riklam

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: یەكێتی بەشداری شەڕی كورد بە كورد ناكات

ی.ن.ک‌‌ 10:56 PM - 2021-06-21
.

.

ئەمڕۆ 21ی 6ی 2021 شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی، پێشوازیكرد لەوەفدی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی بۆ كوردستان، لەدیدارێكدا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و پرسی لەشكركێشی دەوڵەتی توركیا، هەڵوێست و سیاسەتی یەكێتی بۆ یەكڕیزی نێوان لایەنەكان و شەڕی كورد بە كورد گفتوگۆیان كرد.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئامانج و هەوڵەكانی وەفدی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی بۆ كوردستانی بەرزنرخاند كە لە 14 وڵاتەوە هاتوون.

وتیشی: پێمانڕاگەیاندن وەك یەكێتی بڕیارمانداوە بەهیچ شێوەیەك بەشداری لە شەڕی كورد بە كورد ناكەین، پێویستە لایەنەكانی دیكەش ئەو بەڵێن و بڕیارە بدەن، چونكە شەڕی كورد بە كورد دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و قوڕبەسەری زیاتر بۆ گەلەكەمان، هەتاماوین جارێكی تر ناتوانین سەرمان بەرزبكەینەوە و باسی ئازادی و خاكی كوردستان و هەرێم بكەینەوە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەبارەی بۆردومان و لەشكركێشەكانی دەوڵەتی توركیا، باسی لەوەكرد:وڵاتی توركیا بەرنامەو نەخشەی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە وەك كورد نەبینە هاوكار و جێبەجێكاری نەخشەی ئەوان، بەتایبەت پێشمەرگە نەكەین بە بەشێك لە سوپاكەیان.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە حكومەتی عیراق لەم پرسەدا رۆڵێكی جدیتری هەبێت و تەماشاكار نەبێت، چیتر لەهاتنەناوەوەی سوپا توركیا، بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەكان و بۆردومانی گوندەكان و شەهیدكردنی منداڵ و خەڵكی مەدەنی هەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبێت كە ئێمە بەشێكین لە عیراق.

وتیشی: كوردستان رووبەڕووی بارودۆخێكی ناهەموار بۆتەوە، دەوڵەتی توركیا لەشكركێشی و بۆردومان دەكات، هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە لەترسی هێرش و بۆردومانە بەردەوامەكان زێدی خۆیان جێ دەهێڵن، ناكرێت ئەم گەلە لە خاكی خۆیدا ئاوارەبێت، جەختلەوەدەكەمەوە جێبەجێكردنی پلانی ئەوان خیانەتە بەرامبەر گەلەكەمان.

لای خۆیەوە، بیرزە ویتهۆفت سەرۆكی وەفدەكە، لەو كۆنگرەیەدا لەگەڵ دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پێشوازی و خستنەڕووی گرنگی ناوەڕۆكی دیدارەكەیان لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وتیشی:هاتووینەتە ئێرە تا لە نزیكەوە داگیركارییەكان ببینین و جیهانیش ئاگادار بكەینەوە، داوا لە وڵاتانی نێودەوڵەتی دەكەین وەكچۆن بانگەواز بۆ دیموكراسی دەكەن، بێن بە هانای ئەم پرسەوە و ڕێگە بگرن لەو داگیركارییانە، چونكە لەو هێرشانەدا هاوڵاتی مەدەنی زەرەرمەند دەبێت.

دواتریش، وەفدەكە پرۆژەی گەلەری خاك-یان بەسەركردەوە كە لەژێر پەیامی سەرەكی (زەڕەیەك خاكی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری) كراوەتەوە و نمایشێكە بۆ نیشاندانی نموونەی خاكی ناوچە جیاوازەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان وەك گوزارشتێك لەپیرۆزیی خاك و خەبات و تێكۆشان و هەوڵەكانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بۆ خەباتكردن لەپێناو رزگاری كوردستاندا.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket