riklam

بۆ هەرێمی كوردستانیش راستە...

بیروڕا 12:53 PM - 2021-06-29
.

.

 بەپێی دوا ئامارەكانی رێكخراوی كاری نێو دەوڵەتی(ILO)، نزیكەی 152 ملیۆن منداڵ كاریان پێدەكرێت، لە چوارچێوەی كاركردنیشیاندا روبەڕوی مەترسی گەورە لەهەموو روێكەوە دەبنەوە، بەپێی توێژینەوەكان خانەوادەی ئەو منداڵانە، لە ئەنجامی تەنگژەی دارایی قوڵ و نالەباری ژیانیان بەتایبەتی لەسەروبەندی كۆڤید-19 و كەرەنتینی تەواودا ناچاربوون بۆ پەیداكردنی سادەترین سەرەتاكانی گوزەران بیانخەنە بەركار، دیارە ئەوە لە شوێنێك تا شوێنێكیتر جیاوازی هەیە، هەندێك وڵات مامەڵەیەكی واقیعیانەیان لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناچاریە كردووە، بەڵام لە وڵاتە عەرەبیەكان بەعێراقیشەوە بەهۆی هەنگاو و مامەڵەی ناتەندروستیان لەگەڵ بارودۆخەكەدا، زۆرترین خانەوادە لەنێوانیاندا منداڵەكانیان روبەڕوی گرفت و ئالنگاری زۆر بوونەتەوە، هاوتەریب لەگەڵ سەرنەكەوتنیان لە دەستەبەركردنی چارەسەرەكان، نەشیان توانیوە خوێندن لەرێگای ئۆنلاین و فێركردنی ئەلیكترۆنی بۆ زۆربەی هەرە زۆریان فەراهەم بكەن، بەهۆكاری نەڕەخساندنی هێڵی ئەنتەرنێت و ئەو ئامێر و دەزگایانەی پێویستن، لێكەوتەیەكیتری خراپی ئەو پەتایە، پاشەكشێكردن بووە لەو پێشكەوتنانەی لەباری یەكسانی چێندەری بەلای كەم لەخوێندندا بەدەستهاتبوو، لەبەر ئەوەی ئەو شێوە مامەڵەیە وایكرد ژمارەیەكی زۆر لەكچان نەتوانن بگەڕێنەوە ناو ناوەندەكانی خوێندن و بەشو بدرێن و توشی منداڵبوونی پێش وەختە و جۆرەها باڵا ببنەوە، ئەو هەڵسوكەوتەی حكومەتەكان و سەرنەكەوتنیان بەتایبەت لە رۆژئاوای عەرەبی وایكرد ژمارەیەكی زۆر منداڵ هەوڵی كۆچی نهێنی بدەن، ئەوەش بەڕاستی زەنگێكی مەترسیدار بوو بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان و بنەما كۆمەڵاتیە جێگیرەكان و هەڵلوشینی توانا مرۆییەكان، ئەمە لە كاتێكدا لاشیان ئاشكرایە رەخساندنی مافی خوێندنی ئاسایی هۆكارێكە بۆ كەمكردنەوەی ئەو مەترسیانە، نەك خوێندن لە دوور و ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی ، چونكە لە پێشدا رونمانكردەوە . وەكو پێویست ئامانجەكان ناپێكێت، جێی وەبیرهێنانەوەیە وڵاتە عەرەبیەكان كە ژمارەیان 22 دەوڵەتە نیوەیان زیاتر بەهۆی شەڕو شۆڕەوە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەریان تێدایە كە زۆرترینیان لە ژن و منداڵن، سەرەنجام لەپاڵ ئەو هۆكارانەی لەپێشدا باسمان كرد كە سەریكێشاوە بۆ كارپێكردنی ئەو ژمارە زۆرەی منداڵان و روبەڕوبوونەوەیان لەگەڵ كۆمەڵێك تەنگژە و ئاستەنگ، ئەوە وا دەخوازێت لە حكومەتەكان و  لایەنەكان هەڵوێستەی جددی لەسەر ئەو بنەما مرۆڤایەتیە بكەنەوە و بەری لێبگرن، چونكە خۆ لێ كڕكردن سەردەكێشێ بۆ لێكەوتەی خراپتر لەوەی ئێستا هەیە كە بەدڵنیاییەوە چارەسەرەكان زۆر قورس دەبن، بە بڕوای خۆم ئەگەر ئەوە بۆ هەموو جیهان و وڵاتە عەرەبیەكان جێگای تێڕامان و كار لەسەركردن بێت، بێگومان بۆ هەرێمی كوردستانیش راستە، چونكە هەموو ئەو هۆكارانەی لە وڵاتان هەن و بوونەتە هۆكار لە هەرێمەكەی ئێمەشدا هەر وایە، بۆیە دەبێت :

1- بە هاوكاری رێكخراو و   سەندیكاكانی كرێكاران بە تەواوی منداڵان لەكاركردن دوور بخرێنەوە. 

2- پراكتیزەكردنی تەواوی ئەو یاسایانەی دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ خوێندن و فێربوونی بەزۆرەملێ هەروەها ئەو یاسایانە رێ لەكاركردنی منداڵان دەگرن . 

3- پشكنینی بەردەوامی شوێن كارەكان، پەیرەوی تەواوی ئەو یاسایانە رێگە بەكاركردن دەدەن . 

4- رێگەگرتن لە لاوازی باری ئابووری منداڵان ئەوەش بەیارمەتی دانی خێزانەكان كە زۆربەیان كێشەی هەژاری و نالەباری ژیان و گوزەرانیان هەیە.

5- دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكان لەوانە خوێندن و فێركردن و بەرنامەی پەرەپێدانی تواناكان لەرێگەی ئەنتەرنێت و هۆكارەكانیتری پەیوەندی كردن . 

6- پاراستنی منداڵان لەشەڕ و شۆڕ ، داواكردن لەو لایەنانەی شەڕ دەكەن رێز لەیاسا نێو دەوڵەتیەكان بگرن هەروەها ئاگاداریش بكرێنەوە لەوەی بەئامانج گرتنی ناوەندەكانی خوێندن یان بەكارهێنانیان بۆ مەبەستی سەربازی بەتاوان لەقەڵەم دەدرێت .

7- پێشكەشكردنی هەموو جۆرە یارمەتیەك بۆ ئەو منداڵانەی كە بێ سەرپەرشتن و لەباوانیان دورخراونەتەوە . 

تێبینی : لەم وتارە سود لە راپۆرتی رێكخراوی كاری نێو دەوڵەتی

نووسینی.. عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket