riklam

وتاری یەكێتی لەكۆنگرەی ساڵانەی حزبی شیوعی چینی

ی.ن.ک‌‌ 05:51 PM - 2021-07-07
.

.

وتاری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كۆنگرەی ساڵانەی حزبی شیوعی چینی ئەم وتارەی یەكێتیی لەلایەن سەركەوت حەمە غەفور ئاغجەلەری ئەندامی سەركردایەتی (ی.ن.ك) و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان خوێنراوەتەوە.

 

دەقی ووتارەكە ..

ئەمڕۆ 100 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی حزبی شیوعیی چینی دا. سەدەیەك كەم نیە بۆ حزبێك كە پێشڕەوایەتی ‌و سەركردایەتی كاروانی ژیان ‌و پاراستن‌و گەشەپێدان‌ و خزمەتكردنی گەورەترین كۆمەڵگەی مرۆیی سەر گۆی زەوی دەكات كە كۆماری میللیی چینە. 

سەرباری ئەوەش هەمیشە یاریكەرێكی چالاك‌ و كاریگەر‌و یەكلاكەرەوەی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتییش بووە، سەدەیەك حوكمڕانیی سەركەوتوو لەنێو سەدان شەڕو ململانێ‌‌ و كێبركێ‌و قەیران ‌و نەهامەتیی جیهانیدا، بێگومان پڕە لە پەندو ئەزموونی ئەوتۆ كە دەكرێت هەناردە بكرێت بۆ دنیای دەرەوە، یاخود حزبە حوكمڕانەكانی دیكە بە گونجاندن لەگەڵ سروشت‌ و تایبەتمەندێتی كۆمەَلگەكان سوود لەو ئەزموونە وەربگرن.

ئەمە بۆنەیەكی گونجاوە بۆ یٔەوەی كە بەبیری بهێنینەوە:

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمێژەوە بە بایەخەوە روانیویەتیە مۆدێلی كۆماری چینی میللی لە بواری حوكمڕانی‌و گەشەپێدانی هەمەلایەن‌و فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان‌و ڕخساندنی دەرفەتی پێشكەوتن‌و ژیانێكی شایستە بۆیان. ئەوەش بەرمەبنای دنیابینی‌و سەرسامییەكانی رابەری كۆچكردوومان (سەرۆك مام جەلال) بووە بەرامبەر بە حكومەت‌و دەوڵەتی چین لەژێر چەتری (حزبی شیوعیی چینی)دا كە ئەمڕۆ یادی سەد ساڵەی دامەزراندنیەتی.

نایشارینەوە كە سەرۆك مام جەلال چەندین جار لە كۆڕ‌و كۆبوونەوە گرنگەكانی حزب‌و لە بۆنە حكومی‌و دوڵەتییەكاندا چ لە هەرێمی كوردستان، چ لە بەغدای پایتەخت- كاروانی مێژووی حزبی شیوعیی چین ‌و قۆناغەكانی پێشكەوتن‌و بەرەنگاربوونەوەی تەحەدیاتەكانی وەك نموونەی گەش‌و مەزن باس كردووەو كادیرو بەرپرسانی یەكێتی هان داوە لەنێو ئۆرگانەكانی حزب‌و دامەزراوەكانی حكومەتدا كە بە ئاشنابوون بە مێژووی نزیك بە سەدەیەكی چینییەكان، گرنگە چاو لەوان بكەن بەئاڕاستەی خزمەتكردن‌و سوودگەیاندن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌ و عیراق.

كەواتە ئەوە رێكەوتێكی یٔاسایی نیە كە دوای 49 ساڵ لە گرێدانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان (بەغدا-بەیجین)، مام جەلال وەك یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق لە مێژوودا، ساڵی 2008 بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای عیراق دەچێتە چین‌و چەندین رێكەوتنی گرنگ لەگەڵ هاوڕێ چینییەكان ئیمزا دەكات بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوەی عیراق ‌و وەبەرهێنان لە سێكتەرە جیاجیاكاندا.

بەڕێزان...

لە رۆژگارێكدا كە مرۆڤایەتی لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە سەقامیگری‌و ئاشتی هەیە، بەبێ‌ گواستنەوەی مۆدێلەكانی پەروەردەی حزبی‌و پێگەیاندنی كادیر‌و بەگەڕخستنیان لە سێكتەرە جیاجیاكانی حكومیدا، ئەستەمە بتوانرێت ئارامی بۆ ئەم هەسارەیە فەراهەم بكرێت. 

ئەو هەڤاڵانەی یەكێتی كە لەچوارچێوەی وەفدە حزبی‌و حكومییەكاندا‌و بە هاندانی سەرۆكی كۆچكردوو (مام جەلال)‌و پێشوازیی گەرمی دۆستە چینییەكان، چوونەتە ئەو وڵاتە، سەرسام بوون بە مۆدێلی حزبی شیوعی چینی لە رێكخستن‌و دیسپلین‌و پێگەیاندنی كادیری حزبیدا، حزبایەتیەك كە لەخزمەتی كۆمەڵانی خەَلكدا بێت. ئێمە دەزانین چینییەكان بایەخ بە چۆنایەتی‌و ئاستی رۆشنبیری‌و شارەزایی‌و لێهاتوویی تاك دەدەن لەبری چەندایەتی‌و زیادكردنی ژمارە. ئەو پێوەرانەی كە چینییەكان لە وەرگرتن‌و ئەركپێدانی كادیری حزبیدا كاری پێدەكەن، دەكرێت بناغەی پتەوبن بۆ زۆر هەنگاوی گەورە بەئاراستەی گۆڕانكاری‌و پێشكەوتنێك كە كۆمەڵگە لێی بەهرەمەند بێت.

ئەو جەنگە دەستەویەخەیەی مرۆڤایەتی كە لەكۆتاییەكانی ساڵی 2020ـەوە بەرامبەر كۆرۆنا ڤایرۆس -(چین)ی كرد بە یەكەم مەیدانی رووبەڕووبوونەوە‌و تایٔێستاش هەر درێژەی هەیە- یٔەگەر لە هەندێك وڵاتی دیكە بوایە، ڕەنگە كارەساتی مرۆیی لەوە گەورەتری لێبكەوتایەتەوە كە بینیمان. هەڵبەتە كۆمەڵگەیەكی یەكانگیرو سیستمێكی حوكمڕانی تۆكمە كە زامنی لابردنی هەموو ئاڵنگارییە كتوپڕ‌و درێژخایەنەكان بێت، بناغەیەكی پتەوی دەوێت. 

جیهان بەچاوی خۆی لە سەروبەندی دەركەوتن‌و پاشان تەشەنەی كۆرۆنا ڤایرۆسدا ئەمەی لە چینییەكان بینی. ئەوان لەلایەك شەڕی بەڵایەكی نادیاریان لەنێو خاكەكەی خۆیاندا دەكرد‌و لەلایەكیش كەرەستەو كادیرو كۆمەكیان دەگەیاندە وڵاتانی جیهان.

 بەڕێزان...

لەم ئان‌وساتەدا كە جیهان گیرۆدەی دەیان كێشمەكێشی سیاسی‌و یٔابووری‌و ژینگەیی بووەتەوە، مرۆڤایەتی

پێویستی بەگێڕانەوەی بەهاكانە.

 پێویستی بەوەیە ژیان بخرێتەوە سەر ڕێچكەی راستەقینەی خۆی. ئەویش لەو رێگایەوە دەبێت كە خۆشگوزەرانی‌و ئاشتی باڵ بەسەر كۆمەڵگە مرۆییەكاندا بكێشێت لە هەر پنتێكی ئەم هەسارەیەدا بێت. ئەمە ئەگەر خەونیش بێت، بەدیهێنانی مەحاڵ نیە، بەو مەرجەی خەباتی لەپێناودا بكرێت. لەڕێی دۆزینەوە‌و داهێنانە زانستی‌و پزیشكییەكان، تەكنۆلۆجیا‌و گەیاندن‌و بەگەڕخستنیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی،پێشخستنی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و خزمەتگوزارییەكان، وەبەرهێنان.. لەڕێی ئەمانەو دەیان بواری دیكەوە دەتوانرێت مرۆڤ لەگەڵ ژیان‌و ژینگەكەیدا ئاشت‌و ئاشنا بكرێتەوە.

خەونەكە لەوێدا دەبێتە واقیع كە هێزە دەسەڵاتدارەكان ببنە داینەمۆی خەبات‌و كاركردن بەئاڕاستەی بەگەڕخستنی ئەو لەشكرە مرۆییەی كە لەبەردەستیاندایە، بەو مەرجەی توانا لۆجستی‌و تەكنۆلۆجی‌و ئابوورییەكانیان بۆ فەراهەم بكرێت‌و هێزی دەوڵەت –كە لە بنەڕەتدا هێزی گەل‌و حزبی دەسەڵاتدارە- پشتیوان‌و هاندەریان بێت. لێرەدا سەرنج دەچێتەوە سەر ئەو وڵاتانەی كە وەك نموونەی لەم چەشنە ڕیز دەكرێن، لەنێویاندا كۆماری چینی میللی‌و بە دیاریكراویش حزبی شیوعیی چین. ئەوان دەتوانن چی بكەن‌و چی پێشكەش بكەن؟

لە دیدی ئێمەوە، گواستنەوەی ئەزموون‌و مۆدێلە گەشەكان زامنی بەدیهێنانی ئەو خەونەیە. ئەوەش پێویستی بە یٔامادەیی‌و هەماهەنگی دوولایەنە هەیە: وڵاتی خاوەن ئەزموون لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە پێویستی هەنووكەییان بە هاوكاری‌و پشتیوانیی هەیە. لەم ڕووەوە حزبی شیوعی چینی‌و لە بەرامبەریشدا حزبە

دەسەڵاتدارەكانی وڵاتانی دیكە دەتوانن وەبەرهێنانی زیاتر لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانیاندا بكەن.

وەرچەرخانی گەورە لەوێوە دەستپێدەكات كە چینییەكان پێشەنگ بن لە ڕەوانەكردنی شارەزاو پسپۆران لەبوارە جیاجیاكان‌و ئاراستەكردنی زیاتری كۆمپانیاكانیان بەمەبەستی وەبەرهێنانی زیاتر لە تێكڕای ئەو بوارانەی كە وڵاتانی دیكە پێویستی زۆریان پێیەتی. لە بەرامبەردا حزبە دەسەڵاتدارەكانی وڵاتانی دیكەش پەیوەندییە كلاسیكییە حزبییەكان تەرجەمە بكەن بۆ وەبەرهێنان‌و دیپلۆماسییەتی ئابووری، كلتووری، وەرزشی،

گەشتیاری ‌و.... تاد.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە ڕابردوودا هەمیشە پەرۆشی پاراستن‌و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی خۆی بووە لەگەڵ حزبە دۆستەكانیدا، لە دوایین كۆنگرەی گشتیی خۆیدا لەساَلی 2019، بە پێداگرییەكی زیاترەوە ئەو ئامانجەی فۆرمەلە كردووەتەوە.

 لەو ڕوانگەیەوەو پەرۆش بۆ درێژەپێدانی ڕێبازی رابەری كۆچكردوو (سەرۆك مام جەلال) لەڕێی پەیوەندییە حزبییەكانی خۆی‌و لەڕێی نوێنەرەكانی لەنێو دامەزراوەكانی حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستاندا كۆششی زیاتر دەكات بۆ سوودوەرگرتن لە تواناو هاوكاری‌و ئەزموونی دۆستەكانی لە حزبی شیوعی چینی دا.

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket