riklam

هاوسه‌رۆك: یه‌كێتی پشتیوانی په‌یامه‌كه‌ی خاتوو پلاسخارت ده‌كات

ی.ن.ک‌‌ 04:46 PM - 2021-05-22
.

.

لاهور شێخ جه‌نگی پێشوازی له‌نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق كرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٢ـی٥ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی پێشوازی كرد له‌ خاتوو جینین هێنیس پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق.

له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ د.سۆران جه‌مال تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركه‌وت غه‌فور ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاماده‌یبوون، گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پرسی چاكسازی و یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

هاوكات جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌كانی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی سوپاسی ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی كرد و پشتیوانیی خۆی ده‌ربڕی بۆ په‌یامه‌ ڕاشكاوه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی خاتوو جینین هێنیس پلاسخارت كه‌ له‌ پێناو گه‌شه‌كردنی دیموكراسی و هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێز و هێنانه‌كایه‌ی سه‌قامگیریی سیاسی و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌ستی خسته‌ سه‌ر كێشه‌كان و داوای نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان و یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌كانی كرد.

هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی خاتوو پلاسخارت داوای ده‌كات هه‌مان داواكاریی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌.
‎له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا باس له‌كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی كرا و پێویستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و پابه‌ندبونی هه‌ردوولا به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئیمزاكراوه‌كانی نێوانیان دووپاتكرایه‌وه‌.

هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی خواستی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی بنه‌مای هاوسه‌نگی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌.


له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر كاركردنی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو له‌ واده‌ی خۆیدا  له‌ ژێر چاودێری كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌ بچێت و ببێته‌ نموونه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی دیموكراسی له‌ وڵاتدا و داهاتویه‌كی باشتر و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتییان لێبكه‌وێته‌وه‌.


PUKmedia تایبه‌ت

31.jpg

141414.jpg

32.jpg

55.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket