riklam

وێنه‌.. ساڵیادی كۆچی دوایی پیره‌مێرد كرایه‌وه‌

ئەدەب وهونەر 07:59 PM - 2021-06-19
.

.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوونی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بو به‌كر پارێزگاری سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ده‌ب دۆستان و نوسه‌ران له‌سه‌ر مه‌زاری ساڵیادی كۆچی دوایی پیره‌مێرد-ی شاعیر كرایه‌وه‌.

ژیاننامه‌ی پیره‌مێرد..

ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی ١٨٦٨ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. پیرەمێرد لە بارەی ژیانی منداڵی خۆیەوە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت:

« کاتێ ھاتمە ئەم کۆنە جیھانەوە، دەوری منداڵی لای ھەموو ڕۆڵەیەک خۆشە، چونکە غەمی گوزەران نازانێت، بەو سەودایی منداڵییەوە خۆشم ڕابوارد     »

پیرەمێرد بەم نازو نیعمەتەوەو بە چاودێریی و خۆشەویستییەوە پەروەردە کرا، تا تەمەنی گەیشتە حەوت ساڵان، ئەوسا ئیتر بردیانە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە، ھەتا خوێندنی تەواو کرد لەوێ مایەوە، ئینجا سمایلنامە و چەند کتێبێکی تری وردیلەی خوێند.

ڕۆژێک تۆفیقی تەمەن ھەشت نۆ ساڵان لەگەڵ مامۆستاکەیدا لەسەر ھۆزانێکی (حافز)ی شیرازیی تێکدەچن، چونکە پیرەمێرد خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت، نایەوێت لە قسەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و داوای لێبوردن لە مامۆستاکەی بکات، ناچار حەسەن ئەفەندی مامی لەو حوجرەیە گواستییەوە و بردی بۆ حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی، کە دەیباتە ئەوێ، حەسەن ئەفەندیی دەڵێ: «تۆفیق ئومێد دەکەم دەم و نەفەسی ئەم زاتە پاکە بتکا بە ھەڵبەستوانێکی وەکو من.» بەمەدا دەردەکەوێت کە حەسەن ئەفەندی مامیشی ھەر ھۆزانڤان بووە، ھەرچەندە بەداخەوە کە ئێمە ھەتا ئێستا ھیچ ھۆنراوەیەکی ئەومان دەست نەکەوتووە. لەم حوجرەیەدا سەرەتای بەھرەی شیعر وتنی تێدا دەرکەوت، خوویدایە خوێندنەوەی وێژە و شیعر و سەرگوزشتەی ئەدیبان و ھۆزانوانان، لەسەر دابونەریتی کوردەواریی و بەپێی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی عەشایەردا چاوی ھەڵھێنابوو، ئارەزووی سوارچاکی و تفەنگچێتی پەیدا کرد، شۆرەتی سوارچاکیی پیرەمێرد بەناوبانگ بوو، وەک مامۆستا سەجادی دەیگێڕێتەوە، لە شاخی ھەڕووتە، کە پیادە بە ئاستەم پێیدا سەردەکەوێت، ئەم بەتا و لەسەردا ئەسپی ھێناوەتە خوارەوە، بەسەر پردی قەشان و تەپادا بەغار پەڕیوەتەوە. لە دوای ئەوەی کە ئیتر بەرەبەرە لە خوێندنەکەشی پێشکەوت، وا پێویستبوو لەسەر فەقێیەتی دەوام بکات.

لە سەرەتاوە لە مزگەوتەکەی باپیری کە ئێستاش ماوە (مزگەوتی ھەمزاغا)، کە نزیک ماڵی خۆیان بووە و لە نزیک باخێک بووە پێیان وتووە باخی پوورە بەگی، کە لە گەڕەکی گۆیژەیە و چاپخانەکەی پیرەمێرد لە نزیک ئەو مزگەوتەیە، لای مەلا مەحموود دەرسی عەرەبی دەخوێنێت، لە خوێندنی عەرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بەخوێندنی (سیوتی)، بە دوای خوێندندا وەک ھەر فەقێیەکی ئەو سەردەمە لە شار و و جێگەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، بەپێی ئەو نەریتەی، کە لە کام مزگەوتدا مامۆستای چاک بووبێ فەقێکان ڕوویان تێکردووە، وەکو چۆن مامۆستایانی ئێستا ھەر یەکەی لە بوارێکدا شارەزایی پەیدادەکەن و وانە دەڵێنەوە، مامۆستایانی ئەوساش ھەر مەلایەی لە بوارێکی تایبەتدا شارەزایی پەیدا دەکرد، پیرەمێردیش ھەروەکو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوتا و مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، دەگاتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.بەڵام پێش ئەوەی تەواوی بکات، دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و ڕوویکردە ژیانی ڕۆژانەی ئەم دنیایە. لەو سەردەمەشدا ھەر کەسێک خوێندنی مەلایەتی تەواو بکردایە و مەلایەتی بکردایە، ئەوە دەبوو بە مەلا، بەڵام گەر وازی لێبھێنایە پێیان دەوت (میرزا)، بەو پێیەی پیرەمێردیش وازی لە خوێندنەکەی ھێنا، بوو بە میرزا.


پەیکەری پیرەمێرد لە سەرای سلێمانی

لە ئەیلوولی ساڵی ١٨٨٢ی زاینیدا، واتە لە تەمەنی (١٥) ساڵیدا، دەبێت بە کاتبی نفوسی سلێمانی، زۆری پێناچێت دەکرێت بە کاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی، لە حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٣دا بووە بە فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە، نزیکەی سێ ساڵان لەوێ مایەوە، بەپێی نووسینەکانی پیرەمێرد بێت کە لە (ژیان) و (ژین) دا بڵاویکردوونەتەوە، وا دەردەکەوێت کە ئەو سەردەمە عەشقی ھۆنراوە لە دەروونی دابووە، خولیای ھۆنراوە کۆکردنەوە کەوتووەتە سەری، تا ئەو دەمە ھەر خەریکی لەبەرکردنی ھۆنراوەی (نالی) بووە، بەڵام کە چووەتە ئەو ناوچەیە، شەیدای (مەولەوی) و (بێسارانی)یش بووە، بە ھەموو دەشتی شارەزووردا گەڕاوە، کەشکۆڵی ڕەنگینی بۆ خۆی پێکەوە ناوە و ھەرچی ھۆنراوەیەکی دەسکەوتبێت یان بینیبێت یان بیستبێ، لە کەشکۆڵەکەیدا نووسیویەتییەوە، پاشان بوو بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٩٥دا گوازرایەوە بۆ (کەربەلا) بە وەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاریدا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاریی دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرێت، شێخ مستەفای نەقیب دڵخۆشی دایەوە و کردیی بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی، ژیانێکی باش و لەباری بۆ خوڵقاندووە.
ژیانی لە تورکیا

لەبەر ئەوەی تۆفیق لاوێکی زرنگ و زیرەک و بەڕەوشت بوو و خوێندەوارییەکەشی بەپێی ئەو سەردەمە باش بوو، لە تەک بنەماڵەی شێخانی سلێمانیدا پەیوەندییەکی پتەوی پەیدا کرد، تا وای لێھات متمانەی زۆر شتیان پێکرد، خۆشیاندەویست، جێی بڕوایان بوو، بۆیە کاتێک لە ساڵی ١٨٩٨ شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بانگکرا بۆ ئەستەمبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوویان لە تۆفیقی مەحموود ئاغا نا کە لەگەڵیان بچێت بۆ تورکیا، ئەمیش بەپێی ئەو نزیکی و پەیوەندییەی لەگەڵیاندا ھەیبوو، دەستی نەنا بەڕووی داواکەیانەوە، بەمجۆرە شێخ سەعید جگە لە شێخ مستەفای نەقیب، چەند کەسێکی ھەڵبژارد لەگەڵیاندابن، یەکێکیان تۆفیقی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف بوو.

ئەو دەمە تۆفیق خاوەن ژن و ماڵ بوو، بەڵام دیسان ماوەی ئەوەی نەدا کە ژن و منداڵەکەی ببنە کۆسپ لە ڕێگەی ئەم سەفەرەدا، ئەو دەمە تۆفیق غەزالە خانی کچی عەبدوڵڵا فەندیی عەزیز ئاغای بابەکر ئاغای مەلا وەیسی ھاوسەری بوو، دوو کچیشی لێی بوو بوو بە ناوەکانی (ڕەحمە) و (ئامینە)، ئەو دەمە تۆفیق ماڵاوایی لە دۆست و ھاوڕێیانی و لە (غەزالە) خانی خێزانی کرد، کە دەستی بە سەر و قژی کچە بچکۆلەکانیدا دەھێنا، ھەرگیز بیری نەدەکردەوە، کە ئەم سەفەرەی ئەوەندە درێژخایەن دەبێت، مستەفا سائیب لە دەستنووسێکیدا دەڵێ:
« تاریخی ڕۆشتنی خاڵم ھەرگیز لەبیر ناچێت، چونکە لە کاتی سەفەریا لەسەر دیواری ماڵەوە نووسرابوو، ئیتر لە منداڵییەوە ھەر لەبیرم مابوو     »

تۆفیق لە خزمەت شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب و شێخ مەحموود و دەستە و دایەرەیانا گەیشتە ئەستەمبوڵ، لەوێش بوونە میوانی بارەگای سوڵتان. لە پاش ساڵێک لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مستەفا و گەلێ ڕۆشنبیر و پیاوانی بەناوبانگی سەفەرەکەیاندا دەچن بۆ (حەج)، تۆفیق دەبێت بە حاجی تۆفیق، کاتێک لە حەج دەبن وەفایی شاعیر و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکووک، دەبنە ھاوڕێی حاجی تۆفیق. پیرەمێرد لەمبارەیەوە دەڵێت:
« وەفایی کە لە پێشدا موفتی شیعرە جوانەکانی بووم، واڕێکەوت لە ماڵی خوایشا ھاوناڵە و ئەفغانی بووم، لە پاش حەج لە ڕێگەی حیجازدا مردو سەید ئەحمەدی خانەقا لەسەری بەند بوو، تا ناشتنی ڕەفیقی گریانی بووم     »

لە پاش ئەوە سەید ئەحمەد ڕووەو عێراق دێت و حاجی تۆفیقیش دەچێتەوە بۆ تورکیا. بەمشێوەیە تۆفیقی مەحموود ئاغا، لە تەمەنی ٣٢ ساڵیداو لە ھەڕەتی لاویدا، بوو بەحاجی تۆفیق. بەھۆی زیرەکی و ھۆشیاریی خۆیەوە، حاجی تۆفیق زوو دەچووە دڵەوە، ئەمەیان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە لە نووسین و داڕشتنی فارسیدا دەستێکی باڵای ھەبوو، لەبەر ئەوە عزەت پاشای نووسەری دەرباری شەھریاری لە ئەستەمبوڵ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نامەیەی کە ناسرەدینی شای ئێران بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی ناردبوو، داوا لە حاجی تۆفیق دەکات بە فارسی وەڵامی سوڵتان بۆ شای ئێران بنووسێتەوە، وەڵامەکە ھێندە جوان دەبێت سەرنجی کاربەدەستانی دەرباری سوڵتان ڕادەکێشێت، بۆ پاداشتی ئەمە، لە ١٤ی ئەیلوولی ١٨٩٩ ئیرادەی سوڵتانی بۆ دەردەچێ. دەبێتە ئەندام لە ئەنجوومەنی باڵادا لە ئەستەمبوڵ، ھەروەھا پلەی بەگێتیشی دەدرێتێ، ئەمجا ئیتر بەناوی حاجی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەفەوە، لە دیوانی سوڵتانی و لە ڕەسمیاتدا ناودەبرا. ھەر لەو ماوەیەدا بەھۆی عزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ، لە کۆلێجی یاسا (کلیة الحقوق) وەردەگیرێت و بڕوانامەی حقوق وەردەگرێت.
سەردەمی گەنجێتی

شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لە باری بۆ گونجاند. لەسەر بانگھێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید، کاروانێک ڕێکدەخەن؛ لە ساڵی ١٨٩٨دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد ھاوسەفەریان دەبێت. ساڵی ١٨٩٩ شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەمبوڵ سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.

لە ساڵی ١٨٩٩دا بە فەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەھۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ تا ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە ١٩٠٧دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نھێنی پێکھاتبوو بە سەرۆکایەتیی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.

حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە و داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣ پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لەڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە: «جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتووەتەوە، شەوی ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و خۆشحاڵە، بەناوی ھەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین».
گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان

پیرەمێرد کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا بەسەر بردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی بە ناوەکانی (نەژاد و وەداد) ی ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانیەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووە و داوای گەڕانەوەیان لێکردوە کە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣. پیرەمێرد ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لە ڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە:
« جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لە وەتەن دوورکەوتووەتەوە، شەوی ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بە قدومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و خۆشحاڵین، بەناوی ھەموو ھاوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین.     »

و پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە تا لە ساڵی ١٩٢٦دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەھێنێت بە سەرۆکایەتیی حسێن کازم و پیرەمێردیش دەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە. ھەروەھا کاتێک لە ساڵی ١٩٢٤دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش ٢٥ ساڵ ژیان لە تورکیا وای چاوەڕوان دەکرد ئەو وڵاتەی لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لە بارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بەھیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری و میریدا نەچوو، کاری ڕۆژنامەوانی بە پێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەمبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، و جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت. ھەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستیدا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

و لە ساڵی ١٩٣٢دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی. لە ساڵی ١٩٣٧دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات دەچێت خانووەکەی دەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی «ھەتیوان» ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی (ژین) دادەمەزرێنێت.
کۆچی دوایی

پیرەمێرد تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠، بەرامبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە. قانع شاعیری کورد کە پێشتر لەگەڵ پیرەمێرددا پەیوەندیی ھەبووە، ھۆنراوەیەکی درێژی بە بۆنەی مردنی پیرەمێردەوە نووسیوە، کە لە دوای ناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیرانی کورد دێتە سەر باسی پیرەمێرد و شیوەنی مردنی ئەو.


PUKmedia جه‌عفه‌ر جه‌لالی

40.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket