riklam

كۆنفرانسی زانست و زمانی یاسا لە سلێمانی بەڕێوەچوو

ئەدەب وهونەر 03:11 PM - 2021-06-22
.

.

دووەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زمانی كوردی و زاراوەیاساییەكان لەلایەن كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت و ڕێكخراوی خانی بۆ لێكۆڵینەوەی هزری بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری سلێمانی لە هۆڵی ئەكواپارك بەڕێوەچوو كە تێیدا چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی لەلایەن كەسانی ئەكادییمەوە سەبارەت بە زمان و یاسا پێشكەش كرا و باس لەوە كرا  كە زمانی كوردی مەترسی سەرە و دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەكان مشورێك لە زمانی كوردی بخۆن و لەپێناو پاراستن و دەوڵەمەندكردنی تێبكۆشن.

توێژەرەكان باسیان لەوە كرد كە بەپێی دەستوور عیراق زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی ڕەسمین، بەڵام لە كوردستان زمانی كوردی هێشتا وەك پێویست لە هەموو دامودەزگاكانی سەر بە هەر سێ دەسەڵاتەكانی( یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكردندا نەچەسپێنراوە و كاری بۆ نەكراوە و پێویستە ئاوڕێكی جدی لە زمانی كوردی بدرێتەوە.

توێژەران ڕەخنەشیان لەوە كرد لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا كە حكومڕانی كوردی بووە هێشتا لە دامودەزگاكانی دادوەری و قانوونییەكانی كوردستان وەك دادگاكان و تەنانەت كۆنووسەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانیش بە زمانی عەرەبی دەنووسرێن و كار بە زمانی كوردی ناكرێت و پەرواێز خراوە و هەوڵی جیدی بۆ ئەوە نەكراوە كە زمانی دادگاكان بكرێن بە كوردی و وشە و زاراوە یاساییەكان و تێكست و كۆنووسەكانیش بكرێن بە كوردی.

بەشداربوان ئاماژەیان بە زمان و یاسا لە هەرێمی كوردستان كرد و ڕایانگەیاند كە بە پێی دەستووری عیراق زمانی عەرەبی و زمانی كوردی دوو زمانی ڕەسمین و پێویستە كوردیش زمانی كوردی لەدام و دەزگا حكومییەكان بەكاربهێنن بە تایبەتی لە دادگاكان.

كۆنفرانسەكە بە چەندین پانێڵ دەستیپێكرد و هەركام لە توێژەران لە گۆشەنیگایەكەوە باسیان لە زمانی كوردی و كێشە و گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم زمانی كوردییان بە تایبەتی لە بواری یاسادا كرد و ئاماژەیان بەوە كرد كە دەبێت دادگاكان بە زمانی كوردی بنووسن و بە زمانی كوردی بڕیار بدەن.

حاكم شێخ لەتیف كە یەكێك بوو لە بەشداربوانی كۆنفرانسەكە بە وردی باسی لە زمانی كوردی كرد لە دەستووری عیراقدا و داوای لە پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عیراق كرد كە لەناو هۆڵی پەرلەمان بە زمانی كوردی قسە بكەن، چونكە بە پێی دەستوری عیراق زمانی كوردی زمانی ڕەسمییە.

 حاكم شێخ لەتیف هەروەها داوای لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێم كرد كە گرنگی تایبەت بە زمانی كوردی بدات و بڕیارەكانی بە زمانی كوردی دەربكات و هەروەها گوشار بخاتە سەر دادگاكان بۆ ئەوەی زمانی كوردی لەبری زمانی عەرەبی بە كار بهێنن.

 لە بەشێكی دیكەی كۆنفرانسەكەدا نووسەر و وەرگێڕ و زمانزان عەبدوڵڵای حەسەنزادە ڕایگەیاند: لە هیچ كوێیەكی ئەم جیهانە زمانی ستاندارد بە بڕیاری سیاسی دروست نەبووە و نابێت و ئەوە كاری ئەكادیمیا و دامودەزگا زمانەوانییەكان كە پەرە بە زمان بدەن و دەوڵەمەندی بكەن.

هەر لەو كۆنفرانسەكەدا نووسەرێك لە كوردانی خۆراسان باسی لە دۆخی زمانی كوردی لە ناو كوردانی خۆراسان كرد و نووسەرێكیش لە باكووری كوردستان سەبارەت بە قامووس و وشەنامەی كوردی باسێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە هەوڵی دڵسۆزانی زمانی كوردی لە باكووری كوردستان كرد.

كۆنفرانسەكە لە ڕۆژانی 17 و 18 ی ئەمانگە بەشداری كوردانی باكوور و ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان بەڕێوەچوو و هاوكات كۆی لێكۆڵینەوەكانیش بە شێوەی كتێب لە ژێر ناوی زمان و یاسا بەسەر ئامادەبوان و بەشداربوان دابەشكرا.

كۆنفرانسەكە لەسەر ئەركی د. تەها ڕەسوڵ بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت بەڕێوەچوو.

PUKmedia   

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket