riklam

مەرجی رۆشنی بۆ كاریگەربوونی كاریكاتێر

ئەدەب وهونەر 11:13 AM - 2021-06-07
.

.

بەشی سێ و كۆتایی

ئەگەر كاریكاتێرەكە مەبەستی وروژاندنی هزری خوێنەر یان هاندانی بێت، ئەوا دەبێت كاریكاتێرەكە هانا بۆ رۆشنكاریی ببات، یان بۆ داپۆشین، بەمەبەستی خزمەتكردنی بابەتەكە.

كاریكاتێری سیاسی لە هەموو جۆرەكانی تر ئاڵۆزترە لەم بوارەدا، ئەویش سەبارەت بەو هەستیارییە بەرزەی كە هەیەتی، یان بەهۆیەوە دەناڵێنێت، كێشەی رۆشنی و ناڕۆشنی تێیدا بەندە بە چەندین كێشەی ترەوە، وەكو ئامانجە ویستراوەكان، و خێرایی دەستكەوتنی ئاكام، و ئەو بەشەی كۆمەڵگا كە پێشوازی لە كاریكاتێرەكە دەكات، و ئەو رۆژنامەی كە بڵاویدەكاتەوە، و ئەو سیستەمە دەسەڵاتدارەی كە حوكمڕانی ئەو وڵاتە دەكات، كە كاریكاتێرەكەی تێدا بڵاودەكرێتەوە، ئەو بابەتەی كە كاریكاتێرەكە باسی لێوەدەكات، ئەو كەسایەتیەی كە پاڵەوانی كاریكاتێرەكەیە، و چەندین كێشەی هەستیاری تریشدا.

ئەگەر كاریكاتێر باسی كێشەیەكی هەنووكەیی بكات، وەكو هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ نمونە، ئەوا دەبێت ئاكامی ویستراو لەو كاریكاتێرە لەماوەیەكی كورتدا بەدیبێت، بۆیە دەبێت بیرۆكەكە رۆشن بێت، هەتا خوێنەر بتوانێت بە خێرایی سیمبولە ئاماژەییەكانی بكاتەوە، بەڵام ئەگەر كاریكاتێریست ویستی شاراوەیی بەكاربێنێت، بۆئەوەی هانی خوێنەر بدات بۆ هەڵهێنجان، ئەوا دەبێت ئاستی ئەو شاراوەییە بەرز نەبێت، كە بیرۆكەكە وەكو مەتەڵ لێبكات، زۆر جار لە كاریكاتێری سیاسیدا چەندین ئامانجی دیاركراو و ویستراو هەیە، بۆیە لێرەدا پێویستە بیرۆكەكە بەتەواوی رۆشن بێت، كە ماوە بۆ خوێنەر نەهێڵێتەوە بۆ لێكدانەوە، بۆیە دەبێت شتەكانی بەناوی خۆیانەوە ناویان لێبنرێت، لێرە ماوە بۆ سیمبول و ئاماژە ناهێڵرێتەوە، هەروا ئەو كاریكاتێرەی كە لە بڵاوكرایەوەكی ئاراستەكراو بۆ چینی جوتیاران بڵاودەكرێتەوە، دەبێت لە ئاستێكی وای رۆشنی دابێت، وەكو ئەو كاریكاتێرە نەبێت كە لە بڵاوكراوەیەكی ئاراستەكراو بۆ توێژی رۆشنبیران یان ئابووریناسان بڵاودەكرێتەوە، كە توانای بەكارهێنانی رەگەزە ئاماژەییەكان لای بەشێك زیاتر و لە بەشێكی تری كۆمەڵگادا كەمتر بێت، لە كاتێكدا دەتوانرێت سیمبولە ئەفسانەییەكان بەكاربێت لە كاریكاتێرێكی ئاراستەكراودا بۆ نێوەندەكانی رۆشنبیران، كە ناتوانرێت هەمان ئەو سیمبولانە بەكاربێت لە كاریكاتێرێكی ئاڕاستەكراو بۆ نێوەندەكانی جوتیاران، پێچەوانەكەشی هەر راستە، بەكارهێنانی كەلوپەلەكانی كێڵان لەوانەیە لە جێی خۆی نەبێت، لە كاریكاتێرێكدا كە ئاراستەی خەڵكی شار كرابێت.

لەبەرئەوەی زۆرجار كاریكاتێری سیاسی ئامانجی هاندانی هەیە، لەبەر ئەمەش دووچاری رێگرتن و قەدەغەكردن دەبێت لەلایەن چاودێرییەوە، بۆیە كاریكاتێریستان زۆرجار هانا بۆ سیمبولیزم دەبەن، بۆ سوڕانەوە بە دەورەی چاودێریدا، بۆیە زۆربەی كاریكاتێرەكان سیفەتی شاراوەییان پێوەدیارە، و لێرەشدا ئەو شاراوەییە ناچارییە و لە دەرەوەی ویستی هونەرمەندەكەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەند نابێت زۆر لە بابەتەكە دووركەوێتەوە، لە كاتی سوڕانەوە بە دەورەی چاودێریدا، بەمەش لەوانەیە بەدەورەی چاودێری و خوێنەردا سوڕابێتەوە بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، بەڵكو لەسەریەتی توانا بۆ خوێنەر بهێڵێتەوە بۆ هەڵهێنجان و تێگەیشتنی بیرۆكەكە، لەم سیمبولانەدا.

دەتوانین بڵێین كە رۆشنی توخمێكی بنەڕەتییە لە هەموو كاریكاتێرەكاندا، تەنیا ئەو كاریكاتێرانە لەم بنەمایەدا دەردەچن، كە پێشتر ناومان لێنابوون كاریكاتێری فەلسەفیانە یان دەروونی، كە ئەم جۆرە بە پلەی یەك مەبەستیان ورووژاندنی هزری خوێنەر‌، و هاندانیەتی بۆ قووڵبوونەوە، بەدەگمەن خواستی ئامانجی دیاركراوی تری هەیە، لەم لایەنەش زیاتر بە جۆرەكانی تری هونەری شێوەكاری دەچێت، نەك لە كاریكاتێر، چونكە دەربڕی ناخی هونەرمەندە، و بابەتەكانیش لەو‌ كێشە دەروونی و فەلسەفیانەی كە رەنگدانەوەیان لەسەر هونەرمەندەكە هەیە‌ وەردەگرێت، نەك ئەو واقیعەی كە كۆمەڵگا تێیدا دەژیت، بۆیە ئێمە بە شێوەیەكی یەكلاییكەرەوە ناومان لێنەنا بە كاریكاتێر، بەڵام لە جۆرەكانی تری كاریكاتێردا رۆشنی بە توخمێكی گرنگ دادەنرێت، سیمبولیش دەبێت بە شێوەیەكی وا بەكاربێت، كە هانی خوێنەر بدات بۆ بیركردنەوە، تا بگاتە دۆزینەوەی بابەتە رۆشنەكە، واتە شاراوەیی لێرەدا خزمەتی رۆشنی دەكات، رێگری لێناكات و نایشارێتەوە، دەتوانین بڵێین كە كاریكاتێر دەبێت رۆشن بێت نەك رۆشنكار، و تێگەیشتوو بێت نەك تێگەیشتنكار. 

PUKmedia ئامادەكردنی.. هەندرێن خۆشناو

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket