riklam

لاهور شێخ جەنگی:لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانین گۆڕانكاری گەورە لەسیستمی حكومڕانیدا بكەین

ی.ن.ک‌‌ 03:32 PM - 2021-06-09
.

.

لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ سەرجەم لێپرسراو و ئەندامانی مەكتەب و بۆردەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە.

ئەمڕۆ ٩ـی٦ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هۆڵی رۆشنبیری لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرجەم لێپرسراو و ئەندامانی مەكتەب و بۆردەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوە فراوانەدا كە ژمارەیەك لە هەڤاڵانی دەستەی كارگێڕی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی ئامادەیبوون، لاهور شێخ جەنگی وتەیەكی هەمەلایەنەی پێشكەشكردو تیایدا رووناكی خستەسەر دۆخی گشتی و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ئاستەكاندا.

هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی باسی لەو هەوڵ و هەنگاوانە كرد كە لە دوای كۆنگرە نراوە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، بەستنی كۆنگرەی چوارەمیشی بە وەرچەرخانێكی گەورە لە قەڵەمدا لە ژیانی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، سوپاسی هەڤاڵە دێرینەكانیشی كردو وتی: ئەگەر سنگفراوانی و هاوكاری و ئامادەیی ئەوان نەبوایە نەماندەتوانی كۆنگرەیەكی ئاوا سەركەوتوو ببەستین.

هاوكات كارو ئەركەكانی ئەمڕۆی خەبات و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی رونكردەوە، لەو رووەوە هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی دووپاتیكردەوە كە یەكێتیی حزبێكی دووربینەو بە شێوەیەكی واقیعی دەڕوانێتە مەسەلە و ڕووداو و پێشهاتەكان و بەرژەوەندیی باڵای گەل ڕەچاو دەكات و دەیخاتە ڕیزی پێشەوە، هەر بۆیە دەبێت ئەندامانی مەكتەب و بۆردەكان و سەرجەم كادیرو رێكخستنەكانی هەمیشە لەناو جەماوەر و خەڵكدا بن و روئیاو سیاسەتی یەكێتییان بۆ روونبكەنەوە و گوێ بەو دەنگە نەشازانە نەدەن كە دەیانەوێت هەوڵەكان نادیدە بگرن.

هاوكات پێزانینی پێشكەشكردن بۆ ئەو جۆش و خرۆشەی كە لە دوای كۆنگرەی نوێبوونەوە لە ناویاندا دەیبینێت و رونیكردەوە كە ئەم هەلومەرجەی ئێستا پێویستی بە قۆڵ و بازوو هەڵكردنە لەپێناوی گەشەپێدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لە تەوەرەیەكی تردا هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی باسی لە هەڵبژاردنی داهاتوو كردو گرنگی و بایەخی رێكخستنی ماڵی كوردیی و یەكێتیی ریزەكانی گەل و هێزە سیاسییەكانی دووپات كردەوە بۆ بەهێزی پێگەی كورد لە بەغدا، لەو چوارچێوەیەشدا پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە نێوان یەكێتیی و بزووتنەوەی گۆڕانی بە دەستكەوتێكی گەورە زانی بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو یەكدەنگی و یەكڕیزییە تا لەڕێگەی خەباتی پەرلەمانییەوە تەواوی مافەكانی گەلی كورد بەدەستبهێنین. راشیگەیاند كە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانین گۆڕانكاریی گەورەو راستەقینە بكەین بەتایبەت لە گۆڕینی سیستمی حكومڕانی و ڕاستكردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر میللەتەكەماندا هێنراوە.

وتیشی: سووربوون و پێداگرییمان بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ مووچە نەبووە، بەڵكو بەغدا بۆ ئێمە گرنگەو بەهێزی پێگەی كورد لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمانە، راشیگەیاند: خۆمان بەشداربووین لە نووسینەوەی دەستوور و زۆرینەی كورد دەنگی پێداوەو هەر ئەو دەستوورەش دەكەینە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان و پشتیوانێكی باشە بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تریش بە تایبەتی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان.

هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە دۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان و عیراق كردو جەختی لە هەڵوێستەكانی كردەوە و وتی: دژی شەڕی براكوژین و رێگە نادەین پەلكێش بكرێین بۆ شەڕی بەوەكالەت، بێدەنگیش نابین و لە داهاتووشدا هەوڵی جدی دەدەین بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی هەڵگیرسانی ئاگری ئەو شەڕە.

PUKmedia 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket