riklam

ئیسرائیل و حەماس

بیروڕا 08:22 PM - 2021-05-25
.

.

دوای ئەوەی حەماس كۆنترۆلی شاری غەزەی كرد، لە 13 ساڵی رابردوودا وێڕای تەقە و لێكدانی كەموزۆر، 4 شەڕی گەورەیان بەم شەڕەی ئەم دواییە لەگەڵ یەكدا كردووە: 

یەكەم شەڕیان لە 25ی كانونی یەكەمی 2008 تا 18 كانونی دووەمی هەمان ساڵ كردووە كەدەكاتە 23 رۆژ، لەو شەڕەدا كە ئیسرائیلیەكان ناویان نا ( گوللەی ئاراستەكراو)، 4100 خانو بەتەواوی روخێنرا 17 هەزاریش زیانیان پێكەوت، 1436 كەسیش كوژران كە 410 منداڵ و 104 ژن و 100 پیری تێدابوو، زیانە ماددەیەكانیش بەیەك ملیار دۆلار خەمڵێنرا ، هەر لەو شەڕەدا 5400 برینداریش هەبوو كە نیوەیان منداڵ بوون لەلایەن ئیسرائیلیەكانیشەوە 13 كەس كوژران 10یان سەرباز بوون، 300  كەسیش بریندار بوون، بۆ راگرتنی شەڕەكە، ئەو دەم ئەردۆگان نێوەندگیری دەكرد، بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەرەوە لای فەڵەستینیەكان بوو لەژێرەوەش رێككەوتنی لەگەڵ ئیسرائیلیەكان هەبوو، بۆیە سەركەوتو نەبوو لە راگرتنی شەڕەكە، سەرەنجام هەوڵی ئەوەیدا خۆی لە ژێر ئەو بارە دەربهێنی، بۆیە لە كۆنگرەی داڤۆس بە شەمعون پێرسی سەرۆكی ئیسرائیلی وت، ئێوە ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتەتان كوشتوە. 

دووەم شەڕ لە 14 تشرینی دووەمی 2012 دەستیپێكرد و 9 رۆژی خایاند، لەلایەن ئیسرائیلیەكانەوە ناوی لێنرا ( هەورە ستون) حەماسیەكانیش ناویان لێنا ( حجارە السجیل)، ئەو شەڕە دوای كوشتنی ( احمد جعبەری ) سەركردەی جیهادی ئیسلامی لەلایەن ئیسرائیلیەكانەوە هات، 6 كەس لە ئیسرائیل كوژرا و 240 كەسیش بریندار بوون، لەلایەن فەڵەستینیەكانەوە 162 كەس كوژران كە 42 منداڵ و 11 ژنی تێدابوو، 1300 كەسیش بریندار بوون، زیانە ماددیەكانیش بریتیبوو لە تێكدانی (200) خانو زیانی گەیاندن بە 1500 خانویتر، زیانێكی گەورەش بەر ژێرخان و جبەخانەی سەربازی حەماس و جیهاد كەوت، لەوانە 840 سەكۆی رۆكێت هاوێژ و 120 تونێلی قاچاغچیەتی و 66 تونێلی بەرهەڵستی كردن و 42 ژوری سەربازی و 26 كارگەی دروستكردنی رۆكێت و بۆمب بەسەریەكدا روخێنران. 

سێهەمین شەڕ لە تەمموزی 2014 دەستی پێكرد بەناوی ( بەردەڵانی خۆڕاگر) حەماسیش ناویان لێنا ( عصف ماكول) ئەو شەڕە لە 26 ئابی 2014 راگیرا كە 51 رۆژی خایاند لەو شەڕەدا كە هەموی لەسەر شاری غەزەی پڕ لە دانیشتوان بوو كە ئەو دەم 1900000 تێدا دەژیا، زیانە گیانیەكان لەهەردوولا بەمشێوەیە بوو، لەلایەن فەڵەستینیەكانەوە 2322 كوژرا، لەوانە 578 منداڵ و 498 ژن و 102 پیری تێدابوو، 10870 كەسیش برینداربوون ، لەلایەن ئیسرائیلیەكانەوە 68 كەس كوژراو و 2542 بریندار هەبوون ، لەوانە 740 كەسیان بوونە كەمئەندام و یەك سەربازیش بەدیل گیرا، ئیسرائیلیەكان 60664 جار بۆمبارانی غەزەیان كرد 8000 یەكەی نیشتەجێبوون بەتەواوی خاپوركرا، 16000یش زیانیان بەركەوت، دوای كۆتای هاتنی شەڕەكەش حەوت هەزار بۆمب نەتەقیەوە و مایەوە، پاش دوو ساڵ ئینجا سێ هەزاریان تەقاندەوە، كۆی زیانەكانی ئەو شەڕە لەكەرتی غەزە بە پێنج ملیار دۆلار لێكدرایەوە . 

دوا شەڕ لە 8ی ئایاری ئەمساڵ دەستی پێكردوو لە 19ی ئایار راگیرا، هەموی 11 رۆژی خایاند، زیانە گیانیەكانی فەڵەستینیەكان بریتیبوو لە 243 كوژراو و برینداربوونی زیاتر لە چوار هەزار، لەلایەن ئیسرائیلیەكانەوە 12 كوژراو و نزیكەی 300 برینداری لێكەوتەوە، زیانە ماددیەكانیش خۆی لەخاپور كردنی 2000 یەكەی نیشتەجێبوون و زیان گەیاندن  بە زیاتر لە 16 هەزار یەكەیدیش بینیەوە، سەرباری ئەوانەش  17 تاوەری نیشتەجێبوون و بازرگانی و 53 دامودەزگای فێركردن و 6 نەخۆشخانە و 11 مەڵبەندی تەندروستی تەقێنرایەوە هەر لەو شەڕەدا زیاتر لە 100 كیلۆمەتر تونێل هەڵتەكێنرا، ژێرخانی ئاو و كارەباش زەرەر و زیانی گەورەیان پێگەیشت، بەشێوەیەك ئێستا رۆژانە 2 كاتژمێر كارەبا هەیە و پتر لە 800 هەزار كەسیش ئاوی خواردنەوەیان بەدەست ناكەوێت، دامەزراوە پیشەسازی و كشتوكاڵیەكانیش زەرەری گەورەیان بەركەوت، بەپێێ‌ لێكۆڵینەوەی رێكخراوی ئۆنروا رێژەی بێكاری دەبێتە 70% .

ئەگەر سەیری پانۆرامای شەڕەكانی ئیسرائیل لە  لایەك  و حەماس و گروپە هاوشێوەكانی لە لاكەیتر بكەیت، دەردەكەوێت بەهەزاران كەس كوژراوە و بە دەیان هەزاریشی برینداربوون، زیانە ماددەیەكانیش هەر مەپرسە چەند گەورە و قەبەن كە 95% بەر گروپە چەكدارەكان و خەڵكی غەزەوە كەوتوە ، هەموو جارێش شەڕەكە بەنێوەندگیری ئەم و ئەو راگیراوە، بێ ئەوەی سەر و سەودای ئەو شەڕە دیار بێت، هەردوولاش هەر خۆیان بەسەركەوتو دەزانن و شاباشی بۆ لێدەدەن، ئەوەی دیارە هەر كەرتی غەزە زەرەری گەورەی لەو شەڕانە كردووە، راستە ئیسرائیلیش كردوویەتی بەڵام بەراستی بەراورد ناكرێت، لەوەش زەرەرتر ئەوەیە شەڕەكان هیچی بۆ خەڵكی غەزە و مافەكانیان  تێدا نیە، تەنها  بۆ قازانجی سیاسیەكان و بازرگانەكانە، بەوە زەمینەیان بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی درێژە بەهەژمونی خۆیان بدەن  و بەرژەوەندیەكانیشیان بپارێزن. دڵنیام لە ژێرەوە زۆر شتیتریش هەیە.     

ن: عەبدولواحێد محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket