riklam

پسپۆڕێك: كۆبوونەوەی بايدن و كازمی بۆ داهاتووی پەیوەندییەكان یەكلاكەرەوە دەبێت

جیهان 02:52 PM - 2021-07-23
.

.

بڕیارە دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 26ی تەمووزی 2021 مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا كۆببنەوە، شارەزایەكی بواری ستراتیژیش جەختدەكاتەوە كە ئەم سەردانە پاشەڕۆژی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا دیاریدەكات.

د.ئەحمەد شەریفی، پسپۆڕ لەبواری ستراتیژییەت، لەمیانی لێداونێكی تایبەت بۆ PUKmedia وایدەبینێت سەردانی ئەمجارەی كازمی بۆ ئەمریكا، گەڕێكی نوێیە لەدایەلۆكی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەشیدا كە گەڕی ئەم جارەی وتووێژەكان زۆر جیاوازتر دەبن لەوانەی پێشوو، چونكە گفتوگۆكان لە پێشوودا زیاتر راوێژكاری و لێكتێگەیشتن و بیروڕا گۆڕینەوە بوون.

د.شەریفی دەشڵێت: گەڕی دانوستانی ئەمجارەی نێوان عیراق و ئەمریكا، خوولی بڕیاردان دەبێت و خاوەن بڕیاری سیاسی لەهەردوو وڵات كۆدەبنەوەو ژمارەیەك بڕیار دەردەكەن و ئەوەش دەبێتە هێڵی كاركردن و ئاڕاستەی نوێی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەمریكا و عیراق.

راشیگەیاند: ئەم خولەی دانوستانەكان بۆ عیراق و ئەمریكا، یەكلایكەرەوەو چارەنووساز دەبن و تێیدا روخسارو پێگەی ئاییندەی عیراق لەهاوسەنگییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان و تێكڕای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دیاریدەكات.

شەریفی رەخنەشی لەوەگرت كە حكومەت بەرنامەو پاكێجی گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكانی نێوان عیراق و ئەمریكای رانەگەیاندووە، وتیشی: چەندە ئەم سەردانەو گەڕی وتووێژەكان گرنگن، ئەوەندەش گرنگبوو كە روونكردنەوە لەبارەی بەرنامەی كاری حكومەت بدرایەو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەمیانی لێدوانێكی رەسمیدا، باسی لەبڕگەو خاڵەكانی سەردانەكەو گەڕی گفتوگۆكە بكردایەو لەپرسێكی ئاوادا كە كەپەیوەندی راستەوخۆی بەگەلانی عیراقەوە هەیە، رای گشتی لەووردەكارییەكانی ئاگادار بكرێت، چونكە ئەم سەردانە یەكلایی كەرەوە دەبێت و چارەنووسی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو واشنتۆنی پێوەبەندە.

پێشتریش، وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عیراق لەسەر زاری وەزیرەكەی، فوئاد حسێن، جەختیكردبوەوە كە گەڕی چوارەمی وتووێژی ستراتیژی نێوان عیراق و ولایەتە یەكگرتووەكان كۆتا گەڕ دەبێت، روونیشیكردبوەوە كە لەم خوولی گفتوگۆیەدا بڕیار لەسەر دانانی خشتەیەك بۆ پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق دەدرێت.

وەزیری دەرەوەی عیراق لەمیانی چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختیشی كردبوەوە كە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا تێگەیشتنێكی پێچەوانەی لەچاو ئیدارەی پێشوو لەبارەی دۆخی عیراقەوە هەیە، ئاماژەشیدا كە لەكۆبوونەوەی نێوان مستەفا كازمی، سەرەك وەزیران و جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، سەرجەم بابەتەكانی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان عیراق وئەمریكا دەخرێنە بەرباس و گفتووگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

هەر لەو بارەیەوە، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عیراق، پێشتر لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رەسمی عیراق جەختیكردبوەوە كە سەردانی وەفدی عیراق بۆ واشنتۆن بۆ مەبەستی تەواوكردنی گفتوگۆی ستراتیژییە لەسەر سەرجەم ئەو دۆسییە هەڵپەسراوانەی كە لەنێوان ئەمریكاو عیراقدا هەیە لەسەرجەم ئاستەكاندا.

پەرلەمانتار كاتع روكابی، ئەندامی لیژنەكە راشیگەیاندبوو كە وەفدی عیراق گفتوگۆ لەبارەی لەگرنگترین تەوەری سەردانەكە دەكات كەئەویش دانانی خشتەیەكە بۆ پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق، ئاماژەی بەوەشدا كە سەردانی كازمی بۆ واشنتۆن، لەسەر بانگهێشتی سەرۆك جۆو بایدن بووە، زۆربەی ئاماژەن بۆ گرنگی پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق.

راشیگەیاند: كازمی لەمیانی سەردانەكەیدا، گفتوگۆ لەبارەی زۆرێك لەدۆسیەكان دەكات، لەنێویاندا دۆسیەی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو لایەن، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی لەعیراق و رۆژهەڵاتی ناوین، جگەلەوانە، دۆسیەكانی ئەمنیی و سەربازیی و تەندروستی و پەتای كۆرۆنا تەوەری تری گفتوگۆكانی كازمی دەبن.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket