riklam

لاهور شێخ جه‌نگی: دژی هه‌موو شه‌ڕێكی براكوژیین

ی.ن.ک‌‌ 07:14 PM - 2021-06-08
.

.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8-6-2021، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ قه‌ڵاچوالان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌ و ده‌ره‌جه‌دار و لیواكانی فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كۆبوویه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی ئاماده‌یبوون، پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و دۆخی ئه‌منی تاوتوێكران.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لاهور شێخ جه‌نگی باسێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به‌ بڕیار و سیاسه‌تی نوێی و به‌هێزی پێگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند؛ یه‌كێتیی دوای كۆنگره‌ی نوێبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێم و به‌غدا هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی واقیعی و حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پرسه‌كاندا كردووه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای میلله‌ته‌كه‌مانی له‌به‌رچاوگرتووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی كه‌ زۆر جه‌ختمان له‌ ڕێككه‌وتن كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ به‌غدا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ و به‌رهه‌مدارمان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق و لایه‌نی حكومی ئه‌نجامدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌ ڕه‌چاوكردنی ده‌ستووری عیراق له‌پێناو دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كان و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان.

هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی باسی له‌ دۆخی ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌؛ دژی هه‌موو شه‌ڕێكی براكوژیین، سه‌ركۆنه‌ی هه‌موو لایه‌نێكیش ده‌كه‌ین كه‌ بیه‌وێت ئارامی و سه‌قامگیریی كوردستان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شدار و لایه‌نگری شه‌ڕێك نابین كه‌ خوێنی كورد به‌ ده‌ستی كوردی تیادا بڕژێت.

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی ئاماژه‌ی به‌ پڕۆسه‌ی چاكسازیی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد و ئاماده‌یی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانمانی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و بوونی یه‌ك هێزی نیشتمانی پڕچه‌ك و مه‌شقپێكراو كه‌ پارێزه‌ری خاك و خه‌ڵكی كوردستان بێت، پێزانینی خۆی پێشكه‌ش به‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان كرد كه‌ له‌و پێناوه‌دا هه‌نگاوی گرنگیان ناوه‌. هاوكات بوونی هه‌مئاهه‌نگیی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌و ناوچانه‌ی كه‌ بۆشایی ئه‌منی تێدا هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی خانه‌ نوستووه‌كانی چه‌كدارانی داعش.

ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراق، هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی یه‌كده‌نگی كوردی به‌ گرنگ زانی بۆ به‌هێزی پێگه‌ی كورد له‌ به‌غدا، پێكهێنانی لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان له‌ نێوان یه‌كێتیی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد و یه‌كڕیزیی نیشتمانی، هیواشی خواست كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ ژێر چه‌تری ئه‌و لیسته‌دا كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی كورد بكه‌ن و پێگه‌ی هه‌رێم به‌هێزتر بكه‌ن.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیار و سه‌رنج و تێبینی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی دایه‌وه‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket