riklam

لوتكەی ناتۆ بەئامادەبونی سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكارەكانی دەكات

جیهان 07:05 PM - 2021-06-14
.

.

لەبرۆكسلی پایتەختی بەلجیكا كۆبوونەوەی لوتكەی سەرانی وڵاتانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەئامادەبوونی جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا دەستی بەكارەكانی كردو سەرانی هاوپەیمانێتییەكەش بەو هیوایەن كۆبوونەوەی لوتكە ببێتە مایەی كرانەوەی وەرزێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ئەتڵەسی، بۆ یەكەمین جاریش بگەنە رێككەوتن لەسەرئەوەی گفتوگۆكانیان لەسەر چارەسەری گۆڕانكاری كەشوهەواو روبەڕووبوونەوەی هەڵكشانی سەربازیی چین چڕبكرێتەوە.

كۆبوونەوەی ئەمجارەی لوتكە وەك یەنس ستولتنبێرگ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی بەساتێكی گرنگ وەسفی دەكات، ئامانج لێی پێچانەوەی ئەو لاپەڕەیەیە لەگرژی و ئاڵۆزیی چوار ساڵی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، كە هۆكار بوو بۆ لاوازكردنی متمانە لەناو هاوپەیمانی رۆژئاوایی.

دیپلۆماتكارانیش رایانگەیاند:  هەر سی وڵاتەكەی هاوپەیمانی بەشداربووی كۆبوونەوەی برۆكسل، چاویان بڕیوەتە ئەوەی پشتیوانی لە هاوپەیمانیەتیەكی سەربازیی ئەتۆمی بكەن كە لەساڵی 1949دا دامەزرێنرا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە رەنگە ببێتەهۆی تەشەنەسەندنی ململانێكان تا دەگاتە هەوڵەكانی روسیا بۆ بەرتەسكردنەوەی دیموكراسییەكانی رۆژئاوا لەمیانی هێرشە نهێنییەكاندا.

هەروەها دیپلۆماتكاران رایانگەیاند: پێدەچێت لوتكەی هاوپەیمانی لەبرۆكسل، تاووتوێی ئەو هەوڵانە بكات كە لەلایەن روسیاوە دەدرێت بۆ دابەشكردنی رۆژئاوا، ئەوەش پێش كۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ فلادیمیر پوتین، هاوتا روسییەكەی لەشاری جنێف سبەینێ‌ رۆژی سێشەممە.

جێی ئاماژەیە، لەو كاتەی روسیا نیمچە دوورگەی قرمی خستەوە سەر روسیا لەساڵی 2014،  هاوپەیمانی ناتۆ دەستی بەنوێكردنەوەی بەرگرییە سەربازییەكانی كرد، بەڵام هێشتاش هاوپەیمانی ناتۆ لەبەردەم هەڕەشەی هێرشی سیبرانی و زانیاری چەواشەكاریدایە، هەرچەندە مۆسكۆ لەلای خۆیەوە ئەو هەوڵانە رەتدەكاتەوە كە درابێت بۆ لەقكردنی سەقامگیری ئەندامانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

بەڵام دیپلۆماتكاران رایانگەیاند: گرنگترین پرس سەرانی هاوپەیمانی سەرقاڵكردووە، ئەوەیە كە پێویستە بایدن ئەوە رابگەیەنێت كە ولایەتە یەكگرتووەكان لەدوای سەردەمی ترەمپ، سەرلەنوێ‌ پابەندە بە بەرگری بەكۆمەڵی هاوپەیمانی ئەتڵەسییەوە.

دیپلۆماتكاران راشیانگەیاند  وتارەكانی ترەمپ لەساڵانی 2017 بۆ 2019 لەمیانی لوتكەكانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی كە جۆرێك لەڕووبەڕووبوونەوەی لەدژی هاوپەیمانانی تێدا بوو، مەبەست لێی ئەوە بووە كە وای پیشانی بدات كە قەیران هەیە.

هەروەها هاوپەیمانان رێككەوتن كە بەتوندی رووبەڕووی  زیادبوونی هەژموونی سەربازی و ئابووری چین لەدەوروبەری ئەتڵەسی و مەشقە سەربازییە هاوبەشەكانی لەگەڵ روسیا ببنەوە.

واش پێشبینی دەكرێت، لوتكەی هاوپەیمانی ئەتڵەسی، بەهۆی دەردراوەكانی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن،  بەنیازە تاوەكو ساڵی 2050، هێزە چەكدارەكانی تا رادەیەكی زۆر كەمبكاتەوە.

PUKmedia ئاژانسەكان

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket