riklam

لە سنوری هەولێر 40%ی كارەبا بەفیڕۆدەدرێت

کوردستان 03:54 PM - 2021-06-11
.

.

لەسنوری پارێزگای هەولێر 30 تا 40%ی كارەبا بەفیڕۆدەچێت و هاوبەشانی كارەبای ئەو پارێزگایەكەش نزیكەی 449 ملیار دینار قەرزداری كارەبان.

سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر بە PUKmediaی راگەیاند: تا مانگی 4 ی ئەمساڵ 617 هەزارو 958 هاوبەشی كارەبا بەهەموو جۆرەكانی خانوو دوكان و شوێنی پیشەسازی و بازرگانی لەو پارێزگایە هەبوەو تا هەمان مانگ واتا مانگی نیسانی 2021 خەڵكی ئەم پارێزگایە بڕی 448 ملیارو 803 ملیۆن و 66319 دینار قەرزداری پارەی كارەبای حكومەتن كە سنووری كارەبای ناو شاری هەولێرو سۆران و كۆیەو پیرمام و شەقڵاوە دەگرێتەوە.

سەبارەت بەسزادانی سەرپێچی كارەبا لەپارێزگای هەولێر ، سەرچاوەكە ئەوەی ئاشكراكرد: لەساڵی 2020دا  4 هەزارو 185 هاوبەشی كارەبا بەهۆی سەرپێچیەوە سزادراون كە بڕی سزادانەكەشیان 98 ملیۆن و 775500 دینار بووە  لە 5 مانگی یەكەمی ئەمساڵیش واتا تا 16/5/2021 ، 853 هاوبەشی كارەبا بەبڕی 59 ملیۆن و 566000 دینار سزادراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە بۆ كەمكردنەوە لەسەر زیاد بەكارهێنانی كارەباو نەهێشتنی زیادەڕەوی لەسەر كارەبای نیشتمانی تا مانگی 5 ی ئەمساڵ 205 هەزارو 514 ئامێری پێوەری زیرەك بۆ هەموو سنووری پارێزگای هەولێر بەستراوە.

دەربارەی بەفیڕۆچوونی كارەبای نیشتمانی لەپارێزگای هەولێر، سەرچاوەكەی بەڕێوبەرایەتیەكە رونیكردەوە: لەئێستادا بەنزیكەی 30% تاوەكو 40% ی كارەبا لەو پارێزگایە بەچەندین هۆكار بەفیڕۆدەچێت.

بەپێی ئامارێكی بەشی ژمێریاری بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر لەساڵی 2020 دا كۆی داهاتی كارەبای ئەو پارێزگایە 133 ملیارو 392 ملیۆن و 306990 دینار بووە، بەڵام لە 4 مانگی یەكەمی ئەمساڵ واتا تا كۆتایی مانگی نیسان كۆی داهاتی كارەبای ئەو پارێزگایە 31 ملیارو 227 ملیۆن و 77000 دینار بووە.

بەپێی سەرچاوەیەكیش لەبەڕێوبەرایەتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەولێر لەئێستادا هەموو پارێزگاكە پێویستی بە 1850 مێگاوات كارەبا هەیە بۆ پێدانی 24 سەعات كارەبا، بەڵام 1100 مێگاوات كارەبای بۆ دابین دەكرێت كە بڕی 750 مێگاوات كارەبا كەمتر لەوێستگەكان بەئەوان دەدرێت، سەرچاوەكە وتیشی: بەبڕوای من لەوەرزی گەرمای هاوینی ئەمساڵ لەشەو رۆژێكدا دەتوانین 15 سەعات و نیو كارەبا بەخەڵكی ئەو پارێزگایە بدەین، چونكە لەو وەرزەدا بڕی 2150 مێگاوات كارەبامان بۆ هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر پێویست دەبێت ، بەڵام ئەو بڕە مێگاواتەمان بۆ دابین ناكرێت.

هەر سەبارەت بەبەستانی پێوەری زیرەك، سەرچاوەكەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەولێر رایگەیاند: پێوەری زیرەك دوو جۆری هەیە جۆری كارەبای ماڵان پێی دەڵێن (سینگڵ فەیس) كە بڕی 40 مێگاوات كارەبا دەدات بەماڵان كە پێشتریش بەپێی سەعاتە كۆنەكانی كارەبا هەر 40  ئەمپێر بوو، بەڵام جۆری (سری فەیس) 90 ئەمپێر كارەبا دەدات كە هەندێك ماڵ و شوێن بەستوویانە ، بەڵام تائێستا پێوەری زیرەك بۆ شوێنی بازرگانی پیشەسازی و كشتوكاڵی دانەنراوە كە ئەوانیش بەپێی نرخی خۆیان ئەمپێری كارەبایان بۆ دادەنرێت.

سەبارەت بەمیكانزمی كاركردنی پێوەری زیرەك سەرچاوەكە وتی: بۆ (سینگل فەیس) ی ماڵان كە 40 ئەمپێرە ئەگەر ماڵێك 41 ئەمپێر كارەبای بەكارهێنا ، ئەوكات سێركتەكە دەكوژێتەوە كە جاری یەكەم دوای 45 چركە كارەباكە دادەگیرسێتەوە، بۆ جاری دووەم و سێیەم دیسان كارەباكە دادەگیرسێتەوە، بەڵام دوای ئەو چەند جار كارەباكە ببڕێت بەهۆی زیاد بەكارهێنان لەبڕی دیاریكراو، كارەباكە نایەتەوەو خاوەن ماڵەكە ناچار دەبێت بچێت تیمی بەڕێوبەرایەتی چاكردنەوەی كارەبا بێنێت بۆ هەڵدانەوەی سێركتەكە لەناو بۆكسەكە كە لەسەر ستونێكی بەرز جێگیر دەكرێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 40 ئەمپێر كارەبا بۆ ماڵێك زۆرە ، بەڵام ئەو بڕە بەشی ئەو هاوبەشانە ناكات كە سەرپێچیان كردۆتە سەر كارەبای نیشتمانی.

باسی لەوەش كرد ماوەی دوو مانگە نرخی كارەبا گرانبووە ئەو پێوەرە زیرەكە هیچ بڕە پارەیەك ناهێڵێت بەفیڕۆ بڕوات كە پێشتر پێوەرە كۆنەكە كارەبایەكی زۆری وندەكرد، هەروەك پێوەرەكە بەخۆڕایی بۆ ماڵان دەبەسترێت و هەمووی لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم كڕاوەو لەهەر شوێنێكیش ئەگەر پارە لەهاووڵاتیان بۆ ئەو پێوەرە وەرگیرابێت دەتوانن بچن پارەكە وەربگرنەوە كە جۆرە ئامێرێكی دیجیتاڵیە بەسۆفت وەیر لەسەر كۆمپیوتەرێك دیاری دەكرێت.

PUKmedia رەوەست نەوزاد – هەولێر 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket