riklam

بە هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت

ئابوری 10:16 AM - 2021-06-16
.

.

دوای زنجیرەیەك سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، توانرا هەرێم و بەغدا بگەنە ئەو رێككەوتنەی عیراق لە رێگای وەزارەتی داراییەوە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتیش رایدەگەیەنێت، ئەم رێككەوتنە بە ئاسانی نەكرا چونكە، حكومەتی عیراق ئەو روئیایەی ئێستای نەبوو و بە نیاز نەبوون رێككەوتنێكی لەم جۆرە لەگەڵ هەرێم بكات.

لەوبارەیەوە سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم بە PUKmedia ی راگەیاند: بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم پاش ئەو سەردان و كۆبوونەوانەی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەفدی یاوەری لە حكومەتی هەرێم دێت بۆ بەغدا، كە سەردانەكان بووە هۆی ئەوەی چەندین رێككەوتن بكرێت كە دوا رێككەوتنیشیان جێگیركردنی پشكی هەرێم بوو لە بودجەی ساڵی 2021 ی عیراق كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا.

راشیگەیاند: ئەم رێككەوتنە بە ئاسانی نەكرا چونكە، پێش ئەوەی سەردانەكانی دەستپێبكات بە دیاریكراوی لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 كە وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دەستیكرد بە سەردان بۆ بە دەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و شەقامی عیراقیش ئەو روئیایەی ئێستایان نەبوو و بە نیاز نەبوون رێككەوتنێكی لەم جۆرە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكەن، هۆكارەكەشیان دەگەڕاندەوە بۆ گەیشتنی زانیاری نا دروست لەسەر هەرێم بە حكومەت و شەقامی عیراقی.

سەمیر هەورامی راشیگەیاند: لە سەردانەكانی وەفدی هەرێمدا سەرەتا وەك بناغەیەك بۆ كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و رێككەوتن لەسەر ئەو خاڵانەی ناكۆكیان لەسەرە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لۆبییەكی دروستكرد بۆ گەیاندنی راستییەكانی هەرێم بە بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 10 سەردانی ئەنجامداوە كە هەندێك لە سەردانەكاندا 14 رۆژ لە بەغدا ماوەتەوە. 

جەختیشیكردەوە: كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی بوونە هۆی رێكخستنەوە و راستكردنەوەی ئەو زانیارییە نا دروستانەی كە لەبارەی هەرێمەوە گەیشتبوونە عیراق و شەقامی عیراقی.

وتیشی: ساڵی پار وەفدی هەرێم و بەغدا رێككەوتنێكیان ئیمزاكرد بەڵام بەهۆی یاسای قەرزەوە دوو مانگ جێبەجێ كرا،  دواتر وەفدەكە درێژەی بە گفتوگۆكانی دا تا لەگەڵ حكومەتی عیراقی رێككەوتنێكیان ئەنجامدا و خرایە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجە، دواجاریش وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی دارایی و فراكسیۆنە سیاسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و توانیان ئەم رێككەوتنەی كە ئێستا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیش بڕیاری لێداوە بخرێتە چوارچێوەی یاسای بەدجەوە و پەسەندبكرێت.

راشیگەیاند: لە كۆتایدا ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا مانگانە بڕێك لەو شایستە دارایانە بنێرێت كە بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت و چاودێری دارایی بەردەوامبێت لە پرسی داهات و خەرجییەكان و رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

دوێنێ 16-6-2021، حكومەتی عیراق بڕیاریدا، دوای وردبینیكردن لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگای وەزارەتی داراییەوە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و بەپێی بڕیارەكەش لە 1-1-2021 ەوە پشكی هەرێم خەرجدەكرێت كە دەكاتە شەش مانگ و لە یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار پێكدێت.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket