتی داعش لەناو نابات. لەناوبردنی داعش پێویستی بەهێزی زەمینی هەیە كە هەموو مۆڵگە و كونەكانیان شارەزا بێت و سەنگەرەكانیان بڕوخێنێ و كۆڵان بەكۆڵان جەنگی دژیان بكات و شەقام بە شەقام ڕاویان بنێت، بەڵام ئەمە هێشتا ڕووینەداوە، بۆیە داعش وەكو ئەمری واقع بۆ چەند ساڵێكی دیكە دەمێنێ و جیهانیش وەكو ڕاستیەكی تاڵ دانی پێدادەنێ.
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا پەسەندكردنی مافەكان و دەوڵەتی كوردی كەمتر شایانی دانپێدانان و ئایندەی هەیە، هەتاكو دەوڵەتی تیرۆریستی داعش؟ لەكاتی داڕمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت بگەڕێین بۆ بەدیلەكانی ئەم دەوڵەتە شكست خواردوانە.
دەوڵەتی كوردی دەبێتە دەوڵەتێكی مەدەنی و رێكخراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا و هەلی زیاتریشی بۆ ژیان دەبێت. دەوڵەتی كوردی رووداوی ئایندەی ناوچەكە و زیاتر لەو دەوڵەتە كوردیە دەخایەنێ و دەمێنێتەوە كە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم دروست بوو، ئەمەش دەبێتە سەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری نەتەوەكان لەدوای 166ساڵ لەو بەهارەی كە لە ئەوروپا ڕوویدا 1848.
*مامۆستای شارەزای بەشی زمانی عەرەبی زانكۆی (بیر-عیلان) كە بۆماوەی 25 ساڵ لە هەواڵگری سوپای بەرگری ئیسرائیلی كاری كردووە. ئەم گوتارەی لە 23ی ئۆكتوبەری ئەمساڵدا نووسیوە.
سەرچاوە: رۆژنامەی (العالم) ی بەغدادی رۆژی 29/10/2014، كە لە رۆژنامەی (ئۆرتۆزشفا) ی ئیسرائیلی وەرگیراوە

مۆردەخای كیدار
و / ئه‌كره‌می میهرداد‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket