riklam

د.ڕێواز فایق: هه‌رچی له‌تواناماندا بێت بۆ مامۆستایانی ده‌كه‌ین

کوردستان 06:17 PM - 2021-06-08
.

.

به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی گیروگرفت و گه‌یاندنی داخوازییه‌كانیان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8-6-2021، ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایانی وانه‌بێژ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردو له‌لایه‌ن د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازییان لێكرا.

له‌دیدارێكدا كه‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، زێدان ڕه‌شید برادۆستی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان و به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ئاماده‌یبوون، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌وردی گوێبیستی تێكڕای داواكاری و داخوازییه‌كانی نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ بوو، دواتر گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌باره‌ی كێشه‌ی دانه‌مه‌زراندنیان كراو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئاماده‌بوو له‌دیداره‌كه‌دا سه‌رنج وتێبینییه‌كانی خۆیان له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه‌ به‌وردی خسته‌ڕوو.

سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتیی خۆمان بۆ داخوازییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ ده‌رده‌بڕین، هه‌رچی له‌تواناماندا بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و بژێویی مامۆستایان، به‌ڵام ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ڕه‌هه‌ندی دارایی-یان هه‌یه‌، به‌بێ نیشاندانی ڕه‌زامه‌ندیی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌و شایسته‌ی دارایی، پێشوه‌خته‌ لێمان دیاره‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی چیده‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای خۆمان به‌ته‌واوی ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی به‌هه‌میشه‌ییكردن و دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ".

وتیشی: "نامه‌نه‌وێت به‌ڵێنێك بده‌ین كه‌ له‌تواناماندا نه‌بێت جێبه‌جێیی بكه‌ین، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ داواكاریی مامۆستایان له‌لای ئێمه‌ له‌ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانماندا ده‌بێت".

هه‌مان رۆژ د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی كرد له‌نوێنه‌رایه‌تی ناوه‌ندی به‌هێزكردنی ئاشتی “Enabling Peace in Iraq Center” (EPIC)   له‌ عیراق.

له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عیراق و كوردستان و هه‌لومه‌رجی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ كرا كه‌ له‌پێش و دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان رووبه‌ڕووی عیراق ده‌بنه‌وه‌.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: عیراق له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا له‌به‌رده‌م ئاڵنگاریی گه‌وره‌دایه‌و به‌تێپه‌ڕبوونی كاتیش ئاڵۆزییه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن، كلتووری دیموكراسی له‌عیراق له‌ئاستێكدا نییه‌ كه‌بتوانرێت هه‌ڵبژاردن به‌بێ كێشه‌ تێپه‌ڕێت، ئامڕازه‌كانی ململانێ ناته‌ندروست و نائارامن، ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی هاوكێشه‌كان به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌بات، هیواخوازین له‌هه‌موو كاتێكدا ئاشتی باڵاده‌ست بێت.

دواتر باسی پێكھاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زھه‌بییه‌كان و ته‌ون و مۆزائیكی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ھیوای خواست كه‌ به‌یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان سه‌رجه‌م ھێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق بتوانرێت ئه‌م دۆخه‌ ناھه‌مواره‌ تێپه‌ڕێت.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا وه‌فدی میوان، سوپاسگوزاریی خۆیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و ته‌رخانكردنی كاتی پێویست بۆ دیداره‌كه‌یان.

PUKmedia راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket