riklam

ئەرکە یاساییەکانی هەرێم و ناوەند لە یاسای بوودجەدا

بیروڕا 12:36 AM - 2021-06-16
.

.

هەرێم و ناوەند دوای زنجیرە دانوستانێکی ماوە درێژ دواجار گەیشتن بە جۆرە تێگەشتنێک و ئەمەش خرایە نێو چواچێوەیەکی یاساییەوە، بەمەش شتێک نەماوەتەوە پێی بوترێ  رێکەوتنی هەرێم و ناوەند یاخود جێبەجێ کردنی رێکەوتن، بەڵکو ئەوەی ئێستا بەرکارە یاسای بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٢١ ، کە دەبێ هەردوولا ( هەرێم و ناوەند ) ئەو ئەرکە یاساییە داراییانە جێبەجێ بکەن کە بە پێی یاسای ناوبرا و خراوەتە ئەستۆیان .

ئەرکە یاساییەکانی هەردوولا ( هەرێم و ناوەند ) لە یاسای ناوبراودا دیاری کراوە و باسی چۆنیەتی جێبەجێ کردنیشی کراوە، و بەشێوازێک رێکخراوە کە دەبێت یەکمجار حکومەتی هەرێم ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، خۆ ئەگەر هاتوو هەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد ئەوا بۆی نیە داوای بەشە بووجە لە ناوەند بکات ، هەربۆیە ئێمە پێمان وایە ، (بەپێچەوانی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراقەوە)، ئەگەر  حکومەتی هەرێم پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سکاڵا لەسەر ناوەند تۆمار بکات بەزیانی خۆی دەشکێتەوە .

لێرەدا کورتەی ئەرکە یاساییە داراییەکانی هەرێم و ناوەند لە چەن خالێکدا دەخەینە روو بەو شێوازەی لە یاسای بووجەدا هاتووە : 


یەکەم / حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی ( ٤٦٠ ) هەزار بەرمیل نەوتی خاو ، وە پاش دەرکردنی بری پێویست بۆ انتاج و نقل و تشغیل و بری پێویستی بەکار‌هێنانی ناوخۆیی ، دەبێت ئەو بڕەی  دەیدات بە ناوەند لە بڕی نرخی ( ٢٥٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە بەنرخی سۆمۆ کەمتر نەبێت ، ئەمەش  بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێ ئەمەش بەپێی مادەی ( ١١/ پانیا / ٢) لەیاسای بووجە، ئەم خاڵەش لە رابردوودا پرسی سەروەری فرۆشنی نەوتی هەرێمی ووروژاند و ئەمەش بۆچوونی تر هەڵدەگرێ و ئێرە شوێنی باسکردنی نیە .


دووەم / حکومەتی هەرێم پابەندە  بە تسلیم کردنی داهاتە نا نەوتیەکان بە خەزێنەی گشتی عێراق، ئەم حوکمەش بە رەهایی هاتووە و هەموو داهاتە نا نەوتیەکان دەگرێتەوە پشت بەست بە بنەمای ( المگلق یجری علی اگلاقە ) ، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەم التزامە کاتێک بەدیدێت و پەسەند دەکرێت کە دیوانی چاودێری دارای عێراق هەستێ بە ووردبینی کردنی سەرجەم ئەو بەیاناتانەی کە پەیوەندیدارن بە داهاتە نا نەوتیەکانەوە ، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارای هەرێم، لە ئێستادا ئەم پرۆسەیە هەنگاوەکانی دەستی پێکردووە .


سێیەم/ حکومەتی هەرێم قەرزاری بانکی بازرگانی عێراقیە ( بانکێکی هاوبەشە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ) دا ، ئەم قەرزە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە پشکی هەرێم دەبردرێت بەشێوەیەکی مانگانە ، بەشێوازێک کە دەبێت لە ماوەی حەوت ساڵدا بدرێتەوە ، واتە لە ( ٢٠٢١ – ٢٠٢٧ ) دەخایەنێت ، ئەمرۆش یەکەمین هەنگاونرا بۆ دانەوەی ئەو قەرزە .


چوارەم/ لە پاش جێبەجێ کردنی سەرجەم ئەو ئەرکە یاساییانەی حکومەتی هەرێم کە ئاماژەی پێ درا ، حکومەتی ناوەند هەڵدەستێ بەناردنی پشکی هەرێم لە بووجەی عێراق دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجیەسیادییەکان ، ئەم خاڵەش لە بێمتمانەیی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمەوە سەرچاوەی گرتووە ، واتە دەبێت حکومەتی هەرێم لە پێشدا نیەتپاکی خۆی بسەلمێنێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات ، بەمانایەکی تر  التزامی حکومەتی ناوەند دروست نابێت تاکو حکومەتی هەرێم التزاماتەکانی جێبەجێ دەکات. 


پێنجەم / حکومەتی هەرێم پابەندە بە پێدانی زانیاری تەواو لەسەر میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بە ناوەند لە هەردوو بەشی شارستانی و سەربازییی لە ماوەیەکدا کە لە ( ٣٠ / ٦ / ٢٠٢١ ) تێپەرنەکات .


شەشەم / حکومەتی هەرێم پابەندە بە خەرجکردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆران لەو پارەیەی لە حکومەتی ناوەندەوە دەنێردرێت ، پێش هەر خەرجکردنێکی تر . 

لە دوای خستنەرووی ئەرکە داراییەکانی هەرێم و ناوەند بەپێی یاسای بووجە کە باس کرا،  دەتوانین بگەینە ئە ودەرئەنجامەی کە ناردنی پارە لەلایەن ناوەندەوە بۆ هەرێم لەم کاتەدا ئەگەرێکی زۆر قورسە، و حکومەتی ناوەند دەخاتە بەردەم  لێپرسینەوەی  پەرلەمانی ، چونکە وەک باسکرا  حکومەتی ناوەند کاتێک التزامی ناردنی پارەی لەسەر دروست دەبێ کە حکومەتی هەرێم سەرجەم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات ، بەڵام لە ئێستادا هەرێم زۆرێک لە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە.  


PUKmedia رێبوار محمد صالح 

مامۆستای زانکۆ 

 

 



 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket