riklam

سه‌رۆك كۆمار: عیراق به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی ده‌ناڵێنێت

عیراق 02:14 PM - 2021-06-20
.

.

سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاند: گرنگه‌ پرۆژه‌ی نیشتمانی ناوخۆیی بێت له‌ رێگه‌ی ده‌وڵه‌تێكی توانادار، ده‌وڵه‌تێك كه‌ پارێزه‌ر و خزمه‌تكاری خه‌ڵك بێت، زه‌وتكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ران پێشێلكارییه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری وڵات، زامنكردنی سه‌روه‌ریش پاراستنی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌.

د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ پڕۆژه‌ی عێراق، پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی ناوخۆیی بێت له‌رێگه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی تواناداری رێزلێگیراو كه‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵك بێت و خێروبێری وڵاتیش بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك بێت، ده‌وڵه‌تێك كه‌ ئارامی باڵ بكێشت به‌سه‌ریدا، له‌گه‌ڵ گه‌ل و دراوسێكانی به‌ ئاشتی بژێت، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین پێشێلكاری بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق ساخته‌كاری و زه‌وتكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌، چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی سه‌روه‌ریش له‌ پاراستنی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات له‌ ھه‌ڵبژاردنه‌كان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ (فه‌توای جیهادی كیفایه‌) ی مه‌ڕجه‌عیه‌تی باڵای نه‌جه‌ف پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی بوو بۆ رزگاركردنی عێراق، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌كی جددی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین، سه‌رۆك به‌رھه‌م دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ وڵات له‌ به‌رده‌م گۆڕانكاری گه‌وره‌دایه‌ كه‌ ئه‌ویش ئاماده‌كارییه‌ بۆ په‌یمانێكی سیاسی نوێ.

د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ 19 ی حوزه‌یرانی 2021  له‌كۆڕبه‌ندی دیالۆگی به‌حر ئه‌لعلوم رایگه‌یاند، "عێراق له‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری هه‌نووكه‌یی گرنگ دایه‌، وه‌ك په‌ره‌پێدانی ئابووری و رێخۆشكردن بۆ په‌یمانێكی سیاسی نوێ و ھاتنه‌ ئاراوه‌ی دۆخێكی تازه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ عیراق به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی ده‌ناڵێنێت كه‌ پێویست ده‌كات چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بوێرانه‌ی راسته‌قینه‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، ھه‌ر بۆیه‌ گرنگه‌ سود له‌ تواناكانی كه‌سانی ئه‌كادیمی و زانكۆ و سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ وه‌ربگرین.

سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ مه‌رجه‌عییه‌تی ئاینی له‌ نه‌جه‌ف له‌ وره‌چه‌رخان و گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كانی عیراقدا رۆڵێكی مێژوویی گه‌وره‌ و گرنگی گێراوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی هه‌ر له‌ شۆڕشی بیسته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا- پاڵپشتی له‌ سه‌روره‌ی و بڕیاری نیشتمانی عیراق كردووه‌، سه‌رۆك به‌رهه‌م جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ فه‌توای جیهادی كیفایه‌ی مه‌ڕجه‌عیه‌تی باڵا له‌ ئانوساتێكی چاره‌نووسسازدا بوو، هه‌موو توێژه‌كانی گه‌ل به‌ گه‌وره‌ و بچوكه‌وه‌ به‌ده‌نگییه‌وه‌ هاتن، فه‌تواكه‌ ته‌نیا بۆ مه‌زهه‌ب و پێكھاته‌یه‌ك نه‌بوو، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی راسته‌قینه‌ بوو بۆ رزگاركردنی عێراق له‌ دۆخێكی زۆر مه‌ترسیدار، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ لێی بڕوانین و هه‌ڵوێسته‌ی له‌ به‌رامبه‌ردا بكه‌ین و توێژه‌ر و سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ش بیخه‌نه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌، سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئانوساتی ئه‌و فه‌توایه‌ گرنگی و گه‌وره‌یی رۆڵه‌ مێژوویه‌كه‌ی مه‌ڕجه‌عیه‌ت ده‌رده‌خات له‌وه‌ی هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌، هه‌میشه‌ پارێزه‌ر و داكۆكیكاری سه‌رسه‌ختی سه‌روه‌ری و بڕیاری نیشتمانی عیراقی بووه‌، هه‌میشه‌ پارێزه‌ری سته‌ملێكراو و چه‌وساوه‌كان بووه‌ و دڵسۆزانه‌ به‌رگری له‌ مافی كورد و مه‌سیحی و ئێزدییه‌كانیش كردووه‌.

سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ عیراقی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واو به‌رهه‌می بڕیار و خواست و سیاسه‌تێكی ناوخۆییه‌، ھه‌روه‌ھا روونیكرده‌وه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌ ساڵی 2003 وه‌ به‌ده‌ست ھاتوون كه‌منین، به‌ڵام ده‌بێت بوێری وتنی ئه‌وه‌شمان هه‌بێت كه‌ له‌ ئاست خه‌ون و هیواكانماندا نین و كه‌موكورتی زۆریان تێدایه‌ و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی حوكمڕانییه‌كی باش و ده‌وڵه‌تێكی تواناداری خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واو پڕناكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ داواكاری راسته‌قینه‌ی هه‌موو گه‌لی عیراقه‌ هه‌ر له‌ به‌سڕه‌ تا نه‌جه‌ف و عیماڕه‌ و ئه‌نبار و موسل و سلێمانی و هه‌ولێر، ھه‌مووان ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی نیشتمانی خزمه‌تگوزار دابمه‌زرێنین كه‌ بتوانێت پارێزگاری له‌ شكۆمه‌ندی هاووڵاتییه‌كانی بكات.

سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی شه‌قامی ناڕازی عیراقییه‌ له‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ی ناهه‌مواره‌ی تیایدا ده‌ژین كه‌ ناتوانێت خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ هاووڵاتییه‌كانی دابین بكات، كاردانه‌وه‌ی شه‌قامه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ساخته‌كارییه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا ئه‌نجامدراوه‌، ھاوكات جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ كه‌موكورتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ كه‌ پێشێلكارییه‌ بۆ سه‌روه‌ری عێراق ساخته‌كاری و زه‌وتكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌، چونكه‌ سه‌روه‌ری هه‌ر وڵاتێك له‌ رێزگرتن له‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بۆ سیسته‌م و ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنێكی راسته‌قینه‌ی ئازاد سه‌نگی مه‌حه‌ك بێت دوور له‌ ساخته‌كاری و فرتوفێڵ.

سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ هاووڵاتیان به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌دگومانن، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌و كه‌موكورتییانه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا روویانداوه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ له‌ ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رێوه‌بچێت له‌پێناو پاراستنی خواستی خه‌ڵك و ده‌نگی ده‌نگده‌ران.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا سه‌رۆك كۆمار باسی له‌وه‌شكرد كه‌ به‌ گوێره‌ی وته‌ی شاره‌زایان داهاته‌ نه‌وتییه‌كانی عیراق له‌ ساڵی 2003 وه‌ تاوه‌كو ئێستا هه‌زار ملیار دۆلار بووه‌، مه‌زه‌نده‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ 150 ملیار دۆلاری ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ رێگه‌ی چه‌ند سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌كی گوماناوی په‌یوه‌ست به‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌ تاڵان براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق، گه‌نده‌ڵی شاده‌ماری ئابووری سیاسی توندوتیژی و پشێوییه‌، ده‌وڵه‌ت لاواز و سه‌روه‌ری پێشێل ده‌كات، بۆیه‌ ھێشتنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ به‌و جۆره‌ ناهه‌مواری ئێستا و بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسی گه‌نده‌ڵی و گێرانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كان ناتوانین هیوا و ئاواته‌كانمان له‌ گه‌یشتن به‌ حوكمڕانییه‌كی باش بھێنینه‌دی.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ش سه‌رۆك كۆمار وتی: خاكی میزۆپۆتامیا به‌ درێژایی مێژووی خاڵی هاوسه‌نگی و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ململانێكان بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مڕۆش بێ بوونی ده‌وڵه‌تێكی نیشتمانی تواناداری خاوه‌ن سه‌روه‌ری له‌ عیراق، ناوچه‌كه‌ ناتوانێت ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، بۆیه‌ هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێك له‌ كاروباری عیراق له‌لایه‌ن لایه‌نێكی دیایكراو ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نی دیكه‌ی به‌دوادا دێت، به‌مه‌ش گێژاوی قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌مووانیش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین.

هه‌ر له‌ میانه‌ی وته‌كانیدا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ تا ساڵی 2050 ژماره‌ی دانیشتووانی عیراق ده‌گاته‌ 80 ملیۆن كه‌س، تویژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ داهاته‌ نه‌وتییه‌كان به‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ری له‌ بازاڕه‌كاندا و په‌یدابوونی وزه‌ی تازه‌ی جێگره‌وه‌ نرخیان به‌ره‌و دابه‌زینه‌، بۆیه‌ ئه‌و یه‌ده‌گه‌ زۆره‌ی عێراق ناتوانێت ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ رۆڵه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ بۆ ئێران و سعودیه‌ و ئوردن و هه‌موو دراوسێكانی دیكه‌شمان راسته‌، هه‌مووی ئه‌وه‌ی باسمانكرد ئه‌ركی ئه‌وه‌مان ده‌خاته‌سه‌رشان كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئاڵینگارییه‌كان هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بین، ئه‌مه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا به‌ بونیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی نیشتمانی عێراقی تواناداری خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واو مه‌یسه‌ر ده‌بێت.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

سروشتی گۆمی فێڵاو

کوردستان 09:02 AM - 2024-04-16 رۆژی ژینگەی هەرێم

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket