riklam

جەمیلە جاسمی: هێرۆ خان بۆ پاراستنی كەلتوری كوردی پشتیوانی زۆری هونەرمەندانی کردووە

ژنان‌ 05:12 PM - 2021-05-29
.

.

تەمەنێکە خەریکی كۆكردنەوەی میلۆدیی و ئاوازی كوردییە، لە هەموو پارچەكانی كوردستان، بەدوای ستران و گۆرانیە كوردییەكاندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە فەوتان رزگاریان بکات، تەنانەت گۆرانییەکانی بە نۆتە نووسیوەتەوە و کردویەتی بە کتێب و چاپی کردوون، هەموو ئامانجی ئەوەیە كورد یەكگرتوو، و یەك ریز بن، ئەو جەمیلە جاسمی جەلیلە، هونەرمەند و شارەزا لە بوری میوزیک و کەسایەتیەکی دیاری ئەرمینیایە، كچی جاسم جەلیلە کە ماوەیەکی زۆر لە رادیۆی یەریڤان لە بەشی زمانی کوردی کاریکردووە، لە گوندی خزل قوڵ لە ناحیەی دیگور لە دایکبووە.
ئەو کوردی ئێزدی دانیشتووی ئەرمینایە، لە میانەی گەشتێکم بۆ یەریڤانی پایتەختی ئەو وڵاتە، دوای وەرگرتنی ئەدرێسی ماڵەکەی سەردانمان کرد، وێڕای کۆمەڵێک باسوخواس، دواجار کەم کەم دەستمان بە دیدارە رۆژنامەوانییەکە بۆ رۆژنامەی کوردستان نوێ کرد:
یەكەم كتێبم لە ساڵی 1954لەسەر گۆرانی و ستران و ئاوازی كوردی لە یەریڤانی پایتەختی كۆماری ئەرمینا بڵاوبووەتەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لە هەوڵەكانم بەردەوام بووم، بۆ كۆكردنەوەی میلۆدی و ئاوازی كوردی لە ئەرمەنستان و تەواوی ناوچە كوردیەكان، چونكە هەموو ئامانجێكی من ئەوەیە كورد یەكگرتوو یەك ریز بێت و لەو رێگەیەوە بتوانرێت پەرەی زیاتر بە دۆزینەوەی ئاوازی كوردی بدرێت لەسەر ئاستی جیهاندا، لە ساڵی 1955دا، كتێبكی ترم بە ناوی (مۆسكاڤا) بڵاوكردەوە كە ئەویش هەر لەبارەی كۆكردنەوەی ئاواز و میلۆدی كوردی بوو، بەدرێژایی ماوەی كاركردنم هەوڵی ئەوەمداوە ئاوازی كوردی نەك تەنیا لە ئەرمنستان كۆبكەمەوە، بەڵکو لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ستران و گۆرانیە كوردیەكان بدۆزمەوە و لەناو فەرهەنگی كوردی و كتێبەكانم باسی لێوە بكەم و بە چاپی بگەیەنێم.
رۆڵی بنەماڵەی جاسمی جەلیل لە رادیۆی یەریڤان
جەمیلە جاسمی لە رادیۆی کوردی لە یەریڤانیش خزمەتی کردووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: ساڵانێک لە بەشی كوردی رادیۆی یەریڤان كارم كردووە، بەتایبەت لە دەستنیشان كردن و هەڵبژاردنی گۆرانی كوردی و بڵاوکردنەوەیدا، ئەو شیعرانەشی كە نووسیومە بۆ گۆرانی وتن لەلایەن كەرەمی سەیاد وتراوەتەوە، چونكە دەنگی كەرەمی سەیادم بەلاوە خۆش بوو، بەڵام بەداخەوە تەمەن و نەخۆشی لەوە زیاتر رێگەی نەداو كەرەمی سەیاد كۆچی دوایی كرد.
كاتێك باوكم لە هەتیو خانە بووە، تەنیا كەس بووە كە خۆی بە كورد هەژمار کردووە و كاتێك لە لادێ‌ ژیاوە شارەزای باشی لە شمشاڵ لێدان پەیداكردووە و لەگەڵ كردنەوەی بەشی كوردی رادیۆی یەریڤان لە ساڵی 1955دا، باوكم شمشاڵی بە ئاوازی كوردی ژەنیووە.
کۆکردنەوەی هونەرمەندان
ماڵی جاسمی جەلیل هەمیشە شوێنێكی تایبەت بووە بۆ كۆكردنەوەی هونەرمەندان، بەتایبەت ژمارەیەك كەسایەتی دیاری ئەو سەردەمە كە گۆرانیان لە ماڵەكەی ئەواندا تۆماركردووە و لە دواتر بوونەتە بەرهەمی هونەرمەندان.
خوازیاری یەکڕیزی کوردە
من وەک کوردێک، هەروەها کەسایەتیەکی ئێزدی و ئەرمنستان، دەخوازم زمانی كوردی یەك بێت و یەك ریزیی و تەبایی زیاتر لە نێوان هەموو پارچەكانی كوردستاندا بەدی بێت، داواكارم لە ئینستتیوتی کەلەپوری کورد لە سلێمانی میلۆدیی و ئاوازی هەموو پارچەكانی كوردستانی تێدا جێگە بكرێتەوە، لەپێناو ئاشنابوونی زیاتر بە هونەری هەر چوار پارچەی کوردستان و مانەوەیان بەو شێوازە رەسەن و کەلتورییەی کە هەیبووە، هەروەک دەستخۆشی لە هونەرمەنی گەورە و دڵسۆز مەزهەری خالقی دەکەم.
پشتیوانییەکانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
یەكێك لەو كەسایەتیانەی كە جەمیلە جاسم بەتایبەت ناوی هێنا و رۆڵ و ئەركەکانی بەگرنگییەوە لە خزمەت گەلی كورد باسكرد (هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)بوو، ئەو دەڵێت: لە ماوەی ساڵانی پێشوو بەردەوام پەیوەندی لەگەڵماندا هەبووە، بۆ ئەوەی بتوانین سەرجەم گۆرانیەکان و ئاوازە كوردییە رەسەنەکان لە هەموو پارچەكانی كوردستان کۆبکەینەوە، بێگومان ئەمەش بە پاڵپشتیی و پشتیوانی سەرۆكی کۆچکردوو (سەرۆک مام جەلال) بوو.
لەبارەی هەوڵەكانی هیرۆ ئیبرایم ئەحمەد، جەمیلە جاسمی جەلیل كەسایەتی كوردی ئەرمەنی ئەوەی خستەڕوو: بە دەیان ساڵە هێرۆ خان خەباتی بەردەوامی كردووە و ناكرێت لە بیرمان بچێت، چونكە لە سەدەی رابردوودا بە بەردەوامی خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە، وتیشی:» هێرۆخان هەموو كاتێك لە دڵم دایە، چونكە كاری زۆری بۆ پاراستنی كەلتوور و كەلەپووری كوردی و پشتیوانی زۆری هونەرمەندانی كردووە، هیواخوازم تەندروستی باش و تەمەن درێژ بێت و جارێكی تر یەك ببینینەوە.
جەمیلە جاسم کێیە؟
جەمیلە جاسم جەلیل هونەرمەند و میوزیک زانێکی بەتوانایە کە بەدرێژایی تەمەنی لە بواری میوزیکدا خزمەتێکی گەورەی بە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی کردووە.
جەمیلە جاسم جەلیل لەساڵی 1940 لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لەدایکبووە، لە ئینستیتیوتی موزیکی و پاشان لە کۆنسەرڤاتواری ئەرمینیا خوێندویەتی و لە هەمانکاتدا لە یەکێک لە خوێندنگەکانی شاری یەریڤان مامۆستای موزیک بووە.
لەساڵی 1967 تا 2002 بەرپرسی بەشی کوردی رادیۆی یەریڤان بووە، لەماوەی کارکردنیدا دەیان هونەرمەند و دەنگبێژی کوردی لە ناوچە جیا جیاکانی ئەرمینیا و پارچەکانی تری کوردستان بانگهێشتکردووە و بەرهەمەکانی تۆمارکردوون، ئەندامی یەکێتی موزیکژەنان و رۆژنامەنووسانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بووە.
جەمیلە جاسم لەسەر میوزیکی فۆلکلۆری کوردی خاوەنی 10 کتێبە کە بەشێکیان کۆکردنەوەو بەنۆتەکردن و نووسینەوەی تێکستی گۆرانیە فۆلکلۆرییە کوردییەکانە، هەروەها خاوەنی دەیان وتاری زانستییە لەسەر میوزیکی کوردی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا لە پۆڵۆنیا، ھۆڵندا، ئیتاڵیا، لەندەن، تورکیا و سوریا، هاوکات لە سلێمانی و هەولێر لە دەیان کۆنفرانسدا بەشداری کردووە و سێ جار بە وتاری زانستی لەسەر میوزیکی کوردی لە سیمپۆزیۆمی میوزیک کە یونسکۆ ساڵانە لە ئەرمینیا سازی دەکات بەشداریکردووە.

PUKmedia دیدار: کەنار قاسم باپیر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket