riklam

لیژنەیەكی نوێنەرایەتی هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی وەزارەتی ژنان دەخاتەڕوو

کوردستان 11:57 PM - 2021-06-17
.

.

هەنا ئەدوەر، چالاكوانی دەركەوتووی بواری ژنان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی حوزەیرانی 2021 جەختیكردەوە كە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بەكاروباری ژنان لەگەڵ ئەوەدا نین وەزارەتێكی تایبەت بە ژنان هەبێت، بەڵكو لەگەڵ پێكهێنانی ئەنجومەنێكی باڵای نیشتمانین بۆ خانمان.

وەسفیە شێخۆ، بڕیاردەری لیژنەی ژنان و مناڵان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەئاژانسی هەواڵەكانی عیراقی راگەیاندبوو كە لە یاساكانی عیراقدا، یاسای تێدایە پشتیوانی لەپرسی ژنان دەكات، بەڵام كەموكورتی تێدایەو یاسایەك نییە تایبەت كرابێت بەپاراستنی ژن، ئاماژەشیدا بەگرنگی ئەو یاسایانە كە تایبەتن بە پشتیوانیكردن لەژنان و بەكۆڵەی دامەزراندنی دەوڵەت و پتەوكردنی گیانی نیشتمانپەروەری دادەنرێت و رۆڵی گەورە دەبینێت لەپێشخستنی وڵات لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە.

راشیگەیاند: دەستوور پارێزگای لەو رێژەیەی نوێنەرایەتیكردنی ژنان لەئەنجومەنی نوێنەران كردووە كە لە 25% كەمتر نەبووە، ئاماژەی بەو هەوڵانەش دا كە لیژنەكەیان لەرێگەی پێشكەشكردنی پێشنیازەوە داویانە بۆ پێكهێنانی وەزارەتێكی تایبەت بەژنان، داواشیكرد كە هەرچی هەموارێك لەبەرنامەی وەزاریدا ئەنجام دەدرێت، پێویستە ژنان نوێنەرایەتییان تێیدا هەبێت، ئەوەش لەڕێگەی دەقێكی یاسایی ئیلزامییەوە دەبێت و پێویستە لەئەنجومەنی وەزیراندا جێبەجێ‌ بكرێت و بەلایەنی كەمەوە لە 25%ی ژنان نوێنەرایەتییان تێیدا هەبێت، وەك چۆن لەئەنجومەنی نوێنەراندا ئەو یاسایە جێبەجێكراوە.

لەمبارەیەوە، هەنا ئەدوەر، ژنە چالاكوانی دیاری عیراق لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا لەگەڵ PUKmedia رایگەیاند: ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەساڵی 2016 و 2017دا كۆڕبەندێكی هەریمایەتیمان رێكخست و باسمان لەمیكانیزمێكی نیشتمانیی كرد دەربارەی پرسی ژنان، گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی كە بابەتەكە پەیوەستە بە پێویستی پێكهێنانی ئەنجومەنێكی نیشتمانییە بۆ توانای ژنان، لەو بارەیەشەوە، پێشنیازمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران و دەستەی سەرۆكایەتی بەرزكردەوە، بەڵام جێبەجێ نەكران.

ئەدوەر راشیگەیاند: وای دەبینین دروستكردنی وەزارەت بۆ ژنان هیچ شتێكی لێ بەدینایەت و بەگوێرەی پرەنسیپی پشكپشكێنەو بەدەست پارتێكەوە دەبێت و بەپێی ئایدیۆلۆجیەت و ئاراستەیەكی دیاریكراو كار دەكات، ئەو كاتە وەزارەتێكی بێتام و بێ‌ بۆن و بێ رەنگ دەردەچێت، جەختیش دەكاتەوە كە پێویستە هەماهەنگی لەنێوان حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەریدا هەبێت و لەسەر ئەرزی واقیع و لەسەر ئاستی دەسەڵاتدا، كاری راستەقینە بۆ ئەو پرسە بكرێت.

ئەدوەر دووپاتیشی كردەوە كە ئەوان لەگەڵ ئەنجومەنێكی نیشتمانیی تایبەت بەكاروباری ژناندان و لەوەزارەتێكی ژنانیان پێباشترەو ژنان بەشێوەیەكی فراوانتر بەشداری تێدا دەكەن.

 روونیشیكردەوە كە لەسەر ئەرزی واقیع، وەزارەتەكانی پێشووتری ژنان هیچ شتێكی بۆ ژنان لێ‌ بەدینەهات، تەنها كاغەز بوون، وتیشی: هیچ كۆتایەكی ژنان لەحكومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بەدی ناكەین، بەڵكو بەپێچەوانە، هەست دەكەین بەشداری ژنان لەپێگەكانی بڕیارداندا رووی لەكەمبوونەوە كردووە، هەروەها هەستیش دەكەین، پۆستەكانی ژنان لەدامەزراوەكانی دەوڵەتدا بۆ كەمترین ئاست دابەزیوە.

ئەو چالاكوانەی بواری ژنان وتیشی، خاڵی لاواز لەوەدایە كە حكومەت گوێ‌ بەپرسی ژنان نادات، سەرجەم دامەزراوەكانی لەكاراكتەری بەتوانای ژن چۆڵكردووە.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket