riklam

كۆمسیۆن: هیچ لایه‌نێك بۆی نییه‌ پاڵێوراوی هه‌ڵبژاردنه‌كان دووربخاته‌وه‌

عیراق 07:45 PM - 2021-06-19
.

.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ی حوزه‌یرانی 2021 جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی پاڵێوراوی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندایه‌و  له‌ده‌سه‌ڵاتی هیچ لایه‌نێكی تردا نییه‌.

جومانه‌ غه‌لای، وته‌بێژی كۆمسیۆن به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران تاكه‌ لایه‌نه‌ كه‌ بڕیار له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی كانیدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌دات و پاشان له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند له‌كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ ئه‌درێت.

راشیگه‌یاند: لایه‌نه‌كانی تری وه‌ك ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری ده‌توانن هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی كاندیدێكه‌وه‌ بخه‌نه‌ڕوو، به‌ڵام بۆیان نییه‌ هیچ پاڵێوراوێك دووربخه‌نه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێشتر كۆمسیۆن مه‌رجه‌كانی بوون به‌كاندیدی بڵاوكردبۆوه‌.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 9ی حوزه‌یرانی 2021، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوورخستنه‌وه‌ی 135 كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عیراقی راگه‌یاندبوو كه‌وا بڕیاره‌ رۆژی 10ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ 2021 به‌ڕێوه‌پچێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌، جومانه‌ غه‌لای، وته‌بێژی كۆمسیۆن له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاندبوو، هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ی 135 كاندیده‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ سه‌ربازن، ئاماژه‌شیدا، به‌گوێره‌ی ماده‌ی 9 له‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، رێگه‌نادرێت كه‌سانی سه‌ربازیی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بپاڵێون.

هه‌روه‌ها پێشتریش، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، رۆژی 30ی ئایاری رابردوو دوورخستنه‌وه‌ی 20ی پاڵێوراوی بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به‌هۆی سه‌رپێچییان له‌یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ راگه‌یاند.

سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌، جه‌مال زاری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی (پرۆژه‌ی نیشتمانیی عیراقی) ناڕه‌زایه‌تی خۆی له‌به‌رامبه‌ر بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی خالید سوڵتان هاشم، كوڕی وه‌زیری به‌رگری رژێمی له‌ناوچوو، پاڵێوراوی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ربڕی و ئه‌وه‌شی به‌هه‌نگاوێكی سیاسیی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژاراو ناوه‌زه‌ند كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌پاڵێوراوان دوورخراونه‌ته‌وه‌، له‌نێویاندا خالید سوڵتان هاشم تائیی تێدایه‌ كه‌ له‌سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌واپاڵێوراو بوو.

 PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket