riklam

200 ملیارەكە كۆتایی بە بیانوی لێبڕینی مووچە دەهێنێت

ئابوری 01:35 PM - 2021-06-17
.

.

دوای چەندین سەردان و كۆبوونەوەو دیداری هاوسەرۆكان و وەفدی باڵای یەكێتی و هەروەها تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، گفتوگۆ لە  لایەنە سیاسیی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، حكومەتی عیراق بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، كۆتایش بە بیانوی لێبرینی مووچە هات.

 

موژدەی هاوسەرۆك 

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك یەكەمین سەركردەی سیاسیی ئاشكرایكرد كە بەمزوانە مژدەی خۆش دەبیستن سەربارەت بە مووچە، ئەم لێدوانەی هاوسەرۆك سەرچاوەكەی بۆ ئاگایی و چاودێریكردنی رەوتی گفتوگۆكانی نێوان تیمی حكومەت و هەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتی دەگەڕێتەوە كە قورسایی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر قەیرانی دارایی و كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم.

 

زەمینە رەخساوەكە

سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مكوڕبوون و پێداگری بەردەواە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و چارەسەری گرفت و كێشە هەڵپەسێدراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی كەیسی بودجە و مووچە و قووتی خەڵك،  هەروەها  چارەسەرەكان بە  دیالۆگ و دروستكردنی متمانە و دواتریش پەیوەستبوونی هەردوولایە بەرێككەوتنەكان كە بنەماكەی دەستووری عیراق و سەلماندنی مافەكان بەدیدەهێنرێن.

لەو روانگەیەوە پێشتر لاهور شێخ جەنگی بە هاوڕێیەتی وەفدی باڵای یەكێتی جووڵەی سیاسی لە بەغدا لەگەڵ لایەن و سەركردەی سیاسیی دەستپێكرد و هاوتەریبیش جووڵەی دیپلۆماسیی بەگەڕخست، تاوەكو هەوڵەكان زەمینەی لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوەی رەخساند.

لە نوێترین سەردانی وەفدی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی بۆ بەغداو دیدارە سیاسیی و دیپلۆماسییە چڕو وردەكانی توانی هێزێكی بەگوڕ بخاتەوە نێوانی سیاسیی یەكێتی و لایەنەكان و لەسەر مێزی هەموو گفتوگۆكان مەلەفی بوجە و موچە و مافی كورد وەك هاوبەشی راستەقینە لە عیراقی نوێ بخاتەڕوو، داكۆكیشی لێبكات و هاوڕایی بەئاڕاستەی ئیجابی بەرهەمبهێنێت.

 

گۆڕینی تێڕوانین لە بەغدا

بەختیار شاوەیس وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: سەردانی هاوسەرۆكان و وەفدی یەكێتیی گرنگی زۆرباشی هەبووە لەسەر تێروانینی ئەرێنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

وتیشی: ئەم گۆڕانكارییە لە تێڕوانین  بۆ كێشەكانیش بەرەوچارەسەر و تێگەیشتن رەنگیداوەتەوە، سەردانی هاوسەرۆكان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتی،  حزبی و سیاسیی بوون، بەڵام بۆ دەستكەوتی حزبی و كەسی نین، بەڵكو لە پێناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و مووچەخۆران دایە بەگشتی و ئەم ئەركەش بە یەكێتیی دەكرێت كە بەرپرسیارێتی قورس بخاتەئەستۆی و گرنگە لایەنە كوردستانیەكانیش لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی كۆمەڵانی خەڵك هاوپشت بن.

 

پراكتیكی سیاسیی یەكێتی

هاوسەرۆكانی یەكێتیی، لە پراكتیكی سیاسیی دا كارت و مەلەفەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغدا دەجوڵێنێ و پشتیوانی لایەنە سیاسییەكانیشی بۆ پەیدا دەكات، تاوەكو لە قازانجی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دا بكەوێتەوە، ئەمەش رێگەی بۆ تیمی حكومەت خۆشكرد كە لە سەردانی تیمی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا گفتوگۆكانی بكات ، كە قوباد تاڵەبانی تیمەكەی سەركەوتوانە لەسەر ئاراستەی تێگەیشتن لە كێشەكە، تێگەیاندنی حكومەتی بەغدا و پشتیوانی بەدەستهێنانی هێز و لایەنە سیاسییەكان كاریان كرد ، كە توانرا پرسی بودجە و موچە قۆناغی باش بڕواتەپێش تا ئاستی بڕیاردان لەسەر ناردنی 200 ملیاری مانگانە بۆ هەرێم.

 

پەرۆشی یەكێتی 

پەرۆشی یەكێتی لەسەر ئاستی باڵای حزبی، تیمی حكومەت، پەرلەمانی بۆ چارەسەری كێشەی شایستە داراییەكانی هەرێم بە پشتیوانی هەوڵەكانی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و فراكسیۆنی یەكێتی و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە و نوێنەرانی كورد لە بەغدا و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، بە قازانج و ویستی خەڵك شكایە و ئەو نیەتە سەركەوت كە لە پاراستنی قوت و ژیانی خەڵك دابوو.

 

200 ملیارەكە رێككەوتنێكیانە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و سەرۆكی تیمی دانوستانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا  دوای گفتوگۆ و دیالۆكی چڕ توانی تێروانینێكی نوێ لە حكومەتی فیدراڵ بهێنێتە ئاراوە و رۆژی 15-6-2021 ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بڕیاریدا بەشە بودجەی هەرێم بە پێی بودجەی ٢٠٢١، لە ١/١/٢٠٢١ بۆ هەرێم  بنێرێت، كە دەگاتە 1 ترلیۆن و 200  ملیار دینار بۆ ئەو مانگانە.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دوای سەردان و كۆبوونەوە و گفتوگانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەفدەكەیەوە بووە كە  رێككەوتنی  جێگیركردنی پشكی هەرێم  یەكێكیانە كە لە بودجەی ساڵی 2021 ی عیراق كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا.

سەمیر هەورامی ئاشكرایدەكات: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لۆبییەكی دروستكرد بۆ گەیاندنی راستییەكانی هەرێم بە بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 10 سەردانی ئەنجامداوە كە هەندێك لە سەردانەكاندا 14 رۆژ لە بەغدا ماوەتەوە. 

 

شلكردنی گرێكوێرەكە

جێگیركردنی ئەم مافە رەوا دارایی و بودجەی هەرێمی كوردستان و پاراستن و پەیوەستبوونی هەردوولا، رێخۆشكەرن تاوەكو هەنگاوی دیكە و تەگبیری دیكە بكرێت بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی دیكەی خەڵكی كوردستان و ئەمە لە خەیاڵدانی سیاسیی هاوسەرۆكان و یەكێتیی دا هەیە، كە هەنگاوە پراكتیكەیان بۆ چارەسەریی قەیرانە قورسەكانی سەرشانی خەڵكی كوردستان بێت، كە لەسەرەتاكانی ساڵی 2013ەوە بەرۆكی هاونیشتمانیان و هەرێمی كوردستانی گرتووە، كە نزیكەی هەشت ساڵ دەبێت، كە چیتر مایەی فەرامۆشكردن و زیاتر كردنی قەیران نییە و ئێستا هاوسەرۆكانی یەكێتی هێزی كاریگەرییان هەیە بۆ شل كردنەوەی گرێكوێرەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

 

جوڵەكان بۆ قازانجی گشتی

گرنگە لەسەر ئاستی هەرێمیش ژینگەی هێوركردنە وە و توندكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بپارێزرێت و لەسەر بنەما دەستووریی و رەواییەكان و پەیوەستبوونی رێككەوتنەكان مامەڵە بكرێت، یەكێتی لەم پێناوەدا سیاسەتی راست و رەوان لە پێناوی قازانجی گشتی پەیرەو دەكات، لەدوای گەران و چارەسەری قەیرانەكان كۆڵنادات.

د. بەخیتار شاوەیس وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، هاوسەرۆكان لە ناو هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق خاوەنی سەنگ و متمانە و كاریگەرین، بەجۆرێك لە هەرسەردانێكدا بەماوەیەكی كەم گۆرانكاریی ئیجابی لە تێروانیی لایەنەكاندا دروست دەكەن و لە دانیشتەكانی نوێنەران هەستی پێدەكەین.

 

بێمەترسی نییە 

رۆژی 16-6-2021، حكومەتی عیراق بڕیاریدا، دوای وردبینیكردن لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگای وەزارەتی داراییەوە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و بەپێی بڕیارەكەش لە 1-1-2021 ەوە پشكی هەرێم خەرجدەكرێت كە دەكاتە شەش مانگ و لە یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار پێكدێت.

لەبارەی ناردنی 200 ملیار و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، د.بەختیار دەڵێت: هێشتا مەترسی لەسەر ئەم پرسە هەیە، بەوپێیەی وەزیری دارایی عیراق دەنگی پێ نەداوەو ناردنی بودجەش بە ئیمزای ئەو دەبێت، گرنگە ئەم هۆكارە بە یاسایی بكرێت و ئاستەنگی بۆ دروست نەكرێت.

"ئەم هەنگاوە ئیجابیەی ناردنی 200 ملیار مانگانە، بەفشاری هاوسەرۆكانی یەكێتیی و دیدار و گفتوگۆ سیاسییەكانیان لە گەڵ لایەنەسیاسییە عیراقیەكان كراوە" ئەمە وتەی وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتییە لە بەغدا.

 

بیانوی لێبریین كۆتاییهات

دیدار و هەوڵ و سەردانە بەرداوامەكانی هاوسەرۆكان و وەفدی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ بەغدا هەم لە رابردوو ، لە ئێستا و داهاتووشدا بۆ ئەوەیە هێز و كاریگەریی حزبی یەكێتیی بەرەو سوود و قازانجی خەڵك بێت و هەموو ئەو دەستكە و مافانەی بەدەست دەهێنرێت بۆ پشتیوانی خۆشگوزەرانی خەڵك و كەمكردنەوەی قەیرانەكان بێت.

بەگوێرەی سیستمی بایۆمەتری 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەن،  بەڵام  لە دابەشكردنی مووچەدا رێژەیەك لە مووچەكەیان بەبیانوی قەیرانی داراییەوە دەبڕدرێت كە لە خوار پلە باڵاوە ریِژەكە 21% ، بۆیە حكومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، ئەگەر ئاستەنگ بۆ بریاری ناردنی 200 ملیارەكە دروست نەكرێت ئەوا بیانوی لێبرینی مووچەش لە لایەن كابینەی نۆ كۆتایی دێت. 

د.بەختیار راشكاوانە دەڵێت: بە ناردنی ئەو 200 ملیارە باشترە حكومەتی هەرێم راستەوخۆ لێبڕینی مووچە لەسەر مووچەخۆرانی هەرێم لابدات، چونكە بۆ ئەوە پێویستی بە 180 ملیار دیناە و ئێستا 20 ملیار دیناریش زیادتر لەبەر دەستە، بۆیە دەبێت فشاری یەكێتی و لایەنەكان  و خەڵك بەگشتی لەسەر ئەم پرسی لابردنی لێبڕنە جددی بێت.

بەجێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و تیمی حكومەتی هەرێم، كە ناردنی 200 ملیار دینار مانگانەیە، ئەوا سەرچاوەی داهاتی مانگانەی هەرێم گۆرانكاریی بەسەردا دێت بەمجۆرە(200 ملیاری بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق+ 450 ملیار دیناری نەوت_300 ملیۆن دۆلار+ 350 ملیار دینار+ 25 ملیار دینار) كۆی گشتی داهات دەكاتە 1 ترلیۆن و 25 ملیار دینار ، لە كاتێكدا دابینكردنی مووچە پێویستی بە 894 ملیار دینارە.

 

لێبڕین رابگیرێت

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی بڕیارەكە ئەنجومەنی وەزیران بە ناردنی 200 ملیار دینار لەسەر بنەمای رێككەوتنی تیمەكەی حكومەتی هەرێم دەڵێت: هاوسەرۆكان و سەركردایەتی یەكێتی هەوڵی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان داوەو هەر لە سەرەتاوە یەكێتی گەیشتن بە ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا بە پێویست زانیوە و ئامانجی یەكێتیش گەیشتن بەڕێككەوتن بووە لەگەڵ بەغدا و هەوڵیشی داوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە كۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنێت.

 PUKmedia راپۆرتی ناوەندی هەواڵ  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket